ژیانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)

  • 16/08/2019
  • 441

کورتەیەک لە ژیانى پێغەمبەر ﷺ لەکاتى لەدایک بوونییەوە هەتاکو سێ ساڵ پێش وەحى بۆ هاتنى


ئەم کورتەیە لە ژیانى پێغەمبەر ﷺ لە یازدە بڕگەدا دەخەمە ڕوو :
یەکەم :   (عبدالمطلب) (١٠) کۆڕى هەبوو کە کوڕی گچکەیان (عبدالله) بوو ، پێغەمبەر ﷺ لەفەرمایشتێکدا فەرمویەتى: (أنا ابن الذبیحیین)،  واتە : من کوڕى دوو قوربانییەکانم ، لەبەر ئەوەى کە کاتى خۆى خواى گەورە فەرمانى بە ئیبڕاهیم کرد کە ئیسماعیل سەرببڕێ و بیکاتە قوربانى  ، ئەوە بوو دوایى خواى پەروەردگار بەرانێکى گەورەى ناردە خوارەوە کە ئیبڕاهیم لە برى ئیسماعیل ئەو بەرانە  سەربڕێ ، ئەوە (ذبیح) ى یەکەم ، (ذبیح)ى دووەمیش ئەوەبوو کە (عبدالمطلب) لە کەعبەدا لەخوا پاڕایەوەو داواى لێکرد کە (١٠) کوڕی بداتێ ، چونکە ئەو ڕیش سپى قوڕەیشییەکان بوو، لەوە دەترسا کە کوڕى نەبێ و دوایی زوڵمى لێ بکەن ، بۆیە داواى لەخوا کردوو گووتى : خوایە ئەگەر (١٠) کوڕم بدەیتێ ئەوا یەکیان لە پێناوى تۆدا سەردەبڕم ، جا کەخواى پەروەردگار (١٠) کوڕی دایە ، قورعەى کرد بۆ سەربڕینى یەکێکیان ، سەرەنجام سێ جار کەوتە سەر (عبدالله) کەلە هەمووشیانى خۆشتر دەویست ، چونکە لەهەموویان گچکەتر بوو ، ئینجا نەیزانى چ بکا ، پرسی کرد بە ڕیش سپییان ، ئەوانیش گوتیان : ئەگەر خوێنێکى زۆر گەورە بدەى لەجیاتى سەربڕینى (عبدالله)، ئەوە گوناحبار نابى ، کە ئەویش بریتى یە لە سەربڕینى (١٠٠) حوشتر ، جا بۆیە هەم (اسماعیل) و هەم (عبدالله) هاتونە سەر ئەوەى کە سەر ببڕدرێن ، بەڵام خواى پەروەردگار شتێکى دیکەى بۆ کردوون بەبەدیل (١).
دایکیشى (آمنة بنت وهب بنت عبدالمناف بن زهرە بن کلاب )ە ، (آمنة)ش لەگەڵ (عبدالله)دا لە پ]تێدا دەگەنەوە یەک ، جا (عبدالمطلب) (آمنة)ى کچى (وهب) ى خواستووە بۆ (عبدالله)، کە ماڵە بابى ئامینە زۆر خانەدان بوون و کچەکەشیان ئامینە زۆر هەڵکەوتوو بووە ، چەند مانگێک دواى ئەوەى ، کە ئامینە (محمد ) ﷺ ى وەسک دەکەوێ و پێى حامیلە دەبێ ، (عبدالله) سەفەرى بازرگانى دەکات بۆ شام و لەسەرى گەڕانەوەدا لەلاى ماڵى خاڵەکانى ، کەلە (بني عدي بن النجار) بووە ، لەوێ وەفات دەکات (٢).
