 چوارەم: گرنگترین تایبەتمەندیەکانی کۆمەڵی یەکەم، کە لەسەر دەستی پێغەمبەرﷺ پەروەردەبوون.
چوارەم: گرنگترین تایبەتمەندیەکانی کۆمەڵی یەکەم، کە لەسەر دەستی پێغەمبەرﷺ پەروەردەبوون.
ئەوان بەهۆی تایبەتمەندییەوە پێشکەوتن بەرەو ئاستی ئەو کەسایەتیە موسڵمانەی، کە دەوڵەتی ئیماندارو شارستانی پڕشنگدار دادەمەزرێنێت، دیارترین ئەو تایبەتمەندیانەش:
۱➖گوێڕایەڵی تەواو بۆ قورئان:
زانست و شارەزایی تەواو لە بیروباوەڕ و شەریعەت و ئادابەکان، بەدەست نایەن لە ڕێگەی وەحی یەوە نەبێت، هەروەها لە ڕێگەی خۆ بەستنەوە بەڕێگەی شەرعی، ئەوە ڕێبازی ئیمانداری ڕاستەقینەیە، خوای گەورە دەفەرموێت: { وَمِمَّنْ خَلَقْنَا أُمَّةٌ يَهْدُونَ بِالْحَقِّ وَبِهِ يَعْدِلُونَ } ( الٲعراف: ۱٨۱).
هاوەڵان لە هەموو کەسێك زیاتر سودیان وەرگرت لەوەحی، لەبەر هەندێ هۆ:
ٲ- پاکی دڵەکانیان و خاڵی بوونیان لە هەموو ئارەزو و حەزێکی تر، جگە لەوەی لە دەقەکاندا هەبووە، هەروەها ئامادەیی ئەو دڵانە بۆ ملکەچی تەواو بۆ ئەوەی لای خواو پێغەمبەرەکەیەوە دێن، بە بێ هیچ ترسان و یاخود دوو دڵیەك.
ب- هاوچەرخ بوونیان لەگەڵ دابەزینی وەحیی و، هاوەڵێتیان بۆ پێغەمبەرﷺ بۆیە ئەوان شارەزاترین کەس بوون لەو بارودۆخانەی قورئانیان تیادا دابەزی، شارەزابوونیش بەو بارودۆخانە گەورەترین هۆکارە بۆ تێگەیشتنی مەبەستەکانیان.
ج- دەقەکان قورئان و سوننەت بوون، زۆرجاریش هاتنیان پەیوەندی هەبوو بە خۆیانەوە ـــ چ بەشێوەیەکی تاك بێت یان کۆمەڵ ـــ ڕاستەوخۆش گوتاری بۆ ئاراستەدەکردن و کاریگەری زۆری دەبوو لە سەریان، چونکە چارەسەری هەندێ ڕووداوی واقیعی دەکرد، کە جارێ دڵەکان کاریگەری ئەو ڕوداوەیان لەسەربوو، ئامادەی زۆریشیان تیادابوو بۆ وەڵامدانەوەی هەرفەرمانێك، کە گوێیان لێدەبوو کەسێك بیوتبا: ( قال رسول الله) هەموویان تێیان دەڕوانی، وەکو ئیبنو عەباس دەفەرموێت.
۲➖ کاریگەربوون لە ناخەوە بەوەحی و ئیمان:
هاوەڵان ڕەزای خوایان لێبێت مامەڵەیان دەکرد لەگەڵ زانستی ڕاست، نەك وەکو ڕاستی زانستی پەتی، کە بیرو هۆش مامەڵەی لەگەڵ بکات بەتەنها بێ ئەوەی پەیوەندی هەبێت بە دڵ و ئەندامەکانەوە ئەوان شارەزاییان بە خوای گەورە ناوەکانی و سیفەتەکانی و خۆشەویستی و پەرۆش بوون بۆ چاوپێکەوتنی و تەماشاکردنی ڕووی پیرۆزی لە بەهەشتدا، هەموو ئەوانە بووە مایەی مەزن تەماشاکردنی خواو لێترسانی و وریابوون لە سزاو تۆڵەی، هەروەها وایلێکردن داوای ئەوە بکەن، کە لەلای خوایە و ئومێدیان هەبێت بچنە بەهەشت و گومانی باش نەبێت بە خوا نەیبەن، بەم شێوەیەش شوێنەواری زانستیان تەواو بوو بە خوای گەورە، ئەم واتا ویژدانیەش مەبەستە بە شێوەیەکی گەورە لەوەرگرتنی زانست، ئەگەر واش نەبێت زانست سودی نابێت، بەڵکو زیانیشی دەبێت.
هاوەڵان بەڕۆژ سوارو جوامێربوون، بە شەویش دابڕاو بوون بۆ خواپەرستن، ترس و ملکەچی بۆ خواو، زانست و باوەڕیان، ڕێگای لێنەدەگرتن، کە هەڵسن بە ئەنجامدانی کڕین و فرۆشتن و کێلان و هاوسەرگیری و چاودێریکردنی ماڵ و سامان.
پێنجەم: کەسایەتی پێغەمبەرﷺو کاریگەری لەسەر دروستکردنی سەرکردە.
ماڵی ئەڕقەم گەورەترین قوتابخانە بوو بۆ پەروەردەکردن و فێرکردن لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، چۆن وا نابێت، کە مامۆستاکەی پێغەمبەرﷺبێت، کە مامۆستای هەموو مرۆڤایەتیە، قوتابیەکانیشی بانگخوازان و ڕێنیشاندەران و خواناسانن، کە مرۆڤایەتیان ڕزگار کرد لە کۆتی کۆیلایەتی و لە تاریکی دەریان کردن بۆ ڕۆشنایی، دوای ئەوەی خوای گەورە خۆی پەروەردەی کرد بە شێوەیەك کە مێژوو هەرگیز نمونەی وای نەبینیوە.
لەماڵی ئەڕقەم دا خوای گەورە پێغەمبەرەکەی ڕێنوێنی کرد بۆ پێکهێنانی یەکەم کۆمەڵ لە هاوەڵان، ئەوانیش هەڵسان بەبڵاوکردنەوەی مەزنترین بانگەواز.
پێغەمبەرﷺ توانایەکی زۆری هەبوو لە هەڵبژاردنی ڕەگەزە سەرەتاکانی بانگەواز، لە ماوەی ئەو سێ ساڵەی یەکەم لەتەمەنی بانگەوازو پەروەردەکردنیان بۆ وەرگرتنی سەرکردایەتی و هەڵگرتنی پەیام، پەیام و ئامانجە مرۆییە مەزنەکان بۆ پیاوانی مەزن نەبێت هەڵناگیرێت.
چاوپێکەوتنی پێغەمبەرﷺ بە ئەو کۆمەڵە بژاردەیە لە ماڵی ئەڕقەم ڕاهێنانێکی کردەیی بوو سەربازانی ئەو قوتابخانەیە لە سەر گۆێڕایەڵی و سەرکردایەتی و بنچینەکانی، سەرکردەی گشتی هەڵدەستا بە پتەوکردنی متمانەی شوێنکەوتوان بە خوای گەورە و فێری خۆپاراوکردنەوەو پەروەردەی دەکردن، هەروەها فێری بەخشین و فیداکاری دەکردن.
خاڵی سەرەتا لە پەروەردە بریتی بوو لە چاو پێکەوتنی باگکراو بە پێغەمبەرﷺ، ئەوسا کاریگەرییەکی زۆر سەیر دروست دەبوو لە سەر ئەوکەسە، بە تەنها ئەو چاو پێکەوتنە کەسەکە لە تاریکاییەوە دەردەچوو بۆ رۆشنایی، پڕدەبوو لە ئیمان و بێباوەڕی فرێدەداو، تواناشی پەیدا دەکرد بۆ خۆڕاگرتن و ئارامگرتن لەپێناو باوەڕی تازە.
کەسایەتی پێغەمبەرﷺ بزوێنەری یەکەم بوو بۆ ئیسلام، چونکە خاڵەکانی ڕاکێشانی تیادابوو، خوای گەورە لە بەرچاوی خۆیدا پەروەردەی کرد، بە تەواوترین نمونە بۆ مرۆڤ لە مێژووی زەویدا، مەزنیش هەمیشە خۆشەویستەو سەرنجی خەڵکی ڕادەکێشێ و بەدەوریدا کۆدەبنەوە، بەڵام پێغەمبەری خواﷺجگە لەو مەزنیەش، پێغەمبەری خوابوو، وەحی بۆ دەهات و دەیگەیاندە خەڵکی، کەواتە ئەو کەسە تەنها لەبەر خۆی خۆشی ناوێت، بەڵکو لەبەر خوای گەورەش، کە کردوویەتی بە پێغەمبەر، بۆیە لەکۆتاییدا لە کەسایەتی پێغەمبەرﷺ مرۆڤی مەزن و پێغەمبەری مەزن یەکدەگرنەوە و دەبنە یەك واتا لە کۆتاییدا، ئەو خۆشەویستیە دەبێتە خاڵێکی گرنگ لە هەموو هەست و نەستی ئەو کەسەی بانگ دەکرێت، بەو شێوەیەش خۆشەویستی خواو پێغەمبەرﷺیەکدەگرن، هەر ئەو خۆشەویستیەش بوو، کە ئەیجوڵاندن.
