بەخێربێن بۆ پێگەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
لە ژيانى پێغەمبەر (ﷺ) فيربووم : سەركردەى لێهاتوو شوێن كەوتوو بەرهەم ناهێنێت ، بەڵكو سەركردەى وەك خۆى دروست دەكات .
چه‌ند وته‌یه‌كی جوان: 1ـ ئارامی‌ عیباده‌تێكه‌ به‌بێ‌ زه‌حمه‌ت ، هه‌یبه‌تيكه‌ به‌بێ‌ قودره‌ت ، قه‌ڵایه‌كه‌ به‌بێ قه‌ڵغان ، سه‌ركه‌وتنێكه‌ به‌بێ‌ چه‌ك. 2ـ ماڵێك كه‌ هیچ كات وێران نابێت عه‌داله‌ته‌. 3ـ نه‌خۆشیه‌ك ده‌رمانی‌ نییه‌ بێ ئه‌قڵیه.‌ 4ـ شیرینیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆرێت به‌ تاڵی‌ هه‌واو ئاره‌زوویه‌. ‌5ـ تاڵیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆريت به‌شیرینی‌ صه‌بر و ئارام گرتنه‌. 6ـ ئه‌گه‌ر پشووی‌ لاشه‌ به‌كه‌می‌ خۆراكه‌ ئه‌وا پشووی‌ دڵ و ده‌روونیش به‌كه‌می‌ گوناهه.‌
پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرمان بێت كه‌ تاوه‌كو زستان ساردو سه‌ختتر بێت ئه‌وا به‌هاری رازاوه‌ترو جوانتر دێته‌ پىش چاو.
علی كوری به‌بو تالیب (ره‌زای خوای لى بێت) ده‌فه‌رموێت: دونیا وه‌كو مار وایه‌، رواڵه‌تی بریقه‌داره‌و ناخی هه‌ڵگری ژه‌هرێكی ترسناكه‌، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ گه‌مژه‌یه‌و ناحاڵیه‌، ئه‌وه‌ی لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ خاوه‌نی ژیریه‌.
غەزوەکانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
 چەند ڕووداوێک پێش جەنگى ئوحود
24/12/2019
بینین: 1468

ئەو ڕووداوانەى کە لێرەدا باسیان دەکەین لە کۆتایی ساڵى دووەم و سەرەتاى ساڵى سێیەمى کۆچیدا ڕوویان داوە : 
یەکەم : هەوڵێکى نەزۆک بۆ پەنهانکوژ (اغتیال) کردنى پێغەمبەر ﷺ:-
یەکێک  لەو ڕووداوە گرنگانە ئەوە بوو ، وەک لە سیرەى (ابن هشام) دا هاتووە ، کە (ابن اسحاق) دەڵێ : (محمد بن جعفر) بۆی گێڕامەوە کە (عروة بن زبیر) خوا لە خۆیی و بابى ڕازى بێ ، دەگێڕێتەوەو دەڵێ: ڕۆژێک( عمیر بن وهب الجمحی) لەگەڵ (صفوان بن أمیة) دا لە نێو (حجر)ى (اسماعیل) دا دانیشتوون و باسى کوژراوەکانى خۆیان لە جەنگى بەدردا دەکرد، دیارە (عمیر بن وهب) یەکێک بوو لەوانەى کە زۆر ئازارى پێغەمبەر و هاوەڵانى بەڕێزى دابوو ، بۆیە پییان دەگوت : شەیتانێک لە شەیتانەکانى قوڕەیش (شیطان من شیاطین قریش) .
لە درێژەى قسەکانیدا صەفوان گوتى: ئەگەر کەسێک هەبووایە ، چووبا موحەممەدى کوشتبا ، تۆڵەى ئەو کوژراوانەى خۆمان دەکردەوەو یەکجاریی نەجاتمان دەبوو ، (عمیریش) کە کوڕێکى لەگەڵ دیلەکانى قوڕەیش لە بەدر بەدیل گیرابوو ، گووتى : من بیانووم هەیە بچم ، بەڵام ئەگەر بکوژرێم ماڵ و خێزانم لەدوا بەجێ دەمێنێ کێ بەخێویان دەکات ؟! صەفوان بەڵێنى پێداو گوتى : من ماڵ و خێزانەکەت لە ئەستۆ دەگرم ، عمیریش گوتى : باشە ، بەڵام با نهێنى بێ ، ئەویش وەعدى پێدا کە ئاشکراى نەکات .
