 غه‌زای مه‌زنی به‌در
له مانگی ره‌مه‌زانی ساڵی دووه‌می كۆچی‌دا روویدا ، ئه‌وه‌بوو كه پێغه‌مبه‌ر [ (صلى الله عليه وسلم) ] له‌گه‌ڵ 313 یاوه‌ری موهاجیریی مه‌ككه‌دا له مه‌دینه چوونه ده‌ره‌وه به‌و هیوایه‌ی ئه‌و كاروانه‌ی قورِهیش بگرن كه له شامه‌وه ده‌هاته‌وه ، چونكه كاروانێكی بارزگانی گه‌وره بوو ، زۆرینه‌ی خه‌ڵكی مه‌ككه پشكیان تێیدا هه‌بوو ، مه‌به‌ستی پێغه‌مبه‌ر [ (صلى الله عليه وسلم) ] له‌وه‌دا ئه‌وه بوو كه كه‌لوپه‌لی كاروانه‌كه‌یان ده‌سكه‌وێت تا ببێته قه‌ره‌بوو (ته‌عویز) ی به‌شێك له‌و خانوو ماڵ و زه‌وی و زار‌و دوكان وماڵاتهی كافرانی قورِهیش به موسوڵمانانی مه‌ككه‌یان به جێ هێشتبوو ، واش ته‌شریفی برد كه به ته‌مای رووبهرِوو بوونه‌وه‌و جه‌نگ نه‌بوو ، بۆیه تفاقی جه‌نگی له‌گه‌ڵ خۆی و یاوه‌رانیدا نه‌بردبوو ..
له‌ولاوه كه ئه‌بو سوفیانی پێشه‌وای كاروانه‌كه‌ی قورِهیش زانی كه پێغه‌مبه‌ر [ (صلى الله عليه وسلم) ] هاتۆته سه‌ر رێگای ، خێرا كه‌سێكی نارده‌وه بۆ مه‌ككه تا هه‌واڵه‌كه به قورِهیش بگه‌ێنێت ، و فریا كه‌ون پێش ئه‌وه‌ی محمد [ (صلى الله عليه وسلم) ] و یاوه‌رانی ده‌ست به‌سه‌ر كاروانهكهتاندا بگرێت ، قوتاری كه‌ن ! ئه‌وانیش هه‌ر خێرا زیاتر له هه‌زار كه‌سیان بۆ شهرِ كۆكرده‌وه‌و به هه‌موو تفاقێكی شه‌ره‌وه به‌ره‌و ناوچه‌ی كاروانه‌كه به ئه‌سپ و ووشترێكی زۆره‌وه بهرِێ كه‌وتن !
كه پێغه‌مبه‌ر [ (صلى الله عليه وسلم) ] هه‌واڵی هاتنی له‌شكری عهرهمرهمی قورِهیشی پێ گه‌یشت و زانی بۆ شهرِ دێن ، سه‌رانی موهاجیران و ئه‌نساری كۆ كرده‌وه‌و راوێژی پێ كردن ، به تایبه‌تی رای ئه‌نساره‌كانی مه‌دینه‌ی پێ مه‌به‌ست بوو ، چونكه كاتی خۆی به‌یعه‌تی ئه‌وه‌ی لێ وه‌رگرتبوون كه ئه‌گه‌ر ته‌شریفی هێنایه لایان بۆ مه‌دینه له‌وێ وه‌كو ماڵ و منداڵی خۆیان بیپارێزن ، خه‌می ئه‌وه‌ی بوو ئه‌وان وای لێك ده‌نه‌وه كه ئه‌وان به پێی بهیعهتهكهیان ته‌نها له‌ناو شاری مه‌دینه‌دا ده‌یپارێزن ..
میقدادی كورِی ئه‌سوه‌د له یاوه‌ره موهاجیره‌كان هه‌ستاو فه‌رمووی : (ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا به‌ره‌و ئه‌وه‌ی خوای گه‌وره فه‌رمانی پێداویت ته‌شریف ببه ، به خوا قه‌سه‌م ئێمه وه‌كو به‌نو ئیسرائیلیه‌كان به موسایان ووت : [ ( فَاذْهَبْ أَنتَ وَرَبُّكَ فَقَاتِلا إِنَّا هَاهُنَا قَاعِدُونَ) المائدة ] / 24 واته برِۆ تۆ خۆت و خواكهت بجه‌نگێ ، وا ئێمه لێره دانیشتووین !ئێمه وا ناڵێین ، ئێمه ده‌ڵێین : برِۆ خۆت و خواكهت بجه‌نگێ و ئێمه‌ش له‌خزمه‌تتاندا ده‌جه‌نگین .. ئینجا سه‌عدی كورِی مهعازیش له ئه‌نساره‌كان هه‌ستاو فه‌رمووی : به خوا قه‌سه‌م ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا به ده‌ریادا بده‌یت هه‌موومان بێ دواكه‌وتنی یه‌ك كه‌سمان به ده‌ریادا ده‌ده‌ین ، به خوا پێمان خۆش نیه رووبهرِوو بوونه‌وه‌ی دوژمن بخه‌یته سبه‌ینێ ، دهشمانبینیت له جه‌نگدا به سه‌برین و له رووبهرِوو بوونه‌وه‌شدا راستگۆین ، خوای گه‌وره‌ش له ئێمه‌دا هه‌ڵوێستی وات نیشان ده‌دا كه چاوتی پێ روون بێته‌وه‌و دڵی پێ خۆش كه‌یت ..
پێغه‌مبه‌ر [ (صلى الله عليه وسلم) ] زۆر به‌م قسانه‌ی هه‌ردوولایان گه‌ش بۆوه ، چونكه ووره به‌رزییه‌كی تێدا بوو كه هه‌ڵوێسته‌كه ده‌یخواست ، بۆیه ده‌سبه‌جێ پێی فه‌رمووی: [ ( سِيروا وأبْشِروا فَوالله لَكأنِّي أنْظُرُ إلى مَصارعِ القَومِ ) ] برِۆن بێ خه‌م بن و مژده‌تان لێ بێ به خوا قه‌سه‌م منیش شوێنی گیان كێشانیان ده‌بینم ..
سوپای هه‌ردولا لێك نزیك ده‌بوونه‌وه ، سوپای موسوڵمانان گه‌یشتنه كانیاوه‌كانی به‌در ، پێغه‌مبه‌ر [ (صلى الله عليه وسلم) ] به رای مونزیری كورِی حوباب شوێنێكی هه‌ڵبژارد ، كه ببێته مه‌یدانی رووبهرِوو بوونهوهكهو كه‌وته هاندانی مسوڵمانان بۆ غه‌زا ، سوپای قورِهیشیش گه‌یشتن ، سه‌ره‌تا زۆرانبارزیی پاڵه‌وانانی هه‌ردوولا ده‌ستی پێ كرد ، پاڵه‌وانه‌كانی ئیسلام سه‌ركه‌وتوو بوون و به‌رامبه‌ره‌كانیان كوشت ، ئینجا جه‌نگاوه‌رانی هه‌ردوولا تێكچرِژان ! پێغه‌مبه‌ری پێشه‌واش [ (صلى الله عليه وسلم) ] ده‌ستی بۆ ئاسمان به‌رز كردبۆوه‌و به‌رده‌وام دوعای دهكردو له خوای گه‌وره دهپارِایهوه كه ئه‌و كۆمه‌ڵه موسوڵمانه‌ی بپارێزێت .. خوای گه‌وره مه‌ده‌دی خۆی نارد ، فریشته‌ی جه‌نگاوه‌رانی خۆی بۆ ناردنه ناو شهرِهكهوه .. شهرِ ده‌وامی كێشا به‌ڵام سه‌ره‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه بوو موسوڵمانان سه‌ركه‌وتن ، برِێكی زۆریان له سه‌رانی كوفر كوشت ، ئه‌وه‌ش هه‌مووی فه‌زڵی خوای گه‌وره بوو ، وه‌ك له سوره‌تی ئه‌نفالدا ده‌فه‌رموێ : [ (وَمَا رَمَيْتَ إِذْ رَمَيْتَ وَلَـكِنَّ اللّهَ رَمَى ) الانفال ] / 17 كه تۆ تیرت هاوێشت ، تۆ نه‌تهاوێشت ، خوا بوو كه هاویشتی .. یان كه له سوره‌تی ئالی عیمراندا ده‌فه‌رموێ : [ (قَدْ كَانَ لَكُمْ آيَةٌ فِي فِئَتَيْنِ الْتَقَتَا فِئَةٌ تُقَاتِلُ فِي سَبِيلِ اللّهِ وَأُخْرَى كَافِرَةٌ يَرَوْنَهُم مِّثْلَيْهِمْ رَأْيَ الْعَيْنِ وَاللّهُ يُؤَيِّدُ بِنَصْرِهِ مَن يَشَاء إِنَّ فِي ذَلِكَ لَعِبْرَةً لَّأُوْلِي الأَبْصَارِ ) ال عمران ] / 13 واته : به ته‌ئكید له‌و دوو ده‌سته‌یه‌ی (له به‌دردا ) رووه‌و رووی یه‌كتر وه‌ستانه‌وه په‌ندو ده‌رسێكی زۆری بۆتان تێدایه ، ده‌سته‌یه‌كیان له پێناوی خوادا ده‌جه‌نگن و ده‌سته‌كه‌ی تریشیان كافر بوون ، موسوڵمانه‌كان له‌به‌رچاوی كافره‌كان بووبوونه دوو ئه‌وه‌نده‌ی تر ، خوای گه‌وره به سه‌ركه‌وتنی خۆی لایه‌نگیری ئه‌و كه‌سانه ده‌كات كه خۆی دهیهون ، ئه‌مه‌ش په‌ندو ده‌رسه بۆ هه‌ر كه‌سێك كه خاوه‌ن بیریی و ژیرییه ..
|