بەخێربێن بۆ پێگەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
لە ژيانى پێغەمبەر (ﷺ) فيربووم : سەركردەى لێهاتوو شوێن كەوتوو بەرهەم ناهێنێت ، بەڵكو سەركردەى وەك خۆى دروست دەكات .
چه‌ند وته‌یه‌كی جوان: 1ـ ئارامی‌ عیباده‌تێكه‌ به‌بێ‌ زه‌حمه‌ت ، هه‌یبه‌تيكه‌ به‌بێ‌ قودره‌ت ، قه‌ڵایه‌كه‌ به‌بێ قه‌ڵغان ، سه‌ركه‌وتنێكه‌ به‌بێ‌ چه‌ك. 2ـ ماڵێك كه‌ هیچ كات وێران نابێت عه‌داله‌ته‌. 3ـ نه‌خۆشیه‌ك ده‌رمانی‌ نییه‌ بێ ئه‌قڵیه.‌ 4ـ شیرینیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆرێت به‌ تاڵی‌ هه‌واو ئاره‌زوویه‌. ‌5ـ تاڵیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆريت به‌شیرینی‌ صه‌بر و ئارام گرتنه‌. 6ـ ئه‌گه‌ر پشووی‌ لاشه‌ به‌كه‌می‌ خۆراكه‌ ئه‌وا پشووی‌ دڵ و ده‌روونیش به‌كه‌می‌ گوناهه.‌
پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرمان بێت كه‌ تاوه‌كو زستان ساردو سه‌ختتر بێت ئه‌وا به‌هاری رازاوه‌ترو جوانتر دێته‌ پىش چاو.
علی كوری به‌بو تالیب (ره‌زای خوای لى بێت) ده‌فه‌رموێت: دونیا وه‌كو مار وایه‌، رواڵه‌تی بریقه‌داره‌و ناخی هه‌ڵگری ژه‌هرێكی ترسناكه‌، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ گه‌مژه‌یه‌و ناحاڵیه‌، ئه‌وه‌ی لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ خاوه‌نی ژیریه‌.
پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لەشاری مەککە
 دابەزینی وەحیی خواو بانگەوازی نهێنی
10/09/2019
بینین: 2417
باسی یەکەم: دابەزینی وەحیی خوا لەسەر گەورەی هەموان موحەممەدﷺ.
پێغەمبەری خواﷺ تەمەنی گەیشتە چڵ ساڵ، کە بە تەنیا دەمایەوە لە ئەشکەوتی حیرا بیری دەکردەوە لە گەردوون و خوای پەروەردگار، پەرستنەکانی لە ئەشکەوت چەندین شەوی دەخایاند، کە توێشووی تەواو دەبوو دەگەڕایەوە بۆ ماڵەکەی و توێشووی چەند شەوێکی تری لەگەڵ خۆی دەهێنا، بەڵام لە ڕۆژی دووشەمەی مانگی ڕەمەزان دا، لە ناکاو جیبریل بۆ یەکەمین جار لە نێو ئەشکەوت هاتە لای پێغەمبەری خواﷺ.
پێشەوا بوخاری لە صەحیحەکەیدا، کە گرنگترین کتێبەکانی فەرموودەیە بە ڕەهایی لە عائیشەرضی الله عنه دەگێڕێتەوە، کە فەرموویەتی یەکەم جار وەحیی خوا بۆ پێغەمبەرﷺ بە خەو بینینی ڕاست دەستی پێکرد، خەونێکی نەدەبینی تاوەکو بەرەبەیان بەدی نەهاتایە، دوای ئەوەی خەڵوەتی بەلاوە دڵگیربوو، لە ئەشکەوتی حیرا دەمایەوە بە چەندین شەو، خوای تێدا دەپەرست، پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ لای ماڵ و مناڵەکەی و توێشویتر بباتەوە، دیسان دەگەڕایەوە ئەشکەوتەکە، ئیتر فریشتەکە هاتە لای، وتی: بخوێنە، پێغەمبەرﷺ فەرمووی: (( ما ٲنا بقارئ))  واتە: خوێندەوارنیم فەرمووی (( فٲخذني فغطني حتی بلغ مني الجهد، ثم ٲرسلني، فقال:...   ))واتە گرتمی و گوشیمی تاکو تەواو ناڕەحەت بووم و ئینجا بەریدام و وتی بخوێنە، وتم من خوێندەوارنیم ، ئینجا بەریدام، وتی: بخوێنە، وتم خوێندەوارنیم، بۆ جاری سێیەم بەهەمان شێوە وایکرد و بەریدام و وتی: {اقْرَأْ بِاسْمِ رَبِّكَ الَّذِي خَلَقَ ( ۱)خَلَقَ الْإِنسَانَ مِنْ عَلَقٍ ( ۲)اقْرَأْ وَرَبُّكَ الْأَكْرَمُ }( العلق۱–۳ ) 
پێغەمبەری خواﷺ گەڕایەوە ماڵ و دڵی لەو قسانە دەلەرزی، هاتە لای خەدیجەی کچی خوەیلید، فەرموی: دامپۆشن، دامپۆشن، ئەویش دایپۆشی تاکو هاتەوە سەرخۆی، ئیتر ڕوداوەکەی بۆ خەدیجە باسکردو وتی: من لە خۆم دەترسام شتێکم بەسەر بێت، خەدیجە فەرمووی: نەخێر، بەخوا خوای گەورە هەرگیز شەرمەزارت ناکات، تۆ پەیوەندی خزمایەتی بەجێدەهێنیت و ماڵیش خەرج دەکەیتە سەر لاوازو نەدارەداو، نانی میوان دەدەیت و، کۆمەکی خەڵکی دەکەیت لە ڕوودانی کارەساتدا، ئینجا خەدیجە لەگەڵ پێغەمبەرﷺ ڕۆیشت تاکو چوونە لای وەرەقەی کوڕی نەوفەلی کوڕی ئوسەیدی کوڕی عەبدولعوززا، کە ئامۆزای خەدیجە بوو، ئەو لەسەردەمی جاهیلیەتدا بوو بە گاور، دەشیزانی بەزمانی عیبری بنوسێت، ئیتر لە ئینجیلەوە تاکو توانای بوایە بە عیبری لێی دەنوسیەوە، کەسێکی بەساڵاچووی نابیناش بوو، خەدیجە پێی وت: ئەی ئامۆزا، گوێ له برازاکەت بگرە، وەرەقە پێی وت: ئەی برازاکەم چی دەبینیت؟ پێغەمبەرﷺ ڕوداوەکەی بۆ گێڕایەوە، وەرەقە وتی: خۆزگە زیندوو بوایەم، کە کەس و خزمەکانت دەرت دەکەن لە مەککە،پێغەمبەری خوا ﷺ فەرمووی: بۆ ئەوان دەریشم دەکەن؟ وتی: بەڵێ، هەرکەسێك وەکو ئەم قسانەی تۆی کردبێت دژایەتی دەکرێت، ئەگەر فریای ئەو کارەت بکەوم بەباشی پشتگیریت لێ دەکەم، بەڵام ماوەیەکی پێنەچوو وەرەقە وەفاتی کرد، وەحیش لاوازبویەوە.