شەشەم: بابەتی خوێندن لە ماڵی ئەڕقەم.
بابەتی خوێندن بریتی بوو لە قورئان، کە تاکە سەرچاوەی وەرگرتن بوو، چونکە پێغەمبەرﷺ سوربوو لەسەر یەکخستنی ئەو سەرچاوەو، قورئان ببێتە تاکە بەرنامە، کە هاوەڵانی لە سەر پەروەردەدەبێت، بەتاك و خێزان و کۆمەڵەوە، ئینجا جبریل علیە سلام، بەردەوام ئایەتەکانی دادەبەزانە سەر پێغەمبەرﷺ وەریاندەگرت و، دڵەکانی پێدەگەشایەوەو، دەتووت لە گیان و ڕەنگی خۆێنیاندا تەشەنەی دەکرد،
ئەوانەش وەکو چۆن نوێ ببنەوە دەبن بەکەسێکی تر جیاواز لەکەسەکەی پێشوو لە هەموو ڕوویەکەوە، پێغەمبەر ﷺ گەلێك سووربوو لەسەر ئەوەی جگە لە قورئان شتێکی تر تێکەڵ نەبێت بەو سەرچاوەیە.
لە ماڵی ئەڕقەم فێری ئەوە بوون، کە قورئان و ئاراستەکردنی پێغەمبەری خۆشەویستﷺ دەستووری هەرە بەرزی بانگەواز و ژیان و دەوڵەت و شارستانییەتە، قورئان تاکە سەرچاوەبوو، کە لەسەردەستی مەزنترین مامۆستا وەردەگیرا، هاوەڵان قورئانیان بە توندوتۆڵی وەرگرت، بە تێگەیشتن و پەرۆشی زۆر بۆ ئاراستەکانی و کارکردن بە فەرمانەکانی، هەموو ئایەتێکیش فێری زانست دەبوون بۆ ژیانی ڕۆژانەیان، بۆیە ئەوان بوون بە وێنەیەکی کردەیی بۆ ئەو ئاڕاستە خواییانە، قورئان ئەو قوتابخانەیە خواییه بوو، کە بانگەوازو سەرکردە خواییەکانی تیا دەرچوون، نەوەیەك بوون مرۆڤایەتی هاوشێوەی نەبینیووە، خوای گەورە قورئانی لە سەر دڵی پێغەمبەرەکەی دابەزاند، بۆ ئەوەی نەتەوەیەکی پێ پەروەردە بکات و کۆمەڵگایەکی پێڕێکبخات، ئەوەی هەڵسێ بە دروستکردنی ویژدانەکان و ڕەوشت و ئەقڵ و بیروباوەڕو ئاکاری پێ دروستکرد، بەو شێوەی کۆمەڵی یەکەم لەو قوتابخانەیە دەرچوون، کە ئەوان پێشی هەموو کۆمەڵگاکان بدەنەوە لە هەموو بوارەکانی بیروباوەڕ و دەروونی و ئاکاری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و جەنگ دا.
حەوتەم: هۆکارەکانی هەڵبژاردنی ماڵی ئەڕقەم.
هەڵبژاردنی ماڵی ئەڕقەم لەبەر چەند هۆیەك بوو، لەوانە:
۱ــ ئەڕقەم بەوە نەناسرا بوو کە موسڵمانە، بۆیە بەزەینی کەسدا نەدەهات، کە هاوەڵانی پێغەمبەرﷺلەوێ یەکبگرن لەو ماڵە.
۲ــ ئەڕقەم رضی الله عنه لەبەنی مەخزومە، کە ئاڵای دژایەتیان بەرزکردوەتەوە دژی بەنی هاشم، جا ئەگەر ئەڕقەم بە موسڵمانیش بناسرایە، هەر پێشبینی نەدەکرا، کە کۆبوونەوەکان لە ماڵی ئەو بکرێت، چونکە لەو حاڵەتە ئەوە دەگەینێ، کە لە ناو ماڵی دوژمندا کۆ دەبنەوە.
۳ــ ئەڕقەم لاوێکی شانزە ساڵی بوو، قوڕیشیەکانیش هەرکاتێك بیربکەنەوە بۆ گەڕان بەدوای مەڵبەندی کۆبونەوەی ئیسلامی، بۆ ئەوێ ناچن، کە لەماڵی یەکێکدا بێت لە هەرزەکارانی هاوەڵی موحەممەدﷺ، بەڵکو بیردەکەنەوە لە گەورە هاوەڵان، یان ماڵی خودی پێغەمبەرﷺ.
یان زیاتر ئەوە پەسەند بکەن، کە لە ماڵی یەکێك لە بەنی هاشم دابێت، یان ماڵی ئەبو بکررضی الله عنه، بۆیە هەڵبژاردنی ئەو ماڵە لە ئەوپەری داناییدایە لە ڕووی ئاساییشەوە، هەرگیز نەشزانراوە، کە قوڕەیش هەڵیکوتابێتە سەر ئەو ماڵەو پێیانی زانیبێت.
هەشتەم: خاسیەتەکانی کۆمەڵی یەکەم.
هەموان ڕۆڵی خۆیان دەزانن، هەموانیش سروشتی بانگەواز و قۆناغەکە دەزانن، کە پێیدا تێپەڕدەبن و ئاگاداری و نهێنی پێویستیان بەکارهێناوە.
دروستکردنی کۆمەڵی ئیماندار لە قۆناغی مەککە بە ئەوپەڕی بێدەنگی و نهێنی بەڕێوە دەچوو، دروشمی ئەم قۆناغەش بریتی بوو لە ئاڕاستەکردنی خوای گەورە کاتێك دەفەرموێت: { وَاصْبِرْ نَفْسَكَ مَعَ الَّذِينَ يَدْعُونَ رَبَّهُم بِالْغَدَاةِ وَالْعَشِيِّ يُرِيدُونَ وَجْهَهُ وَلَا تَعْدُ عَيْنَاكَ عَنْهُمْ تُرِيدُ زِينَةَ الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَلَا تُطِعْ مَنْ أَغْفَلْنَا قَلْبَهُ عَن ذِكْرِنَا وَاتَّبَعَ هَوَاهُ وَكَانَ أَمْرُهُ فُرُطًا } ( الكهف: ۲٨)
ئەم ئایەتە پیرۆزە فەرمان دەکات پێغەمبەرﷺ، کە ئارام بگرێت لەسەر کەم و کورتی و هەڵەی ئەوانەی هاتوون بەدەمی بانگەوازەکەوە، هەروەها ئارام بگرێت لەسەر زۆرێك لە پرسیارەکانیان، بەتایبەت ئەگەر هەڵەبێت و ، دیسان بە ئارام بێت بەرامبەر دوو دڵی ئەوان لە وەرگرتنی ڕێنماییەکانی، کۆشش بکات لەسەر ئەوەی وا لە شوێنکەوتوانی بکات، خۆڕاگربن بەرامبەر ئاشوبی دوژمنانی بانگەوازەکە، هەروەها سروشتی بانگەوازیان بۆ ڕوندەکاتەوە، کە سەختەو، کەسیش ڕێگای بۆ خۆش نەکات لەوانە دوور بکەوێتەوەو، گوێ بۆ هیچ کەسێکیش نەگرێت، کە خراپەیان باس بکات و گوێڕایەڵی هیچ لە خۆبایی یەکیان نەبێت، کە خوای گەورە دڵی ئەوانی بێ ئاگا کردووە لە ڕاستی مەسەلەکان ئەم چەند ئایەتەی سوڕەتی کەهف باسی هەندێ لە خاسیەتەکانی کۆمەڵی یەکەمی موسڵمانانمان بۆ دەکات، کە گرنگتریان:
ٲ➖ ئارامگرتن { وَاصْبِرْ نَفْسَكَ }
وشەی(صبر) زۆر جار لە قورئان و فەرموودەدا دووبارە دەبێتەوە، خەڵکیش لە نێو خۆیاندا یەکتری ئامۆژگاری دەکەن، کە ئارام بن، ئەوەندەش گرنگە کە بووەتە چواریەکی خاسیەتەکانی کۆمەڵە قوتاربووە لە خەسارەتمەندی.
خوای گەورە دەفەرموێت: {وَالْعَصْرِ (۱)إِنَّ الْإِنسَانَ لَفِي خُسْرٍ (۲)
إِلَّا الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ وَتَوَاصَوْا بِالْحَقِّ وَتَوَاصَوْا بِالصَّبْرِ}(العصر)
خوای گەورەو باڵادەست فەرمانی خەسارەتمەندی داوەتە سەر هەموو خەڵکیدا، مەگەر کەسانێك نەبێت ئەم چوار خاسیەتەیان تیادا بێت:
۱ـــ باوەڕبوون بە خوای پەروەردگار
۲ـــ کرداری چاکە
۳ـــ یەکتر ڕاسپاردن بەهەق ڕاستی.
٤ـــ یەکتر ڕاسپاردن بە ئارامگرتن.
چونکە مرۆڤ قوتاری نابێت تاکو خۆی بە ئیمان و کرداری چاکە تەواو نەکات، هەروەها کەسانی تریش تەواو نەکات بە ئامۆژگاری و ڕێنموونی، بەو شێوەش کۆدەکاتەوە لە نێوان مافی خواو مافی خەڵکدا، هەروەها یەکتر ڕاسپاردن بە ئارامگرتن، بەهەمان شێوە پێویستە، هەڵسان بە باوەڕهێنان و کاری چاکەو پارێزگاری کردن لە ڕاستی و داد گەری لە گرانترین ئەو شتانەیە دێنە ڕێگای تاك و کۆمەڵ، ڕێگا چارەیەکیش نییە، جگە لە ئارامگرتن لە سەر کۆشش کردن لە گەڵ دەروون و کەسانی ترو، خۆڕاگری لەسەر ئازارو ئەشکەنجە و خۆ هەڵکێشانی پڕووپوچان و سینگ دەرخستنی خراپەکاران، هەروەها ئارامگرتن لە سەر درێژی ڕێگاو خاوی قۆناغەکان و پوکانەوەی مەشخەڵان و دووری شوێنی گەیشتن.
ب➖ زۆر پاڕانەوەو جەختکردن لەسەر خوای گەورە:
ئەمە لەو فەرموودەی خوای گەورە دەردەکەوێت، کە دەفەرموێت {یَدْعُونَ رَبَّهُم بِالْغَدَاوةِ وَالْعَشِیِّ } چونکە پاڕانەوە دەروازەیەکی هەرە گەورەیە، ئەگەر بکرێتەوە بەڕووی بەندەدا، چونکە پەیتا پەیتا خێری دەستدەکەوێت و بەرەکەتی بەسەردادەبارێ، بۆیە پێویستە کەسەکان بە شێوازێك پەروەردە بکرێن، کە پەیام هەڵبگرن، ئەسپەردەگێڕەوەبن،
پەیوەندیان پتەویان لەگەڵ خۆیان هەبێت، پێداگربن لە پاڕانەوەو نزایاندا، چونکە ئەوە بەهێزترین هۆکارەکانی سەرکەوتنە.
ج➖ دڵسۆزی:
ئەوەش لەفەرموودەی خوای گەورە دەردەکەوێت، کە دەفەرموێت: { يُرِيدُونَ وَجْهَهُ} پێویستە لەکاتی پەروەردەکردنی کەسەکاندا پەروەردەیەکی خوایی پەروەردەبکرێن، بەشێوەیەك کە وتاروکردار و جیهادیان هەر هەمووی تەنها بۆ خوای گەورەبێت و بەدەستهێنانی ڕەزامەندی و پاداشتی بەبێ سەیرکردنی هیچ دەسکەوتێك یان پلەوپایەو ، نازناو و، پێشکەوتن و، دواکەوتنێك، تاکو ببێتە سەربازێك لە پێناوی بیروباوەڕدا، خوای گەورە دەفەرموێت: {قُلْ إِنَّ صَلَاتِي وَنُسُكِي وَمَحْيَايَ وَمَمَاتِي لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ (۱٦۲)لَا شَرِيكَ لَهُ وَبِذَٰلِكَ أُمِرْتُ وَأَنَا أَوَّلُ الْمُسْلِمِينَ (۱٦۳)(الٲنعام: ۱٦۲ــ ۱٦۳)
بێگومان بەبێ دڵسۆزی و نیازپاکی هیچ کردارێك وەرناگیردرێت، هاوکات لە ژێر سایەی فەرمانەکانی سوننەت و شەرعیشدا.
د➖جێگیری و بەردەوامی:
خوای گەورە دەفەرموێت: {مِّنَ الْمُؤْمِنِينَ رِجَالٌ صَدَقُوا مَا عَاهَدُوا اللَّهَ عَلَيْهِ فَمِنْهُم مَّن قَضَىٰ نَحْبَهُ وَمِنْهُم مَّن يَنتَظِرُ وَمَا بَدَّلُوا تَبْدِيلًا }(الٲحزاب: ۲۳)وَمِنْهُم لەم ئایەتە پیرۆزانە دا سێ خاسیەت باسکراوە: باوەڕبوون و پیاوەتی و جوامێری و، ڕاستگۆیی.
ئەم سێ بنەڕەتە گرنگن بۆ جێگیربوون لەسەر ڕێبازی ڕاست، چونکە ئیمان دەبێتە مایەی دەست پێوەگرتنی بەها بەرزەکان، هەروەها دەبێتە مایەی خۆ بەقوربانی کردن لە پێناو بنەمای ڕەوادا، جوامێریش دڵ دەجوڵێنێ بەرەو ئەم ئامانجە، بێ ئەوەی ئاوڕ لە شتی بچوك بداتەوە، ڕاستگۆییش ڕێگرە لە نێوان کەسەکەو گۆڕینیدا، ئەمانەش پێکەوە جێگیری دەبەخشنە مرۆڤ، ئەگەر بریقەی شمشێریش ببینێ لەسەر گەردنی، یان پەتی سێ دارە چاوەڕوانی بکات، یان دەستکەوتێکی لە دونیا دەستکەوێت، یان ئافرەتێك مارەبکات.
نۆیەم: بڵاوبونەوەی بانگەواز لە تیرەکانی قوڕەیش و ئینجا بە جیهانی بوونی.
بڵاوبوونەوەی ئیسلام لە قۆناغی نهێنی دا، لە نێو هەموو تیرەکانی هۆزی قوڕەیش بە شێوەیەکی هاوتابوو، بێ ئەوەی قورسایی بکەوێتە سەر عەشیرەتێك جگە لە عەشیرەتەکانی تر، ئەم دیاردەیەش بە پێچەوانەی سروشتی ژیانی هۆزایەتی یە لەو سەردەمەدا، ئەگەر چی ئەمە سوود وەرگرتنی تەواوی لە دەست ئیسلام دا لە پێکهاتەی هۆزایەتی و دەمارگیری بۆ پاراستنی بانگەوازی تازەو بڵاوکردنەوەی، بەڵام لەهەمان کاتدا هۆزەکانی تری لە دژی نەوروژاند، لەوانەشە ئەم کرانەوە هاوتایەیش لەسەر هەمووان یارمەتیدا لەبڵاوبوونەوەی ئیسلام لە هۆزە جیاجیاکانی قوڕەیشدا، چونکە ـــ بۆ نمونە ـــ ئەبوبەکر لە تەیمە، عوسمانی کوڕی عەففان لە بەنی ئوممەییە، زوبەیری کوڕی عەوام لە بەنی ئەسەدە، موسعەبی کوڕی عومەیر لەبەنی عەبدودارە، علی کوڕی ئەبو تالیب لە بەنی هاشمە، عەبدوڕەحمانی کوڕی عەوف لەبەنی زوهرەیە، سەعدی کوڕی زەید لەبەنی عەدیە، عوسمانی کوڕی مەزعون لەبەنی جومەحە، بەڵکو هەندێ موسڵمانان لەم سەردەمەدا هەر قوڕەیش نەبوون، بۆ نمونە:
عەبدوڵای کوڕی مەسعود لە هوزەیل بوو، عوتبەی کوڕی غەزوان لە مازین بوو، عەبدوڵای کوڕی قەیس لەئەشعەرییەکان بوو، عەمماری کوڕی یاسیر لەعەنسی مەزحەج بوو، زەیدی کوڕی حاریسەو توفەیلی کوڕی عەمر لەدەوس بوون، عەمری کوڕی عەبەسە لە سولەیم بوو، صوهەیبی نەمری لە بەنی(النمر بن قاسط) بوو، لە ڕاستیدا شتێکی زۆر ئاشکرابوو کە ئیسلام تایبەت نەبوو تەنها بە مەککەوە.
پێغەمبەری خواﷺ ڕێگای خۆی دەبڕی بە پلاندانان و بەووردی، هۆکارەکانیشی وەرگرت و پشت ئەستور بوو بەخوای خۆی، بۆیە بایەخی دایە داد پەروەری بە پێزو پێکهاتنی ورد و فێرکردنی بەر بڵاو دووربینینی لە ڕووی ئەمنیەوەو بڵاوەکردنی ئاسایی لە کۆمەڵدا، هەروەها ئامادەکردنی پشتگیری بۆ قۆناغی دوای نهێنێنی، چونکە درودوسڵاوی خوای لێبێت چاك دەیزانی ئیسلام دانەبەزیوە بۆ ئەوەی لە نهێنی دابمێنێتتەوە، بەڵکو بۆیە دابەزیوە بۆ ئەوەی ببێتە بەڵگەیەك لەسەر هەموو جیهان، فریاکەوتنی ئەوانەی ویستی خوای لەسەرە فریایان بکەوێت و دەریان بهێنێ لە تاریکی بتپەرستی و نەفامی، بۆ ڕوناکی ئیسلام و یەکتاپەرستی، بۆیە خوای گەورە هەر لەسەرەتاوە ڕاستی ئەم بانگەوازەو گۆڕەپانەکەی ئاشکرا کردو ئەوەی دەرخست کە ئەم بانگەوازە بۆ هەموو جیهانە.
خوای گەورە دەفەرموێت{وَمَا تَسْأَلُهُمْ عَلَيْهِ مِنْ أَجْرٍ إِنْ هُوَ إِلَّا ذِكْرٌ لِّلْعَالَمِينَ } (یوسف: ۱۰٤) هەروەها دەفەرموێت: {وَمَا هُوَ إِلَّا ذِكْرٌ لِّلْعَالَمِينَ }( القلم : ٥۲).
بانگەواز گوتار ئاراستەی هەموو ئادەمیزادەکان دەکات، بۆ ئەوەی فریای ئەوانە بکەوێت، کە خوای گەورە ویستی لەسەرە، هەندێ لە تایبەتمەندییەکانیشی ئەوەیە، کە پێویستە ڕابگەیەنرێت و ئاشکرابکرێت و وریایی پێ بدرێت، لە پێناوشیدا هەموو نارەحەتیەك بە ئاسان بزانرێت لەلای گەیەنەرەکەی.
لە ڕاستیدا نهێنی ئەنجامدانی پێغەمبەرﷺ بۆ بانگەواز لە سەرەتادا هەڵاوێژتن بوو لە بارودۆخێکی تایبەتدا، کە بریتی بوو لە لاوازی و نامۆیی بانگەواز لەو سەردەمەدا.
ئەگەر مەسەلەی نهێنی بوون بەرژەوەندیەکە وەکو سیاسەت بەکار دێت لە ئیسلامدا، لەکاتی ئاشتی و جەنگدا، ئەوە بەهەمان شێوەیە لە کاتی بانگەوازیشدا، بەڵام بۆ پێویستیەك بوو، کە ڕووداوەکان دەیانسەپاند، چونکە لە بنچینەوە ئاینی خوا پێویستە ئەنجام بدرێت، واتای ئەوەش ناگەینێت، کە ئایین بشراردرێتەوە، یا قسەی ڕەوانەکرێت، بۆ نمونە ژمارەی شوێنکەوتوانی بانگەواز ئەمە مەسەلەیەکە پەیوەندی هەیە بەبەرژەوەندییەوە، ناکۆك نییە لەگەڵ گەیاندنی بانگەواز، کە فەرمانێکە لە کتێبەکانی خوا دا هاتووە، دەکرێت ئەوە بە نهێنی بمێنێتەوە، بۆیە تەنانەت دوای ڕاگەیاندنی بانگەواز و پێغەمبەرایەتیش، زۆر شتی هەر دەشاردەوە، کە کاریگەری نەدەکردە سەر شوێنکەوتوان و جێگای کۆبوونەوەو ئەو پلانەی کەکاری پێدەکرد بەرامبەر تەڵەکەی نەفامەکان.
السيرة النبوية عرض وقائع وتحليل أحداث ـ الدكتور علي محمد الصلابي/ص:۱٥۱ـــ۱٦۲
|