 کاریگەری ئافرەتی چاك لە خزمەتکردنی بانگەوازدا:
یهكهم : هەڵوێستی خەدیجە لە کاتی گەڕانەوەی پێغەمبەرﷺ لە ئەشکەوتەکە، بەڵگەیە لەسەر دڵقایمی و دامەزراوی، چونکە شپرزە نەبوو بە بیستنی ئەو هەواڵە، بەڵکو بە لەسەر خۆیی و ئارامیشەوە پێشوازی لێکرد، بەڵگەش ئەوەبوو، کە یەکسەر چوو بۆ لای وەرەقەی کوڕی نوفەل و مەسەلەکەی لا باسکرد.
هەڵوێستی خەدیجە رضی الله عنها ئاماژەی دەکرد بە بیر بڵاوی و هۆشی ئەو، لە بەر ئەوەی هەڵسا بە ئەنجامدانی بەراوردێك لە نێوان ڕوداوەکەو ئەو کارانەی پێغەمبەرﷺ هەیبوون بەوەش گەیشت، کە کەسێك ئەوە ڕەوشتی بێت خوای گەورە پشتی بەرنادات و شەرمەزاری ناکات، بەوە وەسفی موحەممەدی مێردی کردﷺ، کە پەیوەندی خزمایەتی بە جێدەهێنێ و ئەوەش بەڵگەیە لە سەر ئامادەبوونی بۆ ئەنجامدانی چاکە بۆ خەڵکی، خزمانی مرۆڤ ئەو ئاوێنەن، کە کارەکانی خۆی تیایاندا دەبینێتەوە، جا ئەگەر ئەو کەسە سەرکەوتوو بێت لە ڕاکێشانیان بۆ لای خۆی بەکاری چاکە، ئەوە ڕاکێشانی خەڵکانی تر ئاسان تر دەبێت بۆی.
دایکی ئیمانداران رضی الله عنها بەپەلە هانای بردە بەر باوەڕە فیترییەکەی خۆی شارەزای بە یاسای خوا لە بوونەوەردا، هەروەها بە دڵنیایی تەواوی خۆی بەوەی موحەممەدﷺ خاوەنی هەندێ ڕەوشتی مەزنە، ئینجا بەوەش، کە دەیزانی دەربارەی چاودێری خوای گەورە بۆ پێغەمبەرەکەی لە چەندین هەڵوێستدا، کە پەیوەندیشی نەبوو بە پێغەمبەرایەتی یان سەرەتاو موعجیزەکانی، بەڵکو هەر لەو هەڵوێستە چاکانەی، کە لە ژیانی خاوەن چاکەو جوامێریدا ڕوودەدات.
خەدیجە دڵنیابوو لە محمدﷺ، کە ئاکارە جوانەکانی سەرکەوتنی بۆ بەدیدەهێنێت، بە هەندێ وشەی بە هێزو پێز دەربڕینی کرد لە کامڵ بوونی، خەدیجە بەوەش گەیشت، کە هەڵگری وەها ڕەوشتێك هەرگیز ڕوبەڕووی شەرمەزاری نابێتەوە، چونکە خوای گەورە لەسەر ئەو شێوازە چاکەکارە دروستی کردووە.
یاساکانی گەردونیش لە بواری کۆمەڵایەتیدا هیچ کاتێك لەسەر ئەوە نین، کە کەسێك خوای گەورە جوانی بکاتەوە بەو شێوە لە نێو بەندەکانیدا، دوایش شەرمەزاری بچێژێت، پێغەمبەریشﷺ گەیشته چڵەپۆپەی ئاکار، هەر وەکو فیترەت خوای گەورە تیایدا دروستی کردبوو بە ئەندازەیەك، کە کەسی پیا نەگات.
بەڵام ئەوەشی بەلاوە بەس نەبوو، تاکو خۆی گەیاندە وەرەقەی ئامۆزای، ئەو زانا پایە بەرزە، کە چاوەڕوانی سەر هەڵدانی پێغەمبەری کۆتایی بوو، ئەو قسانەی وەرەقەش کاریگەری زۆری هەبوو لەسەر بە هێزکردنی پێغەمبەرﷺو دڵدامەزراندنی، چونکە ئەوە موحەممەدیﷺ ئاگادارکردەوە، کە خاوەنی نهێنی مەزنە، کە دەبێتە نێردراوی خوای گەورە بۆ لای بەندەکانی، ئەمەش هۆنراوەیەکی وەرەقەیە، کە بەڵگەیە لە سەر چاوەڕوانکردنی بۆ هاتنی پێغەمبەرﷺ :
لججت وكنت فی الذكري لجوجاً
لهمّ طالماً بعث النشیجا
ووصف من خدیجة بعد وصف
فقد طال ٳنتظاري یا خدیجا
ببطن المكتین علی رجائی
حدیثک ٲن ٲری منه خروجاً
بما خبّرتنا من قول قس
من الرهبان ٲكره ٲن یعوجا
بان محمداً سیسود فینا
ویخصم من یكون لة حجیجا
وەرەقە باوەڕی هێنا بە پێغەمبەرﷺ و ئەویش شایەتی بە هەشتی پێدا، لە ڕیوایەتێکا هاتووە، کە حەکیم بە ئیسنادی خۆی لە عائیشە دەگێڕێتەوە رضی الله عنها، پێغەمبەرﷺ فەرموویەتی : ((لا تسبوا ورقة فٳني رٲیت له جنة ٲو جنتین)) واتە: جنێو بە وەرەقە مەدەن، چونکە بەهەشتێك یان دووانم بۆ ئەو بوو.
هەروەها لە عائیشەوە هاتووە، کە خەدیجە پرسیاری کردووە لە پێغەمبەرﷺ دەربارەی وەرەقە، ئەویش فەرموویەتی : ((قد رٲیته ورٲیت علیه ثیاباً بیضاً، فٲحسبه لو كان من ٲهل النار لم یكن علیه ثیاب بیض)) واتە: من ئەوم بینی پۆشاکێکی سپی لەبەر بوو، پێم وایە ئەگەر دۆزەخیی بوایە پۆشاکی سپی لەبەر نەدەبوو، هەیسەمی دەڵێت: ئەبو یەعلا ریوایەتی کردووە بە سەنەدێکی (حسن) لە جابیری کوڕی عەبدوڵڵاوە، کە پێغەمبەری خواﷺ فەرموویەتی: ((ٲبصرته في بطنان الجنة وعلیه السندس)) واتە: من وەرەقەم بینی لە ناوەڕاستی بەهەشتدا، ئاوریشمی پۆشیبوو.
بەڕاستی خەدیجە رضی الله عنها ڕۆڵی مەزنی بینی لە ژیانی پێغەمبەرداﷺ، بەهۆی ئەو کەسایەتیە بە هێزەی، کە هەیبوو لە کۆمەڵگادا، هەروەها بەو لێهاتوویی و توانایەی کە هەیبوو لە بواری دەرونیدا، لە سەر ڕەوشتی بەرزو بەرزیی و دانایی بنیاتنرابوو، خوای گەورەش پشتیوانی پێغەمبەرەکەی بوو بۆ دۆزینەوەی ئەو ئافرەتە، چونکە خۆی پێشەنگێك بوو بۆ هەموو کەسێك بە تایبەتی بو ئەوانەی بانگەواز دەکەن بۆلای خوا، جا هەڵسانی خەدیجە بە ئەو ڕۆڵە مەزنە، ئاگادارکردنێکە لە خوای پەروەردگارەوە بۆ هەڵگرانی ئاڵای بانگەواز، کەچی ڕێبازێک گونجاوە بیگرنە بەر لە بواری پەیڕەوی کردن لە پێغەمبەرﷺ، تاکو بگەنە ئەو ئامانجانەی هەوڵ دەدەن بیانگەنێ.
خاتوو خەدیجە رضی الله عنها نمونەو پێشەنگێکی هەرە بەرزە بۆ خێزانی بانگخوازان، چونکە کەسی بانگخواز نابێت وەکو خەڵکانی تر بێت، چونکە ئەو خاوەن پەیامێکە، غەمی ئەوەی هەڵگرتووە، کە نەتەوەکەی گومڕا نەبێت، گەندەڵی بڵاونەبێتەوە، میللەتەکەی بە هێزتربێت، غەمی هەموو ئەو ناڕەحەتیانەش هەڵدەگرێت، کە بەسەر موسڵمانان دێت لە سەرتاسەری دونیا، لە پیلان و ستەم و برسێتی و چەوساندنەوە، پاش هەموو ئەمانەش ئەو پێویستە ئەو کاتانە لە کاتی حەسانەوەی خۆی و ماڵ و مناڵی وەربگرێت، هەروەها پێویستی بەوە هەیە قوربانی بدات بەماڵ و کات و هەموو دونیا، ئەگەر پێویست بکات، مادام ئەو شتە لە پێناو خودایە، بۆیە پێویستی بە ئافرەتێکە گرنگی ئەو هەموو ئەرکانە بزانێت، لەگەڵ مێردەکەی ڕاوەستێت ئەو ئەرکەی لە سەر شان سووك بکاتەوە، نەك ببێت بە تەگەرەیەك لە ڕێگەی.
کەواتە ئافرەتی چاك کاریگەری هەیە لەسەرخستنی بانگەواز، ئەوەش لە هەڵوێستی خەدیجەدا رضی الله عنها ڕوون بوویەوە، کاتێك لەگەڵ پێغەمبەرﷺ ڕاوەستا و هەڵوێستی نواند، بێگومان ئافرەتی چاك دەتوانێ ڕۆڵی بەرچاو ببینێ لە سەرخستنی ئەرکی مێردەکەی، چونکە کاری بانگەواز گرنگترین کارێکە مرۆڤەکان پێی هەڵسن، جا ئەگەر خوای گەورە یارمەتی بانگخوازێکی ڕێگای ئیسلام بدات بە خێزانێکی باش و کارامە، ئەوە نیشانەی سەرکەوتنێتی لە کارەکانیدا، ڕاستیشی کردووە پێغەمبەری خوا کاتێك فەرموویەتی : ((الدنیا متاع، وخیر متاع الدنیا المرٲة الصالحة)) واتە: دنیا ڕابواردنە چاکترین ڕابواردنەکانیش ئافرەتێکی چاکە.
دووهم : بەئەمەك بوونی پێغەمبەرﷺ بەرامبەر خاتوو خەدیجە رضی الله عنها
پێغەمبەری خواﷺ نمونەیەکی زۆر بەرزبوو بۆ ئەمەك و گێڕانەوەی چاکە، چونکە زۆر بە ئەمەك بو بەرامبەر ئەم خێزانە دڵسۆزەی لە ژیانیداو لە پاش کۆچی دوایشی، مژدەی پێدا بە ماڵێك لە ناو بەهەشتدا، سڵاوی خوای گەورەشی پێگەیاند، لەگەڵ سڵاوی جبریل، لە ئەبو هورەیرەوە رضی الله عنه فەرموویەتی: جبریل هاتە لای پێغەمبەرﷺ وتی: ئەی پێغەمبەری خوا ئەوە خەدیجەیە ئێستا دێتە لات قاپێکی پێیە، خواردنێك، یان خواردنەوەیەکی تیایە، جا کە گەیشتە لات، سڵاوی خوای گەورەو سڵاوی منیشی پێبگەیەنە، مژدەشی پێبدە بە ماڵێك لە بەهەشتدا لە مرواری دروستکراوە، نە هەراو هوریاو نە ماندوویەتی تیایە.
هەروەها عائیشە رضی الله عنها باسی ئەمەکی پێغەمبەرﷺ دەکات بۆ خەدیجە پاش مردنی و دەڵێت: جاڕوغیرەم بەرامبەر هیچ کام لە خێزانەکانی پێغەمبەرﷺ نەبوو، ئەوەندەی کە هەمبوو بەرامبەر خەدیجە، خۆ من ئەویشم نەدیبوو، بەڵام پێغەمبەری خواﷺ زۆرجار باسی ئەوی دەکرد، جاری واش بوو مەڕێکی سەردەبڕی و بەش بەشی دەکردە سەر هاوڕێکانی خەدیجە، جاری وابوو منیش پێم دەووت: دەڵێی ئافرەتی تر لە دونیادا نە بوو خەدیجە نەبێت؟ ئەویش دەیفەرموو: ((ٳنها كانت وكانت، وكان لي منها ولد)) واتە: خەدیجە ئاوهاو ئاوهابوو، مناڵیشم لێی بوو.
کاتێك خوشکەکەی خەدیجە هاتە لای و خەدیجەی وەبیر هێنایەوە، بەڕوویەکی گەشەوە پێشوازی لێکرد، عائیشە رضی الله عنها دەفەرموێت: هالەی کچی خوەیلیدی خوشکی خەدیجە داوای ڕێگە پێدانی کرد بچێتە لای پێغەمبەرﷺ ئیتر بە دەنگی و شێوەی قسەکردنی خەدیجەی هاتەوەیاد، بەوە دڵ خۆش بوو، وتی: یاخوا هالەی کچی خوەیلید بێت، منیش(واتە: عائیشە) پێم ناخۆش بوو، وتم: بۆچی وا یادی پیرەژنێك لە پیرەژنەکانی قوڕەیش دەکەیت ددانی لە دەمدا نەمابوو، ئەو مردو خوای گەورە لەو چاکتری پێدای، جارێکیش ڕێزی نواند بۆ ئافرەتێك، کە پێشتر لە کاتی خەدیجە دا سەردانی دەکردن و ئەوەی ڕوونکردەوە، کە پاراستی بەڵێن لە ئیمانەوەیە.
سێ یهم: بەدرۆخستنەوەی پێغەمبەران
(یالیتني فیها جذعا، لیتني ٲكون حیاً ٳذ یخرجك قومك قال رسول اللهﷺ: ٲو مخرجي هم؟ قال: نعم، یٲت رجل قط بمثل ماجئت به ٳلا عودي، وٳن یدركني یومك ٲنصرك نصراً مؤزراً).
ئەم فەرموودە باسی سوننەتێك لە سوننەتەکانی نەتەوەکان دەکات لەگەڵ پێغەمبەرانیان کاتێك بانگکراون بۆ لای خوا، ئەویش بەدرۆخستنەوەی پێغەمبەرانیان بووە، وەکو خوای گەورە باسی قەومی(لوط) دەکات و دەفەرموێت:{ فَمَا كَانَ جَوَابَ قَوْمِهِ إِلَّا أَن قَالُوا أَخْرِجُوا آلَ لُوطٍ مِّن قَرْيَتِكُمْ إِنَّهُمْ أُنَاسٌ يَتَطَهَّرُونَ } ( النمل: ٥٦)
هەروەها دەربارەی قەومی شوعەیب فەرموویەتی: { قَالَ الْمَلَأُ الَّذِينَ اسْتَكْبَرُوا مِن قَوْمِهِ لَنُخْرِجَنَّكَ يَا شُعَيْبُ وَالَّذِينَ آمَنُوا مَعَكَ مِن قَرْيَتِنَا أَوْ لَتَعُودُنَّ فِي مِلَّتِنَا قَالَ أَوَلَوْ كُنَّا كَارِهِينَ } (الٲعراف: ٨٨)
هەروەها فەرموویەتی: {وَقَالَ الَّذِينَ كَفَرُوا لِرُسُلِهِمْ لَنُخْرِجَنَّكُم مِّنْ أَرْضِنَا أَوْ لَتَعُودُنَّ فِي مِلَّتِنَا فَأَوْحَىٰ إِلَيْهِمْ رَبُّهُمْ لَنُهْلِكَنَّ الظَّالِمِينَ} ( ٳبراهیم:۱۳).
چوارهم: (وفتر الواحي) خاوبوونەوەی وەحیی.
زانایانی سیرە لە کۆن و هاوچەرخەکاندا باسیان کردوە لەم مەسەلە، ئیبنو حەجەری عەسقەڵانی فەرموویەتی: مەبەست ئەوەیە، کە ماوەیەکی دیاری کراو وەحیی دوا کەوت، ئەوەش بۆ ئەوە بوو کاریگەرییەی پێغەمبەرﷺ لە بینینی جبریل بەسەریدا هات لابچێت، هەروەها بۆ ئەوەی پەرۆشی پەیدابکات بۆ گەڕانەوەی. لە جابیرەوە رضی الله عنه هاتووە، کە باسی ئەو ماوە دەکات و دەگێڕێتەوە لە پێغەمبەری خواﷺ، کە فەرموویەتی: ((بینا ٲنا ٲمشي، ٲذ سمعت صوتاً من السماء فرفعت بصري، فٳذا الملك الذي جاءني بحراء جالس علی كرسي بین السماء والٲرض، فرعبت منه، فرجعت فقلت: زملوني، زملوني، فٲنزل الله تعلی {يَا أَيُّهَا الْمُدَّثِّرُ ( ۱ ) قُمْ فَأَنذِرْ ( ۲ )وَرَبَّكَ فَكَبِّرْ ( ۳ ) وَثِيَابَكَ فَطَهِّرْ ( ٤ ) وَالرُّجْزَ فَاهْجُرْ } ( المدثر: ۱ــــــــ٥)) مخمي الوحی وتتابع واتە: لە کاتێکدا ڕێمدەکرد، دەنگێکم بیست لەنێوان ئاسمان و زەویدا، منیش زۆر لێی ترسام و گەڕامەوە ماڵ وتم: دامبپۆشن،
ئیتر خوای گەورە ئەم ئایەتانەی دابەزاند { يَا أَيُّهَا الْمُدَّثِّرُ ( ۱ ) قُمْ فَأَنذِرْ ( ۲ )وَرَبَّكَ فَكَبِّرْ ( ۳ ) وَثِيَابَكَ فَطَهِّرْ ( ٤ ) وَالرُّجْزَ فَاهْجُرْ } ( المدثر: ۱ـــ٥)) لەدوای ئەوە دابەزینی وەحی خێرابوویەوە.
(صفی الرحمن المبارك الفوري) دەڵێت: سەبارەت بەو ماوەی، کە وەحی دانەدەبەزی، زانایان هەندێ جیاوازیان لە نێوان دا هەیە، بۆ چوونی پەسەندیش ئەوەیە کە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك بووە، ڕیوایەتیش لە ئیبنو عەباسەوە هاتووە ئەو واتایە دەگەیەنێ، بەڵام ئەو بۆچوونەی کە دەڵێت: دووساڵ و نیو یان سێ ساڵی خایاندووە ئەوە ڕاست نیە، سەبارەت بەو هەواڵانەش، کە باسی خەم و خەفەتی پێغەمبەرﷺ دەکات، کە ویستوویەتی لە چیا بەرزەکانەوە خۆی بخاتە خوارەوە، بەڵام جارێك جبریل خۆی پێ پیشان داوە و مژدەی پێداوە، کە ئەو پێغەمبەری خوایە، ئەو هەواڵانە لاوازن، هەروەها نەگونجاویشن لەگەڵ پارێزراوی پێغەمبەرﷺ.
السيرة النبوية عرض وقائع وتحليل أحداث ـ الدكتور علي محمد الصلابي/ص: ۱۱۷ــ۱۳٥
|