(عمیر شمشێرەکەى بە ژەهر ئاودایەوەو خۆى ئامادە کرد و چوو بۆ مەدینە ، لەوێ عومەرى کوڕى خەتتاب – خوا لێی ڕازى بێ-  کە (عمیر)ى بینى ، بە پێغەمبەرى ﷺ گوت : ئەوە (عمیر)ە پیاوێکى زۆر خراپەکارەو (شیطان)ەو بۆ هیچى چاک نەهاتووە .
پێغەمبەرى خوا فەرمانى کرد ، کە (عمیر) بچێتە ژوورێ بۆلاى ، عومەریش ئەو لاسکەى کە (عمیر) شمشێرەکەى پێ لەخۆ قایم کردبوو لە ملى کردو ڕایکێشاو هێناى بۆ خزمەتى پێغەمبەر ﷺ لە عمیرى پرسی : بۆچى هاتووى ؟! گوتى هاتوم بۆ ئەوەى پیتان بڵێم لەگەڵ ئەو کوڕەمدا چاک بن ، کە لەلاى ئێوە دیلە ، پێغەمبەر {ص فەرمووى : ئەدى ئەو شمشێرە چییە پێتە ؟!گوتى : جاکوا ئەم شمشێرە چ سودێکى پێ گەیاندین لە جەنگى بەدردا ، ئینجا پێغەمبەر ﷺ پێی فەرموو : ڕاستم پێ بڵێ بۆچى هاتووى ؟! گوتى : هەر بۆ ئەوە هاتووم کە باسم کرد ، پێغەمبەر ﷺ فەرمووى : نەخێر بەڵکو تۆ لەگەڵ صەفوان لاى (حجر) دانیشتبوون باسى کوژراوانى جەنگى بەدرتان دەکردو گوتت : ئەگەر لەبەر ئەوە نەبا قەرزم لەسەرەو خێزانێکى زۆرم هەیە ، دەچووم (محمد)م دەکوشت ، صەفوانیش قەرزو ژیانى خێزانەکەتى گرتە ئەستۆى خۆى بۆ ئەوەى من بکوژى ، (عمیر) کە ئەوەى بیست سەری سوڕما !! وە یەکسەر گوتى : من شایەتى دەدەم ، کە تۆ پێغەمبەرى خواى ، چونکە من پێم نەگوتووى و صەفوانیش لە مەککەیە ، کەواتە : خوا ئەوەى بەتۆ ڕاگەیاندوەو تۆى ئاگادار کردۆتەوە ، بۆیە عمیر هەر لەوێ موسوڵمان بوو ، پێغەمبەریش فەرمانى بە هاوەڵانى کرد کە بیبەن و شارەزاى ئیسلامى بکەن ، وە کوڕەکەشى بۆ بەربدەن و ئەوانیش فەرمانى پێغەمبەریان ﷺ جێبەجێ کرد .
لەم بەسەرهاتەدا ئەندازەى ڕق و قین و ویستى خراپى ناحەزانى ئیسلام دەردەکەوێ کە بۆ خامۆشکردنى بانگەوازى ئیسلام ، هەردەم لە هەوڵی ئەوەدان کە سەرکردەو بانگخوازان بکوژن و لە نێویان بەرن و تەکبیرو ڕا دەگۆڕنەوە لەو پێناوەدا ، وە بەرزى خووڕەوشت و هەڵوێستى جوانى پێغەمبەریش ﷺ دەردەکەوێ ، لە کاتێکدا زانیویەتى کە عمیر بە نیازێکى خراپ و بۆ کوشتنى ئەو هاتوە ، بەڵام عەفووى  دەکاو چاکەى لەگەڵدا دەکات .
دووەم : غەزاى (ماء الکدر ) لە ناوچەى (بنی سلیم) :- 
ڕووداوى دووەمى پێش جەنگى ئوحود بریتیە لە غەزاى (بنى سلیم) لەشوێنێک بووە بەناوى (ماء الکدر) وەک لە سیرەى (ابن هشام) دا هاتوە ، دەڵێ : پێغەمبەر ﷺ حەوت شەو دواى گەڕانەوەى لە جەنگى بەدر ، هەندێک زانیارى و هەواڵى پێ دەگات کە (بنی سلیم ) دەیانەوێ چالاکى سەربازیی لە دژى موسوڵمانەکان بکەن ، پێغەمبەریش ﷺ دەستپێشخەریی دەکاو دەچێ لەشوێنێک بەناوى (الکدر) کە سەرچاوەیەکى ئاوى لێ دەبێت ، بۆ ماوەى سێ شەو دەمێنێتەوە ، بەڵام هیچ ڕووبەڕوو بوونەوەو کوشتارێکى تێدا ڕوو نادات و (بنی سلیم) پەرتەى لێ دەکەن وپێغەمبەریش دەگەڕێتەوە بۆ مەدینە .
