 جەنگى (بنـــــــــي قريــــــــضة)
(ابن هشام ) دەڵێ : ئەو شەوەى کە کافرەکان (أحزاب) ئابڵووقەى مەدینەیان بەرداو ڕۆیشتن ، بۆ سبەى نیوەڕۆکەى جبریل-علیه السلام- هات بۆ لاى پێغەمبەر ﷺ پێی گوت : ئایا ئێوە چەکتان داناوە ؟
پێغەمبەریش ﷺ پێی فەرموو : بەڵێ !
جبریل گوتى : فریشتەکان تا ئێستاش چەکیان دانەناوە ، منیش لەسەر داواى ئەوان هاتمەوە لات ، خوا فەرمانت پێ دەکات کە هەر ئێستا بچى بەرەو (بني قريضة) ( کە تیرەیەک بوون لە سێ تیرە جوولەکەکەى مەدینە ، کە لە دەوروبەرى مەدینەدا مابوون ) منیش ئەوە دەڕۆم و ترسیان دەخەمە نێو دڵ و شوێنەکانیان لەبن پێ دەلەرزێنم .
ئینجا پێغەمبەر ﷺ بۆیان چوو ، وە بە هاوەڵانى فەرموو : { لا یصلین أحد العصر الا فی بني قريضة....} رواه البخارى ، هیچ کامێکتان با نوێژى عەسر نەکا مەگەر لەلاى (بني قريضة)بکرێت ، مەبەستى ئەوە بووە پەلە بکەن بۆ ئەوەى کاتێک بگەنە ئەوێ کە نوێژى عەسر مابێ لەوێ بیکەن .
(ابن أم مکتوم) یشى وەک برا گەورە لە مەدینە بەجێ هێشت ، دیارە هەندێک لە هاوەڵان نێوەڕۆکى فەرمانەکەى پێغەمبەر ﷺ یان وەرگرت و نوێژى عەسریان لە ڕێگا کرد ، هەندێکى دیکەشیان ڕواڵەتى فەرمانەکەیان وەرگرت و نوێژى عەسریان نەکرد تا گەیشتنە ئەوێ ، کە هەندێکیان دواى نوێژى عیشا گەیشتنە ئەوێ و ئەوکات نوێژەکەیان کرد ، پێغەمبەریش ﷺ ڕەخنەى لە هیچ کامیان نەگرت ، چونکە هەریەکەیان دیوێکى فەرمانەکەیان جێبەجێ کردووە ، بەشى یەکەمیان دیوى نێوەوەى فەرمانەکەو بەشى دووەمیش ڕواڵەتى فەرمانەکەى ، بەو شێوەیەى کە لێی تێگەیشتوون .
پێغەمبەر ﷺ لەگەڵ کۆمەڵێک لە کۆچکەران و پشتیوانان بەڕێکەوت تا گەیشتە بیرێک لە بیرەکانى (بني قريضة)بەناوى (بئر أنا) ، دواتر سوپاى ئیسلام بەڕێکەوت تا ژمارەیان گەیشتە (٣٠٠٠) سێ هەزار کەس ، پێغەمبەر ﷺ (٢٥) شەو ئابڵووقەى قەڵاکانی دا ، کە (حیــی بن أخطب) یش لەوێ دەبێ ، بۆخۆى ماڵى لە خەیبەر بووە ، بەڵام ئەو وەکو وەفایەک بۆ (کعب بن الأسد) بەوەى کە پەیمانى لەگەڵ هەبوو لەوێ دەمێنێتەوە ، لە میانەى ئەو (٢٥) شەوەى ئابڵووقەدرانى (بني قريضة)دا (کعب بن الأسد) سێ ڕێگا لەپێش قەومەکەى خۆى دادەنێ و پێیان دەڵێ : وەک ئاگادارن موسوڵمانان دەورەیان گرتووین ، من یەکێک لەو سێ ڕێیانەتان دەخەمە پێش چاوو یەکێکى هەڵبژێرن :
١/ با موسوڵمان بین ، چونکە بۆمان دەرکەوتوە کە موحەممەد پێغەمبەرى خوایەو ڕاست دەکات و با ئیمانى پێ بێنین .
٢/ ئەگەر موسوڵمانیش نابین با ماڵ و منداڵەکانمان هەموو بکوژین بۆ ئەوەى دەستمان بەتاڵ بێت ، ئەو کاتە شەبەیخوون دەکەین و شەڕدەکەین ، یان ئێمە موحەممەد و کۆمەڵەکەى لە بن دێنین ، دوایش ماڵ و منداڵمان دەست دەکەوێتەوە ، یان هەموومان دەکوژرێین و هیچ کەس پاش خۆمان بەجێ ناهێڵین مەراقى لێ بخۆین !