یەکەم: خەونی ڕاست.

لەفەرموودەیەکی عائیشە رضی الله عنه هاتووە، کە سەرەتایی وەحیی بە خەونی ڕاست دەستی پێکرد، مەبەستیش پێغەمبەری خواﷺ هەرخەونێکی دەبینی دڵی پێ دەگەشایەوە، گیانیشی پێ ئاسودە دەبوو، پێدەچێتیش حیکمەت لە دەسپێکردنی وەحیی بەخەون ئەوەبێت، ئەگەر فریشتەکە لەناکاو بهاتبایە پێغەمبەرﷺ توشی ترس و پەشێوی دەبوو، نەیدەتوانی هیچی لێوەرگرێت، بۆیە ویستی خوای گەورە لەسەر ئەوەبوو سەرەتا بەو شێوە بێت، بۆ ئەوەی ببێتە ڕاهاتن و ڕاهێنانێك بۆی، خەونی راستیش بەشێکە لە چل و شەش بەشی پێغەمبەرایەتی، وەکو لە فەرمودەیەکدا هاتووە، زانایانیش فەرموویانە: ماوەی خەونی ڕاست شەش مانگ بوو، بەیهەقی باسی ئەمەی کردووە، قورئانی پیرۆزیش هیچی لە خەوندا دانەبەزیوە، بەڵکو هەمووی لە ئاگابوندا دابەزیوە.
خەونی ڕاست مژدەیە لە دونیادا، لە پێغەمبەرەوەﷺ هاتووە، کە فەرموویەتی: ((ٲیها الناس، ٲنه لم یبق من مبشرات النبوة الاّ الرؤیا الصالحة یراها المسلم ٲو تری له)).
پێغەمبەرﷺ پێش دابەزینی جبریل علیەالسلام وەحیی لە ئەشکەوتی حیرا، خەونی خۆشی دەبینی، کە بە ئاگا دەبویەوە دڵی دەگەشایەوە، دەرونیشی دەکرایەوە بە هەموو شتێکی جوان لە ژیاندا.
ڕیوایەتەکانی ئەم فەرمودەیە کۆکن لەسەر ئەوەی، کە سەرەتای وەحی بۆ پێغەمبەرﷺ بەخەونی ڕاست دەستی پێکرد، کە دوایی وەکو خۆی دەهاتە دی، هەروەکو چۆن لە خەونەکەدا دەیبینی هیچیشی لێ لەبیر نەدەچوو، وەکو نەخش لەسەر دڵ و دەرونی دەمایەوە، خاتو عائیشەش رضی الله عنها، کە یەکێکە لە زمانپاراوەکانی عەرەب خەونەکانی پێغەمبەرﷺ بە دەرچونی گزنگی بەرەبەیان ناوبردووە کاتێك تاریکی ڕادەماڵێ، ئەوەش شوبهاندنێکی زۆر بەهێزە، گەورە زمانپاراوانی عەرەب ناتوانن لەوەچاکتر دەربڕینی لێبکەن.

