 شەو ڕەوی
شەو ڕەوی
وەرن بــۆ سـەیری سـوورەتی ئیسرا
ببـیـنن خـاتـەم چــۆن بـەرز كرا
لە خاكی مـەككە بـۆ باوەش ئەقسا
لەوێش بـۆ ئاسمان ڕۆیشت و هەڵسا
دوای ئازاری گیـان ئەو لەسـەر زەوی
حـەبیبـی خـودا كــردی شــەوڕەوی
لەگەڵ جـوبریلی نیگـا بــۆ هێنـەر
بۆ گەشتی لای خوا بوونە هـاوسەفەر
فریشتەی ئـازیـز جـوبریلی بەڕێـز
وتی : نـاتـوانم زیاتر نیـمە هێـز
جیـَگـەم دیـارەو ســنوورم تـەواو
تـا تـۆ دێیتەوە مــن لێـرە وەسـتاو
بـەڵام ئەحمەدی دڵ پـڕ لــە هـودا
گەیشتـە نزیكـی عەرشەكـەی خـودا
سـڵاوی كـردو ئـارام بــوو گیـانـی
لـە یـادی نـەمـا مـاتەمـی ژیانـی
هێندەی مـایەوە كەم بـوو یـاخـود زۆر
لـە دڵیا نـەمـا هیـچ غـەم و نـاسـۆر
هەرچەند كە سینەی كانگای بڕوا بــوو
بەڵام ئـەو لـەوێ دڵ پـڕ نـەوا بــوو
كـاتـێ هـاتـەوە لـە ڕێـگـەی درێـژ
لەگەڵ خۆی هێنای پێنج فەرزەكەی نوێژ
نوێژ خەڵاتێ بـــوو بـۆ ئێمەی بەشەر
لێـت بـێ سەڵاوات خـاتەم پێغەمبەر
رۆستەم خامۆش
|