سێ یەم :  غەزاى (السویق) :-
یەکێکى دیکە لەو ڕووداوانە ، غەزاى (السویق)ە ، کە لەمانگى (ذی الحجة) دا بووە ، هۆى ڕوودانى ئەم غەزایەش ئەوە بوو کە : دواى ئەوەى قوڕەیشییەکان لە جەنگى بەدر تێک شکان ، ئەو سوفیان سوێند دەخوا کە ئاو بەلەشى نەکەوێ و بەدەنى پاک نەکاتەوە لە لەش پیسیی ، هەتاکو شتێک نەکا لەدژى پێغەمبەر ﷺ و موسوڵمانان ، هەر بۆیە شەوێک ئەو سوفیان بە خۆی و (٢٠٠) سوارەوە هەڵدەکوتێتە سەر مەدینە ، بە سوود وەرگرتن لە هەڵوێستى جوولەکەکانى (بنی النضیر) و دوو کەسى جوتیار دەکوژن و هەندێک ڕەزو باخیش دەسووتێنن و هەڵدێن بەرەو مەککە ، کە پێغەمبەر ﷺ ئەو هەواڵە دەبیستێت بە سوپایەکەوە دوایان دەکەوێ تا شوێنێک بەناوى (قرقرة الکدر) بەڵام نایانگاتێ و دەربازیان دەبێ ، وە هۆى ناونانى ئەو غەزایەش بە (غزوة السویق) ئەوە بووە کە ئەبو سوفیان و سوپاکەى خواردنێکیان پێ بووە بەناوى (السویق) کەلە ئارد و هەنگوین و ڕۆن دروست دەکرا ، بەڵام بۆ ئەوەى باریان سووک بێ و باشتر ڕاکەن ، ئەو خواردنەیان هەموو فڕێ داوە ، موسوڵمانەکانیش کۆیان کردۆتەوەو سوودێکى باشیان لێ بینیوە .
چوارەم : غەزاى ( ذي أمر ):
 پێغەمبەر ﷺ لە مانگى ( محرم) دا پاش گەڕانەوەى لە غەزاى (السویق) دەچی بەرەو (نجد) بۆ سەر تیرەى (غطفان) چونکە نیازیان وابووە هێرش بکەنە سەر مەدینە ، پێغەمبەر ﷺ مانگە (صفر) لەوێ دەمێنێتەوە ، بەڵام ئەوان هیچیان پێ ناکرێ و بڵاوەى لێ دەکەن ، بۆیە هیچ جەنگ و کوشتار ڕوونادات و پێغەمبەریش ﷺ دەگەڕێتەوە بۆ مەدینە .
پێنجەم :  غەزاى (الفرع) لە (بەحران) :-
پێغەمبەر ﷺ بە سوپایەکەوە دەچێ بۆ ئەوەى کە گورزێکى سەربازى لە هێزەکانى قوڕەیش بدات لە شوێنێک بەناوى (الفرع) ، بەڵام  ئەوانى دەست ناکەوێ .
پێغەمبەریش ﷺ مانگى (ربیع الثانى  وجمادی الأولى) ، واتە : دوو مانگان لەو شوێنە دەمێنێتەوە ، دوایش بێ ئەوەى تووشى ڕووبەڕووبوونەوە ببن دەگەڕێنەوە بۆ  مەدینە .
شەشەم : سەرییەى (زید بن حارثة) بۆ (القردة) :- 
پێغەمبەر ﷺ سەرییەیەک بە فەرماندەێتى (زید بن حارثة) بە سەد سوارەوە دەنێرێ بۆ شوێنێک بەناوى (القردة) بەمەبەستى گرتنى کاروانێکى قوڕەیشییەکان ، کەلە ئەنجامدا کاروانەکەو چاو ساغى کاروانەکە دەگرن ، بەڵام کەسى قوڕەیشییەکانیان چنگ ناکەوێ .