دووەم: خەڵوەتی بەلاوە دڵگیربوو، بەتەنهاش لە ئەشکەوتی حیرا خەریکی خوا پەرستن بوو.

پێش پێغەمبەرایەتیەکەی خەڵوەتی بەلاوە دڵگیر بوو، بۆ ئەوەی دڵ و هۆش و گیانی یەکلابێتەوە بۆ ئەوەی بەسەریدا دەدرێت لە بارەی پێغەمبەرایەتەوە، بۆیە ئەشکەوتی حیرای کرد بە پەرستگایەك بۆ ئەوەی دایبڕێت لە سەرقاڵیەکانی ژیان و تێکەڵبونی خەڵکی، وەکو کۆکردنەوەیەکیش بۆ توانا هزری و هەستە گیانی و دەرونی و زانینەکانی، دەست بەتاڵ بوون بۆ نزاو پاڕانەوە لەگەڵ دروستکەری بونەوەرو پەروەردگاری دونیا ئەو ئەشکەوتەش، کە پێغەمبەرﷺ هاموشۆی دەکرد، خۆی لە خۆیدا مایەی تێڕامان و تێفکران بوو، بەولادا سەیر دەکەیت هەتا چاو بڕبکات هەرچیا دەبینی و بەدوای یەکدا دەڵێیت کڕنوشیان بردووە بۆ خوای گەورە، یان ئاسمانێکی بێ گەردی بەر فراوان، یان ئەو کەسەی کە تیایدابێت، پێدەچێت بتوانێت مەککە بەدی بکات.
ئەم خەڵوەتگایە جۆرێك بوو لە ئامادەکردنی تایبەت و، پاڵاوتنی دەروون لەو پەیوەندیە مادییانە، ئەمە جگە لەوەی، کە پەروەردەبونێکی خوایی بوو بە هەموو شێوەیەك، پەرستنەکەشی درودو سڵاوی خوای لێ بێت بریتی بوو لە تێڕامان لە دەسەڵاتی خوای گەورە لە ئاسمانەکان و، تەماشاکردنی بەڵگەکانی گەردوون،
کە ئاماژە دەکەن بۆ مەزنی تواناو گەورەیی دروستکردنی دەسەڵاتی و دانایی و داهێنانی خوای گەورە.
بۆیە هەندێك لەوانەی بە ئەهلی(سلوك) دەناسرێن، واتە: ڕێگەی خوا گرتن و خواپەرستن، لە قۆناغێك لە قۆناغەکانی ئەو بەرەو خوا چونەدا، کاردەکەن بە بیرۆکەی خەڵوەت، بۆ ڕۆشناکردنەوەی دڵ و لابردنی تاریکی و دەرهێنانی لە بێئاگایی و حەزو ئارەزوەکان، یەکێك لە سونەتەکانی پێغەمبەرﷺ سونەتی ئیعتیکافە لە ڕەمەزان، کە گرنگی هەیە بۆ هەموو موسڵمانێك چی فەرمانڕەوا بێت یان زاناو سەرکردەو بازرگان، بە مەبەستی پاکردنەوەی دڵ و دەروون لەو پیسی و خەڵتەکانەی ، کە پێوەی دەلکێن، هەروەها بۆ ئەوەش بەسەرهاتی خۆمان ڕاست بکەینەوە لە ڕۆشنایی قوڕئان و سوننەتداو، لێپرسینەوە لەگەڵ خۆمان بکەین پێش ئەوەی لێپرسینەوەمان لەگەڵ بکرێت.
ئەوانەش، کە خەریکی فیقهی بانگەوازن دەتوانن ماوەیەك بۆ خۆیان تەرخان بکەن بۆ پێداچونەوەی گشتی و گەڕانەوەو، تێڕامان لە ڕاستی بانگەوازکردن تا چ ڕادەیەك بەهێزە، یان لاوازە، هەروەها دۆزینەوەی خاڵەکانی شکست و زانینی ڕوداوەکان هەمووی بەچاك و خراپ.
شێخ (محمد عبدالله الدراز) دەربارەی وتەی خاتوو عائیشە رضی الله عنه((فیتحنث فیه اللیالي ذوات العدد)) وتویەتی: ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی، کە ژمارەی ئەو شەوانە نەگەیشتونەتە ئەم سەری کەم ، یان ئەو سەری زۆر، تاکو ئەمڕۆش ئەو ڕێنمونیە هەر بەردەوامە، کە پێغەمبەرﷺ هەر لەپێش پێغەمبەر بوونی ڕەچاوی کردوە لە ناوەڕاست گرتن لە هەموو کاروبارێکدا وەکو دروشمێك بۆ میللەتی ئیسلام، هێمایەکیشە بۆ ڕێنمونی پێغەمبەرﷺ، دوای ئەوەی، کە خوا وەکو ڕەحمەت ناردی بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی.

سێ یەم: تا ئەوکاتەی ڕاستی و دڵنیایی بۆ هات لە ئەشکەوتی حیرا ئیتر فریشتەکە هات و پێی وت بخوێنە.
ئەو ئایەتانەی لە ئەشکەوت دابەزیینە سەر پێغەمبەرﷺ، یەکەمین ئایەتەکانی قوڕئان بوون، کە وریایی ئەوەی تیادراوە مرۆڤ لەپارچە خوێنێکی پیس دروست بووە، لە بەخشندەیی خوای گەورەشە، کە مرۆڤی فێری ئەوشتانەکردوە، کە نایزانێت، ئینجا پایەدارو سەربەرزی کردووە بەزانست، هەروەها زانست ئەو تایبەتمەندییەبوو، کە خوای گەورە دایە مرۆڤ و فەزڵی دابەسەر فریشتەکان بەهۆیەوە، زانست جاری وا هەیە لەزەیندایە، یان لە زمان، جاری واش هەیە لە نوسیندا هەیە بە پەنجە، بەم ئایەتانە سەرەتایی پێغەمبەرایەتی موحەممەدﷺ دەستی پێکرد، لە ڕاستیدا ئەوە ڕووداوێکی هەرە گەورەبوو، شەهید سەیید قوتب رحمە اللە، لە تەفسیرەکەیدا بە جوانی باسیکردووە، بەڵکو چەندین لایەنیشی هەر دەمێنێتەوە لەسەرووی تواناو زانینی ئێمەوە، بەڕاستی ڕووداوێکی گەورەبوو، لە ئاماژەکانی و شوێنەواری لە ژیانی مرۆڤایەتی بەگشتی، ئەو ساتەش، کە ئەو ڕووداوەی لە خۆگرت مەزنترین ساتە لە مێژووی سەرزەوی هەمووی.
بەڵام ڕاستی ئەو ڕووداوە چی یە، کە ڕوویدا؟
ڕاستیەکەی ئەوەیە، کە خوای مەزن و باڵادەست ــــ بە بەخشندەیی خۆی ــــ ویستی بەزەی بە مرۆڤایەتیدا بێتەوە، کە لە گۆشەیەکی بوونەوەردا کەوتبوون، لە هەموو ئەو مرۆڤایەتیەشدا تاکە کەسێکی لێیان هەڵبژارد بۆ ئەوەی ببێتە جێگای ڕۆشنایی و دانایی و وشەکانی خوای گەورە.
سەرەتای وەحیی ستایش بوو بو پێنووس و زانست و پلەوپایەی لە دروستکردنی گەلان و نەتەوەکاندا، هەندێ ئاماژەی ڕوونیشی تیادایە، کە زانست یەکێکە لە تەیبەتمەندیترین تایبەتیەکانی ئادەمیزاد.
لەم ڕوداوە مەزنەشدا گەورەیی و پلەو پایەی زانست ئاشکرا دەبێت، یەکەمین وشە لە پێغەمبەرایەتی دەگاتە پێغەمبەرﷺ فەرمانێکە بە خوێندنەوە: {اقْرَأْ بِاسْمِ رَبِّكَ الَّذِي خَلَقَ } ( العلق:۱)
بەردەوام ئاینی ئیسلام هانی زانستی داوەو فەرمانی پێکردوە، پلەی هەڵگرانی بەرزدەکاتەوە، لەکەسانی تریش جیایان دەکاتەوە، خوای گەورە دەفەرموێت: { أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِذَا قِيلَ لَكُمْ تَفَسَّحُوا فِي الْمَجَالِسِ فَافْسَحُوا يَفْسَحِ اللَّهُ لَكُمْ وَإِذَا قِيلَ انشُزُوا فَانشُزُوا يَرْفَعِ اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا مِنكُمْ وَالَّذِينَ أُوتُوا الْعِلْمَ دَرَجَاتٍ وَاللَّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ خَبِيرٌ } ( المجادلة: ۱۱) هەروەها خوای پەروەردگار فەرمویەتی: { أَمَّنْ هُوَ قَانِتٌ آنَاءَ اللَّيْلِ سَاجِدًا وَقَائِمًا يَحْذَرُ الْآخِرَةَ وَيَرْجُو رَحْمَةَ رَبِّهِ قُلْ هَلْ يَسْتَوِي الَّذِينَ يَعْلَمُونَ وَالَّذِينَ لَا يَعْلَمُونَ إِنَّمَا يَتَذَكَّرُ أُولُو الْأَلْبَابِ } (الزمر: ۹).
سەرچاوەی زانستی بەسود لە لایەن خواوەیە، چونکە هەرخۆی بە پێنوس فێری کردووە، مرۆڤیشی فێرکردووە لە هیچ نەزانین، هەرکاتێکیش مرۆڤایەتی لەو ڕێبازە لایدابێت زانستەکەشی جیا بووبێتەوە لە ڕێگای خوای گەورە، ئەو زانستەی دەبێتە بەڵایەك و هۆکارێك بۆ لە ناوبردنی.

چوارەم : ئەو ناڕەحەتیەی تووشی پێغەمبەرﷺ بوو، هەروەها وەسفی دیاردەی وەحیی.
پێغەمبەرﷺ توشی ماندووبون و ناڕەحەتی بوو کاتێك جبریل علیەسلام دەیگوشی و فشاری بۆ دەهێنا، ماوەیەکیش هەر لەو حاڵەدا مایەوە، وەکو خوای گەورە دەفەرموێت: { إِنَّا سَنُلْقِي عَلَيْكَ قَوْلًا ثَقِيلًا } (المزمل: ٥) دانایەکی گەورەش لەوەدا هەبوو، وەکو ڕونکردنەوەی گرنگی ئەم ئاینە بەتوندی گرتنی و بایەخ پێدانی، ئاگادارکردنەوەیەکیش بوو بۆ ئومەت، کە ئەم ئاینەی پێی شادبووە، بەئاسانی نەگەیشتووە پێی.
دیاردەی وەحیی دیاردەیەکی لە ئاسابەرە بۆ هەموو یاساکانی سروشت، چونکە پێغەمبەرﷺ قسەی خوای گەورەی وەرگرت  ــــ کە قورئان بوو ــــ لە ڕێگەی جبریل علیەسلام، ئا لێرەشەوە دەوترێت هیچ پەیوەندیەك نییە لە نێوان (وحي) خوای گەورە لە نێوان(ٳلهام)، کە قسەی دڵ و دەروونە، یان تێڕامان و هەستکردن، کە سەرچاوەکەی ناخی مرۆڤە، بەڵکو وەحیی(وحي) شتێك بوو دەربارەی خودی پێغەمبەرﷺ خۆیەوە دەهات ئەرکەکەشی تەنها بریتیبوو لەکەسی وەحیی بۆ هاتووو
ئاگادارکردنەوەی، بەڵام ڕوونکردنەوەو ڕاڤە کردنی، ئەوە لەڕێگەی پێغەمبەرﷺ خۆیەوە دەبێت، وەکو دەردەکەوێت لە فەرمودەکانی.
ڕاستەقینەیی وەحی ئەو بنەمایەیە، کە هەموو ڕاستیەکانی ئاینی لەسەر بنیات دەکرێت، بە بیروباوەڕو شەریعەت و ڕەوشت،
هەر بۆیە ڕۆژهەڵاتناسەکان و مولحیدەکان لە پێش ئەوان، گرنگیان دا بە ئەم مەسەلەو لە هەوڵی ئەوەدابوون، کە ڕەخنە بگرن و نکۆڵی بکەن لە ڕاستی وەحی بە لایتردا بیبەن و دووری بخەنەوە لە واتای خۆی، کە لە فەرمودەکانی پێغەمبەرﷺ وەسف کراوە، مێژوونوسەکان بۆیان گێڕاوینەتەوە، هەندێکیان دەڵێن: موحەممەدﷺ قورئان و بنەماکانی ئیسلام لە بەحیرا فێربووە، هەندێکیشیان دەڵێن: موحەممەدﷺ کەسێکی توڕەو نەخۆش بووە بە پەرکەم.
بەڵام ڕاستی ئەوەیە، کە پێغەمبەرﷺ لەوکاتەی لە ئەشکەوتی حیرابووە لە ناکاو بەچاوی خۆی جبریلی بینی پێیدەوت: بخوێنە، بۆ ئەوەی بزانێت، کە وەحی کارێکی ناوخۆیی نیە دەروون دروستی بکات، بەڵکو ئەوە وەرگرتنە بۆ ڕاستیەك لە دەرەوەی خۆیەوە، هیچ پەیوەندیەکی نییە بە دەروونەوە، هەروەها گوشینی فریشتەکە بۆ موحەممەدﷺ سێ جار و لە هەموو جارێکیش پێیدەوت: بخوێنە، ئەو دووپاتکردنەوە جەختە لە سەر ئەو وەرگرتنە دەرەکیە، ڕەتکردنەوەیەکیشە بە توندی بۆ هەرکەسێك وابزانێت ئەو مەسەلەیە خەیاڵ و قسەی دەروونە.
پێغەمبەری خواﷺ توشی ترس و بیمێکی زۆربوو لەوەی کە بینی و بیستی، بە پەلەش گەڕایەوە بۆ ماڵ و دڵی دەلەرزی، ئەوەش وادەگەینێت، کە پێغەمبەرﷺبە پەرۆش نەبوو بۆ ئەو پەیامەی دەدرێتە سەریدا بۆ ڕاگەیاندنی.
خوای گەورە دەفەرموێت: { وَكَذَٰلِكَ أَوْحَيْنَا إِلَيْكَ رُوحًا مِّنْ أَمْرِنَا مَا كُنتَ تَدْرِي مَا الْكِتَابُ وَلَا الْإِيمَانُ وَلَٰكِن جَعَلْنَاهُ نُورًا نَّهْدِي بِهِ مَن نَّشَاءُ مِنْ عِبَادِنَا وَإِنَّكَ لَتَهْدِي إِلَىٰ صِرَاطٍ مُّسْتَقِيمٍ } (الشوری: ٥۲ ـ ٥۳ ).
هەروەها خوای گەورە دەفەرموێت: { وَإِذَا تُتْلَىٰ عَلَيْهِمْ آيَاتُنَا بَيِّنَاتٍ قَالَ الَّذِينَ لَا يَرْجُونَ لِقَاءَنَا ائْتِ بِقُرْآنٍ غَيْرِ هَٰذَا أَوْ بَدِّلْهُ قُلْ مَا يَكُونُ لِي أَنْ أُبَدِّلَهُ مِن تِلْقَاءِ نَفْسِي إِنْ أَتَّبِعُ إِلَّا مَا يُوحَىٰ إِلَيَّ إِنِّي أَخَافُ إِنْ عَصَيْتُ رَبِّي عَذَابَ يَوْمٍ عَظِيمٍ } (یونس: ۱٥ ـ۱٦)
بۆ چوونی گومان بەران لەوەحی هەمووی کەوت و بەرگری نەکرد بەرامبەر ئەو فەرمودەڕاستەی کە عائیشەرضی الله عنه دەیگێڕێتەوە، دکتۆر بوطي دەربارەی ئاماژەی وەحی دەڵێت:
۱ــ جیاکردنەوەی ئاشکرا لە نێوان قورئان و فەرمودەدا، چونکە پێغەمبەرﷺ فەرمانی دەکرد بە نوسینی قورئان لە ساتی دابەزینیدا، بەڵام قسەکانی خۆی نەدەنوسرا، بەڵکو هەر لە یادی هاوەڵانیدا بوو، نەك تەنها لەبەر ئەوەی، کە فەرموودەقسەیەکە لە لایەن خۆیەوەو پەیوەندی بە پێغەمبەرایەتیەوە نیە، بەڵکو لەبەر ئەوەی قورئان لە ڕێگەی وەحی یەوە بە هەمان وشەکانی خۆی دابەزیوە لە ڕێگەی جبریل علیەسلام، بەڵام فەرموودەکان واتاکانی وەحیە لە لایەن خواوە، بەڵام وشەکان و ڕێکخستنی دەربڕینەکە لە لایەن خۆیەتی، بۆیە زۆر وریابوو بۆ تێکەڵ نەبوونی قسەی خواو قسەی خۆی.

۲ـــ پێغەمبەری خواﷺپرسیاری لێدەکرا دەربارەی هەندێ مەسەلە، بەڵام وەڵامی نەدەدایەوە، جاری واشبووماوەیەکی زۆری دەبرد بێدەنگییەکەی تا ئەوکاتەی قورئان دەربارەی دادەبەزی، یان جاری وابوو پێغەمبەرﷺ بەشێوەیەکی دیاریکراو لەگەڵ بابەتێکدا مامەڵەی دەکرد، بەڵام جاری وابوو ئایەتەکانی قورئان گلەییشی تیادابووە لێی.

۳ـــ پێغەمبەری خواﷺ نەخوێندەواربوو، ناشگونجێ کەسێکی وا لە ڕێگەی ئاشکرابوونی دەروونی ڕاستی یەکانی مێژوو بزانێت، وەکو بەسەرهاتی یوسف علیەسلام و دایکی موسا کاتێك کۆرپەکەی خۆی فڕەدایە نێو دەریاوە، بەسەرهاتی فیرعەون،: خوای گەورە فەرمویەتی: { مَا كُنتَ تَتْلُو مِن قَبْلِهِ مِن كِتَابٍ وَلَا تَخُطُّهُ بِيَمِينِكَ إِذًا لَّارْتَابَ الْمُبْطِلُونَ } (العنكبوت: ٤٨ )

٤ـــ ڕاستگۆیی پێغەمبەرﷺ لەگەڵ خەڵکی بۆ ماوەی چل ساڵ، بەناوبانگبوونیشی لە نێوانیاندا، ئەوە دەگەینێ، کە پێش ئەوە لەگەڵ خۆیدا ڕاستگۆ بووە، بۆیە ئەبێت سەرکەوتوو بێتە سەر هەرگومانێك بۆ چاوی، یان بۆ مێشکی دروست بووبێت دەربارەی وەحی، وەکو چۆن ئەم ئایەتەش وەڵامێك بێت بۆ ئەو قسەکردنەی لەگەڵ خۆیدا دەربارەی وەحی: { فَإِن كُنتَ فِي شَكٍّ مِّمَّا أَنزَلْنَا إِلَيْكَ فَاسْأَلِ الَّذِينَ يَقْرَءُونَ الْكِتَابَ مِن قَبْلِكَ لَقَدْ جَاءَكَ الْحَقُّ مِن رَّبِّكَ فَلَا تَكُونَنَّ مِنَ الْمُمْتَرِينَ } (یونس:  ۹٤).
بۆیە لە پێغەمبەرﷺ هاتووە، کە فەرموویەتی: ((لا ٲشك ولا ٲسئل))، واتە: نەگومان دەکەم و نەپرسیاریش دەکەم.

پێنجەم: جۆرەکانی وەحی.
زانایان دەربارەی چەند جۆرێك لە جۆرەکانی وەحی قسەیان کردوە، لەوانە: 
۱ـــ خەونی ڕاست:
ئەوە سەرەتای وەحی بوو بۆ پێغەمبەرﷺ، هەرچی خەونێکی ببینایا، وەکو ڕۆژی ڕووناك بەدیدەهات، لە فەرمودەشدا هاتووە: (( رؤیا الانبیاء حق))واتە: خەونی پێغەمبەران ڕاستە، خوای گەورە دەربارەی ئیبراهیم دەفەرموێت: { يَا بُنَيَّ إِنِّي أَرَىٰ فِي الْمَنَامِ أَنِّي أَذْبَحُكَ }(الصافات: ۱۰۲ )

۳ـــ ئیلهام:
واتە: فریشتەیەك قسە بخاتە سەر دڵی بێ پێغەمبەرﷺ فریشتەکە بیبینێت، وەکو فەرموویەتی: ((ٲن روح القدس نفث في روعي)) واتە: جبریل علیەسلام فووی کرد بەدڵمدا، کە کەس نامرێت تا ڕۆژی خۆی بەتەواوی پێنەگات، بۆیە لە خوا بترسن و بەجوانی داوا بکەن.

۳ــ وەکو زەڕەی زنجیر:
واتە: لە توندی و دەنگدانەوەدا، وەکو لە فەرموودەکەی عائیشەداهاتووە: حارسیش  رضی الله عنه پرسیاری کرد لە پێغەمبەرﷺ چۆن وەحیت بۆ دێ؟ پێغەمبەرﷺ فەرمووی: ((ٲحیاناً یٲتیني مثل صلصل الجرس و شواده علي فیفصم عني وقد وعیت ماقال، وٲحیاً یتمثل لي الملك رجلاً فیكلمني، فاعي یقول)) واتە: جاروبار وەکو دەنگدانەوەی ئاسن دێت بۆم، ئەوەیان قورسە لە سەرم، کە تەواو دەبێت ئیتر تێدەگەم چی وتوە، جاری واش هەیە فریشتەکە لە شێوەی پیاوێکدا دێت و قسەم لەگەڵ دەکات و منیش لێی تێدەگەم.

٤ــ ئەوەی خوای گەورە ڕاستەوخۆ وەحی بۆ کردووە بەبێ ئەوەی لە ڕێگەی فریشتەیەکەوە بێت، وەکو چۆن خوای پەروەردگار لەگەڵ موسای کوڕی عمران علیەسلام کردی، ئەم پلەوپایەیەش جێگیر بووە بۆ موسا بەدەقی قوڕئان، بۆ پێغەمبەری خۆمانیش هەرجێگیر بووە لە ڕووداوی ئیسراء دا
٥ـــ یان ئەوەی کە فریشتەکە دەبینێت لەو شێوەی کە لە سەری دروستکراوە، ئیتر خوای گەورە بیەوێت لە ڕێگەیەوە دەینێرێت.

٦ـــ فریشتەکە وەکو پیاوێك دەهاتە لای پێغەمبەرﷺ قسەی لەگەڵ دەکرد، تاکو لێی تێدەگەیشت، لەم جۆرەیاندا، جاری وا هەبوو هاوەڵانیش دەیانبینی، ئەمانە بوون، کە ئیبنولقەیم دەربارەی جۆرەکانی وەحی باسیکردوە.
لە ڕاستیدا دابەزینی وەحی بەسەر پێغەمبەرﷺ سەرەتای سەردەمێکی نوێ بوو لە ژیانی مرۆڤایەتیدا، کە ڕێگەی ونکردبوو لە تاریکی نەفامیدا.
ئینجا دابەزینی وەحیش قوڕس بووە لەسەر پێغەمبەرﷺ وەکو لەم فەرموودەدا دەردەکەوێت: (( لقد خشیت علی نفسي)) هەروەها فەرمودەکەی عائیشە رضی الله عنها، کە باسی لەوە کردوە پێغەمبەر دڵی دەلەرزی کاتێك لە ئەشکەوت گەڕایەوە لای خەدیجە وتی: ((زملوني زملوني)) ئیتر دایپۆشی تا بەهۆشی خۆی هاتەوە، هەروەها وەکو بەڵگە لەسەر سەختی دابەزینی وەحی بەسەر پێغەمبەرﷺ.
هەردوو پێشەوا بوخاری و موسلیم رەحمەتی خوایان لێبێ، لە عائیشە رضی الله عنها دەگێڕنەوە کە فەرموویەتی: من ئەوم دەبینی ـــ مەبەستی پێغەمبەرﷺ ـــ لە ڕۆژی زۆ ساردا وەحی لە سەر دابەزی، کە تەواو دەبوو دەمبینی ئارەق لە نێو چاوانی دەهاتە خوارێ، هەروەها فەرمودەکەی عوبادەی کوڕی صامت رضی الله عنه، کە فەرموویەتی: پێغەمبەری خواﷺ، کەوەحی بۆ دادەبەزی، تووشی ناڕەحەتی دەبوو، ڕەنگیشی دەگۆڕا.
السيرة النبوية عرض وقائع وتحليل أحداث ـ الدكتور علي محمد الصلابي/ص:۱۱۷ــ ۱۲٨
 

زیاتر

1
Copyright. All Rights Reserved.
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پارێزراوه بۆ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا،
هه‌رکه‌سێک بابه‌ته‌کان کۆپی بکات پێویسته ئاماژه به‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بکات که‌ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودایه