بەخێربێن بۆ پێگەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
لە ژيانى پێغەمبەر (ﷺ) فيربووم : سەركردەى لێهاتوو شوێن كەوتوو بەرهەم ناهێنێت ، بەڵكو سەركردەى وەك خۆى دروست دەكات .
چه‌ند وته‌یه‌كی جوان: 1ـ ئارامی‌ عیباده‌تێكه‌ به‌بێ‌ زه‌حمه‌ت ، هه‌یبه‌تيكه‌ به‌بێ‌ قودره‌ت ، قه‌ڵایه‌كه‌ به‌بێ قه‌ڵغان ، سه‌ركه‌وتنێكه‌ به‌بێ‌ چه‌ك. 2ـ ماڵێك كه‌ هیچ كات وێران نابێت عه‌داله‌ته‌. 3ـ نه‌خۆشیه‌ك ده‌رمانی‌ نییه‌ بێ ئه‌قڵیه.‌ 4ـ شیرینیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆرێت به‌ تاڵی‌ هه‌واو ئاره‌زوویه‌. ‌5ـ تاڵیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆريت به‌شیرینی‌ صه‌بر و ئارام گرتنه‌. 6ـ ئه‌گه‌ر پشووی‌ لاشه‌ به‌كه‌می‌ خۆراكه‌ ئه‌وا پشووی‌ دڵ و ده‌روونیش به‌كه‌می‌ گوناهه.‌
پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرمان بێت كه‌ تاوه‌كو زستان ساردو سه‌ختتر بێت ئه‌وا به‌هاری رازاوه‌ترو جوانتر دێته‌ پىش چاو.
علی كوری به‌بو تالیب (ره‌زای خوای لى بێت) ده‌فه‌رموێت: دونیا وه‌كو مار وایه‌، رواڵه‌تی بریقه‌داره‌و ناخی هه‌ڵگری ژه‌هرێكی ترسناكه‌، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ گه‌مژه‌یه‌و ناحاڵیه‌، ئه‌وه‌ی لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ خاوه‌نی ژیریه‌.
پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لە شاری مەدینە
 بەردەوام بوون لەسەر بنیاتنانى کۆمەڵگا و دەوڵەتى ئیسلامیی و گەشەپێدانى لە ڕووى فيكريی و ڕووحیی و کۆمەڵایەتیی و ... هتد
03/12/2019
بینین: 5426