دووەم :    کە ئامینە (محمد)ى دەبێ ، یەکسەر نەفەرێک دەنێرێ مزگێنى دەدەن بە باپیرى (عبدالمطلب) کە ئەو کات (عبدالله)ى مێرى کە بابى پێغەمبەرە ، وەفاتى کردووە ، عادەتى عارەب وابووە کە زۆر پێیان خۆشبووە کوڕیان ببێ ، چونکە پێیان پشت و قوەت بووەو پێیان وابووە کە بەهۆى کوڕەکانەوە نەسل و وەچەیان بەردەوام دەبێت ، مزگێنیان برد بۆ (عبدالمطلب) کەوا خێزانى (عبدالله) کوڕی بووە ،ئەویش یەکسەر دێتەوە (محمد) ﷺ هەڵدەگرێ و دەیباتە نێو کەعبەو لەخوا دەپاڕێتەوەو سوپاسى دەکات (٣)  ، چونکە ئەوان خوایان ناسیوە ، بەڵام شەریک و هاوبەشیان بۆ خوا پەیدا کردووە ، وە ناویشى لێ دەنرێ (محمد) وەک پێشتر باسم کرد ، وە ناوى (محمد) لە نێو عارەباندا ناوێکى نامۆ بووە، هەندێک دەڵێن : لەپێش (محمد)ى کوڕى (عبدالله) دا کەس ناوى (محمد) نەبووە ، وە لەڕۆژى حەوتەمیدا خەتەنەکراوە ، لە لایەن (عبدالمطلب)ى باپیرییەوە دەعوەتێکیشى بۆ کردووە ، کەلاى عەرەبان وا باو بووە ، هەندێکیش گوتویانە بەخەتەنە کراویی لەدایک بووە ، ، بەڵام (إبن کثیر) تێبینى لەسەر ئەو ڕایە هەیە (٤).
سێ یەم :  عارەب عادەتیان وابووە منداڵیان بە دایەن داوەو خۆیان منداڵیان بەخێو نەکردووە لەنێو مەککەدا، بەتایبەت ئەوانەى ، کە دەوڵەمەندو خواپێداو بوون ، ئەگەر منداڵەکانیان کوڕبوبن ناردوویانن بۆ لادێ ، چونکە پێیان وابووە ئاووهەواى لادێ سازگارترەو لە ڕووی (فطرة)یشەوە لە (فطرة)ى ئینسان نزیکترەو ، لەوێ منداڵ باشتر پەروەردە دەبێت و ، لەش ساغ و زمانى ڕاستتر و پاراوتر دەبێت و عادەتى باشتر وەردەگرێ ، بۆیە (عبدالمطلب) لە هەوڵى پەیدا کردنى دایەنێکدا دەبێ بۆ (محمد) ﷺ و سەرەنجام ئەو قسمەت و نسیبە بۆ (حلیمة بنت أبی ذؤیب عبدالله بن الحارث) دەبێ ، کەبە (حلیمة السعدیة) مەشهورە ، وە مێردەکەشى ناوى (الحارث بن عبد العزى) بووە ، کە بە (أبی کبشة) ناسراو بووە ، وە هەردووکیشیان لە تیرەى (بنى سعد بنى بکر) ن دواى ئەوەى (حلیمة) لەگەڵ هاوسەرەکەى دا (محمد)ى کۆرپە لەگەڵ خۆیان دەبەن بۆ ئەوەى بەخێوى بکەن ، هەرچەندە (حلیمة) زۆر حەزى نەدەکرد (محمد) لەگەڵ خۆیدا بەرێ ، چونکە بابى نەمابوو، بەڵام دوایی چونکە کەسی دیکەى دەست نەکەوت بەناچارى لەگەڵ خۆى برد ، چونکە لەوە دەترسا لەبەر ئەوەى بابى نیە نەفەقەکەى بەتەواوى نەدەنێ ، حەلیمە دەگێڕێتەوەو دەڵێ : کە چووین لە ڕێگە ئێمە سوارى ووڵاخێک بووین ، کە لە دواى هەمووانەوە دەڕۆیشت ، ووڵاخێکى لاواز و لەڕ بوو ، خۆشمان کەم دەرامەت و نەدار بووین ، بەڵام جێی سەرسوڕمان ئەوە بوو ، هەر کە ئەو کوڕەمان وەرگرت بەرەکەت ڕووى تێکردین ، تەنانەت لەسەرى گەڕانەوە ووڵاخەکەمان پێش هەموو ووڵاخەکان کەوتبۆوە ، هاوەڵەکانم پێیان دەگوتم ئەى کچى فڵانکەس ئەو وڵاخەى تۆ چی لێهاتووە ..!! تۆ لەسەر هاتن نەدەگەیشتیتە ئێمە ، کەچى ئێستا لەپێش هەموومانەوە دەڕۆی !! خێرو بەرەکەتێکى زۆرمان بەسەردا ڕژا ، وە دواى ئەوە ئەو شوێنەى ، کە ئێمەى لێ بووین لەوەڕى زۆر بوو ، شیر هاتە گوانى وڵاخەکانمانەوە ، هەروەها حەلیمە دەڵێ : چەند جارێک (ئامینە)ى دایکى (محمد) هاتووە کە (محمد) بەرێتەوە ، بەڵام من دەمگوت نا باجارێ هەر لێرە بێ (٥) .