حەوتەم :  پەیمان شکێنى جوولەکەکانى (بنی قینقاع) و دەرکردنیان :
یەکێکى دیکە لەو بەسەرهاتانە بریتییە لەبەسەرهاتى یەکێک لە تیرە جوولەکەکانى دەوروبەرى مەدینە بەناوى (بنی قینقاع) ، دیارە پێشتر باسمان کرد ، کە (بني قینقاع) و (بني نضیر) و (بني قریظة) سێ تیرەى سەرەکى جوولەکە بوون لە مەدینەدا ، کە پێغەمبەر ﷺ کۆچى کرد بۆ مەدینە پەیمانى لەگەل مۆر کردن کەبە هەموویان بەرگرى لە مەدینە بکەن ، وە هاوکارى یەک بکەن لە شتى باشدا ، بەڵام (بنی قینقاع) چەند شتێکیان کرد ، کە پێچەوانەى پەیمانەکە بوو ، بۆیە ئەو پەیمانەیان هەڵوەشاندەوە ، یەکێک لەو شتانە ئەوەبوو وەک (ابن هشام) گێڕاویەتەوە کە پاش جەنگى بەدر ڕۆژێکیان پێغەمبەر ﷺ لە بازاڕ خەڵکێکى  لە تیرەى (بنى قینقاع)ى کۆکردەوەو پیی فەرموون : ( یا معشر الیهود! احذروا من الله مثل مانزل بقريش من النقمة وأسلِموا ، فأنكم قد عرفتم أني نبِيٌّ مرسل ، تجدون ذلك في كتابكم و عهد الله اليكم )واتە : ئەى کۆمەڵی جوولەکە ! لە تۆڵەى خوا بترسێن ، وەکو ئەوەى کەبەسەر قوڕەیشى هێناو ، موسوڵمان بن ، ئێوە دەزانن کە من پێغەمبەرى خوام و ئەوەش دەبینن لەو کتێبەدا ، کە خوا بۆى ناردوون ، ئەو پەیمانەى کە لێی وەرگرتون ! ئەوانیش لەوەڵامدا دەڵێن : نەخێر تۆ پێغەمبەرى خوا نیت و ئیمانت پێ ناهێنین و هەڕەشەى لێ دەکەن و پێی دەڵێن ئەى موحەممەد تۆ بەوە هەلمەخەڵەتێ ، کەلەگەڵ کەسانێک جەنگێکت کردوە ئەزموونى جەنگیان نەبووە ، ئەگەر لەگەڵ ئێمەدا شەڕ بکەى ، ئینجا تێدەگەى ، کە ئێمە پیاوى شەڕین ، کەواتە : هەرچەندە بەڵێن و پەیمانیان لەگەڵ پێغەمبەردا هەبووە ، کەچى هەڕەشەیان لێ کردوە ! 
هۆکارى سەرەکى ڕووداوى دەرکرانى تیرەى (بنى قینقاع) ئەوە بوو ، کە ئافرەتێکى موسوڵمان دەچێ بۆ بازاڕى (بنی قینقاع) بۆ ئەوەى شت بفرۆشێ ، دواى ئەوەى کە شتەکەى دەفرۆشێ ، دەچێتە لاى زێڕنگەرێک دادەنیشێ ، سەرەتا جوولەکەکان دەیانەوێت ئەو ژنە دەمو وچاوى دەربخات ، ئەویش دەریناخات ، دوایی زێڕنگرەکە داوێنى کراسى ئافرەتەکە لەپشتەوەڕا ، لە پشتى گرێ دەداتەوەو ، بەبێ ئەوەى ئافرەتەکە بزانێ و هەستى پێ بکات ، کە ئافرەتەکە کارەکەى لاى زێڕنگرەکە تەواو دەبێ ، هەڵدەستێ و ڕانى بەدەر دەکەوێ و ، ئافرەتەکە زۆر ناڕەحەت دەبێ و هاوار دەکات و دەڵێ : ئەى موسوڵمانینە فریام بکەون ، ئەوانە سووکایەتییان پێ کردم ! پیاوێکى موسوڵمان لەوێ دەبێ جوولەکەکە دەکوژێ ، جوولەکەکانیش موسوڵمانەکەى دەکوژن و شەڕەکە گەورە دەبێ، کە هەواڵەکە دەگاتە پێغەمبەر ﷺ بۆ وەڵامدانەوەى پڕ بە پێستیان پێغەمبەر ﷺ سوپایەک ئامادە دەکات و دەچێتە سەریان ، جا هەرچەندە ژمارەى شەڕکەرانى جوولەکەکانى (بنى قینقاع) (٧٠٠) کەس دەبێ ، بەڵام خواى تواناو زاڵ ، ترس دەخاتە دڵیانەوەو دواى ئەوەى پێغەمبەر ﷺ بۆ ماوەى پازدە ڕۆژ دەورەیان دەگرێ ، خۆیان تەسلیمى پێغەمبەر ﷺ دەکەن .
هەردوو ئایەتى (١٢و ١٣) ى سووڕەتى (آل عمران) بەو بۆنەوە هاتوونە خوار ، وەک خواى کاربەجێ دەفەرموێ : { قُلْ لِلَّذِينَ كَفَرُوا سَتُغْلَبُونَ وَتُحْشَرُونَ إِلَى جَهَنَّمَ وَبِئْسَ الْمِهَادُ (١٢) قَدْ كَانَ لَكُمْ آيَةٌ فِي فِئَتَيْنِ الْتَقَتَا فِئَةٌ تُقَاتِلُ فِي سَبِيلِ اللَّهِ وَأُخْرَى كَافِرَةٌ يَرَوْنَهُمْ مِثْلَيْهِمْ رَأْيَ الْعَيْنِ وَاللَّهُ يُؤَيِّدُ بِنَصْرِهِ مَنْ يَشَاءُ إِنَّ فِي ذَلِكَ لَعِبْرَةً لِأُولِي الْأَبْصَارِ(١٣) } ، واتە : بەوانەى کە بێ بڕوان بڵێ : بە تەئکید ئەگەر شەڕ بکەن تێک دەشکێن وە دوایش بەرەو دۆزەخ کۆدەکرێنەوە ، کە ئەویش خراپترین جێگاى تێدا حەوانەوەیە، بێگومان بۆ ئێوە نیشانەو بەڵگەیەک هەیە لە دوو کۆمەڵەکاندا کەبەیەک گەیشتن (کۆمەڵى موسوڵمانان بەسەرکردایەتى پێغەمبەر ﷺ وە کۆمەڵى کافران بەسەرکردایەتى – أبو جهل- ) کۆمەڵێکیان لە پێناوى خوا دەجەنگین ، وە ئەوى دیکە کافربوون ، کە دوژمنەکانیان دوو ئەوەندەى خۆیان دەبینى (یاخود کافرەکان موسوڵمانانیان دوو ئەوەندەى خۆیان دەبینى بۆ ئەوەى ترسیان بکەوێتە دڵ ) { وَاللَّهُ يُؤَيِّدُ بِنَصْرِهِ مَنْ يَشَاءُ إِنَّ فِي ذَلِكَ لَعِبْرَةً لِأُولِي الْأَبْصَارِ } خواش پشتى هەر کەسێک دەگرێ کە بیەوێ، بەیارمەتى خۆى ، بێگومان لەو بەسەر هات و ڕووداوەدا پەند هەیە بۆ ئەوانەى کە عەقلیان شت دەرک دەکات .
دیارە (بنى قینقاع) هاو پەیمان بوون لەگەل (خەزرەجییەکان ) دا ، کە ئەوانیش دوو ڕیش سپییان هەبوون (عبادة بن الصامت) و (عبدالله بن أبی بن سلول) ، کە ئەمەیان سەرۆکى مونافیقەکانى مەدینە بوو ، عبدالله دەچێ بۆلاى پێغەمبەر ﷺ و دواواى لێ دەکات و دەڵێ : ئەوانە بە من ببەخشە ! لە کاتێکدا پێغەمبەر ﷺ بۆى هەبوو جەنگاوەرەکانیان بکاتە دیل یان بکوژێ ، چونکە تەسلیم بووبوون ، دواى ئەوەى کە عبدالله بۆ جارى دووەم داواى لە پێغەمبەر {ص کردو دەستى خستە بەر پشتێنیەوە ، پێغەمبەر ﷺ پێی فەرموو : بەرمدە ، ئەویش دەڵێ : ئاخر ئەوانە  هاوپەیمانى من بوون و بەرگرییان لە من کردوە ، چوار سەد کەسى زرێدارو سێ سەد کەسى بێ زرێ ، داوات لێ دەکەم پێمیان ببەخشى ، دوایی پێغەمبەر ﷺ بە دڵ ناڕەحەتییەوە دەفەرموێ : ئەوە بەتۆم بەخشین ، جا لە کاتێکدا (عبدالله بن أبی بن سلول) چووە دیفاع لەو جوولەکانە بکات ، (عبادة بن الصامت)یش دەچێ بۆ خزمەتى پێغەمبەر ﷺ و دەڵێ : ئەى پێغەمبەرى خوا من لەگەڵ ئەوانەدا هاوپەیمان بووم ، بەڵام ئەوە من دۆستایەتى خواو پێغەمبەرى خواو ئەهلى ئیمان دەکەم و هەڵدەبژێرم و لە دۆستایەتى (بنی قینقتع) بەرییم ، ( چونکە خیانەتیان کرد لەو پەیمانەى بە پێغەمبەریان ﷺ دابوو ) . 