٣/ ئەگەر هیچ کام لەوانە پەسەند ناکەن با ئەمشەو شەبەیخوون بکەینە سەر موحەممەد و هاوەڵانى چونکە شەوى شەممەیە ، ئەوان وادەزانن کە ئێمە شەممە ناشکێنین و شەڕ ناکەین ، بائێستا هێرش بکەینە سەریان ، جا یان هەموویان دەفەوتێنین یان دەمانفەوتێنن .
بەڵام خەڵکەکەى هیچ کام لەو سێ ڕایە پەسەند ناکەن ، ئەویش لێیان توڕە دەبێ و دەڵێ : ئێوە قەومێکى بێ ئەقڵن و مادام بەقسەم ناکەن کەیفى خۆتانە .
دوایی (بني قريضة)یەکێک دەنێرن بۆ لاى پێغەمبەر ﷺ و داواى لێ دەکەن کە (أبو لبابة)یان بۆ بنێرێ بۆ ئەوەى سەبارەت بە وەزعى خۆیان ڕاوێژى پێ بکەن ، (أبو لبابة)ش –خوا لێی ڕازى بێ- یەکێک بووە لە پشتیوانەکان لە هۆزى ئەوس ، کە پێشتر هاوپەیمان بوون لەگەڵ (بني قريضة)دا ، وەک چۆن خەزرەج هاوپەیمان بوون لەگەڵ (بنی النضیر)دا ، پێغەمبەر{ ﷺ } (أبو لبابة) دەنێرێ بۆ لایان ، ئەوانیش لێی دەپرسن : ئەى (أبو لبابة) ئەوە موحەممەد ئابڵووقەى داوین و دەڵێ لەسەر حوکمى من دابەزن ! جا ئایا تەسلیم بین یان نا ؟!!
ئەویش ئاماژە بۆ گەردنى دەکاو دەڵێ : سەرتان دەبڕێ ، دوایی (أبو لبابة) بۆ خۆى دەگێڕێتەوەو دەڵێ : هەر لەوێ بووم زانیم خیانەتم کردووە ، ئینجا دوایی دەچێتە مزگەوت و خۆى لە کۆڵەکەى مزگەوت دەبەستێتەوە ، خواى پەروەردگاریش ئەم ئایەتەى لەو بارەوە ناردە خوارێ ، کە دەفەرموێ : { يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا تَخُونُوا اللَّهَ وَالرَّسُولَ وَتَخُونُوا أَمَانَاتِكُمْ وَأَنْتُمْ تَعْلَمُونَ (٢٧)} الأنفال ، واتە : ئەى ئەوانەى ئیماندارن ، خیانەت بەخواو پێغەمبەرى و بە ئەمانەتەکانتان مەکەن ، لەکاتێکدا کە دەزانن ئەوە خیانەتە ، هەندێکیش دەڵێن : ئایەتى ژمارە (١٠٢) ى سوڕەتى (التوبة) بەو بۆنەیەوە هاتۆتە خوارێ ، کە دەفەرموێ : { وَآخَرُونَ اعْتَرَفُوا بِذُنُوبِهِمْ خَلَطُوا عَمَلًا صَالِحًا وَآخَرَ سَيِّئًا عَسَى اللَّهُ أَنْ يَتُوبَ عَلَيْهِمْ إِنَّ اللَّهَ غَفُورٌ رَحِيمٌ (١٠٢)} ، دواى ئەوەى (أبو لبابة) ماوەیەک خۆى لەو کۆڵەکەیە دەبەستێتەوە ، خواى لێبوردە تۆبەکەى دەنێرێتە خوار ، ئینجا پێغەمبەر ﷺ تۆبە وەرگیرانەکەى پێ ڕادەگەیەنێت و بەدەستى موبارەکى (أبو لبابة) لە کۆڵەکەکە دەکاتەوە ، ئەگەر نا بۆ ماوەى شەش ڕۆژان بۆ کاتى نوێژەکان نەبووایە خۆى لە کۆڵەکەکە نەدەکردەوە ، وە سەرەنجام کە (بني قريضة)نائومێد بوون لە شەڕ کردن و بەرگری کردن ، ڕازى دەبن بەوەى کەلەسەر حوکمى پێغەمبەر ﷺ بێنە خوارێ ، جا هەندێک لە خەڵکى ئەوس دەچن بۆ خزمەت پێغەمبەر ﷺ و دەڵێن : ئەى پێغەمبەرى خوا کاتێک (بنی النضیر) پەیمانیان شکاند ئەوانت بە خەزرەجییەکان بەخشى ، بۆیە داوات لێ دەکەین کە (بني قريضة)ش بە ئێمە ببەخشى و حوکمێکى وایان بۆ مەدە لە نێو بچن .
پێغەمبەریش ﷺ دەفەرموێ : ئایا ڕازى دەبن برا گەورەکەتان (سعد بن معاذ) بکەم بە وەکیلى خۆم ، ئەو چ حوکمێکىدا پێی ڕازیبم؟!
ئەوانیش دەڵێن : بەڵێ .
دوایی دەنێرێ (سعد بن معاذ) بێت و بەبرینداریی دەیهێنن ، کە لە جەنگى خەندەقدا تیرێک بەقۆڵى کەوتووەو دەمارەکەى بڕیوە ، کە سەعد دێ ، پێغەمبەر ﷺ بە ئەنصارییەکان دەفەرموێ : هەڵسن بۆ گەورەکەتان ! { قوموا الى سیدکم} دوایی دەفەرموێ : ئەى سەعد ئەوانە ڕازین کە تۆ حەکەم بیت و منیش ڕازیم .
سەعد دەڵێ : واتە هەر حوکمێک بدەم هەڵناوەشێتەوە ؟
دەفەرموێ : نەخێر .
سەعد دەڵێ : حوکمى من ئەوەیە : جەنگاوەرو شەڕکەرەکانیان بکوژن و ماڵ و سامانەکەشیان غەنیمەت بێ بۆ موسوڵمانان ، وە ژن و منداڵەکانیشیان دیلی موسوڵمانان بن ، پێغەمبەریش ﷺ دەفەرموێ : { قضیت بحکم الله} ، واتە : (حوکمت لە بەیندا کردن بە حوکمى خوا ) ، دواى ئەوەى کە قۆڵبەستیان دەکەن و دەیانهێننە خوارێ ، ئەوەى کە لێیان موسوڵمان دەبێ نایکوژن ، بەڵام ئەوانى دیکە هەموویان دەکوژن ، کە (ابن هشام) دەڵێ : ژمارەیان لەنێوان (٦٠٠ تا ٧٠٠) یان (٨٠٠ تا ٩٠٠) کەس بووە ، تەنها ئافرەتێکیشیان لێ دەکوژرێ ، ئەویش چونکە لەکاتى ئابڵووقەدانەکەدا تاشەبەردێک بەسەر یەکێک لە هاوەڵاندا دەخاتە خوارو شەهیدى دەکات ، بەتۆڵە ئەو ئافرەتە دەکوژنەوە ، ئەگەر نا ئافرەتەکانى دیکەیان هەموو بە دیل دەگیرێن .
وەک خواى تواناو زانا لەو بارەوە دەفەرموێ : { وَأَنْزَلَ الَّذِينَ ظَاهَرُوهُمْ مِنْ أَهْلِ الْكِتَابِ مِنْ صَيَاصِيهِمْ وَقَذَفَ فِي قُلُوبِهِمُ الرُّعْبَ فَرِيقًا تَقْتُلُونَ وَتَأْسِرُونَ فَرِيقًا (٢٦) وَأَوْرَثَكُمْ أَرْضَهُمْ وَدِيَارَهُمْ وَأَمْوَالَهُمْ وَأَرْضًا لَمْ تَطَئُوهَا وَكَانَ اللَّهُ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرًا (٢٧)} الأحزاب ، واتە : وە ئەوانەى کە پشتگیرییان کردن { پشتگیری (أحزاب)یان کرد} لە ئەهلى کیتاب (جوولەکەکان ) خوا لە قەڵاکانیان هێنانیە خوارێ وە ترسى خستنە نێو دڵ و هەندێکیانتان کوشت و هەندێکیانتان لێ بەدیل گرتن ، خوا سەر زەمین و ماڵ و سامانى ئەوانى کردە میراتى ئێوە ، وە سەرزەمینێکیش کە ئێوە نەیگەیشتوونێ ( واتە : ئەو سەر زەمینەى کە خوا لەمەودوا دەیکاتە غەنیمەت بۆ موسوڵمانان ) وە بێگومان خوا لەسەر هەموو شتێک بەتوانایە .
بەم شێوەیە (بني قريضة)لەمەدینە ڕیشەکێش کران ، ئەو کۆمەڵە خیانەتکارە کە چەندین جار بەرنامەى دوژمنایەتى و خراپەکارییان لە دژى پێغەمبەر ﷺ و موسوڵمانان داڕشت ، لە جەنگى ئەحزابیشدا لە ناسکترین کاتدا وویستیان لەپشتەوە خەنجەرى غەدرو خیانەت لە ئیسلام و موسوڵمانان بوەشێنن ، جگە لە (بني قريضة)کە پیاوەکانیان هەموو کوژران ، (حیـــی بن الأخطب) گەورەى جوولەکەکانى (بنی النضیر) یش کەلەو کاتەدا لەلاى ئەوان بوو ، ئەویش کوژرا ، لەماوەى ئابڵووقەدانى (بني قريضة)دا یەکێک لە موسوڵمانان بەناوى (خلاد بن سوید) کوژراو ، یەکێکیش بەناوى (أبو سنان بن محصن) براى (عکاشة) وەفاتى کرد .
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ / مامۆستا عەلى باپیر
لاپەڕە / (٥٩١ – ٥٩٥)
|