چوارەم :  لەتەمەنى چوار ساڵیدا ڕووداوێک لەپێغەمبەر ﷺ ڕوویدا ، کەلە (صحیح مسلم) دا هاتوە و ئەوە دەقەکەیەتى { عَنْ أَنَسِ  أَنَّ رَسُولَ اللّهِ صلى الله عليه وسلم أَتَاهُ جِبْرِيلُ وَهُوَ يَلْعَبُ مَعَ الْغِلْمَانِ. فَأَخَذَهُ فَصَرَعَهُ فَشَقَّ عَنْ قَلْبِهِ، فَاسْتَخْرَجَ الْقَلْبَ، فَاسْتَخْرَجَ مِنْهُ عَلَقَةً. فَقَالَ: هذَا حَظُّ الشَّيْطَانِ مِنْكَ، ثُمَّ غَسَلَهُ فِي طَسْتٍ مِنْ ذَهَبٍ بِمَاءِ زَمْزَمَ. ثُمَّ لأَمَهُ. ثُمَّ أَعَادَهُ فِي مَكَانِهِ. وَجَاءَ الْغِلْمَانُ يَسْعَوْنَ إِلَى أُمِّهِ يَعْنِي ظِئْرَهُ فَقَالُوا: إِنَّ مُحَمَّدا قَدْ قُتِلَ. فَاسْتَقْبَلُوهُ وَهُوَ مُنْتَقَعُ اللَّوْنِ. قَالَ أَنَسٌ: وَقَدْ كُنْتُ أَرَى أَثَرَ ذلِكَ الْمِخْيَطِ فِي صَدْرِهِ} (٦).
ئەنەس دەگێڕێتەوە ، کە دیارە یان لە پێغەمبەرى بیستووە ﷺ یان لە یەکێک لە هاوەڵان (أصحاب) دەڵێ : پێغەمبەر ﷺ ئەو کاتەى کە منداڵ بووەو تەمەنى چوار ساڵ بووە ، لە بادیەى بەنى سەعد لەگەڵ منداڵان یارى کردووە ، جبریل هاتووە بۆلاى گرتویەتى و لە عەرزێ ى داوە ، پاشان سینەى موبارەکى شەق کردووەو دڵی دەرهێناوەو وە شتێکى لە دڵی هێناوەتە دەرو فەرموویەتى ئەوە بەشى شەیتانە لە تۆدا ، دوایی دڵەکەی لە تەشتێکى زێڕیندا بەئاوى زەمزەم شۆردۆتەوەو ، ئینجا خستوویەتیەوە شوێنى خۆی و سینەى موبارەکى بەیەکەوە نوساندۆتەوە ، وە ئەو منداڵانەش کەلەگەڵ (محمد) بوون ڕایان کردووە بۆ لاى حەلیمەو گوتویانە (محمد) کوژا ، دوایی کەبەرەو ڕووى چوون هەڵستاوەتەوەو ڕەنگى بزڕکاوە ، ئەنەس دەڵێ : من شوێنەوارى خەتى شەقکرانى سینەى موبارەکى پێغەمبەرم ﷺ دەبینی .
دیارە ئەنەسى کوڕى مالیک (١٠) ساڵ خزمەتى پێغەمبەرى ﷺ کردوە ، لەتەمەنى (١٠) ساڵی تا (٢٠) ساڵی ، لەبەر ئەوە لە کاتێکدا پێغەمبەر ﷺ سینەى موبارەکى ڕووت بووە ، یان کە خۆى شۆردووە ، ، خاولى وێداوەو خزمەتى کردووە ، ئەو شوێنى شەقکران و خەتى سینگى موبارەکى بینیوە ، 
وە مەسەلەى سینە لەتکران( شق الصدر) زانایان زۆریان دەربارە گوتوەو ، سورەتى (الإنشراح ) یش هیچ پەیوەندى بەو مەسەلەوە نیە ، کە خواى پەروەردگار دەفەرموێ : { لَمْ نَشْرَحْ لَكَ صَدْرَكَ (1) وَوَضَعْنَا عَنْكَ وِزْرَكَ  (2) الَّذِي أَنْقَضَ ظَهْرَكَ  (3) وَرَفَعْنَا لَكَ ذِكْرَك (4) } ، چونکە ئەوە مەبەست پێ ی سینە گوشادبوونى مەعنەوییە بەهۆى ئیمان و هیدایەتەوەو ، ئەوە مەسەلەیەکى دیکەیە .
پێنجەم : (حلیمة)ش ، کە ئەو سینگ شەق کردنە دەبینێ ، دەترسێ و بەپەلە (محمد) ﷺ دەگێڕێتەوە بۆلاى ئامینەى دایکى ، چونکە ترساوە لەوەى کە شتێکى بەسەر بێ ، بۆیە ئەو دوو ساڵە لە (٤ ساڵی تا ٦ ساڵی) لاى دایکى دەمێنێتەوەو ، کە تەمەنى دەبێتە شەش ساڵ دایکى دەچێت بۆ (یثرب) بۆئەوەى سەردانى خاڵەکانى (محمد) بکات ، بەڵام لە گەڕانەوەیدا لە (أبواء) ، کە شوێنێکە دەکەوێتە نێوان شارى (مکة) و (مدینة) ، وە ئامینە کۆچى دوایی دەکات ، وە (عبدالمطلب) ى باپیرى ، کەلەو سەفەرە لەگەڵیدا بوە (محمد)ى بێ باب و دایک لەگەڵ خۆى دەهێنێتەوە بۆ مەککەو بۆ خۆى سەرپەرشتى دەکات (٧).
شەشەم : دواى ئەوەى کە تەمەنى (محمد) ﷺ دەگاتە (٨ ساڵ و ٢ مانگ و ١٠ ڕۆژ) (عبدالمطلب)یش وەفات دەکات و وەسیەت دەکات بۆ (أبو طالب)ى مامى ، کە دواى مردنى خۆى (محمد) ﷺ بگرێتە لاى خۆى ، (أبو طالب) یش هەڵدەستێ بە وە ئەستۆ گرتنى و سەرپەرشتى کردنى (محمد) ﷺ (٨).

حەوتەم : لەتەمەنى (١٥) ساڵیدا هەندێک  لە مێژوونووسانیش دەڵێن لەتەمەنى (٢٠) ساڵیدا ، لە بازاڕى (عکاظ) شەڕێک لە نێوان (قریش) و(کنانة) لەلایەک ، وە (قیس بن عیلان) لەلایەکى دیکەوە ڕوو دەدات ، کەبە (حرب الفجار) ناسراوە ، چونکە لە مانگەکانى حەڕامدا ئەو شەڕە کراوە ، وە عارەبەکان عادەتیان وابووە لەم چوار مانگەدا شەڕیان نەدەکرد ، کە بریتى بوون لە (ذوالقعدة  ، ذوالحجة   ،  محرم ،  رجب) لەبەر ئەوەش ناوى لێنراوە (حرب الفجار) ، واتە : شەڕێکى تاوانبارانە ، چونکە حورمەتى مانگە حەڕامەکانى تێدا شکێنراوە ، پێغەمبەر ﷺ لەو جەنگەدا بەشدارى کردووە ، وەک بۆ خۆى فەرمویەتى : { کنت أنبِّلُ أعمامي} (٩)، واتە : مامەکانم ئامادە دەکرد ، بۆیە ئەو ڕیوایەتە نزیکترە ، کە تەمەنى (١٥) ساڵ بوبێ ، چونکە ئەگەر تەمەنى (٢٠) ساڵ بوبایە ئەویش بە کردەوە بەشدارى شەڕەکەى دەکرد، بەڵام لەبەر ئەوەى کە (١٥) ساڵ بووە  هەر ئەوەندەى پێکراوە ، کە تیر بداتە دەست مامەکانى و  بەوە هاوکارییان بکات .
لەدواى ئەو جەنگەش لە نێو تیرەکانى قوڕەیشدا پەیمانێک  دەبەسترێ بەناوى (حلف الفضول) ، واتە : (پەیمانى جوامێران) کەلە نێوان ئەم تیرانەدا بەستراوە : (بنو هاشم ، بنو عبدالمطلب ، أسد بن العزى ، زهرة بن کلاب ، تیم بن مرة ) لە ماڵى (عبدالله بن جدعان) ئەویش لەسەر ئەوە بوو کەکابرایەکى غەیرى مەککى لە مەککە شت دەفرۆشێ یەکێک لە ئەشرافى مەککە پارەکەى ناداتێ ، ئەویش هاوار دەکات و دەڵێ : ئەى خەڵکى مەککە بەرگریم لێ بکەن ، فڵانکەس زوڵمم لێ دەکات ، پێغەمبەریش ﷺ زۆر بەڕێزەوە باسى ئەو پەیمانەى کردووە ، کە لەماڵى (عبدالله بن جدعان ) دا بەستراوە ، کە دەفەرموێ : { لقد شهدت في دار عبدالله بن جدعان حِلْفاً ما أحب ان لي به النعم ولو أُدعى به في الإسلام لأَجَبْتُ} (١٠) واتە : لە ماڵى (عبدالله)ى کوڕى جدعان لەبەستنى پەیمانێکدا ئامادەبووم ، حەزناکەم کەلەجیاتى ئەو پەیمانە چەند حوشترى سوورم ببوایە – کە ماڵێکى بەنرخ بووە لە نێو عارەبەکاندا – وە ئەگەر لە ئیسلامیشدا بۆ پەیمانێکى وا بانگ بکرێم تێیدا بەشدار دەبم .
زۆر لە زانایان ئەو فەرموودەیە دەکەنە بەڵگە لەسەر ئەوە ، کە موسوڵمان بۆی هەیە لەگەڵ هەر لایەنێکدا پەیمان ببەستێ با موسوڵمانیش نەبێ ، بەڵام لەسەر کارى چاکەو شتى باش ، وەلەوەش بەهێزتر ئەو ئایەتەیە ، کە خواى پەروەردگار تێیدا دەفەرموێ : {... وَتَعَاوَنُوا عَلَى الْبِرِّ وَالتَّقْوَىٰ ۖ  ...} المائدة ، واتە :  وە هاوکارى بکەن لەگەڵ خەڵک لەسەر هەرچى چاکەکارى و پارێزکارییە ، چونکە ئەو دەستەواژەیە دەکەوێتە کۆتایی ئایەتى دووەمى سووڕەتى (المائدة) کە دەربارەى هەڵسوکەوتى موسوڵمانان لەگەڵ غەیرى خۆیاندا دەدوێت ، کەواتە موسوڵمان بۆی هەیە کە هەر شتێک کە سوودو قازانجى تێدا بێت هاوکارى غەیرى خۆى بکات ، مادام شتەکە خۆى لە خۆیدا چاک بێت ، چونکە پێغەمبەریش ﷺ هەرواى کردوەو لەگەڵ (غزاعة) پەیمانى بەستوە کە قەبیلەیەکى موشریک بوون لەسەر ئەوە کە بەرگرى لەیەک بکەن (١١)، وەلەگەڵ جولەکەکان پەیمانى بەستووە کە پارێزگارى لە شارى (مدینة) بکەن (١٢).
هەشتەم :  پێغەمبەر ﷺ هەر لەسەرەتاوە چاوى لە کارو کەسابەت بووەو حەزى نەکردووە بار بێت بەسەر شانى کەسەوە ، بۆیە لە تەمەنى دواى باڵغ بوونیدا شوانى کردووە ، وەک بۆ خۆى دەفەرموێ : { ما بعث الله نبيّا إلاّ رعى الغنم . فقال أصحابه :وأنت؟ فقال :نعم، كنت أرعاها على قراريط لأهل مكة }(١٣)رواه البخارى ، واتە خوا هیچ پێغەمبەرێکى ڕەوانە نەکردووە مەگەر شوانى کردوەو مەڕى لەوەڕاندووە ،هاوەڵەکانى پێیان گوت : ئەتۆش ئەى پێغەمبەرى خوا ؟ فەرمووى : بەڵێ من شوانیم دەکرد بۆ خەڵکى مەککە لەسەر چەند (قیراط)ێک .
هەندێک دەڵێن : (قیراط) جۆرێک بووە لە دراوى ئەو سەردەمە ، هەندێکیش دەڵێن کە (قیراط) دەشتێک یان بیابانێک بووە لە دەورى مەککە ، بەڵێ پێغەمبەریش پێش هاتنى وەحى و پێغەمبەرایەتیش چۆن بڵێی چاک ئاوا بووە ، وە یەکێک لەو سیفەتە چاکانەى ئەوە بووە کە چاوى لە دەستى خەڵکى نەبووە .

نۆیەم :  لەتەمەنى (٢٥) ساڵیدا بە ماڵ و سامانى (خدیجة)ى کچى (خویلد) دەچێ بۆ شام لەگەڵ غوڵامێکى (خدیجة)دا کە ناوى (میسرة) بووە کە دەگەڕێتەوە قازانجێکى زۆر چاک دەکات ، چونکە زۆر دەستپاک و لێزان بووە ، (میسرة)ش باسى ئەخلاق و ڕەوشتى بەرزى پێغەمبەر ﷺ بۆ (خدیجة) دەکات ، ئەو کات محمد پێغەمبەر نەبووە ، (خدیجة)ش – خوا لێی ڕازى بێت- کە ئافرەتێکى تەمەن (٤٠) ساڵى بووەو لە پێش (محمد)یشدا ﷺ دوو شووى دیکەى کردوون ، کە هاوسەرەکانى زوو مردوون و ئافرەتێکى خاوەن تەجروبەش بووە ، دڵی بە (محمد)دا دەچێ و بۆى پێشنیار دەکات کە بیخوازێ دواى ڕاوێژ کردنى بە مامەکانى ڕازى دەبێ ، وە ئەو کاتە (خدیجە) هەڵکەوتوترین و خانەدانترین ژنى نێو قوڕەیش دەبێ ، لە دواییشدا لە ژیانى پێغەمبەردا ﷺ دەردەکەوێت کە (خدیجة) چەند ئافرەتێکى هەڵکەوتوو بووە ، وەک دەڵێن : لەپشت هەر پیاوێکى گەورە ئافرەتێکى گەورە هەبووە ، لە ئەنجامدا پێغەمبەر ﷺ لەتەمەنى (٢٥) شاڵیدا (خدیجة)ى تەمەن(٤٠) ساڵان دەخوازێ کە ئەو یەکەمین ژنى پێغەمبەر ﷺ بووەو تا خەدیجە وەفاتى کرد پێغەمبەر ﷺ  هیچ ژنى دیکەى نەهێناوە (١٤)، شایانى باسیشە کە پێغەمبەر ﷺ سەرجەم منداڵەکانى کە سێ کوڕى بوون ، لەگەڵ چوار کچان ، هەموویان لە خەدیجە بوون جگە لە (ابراهیم) کە لە (ماریا القبطیة) بوو ە ، کە ئەویش کەنیزەکێک بوو پاشاى (مصر) بۆ پێغەمبەرى ﷺ نارد ، ئەو شەش منداڵەش کە لە خەدیجە بوون بە پێی ڕیز کردنى زەمەنییەوە بەم شێوەیەن : ( قاسم ، زینب ، رقیة ، أم کلثوم ، فاطمة ، عبدالله) ، وە لەبەر ئەوەى (قاسم) یەکەمین منداڵى بووە ، بەوە (کنیة) کراوەو پێیان گوتوە (یا أبا القاسم) ئەوە لە پێش پێغەمبەرایەتیدا ، (عبدالله)ش دوو لەقەبی هەبوون (طیب و طاهر ) وە سێ کوڕەکانى هەسێکیان پێش باڵغ بوون وەفاتیان کردووە ، کچەکانیش هەرچواریان گەورە بوون ، وە ئیمانیان بە پێغەمبەر ﷺ هێناوەو شوویان کردوە، کە (زینب ، رقیة ، أم کلثوم) پێش وەفاتى خۆی وەفاتیان کردووە و (فاطمة)ش (٦) مانگ دواى وەفاتى خۆى وەفاتیان کردوە – خوا لە هەموویان ڕازى بێت – (١٥).
دەیەم : پێغەمبەر ﷺ لەتەمەنى (٣٥) ساڵیدا دەبێ ، کە لافاوێک دێ و کەعبە دەڕوخێنێ ، قوڕەیش هەڵدەستن بە تازە کردنەوەى (کەعبە)و دروستى دەکەنەوە تا دیوار دەگاتە ئەو ئاستەى (الحجر الأسود ) بەردە ڕەشەکە دابنێنەوە ،  ئیدى دەبێتە کێشەیان کە کێ بەردە ڕەشەکە دابنێتەوە ، چونکە ئەوە شەڕەفێکى گەورە بووە بۆ هەر کەسێک پێی هەستێ ، دوایی لەسەر ئەوە ڕێک دەکەون ، کە ئەمڕۆ یەکەم کەس لە دەرگاوە بێتە ژوور با دادوەریمان بکات بەو شێوەیە چاوەڕێ دەکەن و (محمد) ﷺ یەکەم کەس دێتە ژوورێ ، هەموویان هاوار دەکەن و دەڵێن : (هذا الأمین رضینا هذا محمد) ، واتە : ئەمە ئەمینە ڕازین ، ئەى موحەممەد ! ئەویش کە پێش پێغەمبەرایەتیشى بە (أمین) و ڕاستگۆ و چاکەکار ناوى دەرکردبوو ، دادوەرییان دەکات و عەباکەى ڕادەخات و دەفەرموێ : بەردە ڕەشەکەى لەسەر دابنێن و پێیان دەفەرموێ : هەر سەرۆک هۆزە بابەشێکى عەباکە بگرن ، ئیدى بەردەکە بەرز دەکەنەوە تا دەگاتە ئاستى جێگەکەى خۆى ، پاشان بەدەستى موبارەکى بەردەکە دەخاتە جێگاکەى خۆى ، بەو شێوەیە بە لێزانینیی و بە حیکمەتى خۆى ئەو کێشەیە کۆتایی پێ دێنێ (١٦) .
یازدەیەم : پێغەمبەرى خوا ﷺ پێش پێغەمبەرایەتى چ سیفەتێکى بەرزو جوان هەیە ، کە پەکى لەسەر وەحى نەکەوتووەو عەقڵى سەلیم و فیطرەت و سروشتى ساغ داخوازى دەکات ، تێدابووە ، لە ڕاستگۆیی و پاکى (أمانة) و بەخشەرى (سخاوة) و ئازایەتى و دادگەرى و بەزەیی و ...هتد ، هەر بۆیەش بە (الأمین ) ناوبانگى دەرکردووە ، وەک بۆ خۆى دەفەرموێ : { مَا هَمَمْتُ بِقَبِيحٍ مِمَّا كَانَ أَهْلُ الْجَاهِلِيَّةِ يَهُمُّونَ بِهِ , إِلَّا مَرَّتَيْنِ مِنَ الدَّهْرِ , كِلْتَيْهِمَا يَعْصِمُنِي اللَّهُ مِنْهُمَا ... فَوَاللَّهِ مَا هَمَمْتُ بَعْدَهَا بِسُوءٍ مِمَّا يَعْمَلُ أَهْلُ الْجَاهِلِيَّةِ ، حَتَّى أَكْرَمَنِي اللَّهُ بِنُبُوَّتِهِ } (١٧) ، واتە : لە ژیانمدا بە دڵیشمدا نەهاتوە، کە شتى خراپ بکەم ، کە خەڵکى سەردەمى نەفامى دەیانکرد ، دوو جاران نەبێ ئەویش هەرکام لەو جارانە خواى پەروەردگار دەیپاراستم ، لە درێژەى فەرموودەکەیدا دەفەرموێ : شەوێک مەڕم دەلەوەڕاند لەپشتى مەککە بە شوانێکى هاوەڵم گوت ئاگات لە مەڕەکانم بێت من دەچم بابزانم گەنجان چ دەکەن ، چونکە دەنگى دەف و تەپڵ و شمشاڵ دەهات ، کە چووم دوورو نزیک بوومەوە گوتم ئەوە چیە ؟ گوتیان : ئەوە فڵان ئافرەتەیە شووى کردوە بە فڵان پیاو .
دەفەرموێ : گوێم هەڵخست بۆ ئەو دەف و شمشاڵە تا خەوم لێکەوت ، کەبەگەرماى ڕۆژ بەخەبەر هاتمەوە ، دەفەرموێ : شەوێکى دیکەش دیسان چوومەوە هەروەک جارى پێشوو بوو خواى پەروەردگار وای لێکردم جارێکى دی بە فیکرو خەیاڵیشمدا نەیەت ، پێغەمبەرى ئێمە ئاوا خاوەنى بەرزترین ڕەوشت و پاکترین فیطرەت بووە ، وە خاوەنى گەورەترین و سەلیم ترین عەقڵ بووە ، بۆیە بەر لەوەش ، کە وەحى بۆبێ لە هەموو شتێکى خراپ و ناشیرین بە دوور بووە .
_____________________________
1)بڕوانە :  (السیرة النبویة لابن هشام)، ج١، ص ٨٠-٨٢ ، ط ١ دار ابن الهیثم.
٢) سەرچاوەى پێشوو ، هەمان بەرگ ، ص ٨٣.
٣) هەمان سەرچاوە ، ص ٨٤ .
٤) بڕوانە :  (البدابة والنهابة) ، ج٢ ، ص ٣٤٤ .
٥)بڕوانە :  (سیرة ابن هشام)، ج١، ص (٨٥-٨٦)، وە:  (البدایة والنهایة)،ج٢ ، ص (354-355).
6) (صحيح مسلم) :  411، وة :  (البداية والنهاية) ، ج٢ ، ص ٣٥٧ .
٧) بڕوانە :  (سیرة ابن هشام) ، ج١، ص ٨٨ .
٨) بڕوانە :  (السیرة النبویة لابن هشام) ، ج١، ص ٩٣ ، ط١ دار ابن الهیثم .
٩) (سیرة إبن هشام) ، ج١ ، ص (٩٥-٩٦).
١٠)  (سیرة إبن هشام )، ج١ ، ص ٧٢ .
١١) بڕوانە :  (السیرة النبویة لابن هشام) ، ج٢ ، ص(٢١٩)، ط١ دار ابن الهیثم .
١٢) هەمان سەرچاوە ، ج٢ ، ص ٢٦٢.
١٣) (صحیح البخاری ) ، رقم الحدیث ٢٢٦٢ .
١٤) بڕوانە :  (سیرة إبن هشام)، ج١ ، ص (٩٦-٩٧) ، وە :  (البدایة والنهایة) ، ج٢ ، ص ٣٧٧.
١٥) بڕوانە :  (سیرة إبن هشام)، ج١ ، ص ٩٨ ، وە:  (البدایة والنهایة ) ، ج٢ ، ص (٣٧٧-٣٧٨) .
١٦) بڕوانە :  (السیرة النبویة لابن هشام)، ج١ ، ص ١٠١ ، ط١ دار ابن الهیثم .
١٧) رواه إبن ماجة والحاکم وأبو نعیم في (دلائل النبوّة ) ، وقال الحاكم : صحيح على شرط مسلم .
___________________________
سەرچاوە: 
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ / مامۆستا عەلى باپیر
لاپەڕە  / (54-65)