لە ساڵى دووەمى کۆچیدا ، واتە : دووەمین ساڵى نیشتەجێ بوونى پێغەمبەر ﷺ لە مەدینەدا ، چەند شتێک ڕوویان داوە ، کە بە ڕووداوى گەورە دادەنرێن لە مێژووى ئیسلامدا ، کە بریتین لە :
یەکەم :  گۆڕدرانى قیبلە لە (بیت المقدس)ەوە بۆ (کعبة) :
دەربارەى ڕوو پێوەرسووڕانى پێغەمبەر ﷺ و موسوڵمانان لە ڕووگەى (بیت المقدس)ەوە بۆ ڕووگەى (کعبة) ، وێڕاى چەند ئایەتێکى سووڕەتى (البقرة) چەند فەرموودەیەکیش هەن ، لەوانە : 
(مسلم) لە (البراء بن عاذب) – خوالێی ڕازى بێ- دەگێڕێتەوەو دەڵێ : موسوڵمانان لەگەڵ پێغەمبەر ﷺ بۆ ماوەى (١٦ یان ١٧) مانگ ڕووەو (بیت المقدس) نوێژیان دەکرد ، دوایی ڕوویان پێوەڕسوڕێنرا بەرەو (کعبة) .
هەروەها (ابن عمر ) – خوا لیی ڕازى بێ- دەگێڕێتەوەو دەڵێ :  ( بينا الناس بقباء في صلاة الصبح اذ جاءهم آتٍ فقال ان رسول الله ﷺ قد أنزل عليه الليلة قرآن ، و قد أُمِرَ أن يستقبل الكعبة فاستقبلوها وكانت وجوههم الى الشام فاستداروا الى الكعبة) رواه البخاري و مسلم ، واتە : موسولمانان لە مزگەوتى قوبا لە نوێژى بەیانیدا بوون یەکێک هات و گوتى : ئەمشەو پێغەمبەرى خوا ﷺ قورئانى بۆ دابەزیوەو فەرمانى پێکراوە ، کە ڕوو بکاتە (کەعبە) ئێوەش ڕوو لەوێ بکەن ، ئەو کات ڕوویان لە (شام) بوو ، ئەوانیش ڕوویان لە کەعبە کرد .
دیارە جوولەکەکانى مەدینە تا ئەو کاتەش پییان خۆش بوو کە موسوڵمانان ڕوو بە (بیت المقدس) نوێژیان دەکرد ، بەڵام دواى ئەوەى ڕوویان پی وەرسووڕێنرا بەرەو (کعبة) پییان ناخۆش بوو ، بۆیە دەستیان کرد بە ڕەخنە گرتن و یەکێک لە قسەکانیان ئەوە بوو کە دەیانگوت : موحەممەد وردە وردە دەگەڕێتەوە سەر دینى باب و باپیرانى (کە هاوبەش بۆ خوا پەیدا کردنە) ئەمڕۆ قیبلەو سبەى شتێکى دیکە ، وەک خواى پەروەردگار لەو بارەوە دەفەرموێ : {سَيَقُولُ السُّفَهَاءُ مِنَ النَّاسِ مَا وَلَّاهُمْ عَن قِبْلَتِهِمُ الَّتِي كَانُوا عَلَيْهَا  قُل لِّلَّهِ الْمَشْرِقُ وَالْمَغْرِبُ  يَهْدِي مَن يَشَاءُ إِلَىٰ صِرَاطٍ مُّسْتَقِيمٍ (١٤٢) } البقرة ،
 واتە : نەفامەکان لە خەڵکى (مەبەست لە جوولەکەکانە ) دەڵێن : چ شتێک ڕووى پێوەڕسووڕاندن لەو قبلەیەى ، کەلەسەرى بوون ، پێیان بڵێ : ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا  هەر هی خوان ، واتە :  ( خوا خاوەنى هەردووک قیبلانە) وە خوا هەرکەسێک ، کە بپیەوێ بۆ ڕێگاى ڕاست ڕێنمونیی دەکات .

لەم ڕووداوە چەند شتێکى گرنگ دەخوێندرێتەوە :
١) موسوڵمانان دەبێ( ڕووگە) قیبلەیەکیان هەبێ ، کە ڕووی تێبکەن ، وەک خواى پاک و تاک دەفەرموێ : {وَلِكُلٍّ وِجْهَةٌ هُوَ مُوَلِّيهَا... (١٤٨)} البقرة ، واتە : وە هەرکەسە ڕوویەک (ڕووگەیەک) ى هەیە ، کە ڕووى تێدەکا ، کەواتە : بۆ ئەهلى ئیمانیش دەبێ ڕووگەو جەمسەرێکیان هەبێ کە هەموویان ڕووى تێبکەن .
٢) پێغەمبەر ﷺ ئەو (١٦ یان ١٧) مانگە ، کە ڕووى لە (بیت المقدس) کردەوە حیکمەتێکى سەرنج ڕاکێشانى خاوەن کتێبەکان بووەو دواى ئەوەى کە ئەوان هەر لەسەر کەللە ڕەقیی خۆیان بەردەوام بوون ، بە فەرمانى خوا ئەو قیبلەیە گۆڕدراو هیچى دیکە لە نوێژدا ڕووەو (بیت المقدس) نوێژ نەکرا .
٣) ئەو ڕوو وەرسووڕێنرانە تاقیکردنەوەیەک بووە بۆ موسوڵمانان وەک خواى شارەزا دەفەرموێ : {...وَإِن كَانَتْ لَكَبِيرَةً إِلَّا عَلَى الَّذِينَ هَدَى اللَّهُ ... (١٤٣) } البقرة ، واتە : ئەوەیش قورس بوو ، مەگەر لەسەر ئەوانەى ، کە خوا هیدایەتى دابوون ، واتە : ئەهلى ئیمان بوون .
ئینجا لەو ڕووگە گۆڕانەشدا گومان بۆ هەندێک لە هاوەڵانى پێغەمبەر ﷺ دروست بوو ، گوتیان : ئەى پێغەمبەرى خوا ﷺ ئەوانەمان کە نوێژو طاعەتیان کردوەو مردوون ، لە کاتێکدا کە هەر ڕوویان لە (بیت المقدس) کردوە ! ، ئێستا حیسابیان چۆن دەبێ ؟! خواى بەبەزەیی هەر لە هەمان ئایەتدا ئەو ئیشکالە حەل دەکات و دەفەرموێ : {... وَمَا كَانَ اللَّهُ لِيُضِيعَ إِيمَانَكُمْ  إِنَّ اللَّهَ بِالنَّاسِ لَرَءُوفٌ رَّحِيمٌ (١٤٣)} البقرة ، کە زۆربەى زانایان و توێژەرەوانى قوڕئان دەڵێن : لێرەدا مەبەست لە (إیمانکم) (صلاتکم) ە ، واتە : وە ناگونجێ خوا نوێژەکانتان بە زایە بدات ، بێگومان خوا بەرانبەر خەڵکى بەبەزەیی و میهرەبانە .
چونکە پێشتر ، کە خواى پەروەردگار فەرموویەتى : ڕوو لە (بیت المقدس) بکەن ، دیارە ئەو نوێژانەى وە بەر ئەوێ کەوتوون دروست بوون ، بەڵام لەمەودوا دروست نیە ، چونکە ئەو فەرمانەى کە ئێستا هاتووە ئەوەى پیشێی هەڵوەشاندۆتەوە .

دووەم : فەڕز کرانى ڕۆژووى مانگى ڕەمەزان :

فەڕز کرانى ڕۆژووى مانگى ڕەمەزان لە ساڵى دووەمى کۆچیدا بوو بەر لە جەنگى بەدر ، وە خواى بەخشندە لەبارەى مانگى ڕەمەزان و ڕۆژووى مانگى ڕەمەزان و چەند حوکمێکى کە بەو مانگەوە پەیوەستن ، دەفەرموێ : { يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ (١٨٣) أَيَّامًا مَّعْدُودَاتٍ... (١٨٤) } البقرة ، واتە : ئەى ئەوانەى ئیمانتان هێناوە ! ڕۆژوو گرتنتان لەسەر پێویست کراوە، وەکو چۆن لەسەر ئەوانەى پێش ئێوەش پێویست کرابوو ، بۆ ئەوەى پارێزکار بن ، چەند ڕۆژێکن ...
کەواتە : لە ئەنجامى ڕۆژوو گرتنەوە ئینسان پارێز کردن (تقوى) ى پەیدا دەبێ ، هەروەها ڕۆژوو یەکێکە لە پێنج پایەکانى موسوڵمانێتى تاکیی ، چونکە ئێمە بەهۆى ئەو پێنج پایانەوە ، کە بریتین لە : { شایەتمان و نوێژو ڕۆژوو و زەکات و حەج }دەتوانین بزانین کە ئەو ئینسانانە موسوڵمانە یان نا ، چونکە ئیمان و عەقیدە لە ( شایەتمان )دا دەردەکەوێ .
بۆیە پێویستە بزانرێ کە زانانیان دەڵێن ئیسلام پینج پایەى هەن :  ( شایەتمان و نوێژو ڕۆژوو و زەکات و حەج ) ، واتە : ئەرکە تاکیی (شخصی)یەکان لە ئیسلامدا ئەو پینجەن ، ئەگەر نا ئەو پێنج ئەرکە  ئیسلامییە پێنج پایەو بنەڕەتى هەموو ئیسلامەتیی نین ، بەڵکو پێنج پایەى بنەڕەتى موسوڵمانێتى تاکیی (شخصی)ين .

سێیەم : فەڕزکرانى زەکاتى سەرفترە( فطر) و زەکاتى ڕوکن :
لەماوەى ئەم ساڵەدا ( ساڵى دووەمى کۆچى) زەکاتى (فطر) و زەکاتى (رکن ) فەڕز کران ، جا ئەگەر سەرنجى قوڕئان بدەین دەبینین لە زۆر شوێندا نوێژو زەکات پێکەوە باس کراون ، هەروەها لەچەند فەرمایشتێکى پێغەمبەردا ﷺ هاتووە کە نوێژو زەکاتى بەدوو پایەى بنەڕەتى موسوڵمانەتى شەخصیی داناون .
چونکە ئینسان وەک چۆن لە ڕووح و جەستە پێک دێ ، بە هەمان شێوەش دیندارییەکەى دوو ڕووى هەن ، ڕوویەکى ڕووحیی و ڕوویەکى ماددیی ، هەروەها ئینسان پەیوەندى هەیە بە خواوەو پەیوەندیشى هەیە بە خەڵکەوە ، پەیوەندى ئینسان بەخوا لە نوێژدا دەردەکەوێ و ، پەیوەندى لەگەڵ خەڵکدا لە زەکات و بەخشینى بەشێک لە ماڵى خۆیدا دەردەکەوێ .
(عبدالله بن عمر) لەو بارەوە ئەم فەرمایشتەى پێغەمبەر ﷺ دەگێڕێتەوەو دەڵێ : { أن النبي ﷺ أمر بزكاة الفطر قبل خروج الناس الى الصلاة} رواه البخاري ،  واتە : پێغەمبەر ﷺ فەرمانى کرد بە زەکاتى ( فطر) پێش چوونى موسوڵمانان بۆ نوێژى جەژن ، هەروەها ( قیس بن سعد بن عبادة)ش – خوا لێی ڕازى بێ- لەو بارەوە دەڵێ :  { أمرنا رسول الله ﷺ بصدقة الفطر قبل ان تنزل الزكاة ثم نزلت الزكاة فلم يأمرنا و لم ينهنا و نحن و نفعله } رواه ابو داود  ، واتە : پێغەمبەر ﷺ فەرمانى پێ کردین بە زەکاتى (فطر) پیش ئەوەى زەکاتى ڕوکن پێویست بێ ، بەڵام دواى ئەوەى زەکات پێویست کرا ، پێغەمبەر ﷺ نە فەرمانى پێکردین بە زەکاتى (فطر)و نەڕێگریشى لێکردین، وە ئێمە زەکاتى (فطر)یشمان هەر دەدا .  
هەروەها زۆربەى زانایان ڕایان وایە ، کە ساڵى دووەمى کۆچى لە مەدینە زەکات فەڕز کراوە ، کەواتە تا ساڵى دووەمى کۆچى هەریەک لە :  ( شایەتمان و نوێژوو ڕۆژوو و زەکات ) پیویست کراون و تەنیا حەج ماوەتەوە ، لەسەر ڕاى زۆربەى زانایان حەجیش لە ساڵى دەیەمى کۆچیدا پێویست کراوە ، چونکە پێغەمبەر ﷺ ئەو کاتە بۆى لواوە کە حەج بکات ، وە خواى پەروەردگار کە زۆر حەکیم و کاربەجێ یە ئەرکێک ناخاتە سەر موسوڵمانان و لەسەریان پێویست ناکا ، کە تواناى جێ بەجێ کردنییان نەبێ و هەلومەرجى جێ بەجێ کردنى نەڕەخسابێ ، هەر بۆیەش حەجى لەسەر پێویست نەکردوون ، لە کاتێکدا کە شارى مەککە لەبەر دەستى کافرو موشریکەکاندا بووەو نەگونجاوە پیی بگەن .

چوارەم : نوێژى جەژنەکان : 
هەر لە ساڵى دووەمى کۆچیدا نوێژى جەژنەکان بۆ موسوڵمانان دانراون و زۆر لە زانایان نوێژى جەژنەکانى قوربان و ڕەمەزان بە پێویست دەزانن ، جا هەندێکیان بە پێویستی خودیی (فرض العین) ، وە زۆریشیان بە پێویستى بریکارى( فرض الکفایة) یان دەزانن ، وە بەشێکیش بە سوننەتیان دادەنێن ، بۆیە کە دەگوترێ : نوێژى جەژنەکان سوننەتن ، وەنەبێ قسەى هەموو زانایان بێ ، بەڵکو زۆربەیان بەپێویست (فرض)یان دەزانن ، بەلاى کەمەوە (فرض الکفایة) .

(جابر بن عبدالله) لەم بارەوە دەڵێ :  { شهدت مع النبي صلى الله عليه وسلم يوم العيد . فبدأ بالصلاة قبل الخطبة ، بلا أذان ولا إقامة . ثم قام متوكئا على بلال ، فأمر  بلال ، فأمر بتقوى الله  وحث على طاعته ، ووعظ الناس وذكرهم  ثم مضى، حتى أتى النساء فوعظهن وذكرهن } رواه مسلم ،
 واتە : من لە خزمەت پێغەمبەرى خوادا ﷺ نوێژى جەژنم کرد ، سەرەتا نوێژى کرد پێش ئەوەى کە ووتار بدات ، بەبێ بانگ و قامەت خوێندن ، دوایی هەستاو شانى خستە سەر بیلال و وتاریدا ، فەرمانى کرد بە پارێز کردن لە خواو هانى موسوڵمانانیدا ، کە فەرمانبەریی خوا بکەن ، وە ئامۆژگارى خەڵکیی کردو ڕاستییەکانى بیر خستنەوە ، ئینجا دوایی چوو بۆ لاى ئافرەتەکان و ئامۆژگاریی کردن و ڕاستییەکانى ئیسلامی بیر ئەوانیش هێنایەوە ...
شایانى باسیشە پێغەمبەر ﷺ نوێژەکانى جەژنى لە مزگەوتدا نەکردون ، بەڵکو لە نوێژگە (مُصَلَّى ) و دەشت و بیابان و دەرەوەى مەدینە کردوونى ، وە فەرمانى کردوە کە ئافرەتانیش بێن و تەنانەت ئافرەتانى بێ نوێژیش ، بەڵام ئەوان نوێژ نەکەن و کەنار بگرن و تەنها گوێ لە قسەى خێرو ئامۆژگارییەکان بگرن ، چونکە بێ نوێژیی ڕێگا لە نوێژ کردن دەگرێ ، جا باباى بێ نوێژ  چ پیاو بێ ، چ ئافرەت .
 
پێنجەم : بوونى عائیشە بە هاوسەرى پێغەمبەر ﷺ:
لە مانگى شەووالى ساڵى یەکەمى کۆچیدا (عائیشة)ى کچى (أبو بکر) خوا لێیان ڕازى بێت ، بوو بە  هاوسەرى پێغەمبەر ﷺ ، کە ئەو کات (عائشة) کچێکى تازە پیگەیشتوو بوو و پێغەمبەریش ﷺ تەمەنى (٥٤) ساڵ بوو . 
 ________________________
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ /  مامۆستا عەلى باپیر
لاپەڕە  / (٤٤٩-٤٥٥)

زیاتر

1
Copyright. All Rights Reserved.
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پارێزراوه بۆ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا،
هه‌رکه‌سێک بابه‌ته‌کان کۆپی بکات پێویسته ئاماژه به‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بکات که‌ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودایه