ژیانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)

  • 15/08/2019
  • 1615

ناوو نەسەب و کات و شوێنى لەدایک بوونى پێغەمبەر ﷺ


یەکەم : ناوى موبارەکى پێغەمبەر ﷺ :
خواى گەورە لە قورئاندا دوو ناوى بۆ پێغەمبەر ﷺ بەکارهێناون ، وەلە ژیانیشیدا هەر ئەوە دوو ناوەى لێ هەڵدراون ، کە بریتین لە ( محمد و احمد) ، کەلەم ئایەتانەدا ئەم دوو ناوە موبارەکە هاتوون : 
خواى پەروەردگار دەفەرموێ : { وَمَا مُحَمَّدٌ إِلَّا رَسُولٌ قَدْ خَلَتْ مِن قَبْلِهِ الرُّسُلُ ۚ ... (١٤٤)} آل العمران ، واتە : وە موحەممەد تەنیا پێغەمبەرێکە کە لە پێش ئەویشدا پێغەمبەرى دیکە ڕابردوون ، هەروەها دەفەرموێ : { مَّا كَانَ مُحَمَّدٌ أَبَا أَحَدٍ مِّن رِّجَالِكُمْ وَلَٰكِن رَّسُولَ اللَّهِ وَخَاتَمَ النَّبِيِّينَ ۗ ... (٤٠)} الأحزاب ، واتە : موحەممەد ﷺ بابى هیچ کام لە پیاوەکانتان نیە بەڵکو ڕەوانە کراوى خوایەو کۆتایی پێغەمبەرانە ، هەروەها دەفەرموێ : { وَالَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ وَآمَنُوا بِمَا نُزِّلَ عَلَىٰ مُحَمَّدٍ وَهُوَ الْحَقُّ مِن رَّبِّهِمْ ۙ كَفَّرَ عَنْهُمْ سَيِّئَاتِهِمْ وَأَصْلَحَ بَالَهُمْ (٢) } محمد، واتە : وەئەوانەى ئیمانیان هێناوەو کردەوە باشەکانیان ئەنجام داون ، وە ئیمانیان هێناوە بەوەى کە نێردراوەتە سەر موحەممەد ﷺ کە حەقەو لە پەروەردگاریانەوەیە ، ئا ئەوانە خوا گوناح وخراپەکانیان لێ دەکوژێنێتەوەو حاڵ و وەزعیان باش دەکات ، هەروەها دەفەرموێ : { مُّحَمَّدٌ رَّسُولُ اللَّهِ ۚ وَالَّذِينَ مَعَهُ أَشِدَّاءُ عَلَى الْكُفَّارِ رُحَمَاءُ بَيْنَهُمْ ۖ ... (٢٩) } الفتح ، واتە : موحەممەد ﷺ ڕەوانە کراوى خوایەو ئەوانەى کەلەگەڵیدان لەسەر کافران توندو تیژو لە نێو خۆیاندا بەبەزەیین ، کەواتە چوار جار ناوى (محمد) هاتووە لە قورئانداو یەکجاریش ناوى (احمد) هاتوە ، وەک دەفەرموێ : { وَإِذْ قَالَ عِيسَى ابْنُ مَرْيَمَ يَا بَنِي إِسْرَائِيلَ إِنِّي رَسُولُ اللَّهِ إِلَيْكُم مُّصَدِّقًا لِّمَا بَيْنَ يَدَيَّ مِنَ التَّوْرَاةِ وَمُبَشِّرًا بِرَسُولٍ يَأْتِي مِن بَعْدِي اسْمُهُ أَحْمَدُ ۖ  (٦)}  الصف ، واتە: وەکاتێک عیساى کوڕى مەڕیەم  گوتى ئەى وەچەى ئیسرائیل ! من ڕەوانەکراوى خوام بۆلاى ئێوە ، وە ئەو تەوڕاتەى کەلەپێش مندا نێردراوە من بە ڕاستى دەزانم ، وە مژدەتان پێ دەدەم بە هاتنى پێغەمبەرێک لەدواى منەوە کە ناوى (احمد)ە .
پێویستە بشزانین کە هەرکام لەناوى (احمد) و (محمد) یەک مانایان هەیە ئەویش واتە (ستایش کراو ) ، واتە ئەو کەسەى کە ستایشى کراوەو ستایشى دەکرێ لە دنیاو لە قیامەتدا ، کەبە تەئکید پێغەمبەرى کۆتایی ناوو نێوەڕۆکى یەکن ، واتە: وەک ناوى (محمد) و(احمد) ە بەهەمان شێوە بەکردەوەش ستایشى کراوە ، هەم لەلایەن خواى پەروەردگارەوەو هەم لەلایەن خەڵکیەوە ، وەک خواى پەروەردگار دەفەرموێ : {... عَسَىٰ أَن يَبْعَثَكَ رَبُّكَ مَقَامًا مَّحْمُودًا(٧٩)} الإسراء ، جا ئەگەر لە دونیادا تەنیا لەلایەن ئوممەتەکەیەوە مەدح دەکرێ و کراوە ، لە دواڕۆژدا پێغەمبەرى خوا ﷺ لەلایەن هەموو مرۆڤایەتییەوە سوپاس و ستایش دەکرێ ، وە ئەو ناوەش (آمنة)ى دایکى لێیناوە ، وەک لە (سیرة ابن هشام)(١)دا  هاتووە ، وەلەهەندێ ڕیوایەتدا هاتووە کە (عبدالمطلب)ى باپیرى  ئەو ناوەى لێناوە و کە لێیان پرسیوە : بۆچى ناوى لێ دەنێى (محمد) گوتویەتى : ئومێد دەکەم پیاوێکى لێدەرچێ خەڵک ستایشى بکات و سوپاسى بکات و ، مەدح و سەناى (٢) بکات ، کە بێگومان ئومێدو هیوایەکەى باپیرى هاتۆتە دى .
ئەوە بەنسبەت قورئان، لە سونەتیشدا پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێ {  أَنَا مُحَمَّدٌ ، وَأَنَا أَحْمَدُ ، وَأَنَا الْمَاحِي ، الَّذِي يُمْحَى بِيَ الْكُفْرُ ، وَأَنَا الْحَاشِرُ الَّذِي يُحْشَرُ النَّاسُ عَلَى عَقِبِي ، وَأَنَا الْعَاقِبُ  } رواه البخاري (٣)، واتە : من (محمد)م وە (احمد)م وە من سڕەرەوەم ، ئەوکەسەى کە خواى پەروەردگار کوفرو بێباوەڕیم پێ دەسڕێتەوە ، وە من کۆکەرەوەم ئەو کەسەى کە خەڵک لەبەر دەستى مندا کۆدەکرێتەوەو حەشر دەکرێت ، وەمن کۆتا پێغەمبەرم ، بەڵێ پێغەمبەر ﷺ یەکەم کەسە کە زیندوو دەکرێتەوەو لەدواى ئەو خەڵک کۆدەکرێتەوە ، وە ئاڵاهەڵگرى ڕۆژى مەحشەرە ، وە دواى ئەوە کە پێغەمبەر ﷺ تکاو ڕەجا دەکا لاى خواى پەروەردگار ، ئینجا دادگایی و لێپرسینەوەى خوا بۆ خەڵک دەست پێدەکات ، (عاقب) یش ئەوەیە کە لە دوایەدا دێ و هیچ پێغەمبەرى دیکەى بەدوادا نایەت .
دووەم : نەسەبى پێغەمبەر ﷺ : 
نەسەبى پێغەمبەر ﷺ بەگشتى دوو بەشە ، بەشێکى هەموو زانایان و مێژووزان و پسپۆڕان لە ژیاننامەى پێغەمبەر ﷺ کە پێشیان دەگوترێ : زانایانى ڕەچەڵەکناس (علماء الأنساب) هەموویان لەسەرى یەک دەنگن بەبێ هەڵاواردن ، ئەویش ئەو زنجیرەیەیە کە لەخۆیەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە (عدنان) کە یەکێکە لە نەوەى (اسماعیل) ى کوڕی (إبراهیم) – علیهما الصلاة والسلام- ئەوەش ، کەزانایان ڕاجیاییان تیادا هەیە ئەوەیە کە لە عەدنانەوەیە تادەگاتە ئیسماعیل ، جالە (محمد)ەوە ﷺ تا دەگاتە عەدنان کە بیست و دوو پشتە ئەوە هەموو زانایان لەسەرى یەک دەنگن ، ئەویش بەم شێوەیەیە: (محمد بن عبدالله بن عبدالمطلب بن هاشم بن عبدالمناف بن قصي بن كلاب بن مرة بن كعب بن لؤي بن غالب بن فهر بن مالك بن النضربن كنانة بن خذيمة بن مدركة بن إلياس بن مضر بن نزار بن معد بن عدنان )(4).
بۆیەش جەختم لەسەر ئەم مەسەلەیە کردەوە ، چونکە هەندێ خەڵکى نەزان ونەفام و بێ بڕواو دڵ ڕەش ، بەو دوادواییەوە توانج و پلار لە نەسەبى پێغەمبەر ﷺ بدەن، - وەک لە دواییدا باسى دەکەم – ئینجا دیارە پێغەمبەرى خاتەم (محمد) ﷺ عارەبە وەک ڕەچەڵەکى نزیکى ، چونکە ئەو قوڕەیشیەو ، قوڕەیشیش یەکێکن لە (مضر) ، کەواتە پێغەمبەر ﷺ لە ڕووى نەسەبەوە عارەبەو ، گەلى عارەبیش بە گشتى سێ جۆر بوون : 
یەک : عارەبى بائیدە (العرب البائدة): واتە عارەبى فەوتاو کە نەماون ، ئەوانە ئەو تیرە عارەبانەن کەکاتى خۆى لە مێژوودا هەبوون و باسیان کراوە هەیانبووە دەوڵەت و کیانیشى هەبووە ، وە خواى پەروەردگاریش باسى هەندێکیانى کردووە ، وەک (عاد ، ثمود ، طسم ، جدیس ، حضرموت ...) کە نەماون بۆیە پێیان دەگوترێ : (العرب البائدة) ، کە تەنها لە کتێبەکانى مێژوودا ناویان ماوە ، ئەگەر نا ئەسڵ و وەچەیان نەماوەو بڕاونەتەوە .
دوو : عارەبى ئەصڵ (العرب العاریة) : بریتین لەو عارەبانەى کەلە پشتى (یشجب بن یعرب بن قحطان) دێنە خوارێ وە پێیان دەگوترێ (العرب القحطانیة) دیارە ئەو عارەبانە ئەسڵن ، چونکە لەسەرەتاوە بە عارەبایەتى هاتوون .
سێ : ئەو عارەبانەى، کە کراون بە عارەب (العرب المستعربة) :  بریتین لەوانەى کەلە پشتى (اسماعیل) علیه السلام و دواى خۆشی لە پشتى (عدنان) هاتونەتە خوار ، کە پێیان دەگوترێ (العرب العدنانیة ) ، چونکە باپیرەیان عەدنانە کە ئەویش دەچێتەوە ەسەر ئیسماعیلى کوڕى ئیبڕاهیم – علیهما الصلاة و السلام- بۆیە پێیان دەگوترێ عارەبى بەعارەب کراو ، چونکە ئیسماعیل کە کوڕى ئیبڕاهیمە ، وە ئیبڕاهیم بۆخۆى عارەب نەبووە (اسماعیل)یش هەر عاراب نەبووە (هاجرة) کە دایکى ئیسماعیلە هەر عارەب نەبووە ، بەڵکو قبطى بووەو خەڵکى (مصر) بووە، وە خودى ناوى (ابراهیم)یش ناوێکى عارەبى نیەو لە زمانى عارەبیدا پێی دەگوترێ (أعجمي) ، بەڵام إسماعیل لە دواییدا لە قەبیلەى (جُرْهم) ژنى هێناوەو هەر لەوانیشەوە فێرى عارەبى بووە (٥) ، بۆیە وەچەى ئیسماعیل پێیان دەگوترێ (العرب المستعربة) .
سێیەم : کات و شوێنى لەدایک بوونى پێغەمبەر ﷺ :
(محمد بن عبدالله) لە ماڵى (أبو طالب) لەدایک بووە ، لە شیوەکانى بەنى هاشم (شعب بنی هاشم) لە شارى مەککە ، لەبەرەبەیانى ڕۆژى دووشەممە ، (١٢ ربیع الأول) یان (٩ ى ربیع الأول) کەزانایان مشت و مڕیان لەو بارەیەوە هەیە ، لە ساڵى فیل کە دەکاتە (٥٧١)ى زایینى ، ئەو ساڵەش بۆیە ناونراوە ساڵی فیل ، چونکە لەو ساڵەدا (أبرهة) ى حەبەشەیی لە (صنعاء) بەناوى (قلیس) دەیویست ئەو هاتوچۆیەى ، کە خەڵک دەیکەن بۆ (کعبة) بگوازرێتەوە بۆ ئەو پەرستگایەى ، کە ئەو لە (صنعاء) بنیاتى ناوە، تاکو ئەو بازرگانیەش کەلەمەککە دەکرێ ، بکەوێتە (صنعاء) ، بۆئەو مەبەستە (أبرهة) بە سوپایەکى زۆرەوە کە فیلێکى زۆریشیان پێ دەبێ و فیلێکى گەورە لەپێشەوەى سوپاکەیان دەبێ بە ناوى (فیل محمود) ، دەچن بۆ مەککە بەمەبەستى ڕوخاندنى کەعبە ، کاتێک نزیکى مەککە دەبن ، ئەوکاتە (عبدالمطلب)ى باپیرى پێغەمبەر ڕیش سپى خەڵکى مەککە دەبێ ، تەماشا دەکات سوپایەکى زۆرەو لەو باوەڕەدا دەبێ ، کەبەو لەشکرە انوێرن و شەڕیان بۆ لەگەڵ ناکرێ ، بۆیە دەچنە شاخەکانى دەوروبەرى مەککە ، لە نزیکى مەککە ئەبڕەهە بانگى ڕیش سپییانى مەککە دەکات و(عبدالمطلب) دەچێ بۆ لاى و زۆر ڕێزى لێ دەگرێ ، ئەبڕەهە پێی دەڵێ : ئەگەر خزمەتێکت هەبێ ؟ ئەویش دەڵێ ئیشى من ئەوەیە کە (٢٠٠) حوشترتان بەتاڵان بردووم داوا ئەکەم کە بۆم بگەڕێنیەوە ، ئەبڕەهەش پێی دەڵێ : کە بینیمى لەچاوما زۆر بەڕێز و حورمەت بووی و سامم لێ کردى ،بەڵام کە باسى حوشترەکانت کردوو باسى (کعبة) ناکەى ، کە هاتووم بیڕوخێنم ، لەبەرچاوم کەوتى !! (عبدالمطلب)یش وەڵامى دەداتەوەو دەڵێ : (أنا رب الأبل وللبیت ربٌ يَحميِهِ) ، واتە : من خاوەنى حوشترەکانم و داواى حوشترەکانم دەکەمەوە ، وە ئەو (بیت)ەش خاوەنێکى هەیە دەیپارێزێ !
دیارە ئەوان بە تەجرەبە بۆیان دەرکەوتووە ، کە هەر کەسێک بیەوێ خراپە بەرامبەر یەکەم ماڵی خوا بکات ، ناتوانێ و زەرەرمەند دەبێ ، بۆیە بە قیاس لەسەر ڕابردوو ، زانیویانە کە ئەبڕەهە سەرى سەلامەت نابێ ، ئەوەبوو کە دواى ئەوەى ئەوانەى خەڵکى مەککە بوون و لەدەورى کەعبە بوون دەگەڕێنەوە بۆشاخەکانى دەورى کەعبە ، خواى پەروەردگار سوپایەک لەباڵندە پۆل پۆل دەنێرێت بۆسەر لەشکرى ئەبڕەهە ، کە مێژووناسان زۆر بە ووردى باسیان کردووەو دەڵێن : ئەو باڵندە وا پێ دەچێ ئەو باڵندەیە بوبێ کە ئێمە پێی دەڵێین (پەڕەسێلکە) کە هەریەکێک لەو باڵندانە سێ بەردى پێوە بووە ، یەکێک بە دەنوکى دووەکەى دى بە پێیەکانى ، وە بەهەرکەسێک کەوتبایە وەک ئەوە بوو کە تێزابى پێدا بکەی و ئەگەر بەر سەرى کەوتبایە هەتا بەرى پێی گیر نەدەبوو و بەدەنى دادەڕزا ، ئەو باڵندانە بەو ووردە بەردانە بەرد بارانیان کردن . 
خواى پەروەردگار هەر بەو بۆنەیەوە سورەتێکى ناردۆتە خوار کە دەفەرموێ : بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ  { أَلَمْ تَرَ كَيْفَ فَعَلَ رَبُّكَ بِأَصْحَابِ الْفِيلِ (1) أَلَمْ يَجْعَلْ كَيْدَهُمْ فِي تَضْلِيلٍ (2) وَأَرْسَلَ عَلَيْهِمْ طَيْرًا أَبَابِيل (3)  تَرْمِيهِمْ بِحِجَارَةٍ مِنْ سِجِّيل (4) فَجَعَلَهُمْ كَعَصْفٍ مَأْكُولٍ(5) } الفیل ، واتە : بەناوى خواى بەبەزەیی بەخشندە ، نابینى پەروەردگارت چى کرد بە خاوەن فیلەکان ، ئایا ئەو پیلان و فێڵەى کەبەدەستیانەوە بوو پوچى نەکردەوە ، پۆل پۆل باڵندەى ناردە سەریان و بەبەردێک بەردبارانیان دەکردن کە لە قوڕ دروست کرابون {چونکە ووشەى (سجیل) لەئەسڵدا ووشەیەکى فارسی ، یان کوردییەو (طبري) دەیباتەوە سەر ئەسڵى (سەنگى گڵ) ، (سەنگ) ، واتە: بەردو (گڵ)یش ، واتە : قوڕ ، واتە : بەردێک کەلە قوڕ دروست کراوە ، لەبەرئەوەى کە پیتى (گ) لە زمانى عارەبیدا نیە گوتراوە ،( سَنْج جِل) ئینجا کە دوو جیمەکەیان بەیەکەوە دەغم کردووە ، گوتویانە : ( سِجِّيل)}  { فَجَعَلَهُمْ كَعَصْفٍ مَأْكُولٍ }   ، واتە: وەکو (کا)ى خوراوى لێ کردن ، (عصف) یانى (کا) جا هەندێک لە زانایان دەڵێن : مەبەستى ئەوەیە وەک تەرس و ڕیخى لێ کردن ، هەندێکیشیان دەڵێن وەک چەوەڵێک کە ئاژەڵ دەیخوا.
بەڵێ لەو مانگەدا پێغەمبەرمان (محمد) ﷺ بەهەتیوى لەدایک دەبێ ، ئەو جۆرە لەدایک بونەش حیکمەتى زۆر تێدان ، کەسەرپەرشتى بابى و سۆز و پەروەردەى دایکى نابینێ و ، دواتریش دەبێتە پێغەمبەرى هەموو مرۆڤایەتى .
ئەو پێغەمبەرەى کە بابى خۆى نەبینیوەو لە زگى دایکیدا بووە کە مردووەو ، لە تەمەنى (٦) ساڵیدا بووە کە دایکیشى مردووەو ، دواتر کە باپیرى بەخێوى کردووە ، ئەویش پاش دوو ساڵ لە مردنى دایکى مردووەو دواتر چۆتە لاى  (أبو طالب)ى مامى ، کە ئەویش هەتا مردووە بڕواى بە پێغەمبەرایەتى (محمد) ﷺ نەهێناوە، جا ئەمانە هەموویان ئەوە دەگەیەنن کە ئەو دین و بەرنامەیەى پێغەمبەر ﷺ هێناى لەلایەن خواوەیەو ، خزم و کەس و نزیکانی هیچ کاریگەرییەکیان نەبووە لەسەر سەرهەڵدانى ئەو بانگەوازەى کردوێتى و پشتیوانى نەبوون بۆئەو مەبەستە ، بەڵکو بەویستى پەروەردگار بەو شێەىیى پەروەردەو گەورە بووەو بۆتە ڕى هەموو مرۆڤایەتى .
قسەیەکى بێ بنەما : 
لێرەدا دەمەوێ ئاماژەیەک بەوە بکەم کەلە کوردستانى خۆماندا کابرایەک بەناوى (جمال رشید) ماوەیەک لەمەوبەر کتێبێکى نوسیوە ، کە دەزگاى (ئاراس) لە هەولێر بۆى چاپ کردووە لەسەرەتاوە نوسەرى ئەو کتێبە بانگەشە دەکات و دەڵێ من ڕێبازێکى عیلمیانەم بەکار هێناوە لەم کتێبىمدا ، بۆیە هەرشتێک کە بەڵگەو ئیسپاتى عیلمى لەسەر نەبێ نەمنوسیوە ، بەڵام کە باسى پێغەمبەرى کردووە ﷺ دەڵێ : (محمد) ناوى (قَثْـم) بووە ، بابیشى ناوى (عبدالله) نەبووەو ناوى (عبداللات) بووە ، وە دەڵێ : پێم عەجایبە چۆن (عبدالمطلب) نەوەیەک ، کە چوار ساڵ پاش مردنى بابى لەدایک بووە ، بەناوى خۆى لەقەڵەمى داوە ! ، جا بێگومان ئەو قسەیە کوفرو لە دین دەرچونە ،بەڵام من تەماشام کرد بۆ ئەوەى بزانم داخۆ پشتى بە چ سەرچاوەیەک بەستووە ، کەچى بۆم دەرکەوت کە پشتى بە هیچ سەرچاوەیەک نەبەستووەو ئاماژەى بە هیچ سەرچاوەیەک نەکردووە ، لە حالێکدا کە هەرچى سەرچاوەى مێژووی ئەنسابە هەمووى لەسەر (٢٢) پشتى (محمد) ﷺ یەک دەنگن ، وە هیچ کام لە مێژوونوسان و اێکۆڵەرەوان شتى وایان نەگوتوە ، بۆیە مرۆڤ سەرى سوڕ دەمێنێ ، کە ئەو کابرایە ئەو قسەو درۆو دەلەسانەى لە کوێوە هێناوە ، لەکاتێکدا کە ئیددعاى عیلمى بونى شێوازەکەشى دەکات (٦)!! 
شایەنى باسیشە ، کە نێو عارەباندا نەسەب گرنگییەکى زۆرى هەبووە ، پیاوێکى وەک (ابو بکر) – ڕەزاى خواى لێ بێ – بەدوو شت مەشهور بووە : بەوە کە بازرگانێکى گەورە بووەو ، بەوەش کە ڕەچەڵەکناس (نسّاب) بووە ، واتە زۆر نەسەب ناس بووە ، بەڵێ عارەب زۆر گرنگیان داوە بە نەسەب و ڕەچەڵەکى خۆیان ، ئەو (جمال)ە ڕەنگە سێ پشت باب و کەس و کارى خۆى نەناسێ ، بەڵام (محمد المصطفى ) نەک بۆخۆى وابڵێ، بەڵکو هەموو مێژوونوسان تا (٢٢) پشتى دەڵێن ، بەبێ ئیختیلاف ، دوایی نزیکەى (٢٠) پشتى دیکەشى باس دەکەن ، تا دەگاتەوە سەر (اسماعیل) ، دیارە ئەو قسەیە سەرەڕاى کوفرەکەى، ئەو کتێبە ئەگەر خەڵکى دی بیخوێنێتەوە دەلێن : ئەو حکومەتەى کە ئەو کتێبە چاپ دەکات دیارە لایەنگرى ئەو فیکرەیەو تەئیدى دەکات ! 
ئینجا سەرەڕاى ئەوەش شتى زۆر خراپ و بێ ماناى دیکەى ، تێدایە بۆ نمونە : لەبارەى نیکاحەوە دەیەوێ شتەکە بەرەو ئەوە بەرێتەوە ، گوایە لە نێو عەرەباندا نیکاح بە شێوەى هاوسەرگیرى حەڵاڵ ، بوونى نەبووەو ، کە باسى( ابوبکر و عمر) یش دەکات ، دەیەوێ بڵێ ئەوانە ڕەنگە هیچ کامیان کوڕی بابى خۆیان نەبن !! جا من پەرۆشى سومعەى میللەتەکەمانمە ، چونکە هەر کەسێک ئەوە بخوێنێتەوە دەڵێ : وا دیارە ئەو میللەتە زۆر جاهیلە ، چونکە عارەب بۆخۆیان زیاتر نەسەبى خۆیان دەزانن ، وەک لە کەسێکى غەیرە ، وە بۆخۆشیان هەموو لەسەر ئەوە یەک دەنگن وەک ئاماژەمان پێکرد کە ڕەچەڵەکى (محمد) ﷺ هەتا (٢٢) پشتى یەکدەنگىى لەسەرە ، جا کەسێک لەولاوە شتێک بێنێ کە هیچ کەس نەیگوتبێ ، ئەوە یەکەم : میللەتەکەمان بە میللەتێکى جاهیل و نەفام لە قەڵەم دەدەن ، دووەم : بە کافریشى لە قەڵەم دەدەن ، وە لەڕاستیدا من سەرم لەوە سوڕ دەمێنێ ، کە کتێبەکەشى هەدیە کردوە بۆ ڕووحى (مەلا مصطفى ) ، ئەو (مەلا مصطفى)یەکى کە کاتى خۆى ، خۆی بە موسوڵمان ناساندوەو هەموو ڕێزێکى بۆ ئیسلام هەبووەو دژى ئەو جۆرە قسە ناڕەواو درۆو دەلەسانە بووەو ، هەر ئەوەو چەند شتێکى دیکەش بووە وایکردووە کە خەڵک لە دەورى کۆببێتەوە !
_________________________
١)سیرة النبویة لابن هشام ، ج١، ص ٨٤
٢) البدایة والنهایة ، لابن کثیر ، ج٢ ، ص ٣٤٥
٣) صحیح البخاري (3532) ، (4896) وصحيح مسلم : (6058)
4) بڕوانە : * سيرة ابن هشام ، ج 1 ، ص ١- و2
              * تأريخ الطبري ج2 ، ص 239 إلى 271 ، شایانى باسە ، کە ئەم زانیارییە هەر کام لە : (ابن سعد ) و (ابن القیم) و (الذهبِي) هێناویانە .
5) (صحيح البخاري) : 3364، 3365
6) بڕوانە : (ظهور الكورد في التأريخ ) لجمال رشيد احمد ، ج3 ، ص 399-401 ، ط 1 ، مطبعة وزارة التربية .
____________________________
سەرچاوە: 
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ /  مامۆستا عەلى باپیر
لاپەڕە  /  (44 - 53)