جا بەو بۆنەوە خوا – عزّ و جل- فەرمووى : { يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا تَتَّخِذُوا الْيَهُودَ وَالنَّصَارَى أَوْلِيَاءَ بَعْضُهُمْ أَوْلِيَاءُ بَعْضٍ وَمَنْ يَتَوَلَّهُمْ مِنْكُمْ فَإِنَّهُ مِنْهُمْ إِنَّ اللَّهَ لَا يَهْدِي الْقَوْمَ الظَّالِمِينَ(٥١) } المائدة ، واتە : ئەى ئەوانەى ئیمانتان هێناوە جوولەکەو نەصڕانییەکان مەگرن بە دۆست و پشتیوانى خۆتان ، لە حاڵێکدا کە ئەوان هەندێکیان دۆست و پشتیوانى هەندێکیانن ، وە هەر کەسێک لە ئێوە وابکات ئەوە لەوانە ( لەبازنەى ئیسلام دەچێتە دەر ) بێگومان خوا ڕێنمایی ستەمکاران ناکات ، دوایی دەفەروێ : { فَتَرَى الَّذِينَ فِي قُلُوبِهِمْ مَرَضٌ يُسَارِعُونَ فِيهِمْ يَقُولُونَ نَخْشَى أَنْ تُصِيبَنَا دَائِرَةٌ فَعَسَى اللَّهُ أَنْ يَأْتِيَ بِالْفَتْحِ أَوْ أَمْرٍ مِنْ عِنْدِهِ فَيُصْبِحُوا عَلَى مَا أَسَرُّوا فِي أَنْفُسِهِمْ نَادِمِينَ (٥٢) } المائدة ، واتە : ئەوانەى کە دڵیان نەخۆشیی تێدایە ، پەلە دەکەن لە دۆستایەتى کردنى جوولەکەکانداو دەڵێن : دەترسین بەڵامان بەسەر بێ { وەک (عبدالله بن أبی ) بە پێغەمبەر ﷺ ى گوت : من پیاوێکم لەبەڵایان دەترسێم با ئەوانە بمێنن چاکە بۆ ئەوەى بەرگرییمان لێ بکەن } ، زۆر نزیکە خوا سەرکەوتنێک بینی یان لەلاى خۆیەوە شتێک بڕەخسێنێ و ئەوانەش کەلە دڵیاندا پەنهانیان دەکرد پەشیمان ببنەوە . 
هەروەها دەربارەى هەڵوێستەکەى (عبادة بن الصامت)یش دەفەرموێ : { يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا مَنْ يَرْتَدَّ مِنْكُمْ عَنْ دِينِهِ فَسَوْفَ يَأْتِي اللَّهُ بِقَوْمٍ يُحِبُّهُمْ وَيُحِبُّونَهُ أَذِلَّةٍ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ أَعِزَّةٍ عَلَى الْكَافِرِينَ يُجَاهِدُونَ فِي سَبِيلِ اللَّهِ وَلَا يَخَافُونَ لَوْمَةَ لَائِمٍ ذَلِكَ فَضْلُ اللَّهِ يُؤْتِيهِ مَنْ يَشَاءُ وَاللَّهُ وَاسِعٌ عَلِيمٌ (٥٤) إِنَّمَا وَلِيُّكُمُ اللَّهُ وَرَسُولُهُ وَالَّذِينَ آمَنُوا الَّذِينَ يُقِيمُونَ الصَّلَاةَ وَيُؤْتُونَ الزَّكَاةَ وَهُمْ رَاكِعُونَ (٥٥) وَمَنْ يَتَوَلَّ اللَّهَ وَرَسُولَهُ وَالَّذِينَ آمَنُوا فَإِنَّ حِزْبَ اللَّهِ هُمُ الْغَالِبُونَ(٥٦) } المائدة ، واتە : ئەى ئیماندارینە ! هەرکەسێک لەئێوە لە دینەکەى پاشگەز بێتەوە (وەکو (عبدالله بن أبی)ە ، کە ئەگەر ئیمان و دینیشى هەبووبێ ، بەوە کە دۆستایەتى گرتووە لەگەڵ جوولەکەو نەصڕانییەکانداو کەین و بەینى لەگەلیاندا هەبووەو پشتگیریی کردوون و بەتەنگیانەوە بووەو خۆشى ویستوون لەبازنەى ئیسلام چۆتە دەرو ئیمانەکەى هەڵوەشاوەتەوە } ئەوە خوا کەسانێک دێنێ خۆشى دەوێن و خۆشیان دەوێ ، لەگەڵ ئەهلى ئیمان نەرم و نیان و لەگەڵ کافراندا توندن ، لە ڕێی خوادا جیهاد دەکەن و لە لۆمەى لۆمەکاران ناترسێن ، ئەوەش بەخششى خوایە ، دەیدا بەهەر کەسێ کە بیەوێ ، بێگومان خوا خاوەنى بەخششى فراوانەو زانایە ، بێگومان دۆست و پشتیوانى ئێوە تەنیا خوایە ، پاشان رى خوایە ، دوایی ئەهلى ئیمانە ، ئەوانەى نوێژ بەرپا دەکەن و زەکات دەدەن و ڕکووع بەرن ، هەرکەسێکیش دۆستایەتى خواو رى خواو ئەهلى ئیمان بکات ، ئەوە حیزبى خوایە ، بێگومان کۆمەڵی خواش زاڵ و سەرکەوتوون .
هەشتەم :  کوشتنى (کعب بن الأشرف) : -
یەکێکى دیکە لەو ڕووداوانە ، کوشتنى (کعب بن الاشرف) بوو ، وەک (ابن هشام و مسلم و بخاری) هێناویانە ، (کعب بن الأشرف) یەکێک بووە لە سەرکردەکانى جوولەکەو پێاوێکى زۆر خراپ بووە ، هەرچەند دڵنیا بووە کە موحەممەد ﷺ پێغەمبەرى خوایە ، بەڵام لەبەر ئیرەیی و کینە ئیمانى پیی نەهێناوە .
ئەو کابرایە چەند هەڵوێستێکى خراپی هەبوون ، لەوانە ، دوای ئەوەى قورەیشییەکان لەجەنگى بەدردا شکستیان خوارد و تێکشکان ، چوو بۆ مەککەو لەگەڵ قوڕەیشییەکان دانیشت و بۆیان گریان دڵی دانەوەو هاوخەمیی لەگەڵ دەربرین ، پاشان هانیدان کە تۆڵەى خۆیان بکەنەوەو گوتى: ئێمەش هاوکاریتان دەکەین ، بەوەندەش نەوەستا ، بەڵکو دەستى کرد بە شیعر گوتن بەسەر ئافرەتانى موسوڵماناندا ، وە شیعریشى بەسەر هەندێک لە خێزانەکانى پێغەمبەر ﷺ دا گوت ، هەموو ئەو هەڵوێستانەش مایەى پەیمان شکاندنن لەلایەن (کعب)ەوە ، بۆیە ڕۆژێک پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێ : { من لکعب بن الأشرف ؟ فأنه قد آذى الله و رسوله } رواه البخارى ، واتە : کێ هەیە کەعبى کوڕى ئەشرەفمان لەکۆڵ بکاتەوە ، چونکە بەڕاستى خواو پێغەمبەرى خواى ئازارداوە ؟! واتە : شتێکى زۆر گەورەى کردووە ، کە خواو پێغەمبەرى خوا پێیان ناخۆشە ، (محمد بن مسلمة) ش گوتى : ئەى پێغەمبەرى خوا ئەتەوێ بیکوژم ؟ ئەویش فەرمووى : بەڵێ ، ئینجا (محمد بن مسلمة) کارەکە ئەنجام دەداو فەرماندەى ئەو مەفرەزەیە دەبێ ، کە لە چوار کەسى دیکەش پێک دێت ، کە بریتی بوون لە : 
١)أبو نائلة ، ( کە براى شیریی – کعب بن الاشرف- بووەو ناوى – سلکان بن سلامة – بووە ) .
٢) عبادة بن بشر بن وقش .
٣) الحارث با أوس بن معاذ .
٤) أبو عبس بن جبر .
ئەو پێنج کەسە ، کە لە (ئەوس) دەبن بۆى دەچن و دەیکوژن ، کە کورتەو پوختەى چالاکییەکەش بەو شێوەیە بووە :-
ئەو چەند کەسە دەچن بۆ خزمەت پێغەمبەر ﷺ و دەڵێن : ئەى پێغەمبەرى خوا ﷺ دەبێ بوارمان پێ بدەى بۆ سەرکەوتنى بەرنامەکەمان قسەیەکى وا بکەین و شتێک بڵێین کە بتوانین بیکوژین ، ئەویش فەرمووى بیڵێن ، چونکە ئەگەر شتێکى وا نەڵێن متمانەیان پێ بکا زەفەرى پێ نابەن .
ئەوانیش دەچن بۆلاى کەعب و و دەڵێن : کەعب ئێمە فەقیرو نەدار کەوتووین ، هاتووین ، کە هەندێک زاد و زەخیرەمان بدەیە ! 
ئەویش دەڵێ : باشە ، بەڵام خێزانەکانتان بێنن بارمتە (رهن) بن لاى من !! 
ئەوانیش دەڵێن : ئاخر چۆن دەبێ ئەوە عەیبە !!
دەڵێ : کوڕەکانتان بێنن .
دەڵێن : ئەوەش نابێ ، چونکە دوایی عەرەب قسەمان پێ دەڵێن و دەڵێن کوڕەکانتان بارمتە (رهن) بوون لەبەرامبەر مستە جۆیەکدا ! 
(کعب) دەڵێ : ئەدى چى دێنن ؟
دەڵێن : چەکەکانمان دێنین .
دەڵێ : باشە ، ڕێک دەکەون و کاتێک بەیەکەوە دیارى دەکەن و بەو شێوەیە هەڵ وەردەگرن و کارەکە ئەنجام دەدەن و دەیکوژن .
نۆیەم : بوونى (حفصة)ى کچى (عمر) بە هاوسەرى پێغەمبەر ﷺ و بە شوودانى ( فاطمة) بە (على) :- 
لەو ڕووداوانە ، کەلە کۆتایی ساڵى دووەمى کۆچى و سەرەتاى ساڵى سێیەمدا بوون ، کە پێغەمبەر ﷺ حەفصەى کچى عومەرى کوڕى خەتتاب – خوا لێیان ڕازى بێ – مارە دەکات و دەیهینێ ، هەروەها (فاطمة)ى کچیشى بەشوو دەداو دەیدا بە (على بن أبی طالب) ى ئامۆزاى ، - خوا لە هەموویان ڕازى بێ - .
پێغەمبەر ﷺ لە نێو هاوسەرەکانیدا کە هێناونى تەنها (عائشة) – خوا لێی ڕازى بێ- کچ بووە ، ئەوانى دى هەموو بێوەژن بوون ، یەک لەوان (حفصە)ى کچى عومەرە ، خوالە هەردووکیان ڕازى بێ ، کە پێشتر هاوسەرى (خنیس بن حذافة السهمی) بوو ، عومەر – خوالێی ڕازى بێ- سەرەتا حەفصە پێشنیار دەکات بۆ (عثمان) کە بیهێنێ ، بەڵام (عثمان) عوزر دێنێتەوەو دەڵێ : ئەوەى ڕاستى بێ نامەوێ ئێستا ژن بێنم ، دوایی پێشنیارى دەکات بۆ (ابو بکر) ئەویش هیچ قسە ناکات ، دوایی پێغەمبەر ﷺ لیی دەخوازێ و دەیهێنێ ، لە دواییدا ئەبو بەکر بە عومەر دەڵێ : پێدەچێ ئەو ڕۆژەى کە حەفصەى کچت بۆ پێشنیار کردم و وەڵامم نەدایەوە پیت ناخۆش بووبێ ؟! عومەریش دەڵێ : بەڵێ، ئەوەى (عثمان)یشم پێ ناخۆش بوو ، بەڵام هی تۆم پێ ناخۆشتر بوو ، چونکە وەڵامت نەدامەوە ، ئەبو بەکر – خوا لێی ڕازى بێ- دەڵێ : لەبەر ئەوەى لە پێغەمبەرم بیستبوو ، کە باسى کردبوو ، دەیویست بیهێنێ و منیش نەمویست نهێنى پێغەمبەر ﷺ بدرکێنم ، ئەگەر نا ، پێغەمبەر ﷺ نەیویستبا من سوپاسم دەکردى و دەمهێنا ، ئیدى بەم جۆرە پێغەمبەر ﷺ حەفصەى کچى عومەر دەخوازێ .
هەروەها پێغەمبەر ﷺ فاطیمەى کچى دا بە عەلى ئامۆزاى – ڕەزاى خوایان لێبێ- وە ئەو کەلوپەلەى کەلەگەڵ بووک دەبرێ ، ئەوەى فاطیمە بریتی بووە لە لێفەیەم ، لەگەڵ مەشکەیەک ، لەگەڵ سەرینێکى چەرم ، کە نێواخنەکەى جۆرە گیایەک بووە بەناوى (إذخر) ، مارەییەکەشى زرێیەکى چوار درهەم بایی بووە ! .  
________________________________
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ /  مامۆستا عەلى باپیر
لاپەڕە  / (٤٨١-٤٩٣)

زیاتر

Copyright. All Rights Reserved.
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پارێزراوه بۆ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا،
هه‌رکه‌سێک بابه‌ته‌کان کۆپی بکات پێویسته ئاماژه به‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بکات که‌ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودایه