 ئاشکرا کردنی بانگەوازی ئیسلام لە شاری مەککەدا
سەرەتا بانگەوازی پێغەمبەر ﷺ بە شێوەیەکی نهێنی بوو لەگەڵ چەند کەسانێکی کەمدا بوو کە متمانەی پێ دەکردن،و ئیسلامی پێ ڕاگەیاندن. ئیبنو ئیسحاق رحمە اللە دەفەرموێت:(سێ دانە ساڵ بەم جۆرە بانگەوازی نهێنی بەردەوام بوو تا خوای گەورە فەرمانی پێ کرد کە ئاینی خوا بەرقەرار بکات و بە ئاشکرا بیگەیەنێتە بێ باوەڕانی قوڕەیش و ئاشکرای بکات لە ناو خەڵکیدا.
ئیبنو ئیسحاق رحمە اللە دەفەرموێت:پاشان خەڵکان پۆل پۆل دەچوونە ناو ئیسلامەوە لە پیاوان و ئافرەتان تاوای لێهات باسکردنی ئاینی ئیسلام زۆر باوبوو وە بووە گفتوگۆ وباس لە نێوان خەڵکانی شاری مەککەدا، پاشان خوای گەورە فەرمانی کرد بە پێغەمبەر ﷺ کە ئەو ئاینە ڕاستەی هاتووە بۆی ئاشکرای بکات لەناو بێ باوەڕەکاندا و ئاینەکەی خۆی بگەیەنێت بە خەڵکی و بانگەوازیان بکات و پێیان ڕابگەیەنێت وە پێغەمبەر ﷺ سەرەتا سێ ساڵ وەکو پێم گەیشتووە بە نهێنی ئاینی خوای گەیاندووە تاوەکو خوای گەورە فەرمانی ئاشکراکردنی پێ گەیاند و ئەو ئایەتەی ناردە خوارەوە کە دەفەرموێت:(فَاصْدَعْ بِمَا تُؤْمَرُ وَأَعْرِضْ عَنِ الْمُشْرِكِينَ ( ۹٤ )الحجر، هەروەها ئایەتی:(وَأَنذِرْ عَشِيرَتَكَ الْأَقْرَبِينَ ( ۲۱٤ ) وَاخْفِضْ جَنَاحَكَ لِمَنِ اتَّبَعَكَ مِنَ الْمُؤْمِنِينَ ( ۲۱٥ ) فَإِنْ عَصَوْكَ فَقُلْ إِنِّي بَرِيءٌ مِّمَّا تَعْمَلُونَ ( ۲۱٦ )الشعرء.
لە ڕیوایەتێکی تردا دەفەرموێت:(پێغەمبەر ﷺ هەندی لە خزمانی (بەنی عبدالمطلب و بەنی عبدالمناف و بەنی نەوفەل و بەنی هاشمی )کۆکردەوە و بانگەوازی ئیسلامی سەرەتا پێ ڕاگەیاندن وەکو خوای گەورە وەکو خوای گەورە ئاگاداری کردۆتەوە:(وَأَنذِرْ عَشِيرَتَكَ الْأَقْرَبِينَ ( ۲۱٤ ) الشعرء، وە ویستویەتی بیگەیەنێت بە خزمە نزیکەکانی خۆی، (وەکو ئیمامی علی دەیگێڕێتەوە و)دەفەرموێت:( پێغەمبەری خوا ﷺ بەنی عبدالمطلبی بانگ کرد و تاقمێکی زۆریان تیا بوو کە زۆر خۆر بوون و خواردنێکی زۆریان دەخوارد وە خواردنەوەیەکی زۆریان دەخواردەوە، پێغەمبەر ﷺ خواردنێکی زۆر کەمی بۆ دروست کردن، کە چەند مشتە جۆیەکی کەم بوو بۆی ئامادە کردن و هەر هەموویان هاتن و تێر لەو خواردنەیان خوارد و ئاوێکی یەکجار زۆریان خواردەوە و هێشتا ئاوەکە و نانەکە هەروەکو خۆی مابووە وە و هیچی لێ کەم نەبوو بووەوە، دوای ئەوەی تێریان خوارد پێغەمبەر ﷺ پێی فەرموون:(یا بني عبدالمطلب ٳني بعثت الیكم خاصة و بعثت الی الناس عامة........)واته :ئەی کوڕانی عەبدالمطلب خوای گەورە منی بە تایبەت ناردووە بۆلای ئێوە و بۆلای خەڵکانیش بە گشتی ،و ئەم نیشانەیەی کە ئێوە بینیتان نیشانەیەکی بەسە بۆ ناسینی من، کێ لە ئێوە هەڵدەستێ و پەیمانم دەداتێ کە برام بێت و هاوەڵم بێت؟ دەفەرمووێت:هیچ کەس هەڵنەسا، ئیمامی عەلی دەفەرموێت:من لە هەموویان بچوکتر بووم هەستام و پێغەمبەر ﷺ فەرمووی دانیشە سێ جار ئەمەی وتەوە، دوای سێ جارەکە کە کەس نەبوو هەستام وپێغەمبەر ﷺ دەستی خستە ناو دەستم))واتە:پەیمانی لێ وەرگرتم ، دوا بەدوای ئەوە پێغەمبەر ﷺ وەکو سەرەتای گەیاندنی بانگەوازی ئیسلام لە شاری مەککە چووە سەر تەپۆلکەی صەفا و ئەم بانگەوازەی ئاراستەی دانیشتوانی مەککە کرد:
ئیبنو عەباس رضي الله عنه دەفەرموێت:
کاتێ خوای گەورە ئایەتی (وَأَنذِرْ عَشِيرَتَكَ الْأَقْرَبِينَ )( ۲۱٤ ) الشعرء،ناردە خوارەوە پێغەمبەر ﷺ چووە سەر تەپۆلکەی صەفا و هاواری کرد(واتە دەنگی بەرز کردەوە تاکو خەڵکی گوێیان لێ بێت و بەئاگاببنەوە)خەڵکی لە ناو خۆیاندا وتیان:ئەوە کێ یە هاوار دەکات؟ وتیان:ئەوە محمدە، دوای ئەوەی لێی کۆبوونەوە وپێغەمبەر ﷺ فەرمووی:( ٲرٲیتم ٳن ٲخبرتكم ٲن خیلا تخرج من سفح هذا الجبل ٲكنتم مصدقي؟...)واتە:ئایا پێتان ڕابگەیەنم کە چەند ئەسپ سوارێک لەودیو ئەو شاخەوە خۆیان ئامادە کردووە بۆ پەلاماردانتان ئێوە هەواڵەکەی من بەڕاست دەزانن؟ وتیان: بەڵێ ئێمە بەهیچ جۆرێ درۆمان لێ نەبینیویت، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی:(فٳني نذیر لكم بین یدي عذاب شدید ...)واتە: ئاگاداربن من ئاگادار کەرەوەیەکم بۆ ئێوە لە پێش سزایەکی سەختی خوای گەورە کە بگات بە ئێوە، پاشان ئەبولەهەب لە ناو هەموویاندا وتی:دەستەکانت بشکێ و وشک بێت بۆ ئائەمە ئێمەت کۆکردۆتەوە بەم بەیانی یە، دواجار خوای گەورەش ئەم سورەتەی دابەزاند:(تَبَّتْ يَدَا أَبِي لَهَبٍ وَتَبَّ ( ۱ ) المسد.
ئەبو هورەیرە رضي الله عنه دەفەرموێت:(کاتێ خوای گەورە ئەو ئایەتەی :(وَأَنذِرْ عَشِيرَتَكَ الْأَقْرَبِينَ )( ۲۱٤ ) الشعرء)ی ناردە خوارەوە بۆ پێغەمبەر ﷺ قورەیشی هەموو بانگ کرد و کۆبوونەوە،بە تایبەتی و بەگشتی قسەی لەگەڵ کردن وە دەقی فەرموودەکەی پێغەمبەر ﷺ بەم جۆرە بوو پێی فەرموون:[(یا معشر قریش ٳشتروا ٲنفسكم من الله لاٲغني عنكم شیئا،یا بني كعب بن لؤي ٲنقذوا ٲنفسكم من النار.....)]واته:(هۆ کوڕانی قوڕەیش خۆتان بکڕنەوە لە خوای گەورە،من هیچ شتێکم پێ ناکرێت بۆتان لە قیامەتدا لە بەرامبەر خوادا(واتە:تەنها خزمایەتی نێوان من و ئێوە هیچ سوودێکتان پێ ناگەیەنێت، ئەگەر باوەڕ نەهێنن)، هۆ کوڕانی کەعبی کوڕی لوئەی خۆتان ڕزگار کەن لە ئاگر من هیچم پێ ناکرێت بۆ ئێوە لە قیامەتدا لای خوای گەورە، هۆکوڕانی موڕەی کوڕی کەعب خۆتان ڕزگار کەن لە ئاگر من هیچم پێ ناکرێت بۆتان لای خوای گەورە ، هۆ کوڕانی عبدالشمس خۆتان ڕزگار بکەن لە ئاگر من هیچم پێ ناکرێت بۆتان لای خوا لە ڕۆژی قیامەتدا، هۆ کوڕانی عبدالمطلب خۆتان ڕزگار بکەن لە ئاگر من هیچم پێ ناکرێت بۆتان لای خوا لە ڕۆژی قیامەتدا، هۆ عەباسی کوڕی عبدالمطلب من هیچم پێ ناکرێت بۆت لای خوای گەورە ، هۆ صەفییەی پوری پێغەمبەرﷺ هیچم پێ ناکرێت بۆت لای خوای پەروەردگار، هۆ فاطمە لە ماڵ و سامانم چیت دەوێت بیبە وخۆت بپارێزە لە ئاگر، هیچم پێ ناکرێت بۆت لای خوای گەورە تەنها ئەو پەیوەندی یە خزمایەتی یەی هەیە لە نێوانمان وئەویش بە مافی خۆی دەگەیەنم).
لە ڕیوایەتەکەی قوبەیسە و زوهیری کوڕی عەمر رضي الله عنه دا دەفەرموێت:(کاتێ خوای گەورە ئایەتی (وَأَنذِرْ عَشِيرَتَكَ الْأَقْرَبِينَ )( ۲۱٤ ) الشعرء، ی دابەزاند بۆ پێغەمبەر ﷺ چووە لای کۆمەڵە بەردێکی شاخەکەوە و چووە سەر هەرە بەرزترین بەردیان و هاواری کرد:هۆ کوڕانی عبدالمناف من ئاگادار کەرەوەم بۆ ئێوە ،نمونەی من و ئێوە وەکو نمونەی پیاوێک وایە کە دوژمنی بینیوە و ڕای کردووە بۆ ئەوەی خزمانی لێ ئاگادار بکاتەوە و ترساوە لەوەی کە دوژمنانی پێش بکەوێت و هاوار دەکات هۆ بەیانیتان، هۆ بەیانیتان، بۆتان هاتن،بۆتان هاتن،منیش بە هەمان شێوەم بۆ ئێوە......).
لە ڕیوایەتێکی تردا(قەتادە)رحمة اللە دەفەرموێت:(پێغەمبەر ﷺ چووە سەر تەپۆڵکەی صەفا وهەموو تیرەکانی قوڕەیشی بانگ کرد بۆ ئاینی خوا و ئاگاداری کردنەوە و،هەرەشەی لێ کردن لە توڕەیی خوای گەورە، بەڵام هەندێک لەوان وتیان:ئەم هاوەڵەتان شێت بووە و لە شەوەوە وڕێنەی کردووە تا بەرە بەیان،پاشان خوای گەورە ئەم ئایەتەی دابەزاند:(أَوَلَمْ يَتَفَكَّرُوا مَا بِصَاحِبِهِم مِّن جِنَّةٍ إِنْ هُوَ إِلَّا نَذِيرٌ مُّبِينٌ (۱۸٤) الاعراف، واتە:ئایا بیر ناکەنەوە کە هاوەڵەکەیان بە هیچ جۆرێک جنۆکەی لەگەڵدا نی یە و شێت نی یە تەنها ئەوە نەبێت ئاگادار کەرەوەیە وهەرەشە کارێکی ئاشکرای خوای گەورەیە بۆلای خەڵکان).
بەم شێوەیە بۆ یەکەمجار قوڕیش لە خودی پێغەمبەرەوە ﷺ ئەم وشانە دەبیستن(خۆتان ڕزگارکەن لە ئاگر!!)وە هەروەها(من پێغەمبەرم بۆلای ئێوە) وە بیستنی مقۆمقۆی موسوڵمانان لەناو خۆیاندا سەبارەت بە ڕاگەیاندنەکەی پێغەمبەر ﷺ و ڕونکردنەوەی ئاینی بێ باوەڕان:کە ئەو بتانەی ئەوان دەیانپەرستن پەرستنێکی پووچە و هیچ قازانج و زەرەرێکی بەدەست نییە و هیچ پیرۆزییەکی تێدانییە، و نابێ بە هیچ جۆرێک لێ یان بترسێن و ئەویش بەردێکە وەک ئەو بەردانەی کە خوای گەورە دروستی کردوون بۆ بەرژەوەندی مرۆڤ، وە نەک خۆیان بەڵکو باوک و باپیرانیشیان گومڕا و سەرلێشواو و نەفام بوون،وە تەنها ئاینی خوای گەورە ئاینی پێغەمبەرە ﷺ وە ئەو ئاینانەی تر هەمووی پووچن،بێ باوەڕەکان بەم شێوەیە نەیان دەزانی چی بکەن،بۆیە سەرەتا کەوتنە گفتوگۆ و شەڕەقسە و دەمەقاڵە وە بە هەموو شێوەیەک ڕێگریان دەکرد ، لە بەرامبەر پێغەمبەر ﷺو ئاینی ئیسلامدا.
چونکە دەیانزانی ئەم دینە تازەیە دەبێتە هۆی لەناوبردنی پێگەی ئاینی قوڕەیش ولەناوبردنی بەرژەوەندیە ئاینیەکانیان،بێ باوەڕەکان زۆر کەلەڕەقانە سوور بوون لەسەر مانەوەیان لەسەر بیروباوەڕە پوچەکەی خۆیان و باوک و باپیرانیان،بۆیە سەرەتا کۆبونەوەیەکیان ئەنجامدا پێش ئەوەی هەموو قافڵەی حاجی یەکانی دوورگەی عەرەب بگەنە ناو شاری مەککە تا هەموویان یەک ڕاوبۆچوونیان هەبێت بەرامبەر بە پێغەمبەر ﷺ وە لای هەموو حاجی یەکان ئاشکرای بکەن کە ئەم کابرایە کێیە؟ و چییە؟ بۆئەوەی یەکێ لە قوڕەیش یەکان نەڵێ ڕاست دەکات و یەکێکی تر بڵێت درۆ دەکات وە تاوەکو هۆزەکانی عەرەب گومانیان بۆ دروست نەبێت کە ئەمانیش لەناو خۆیاندا گومانیان هەیە یەکێ دەڵێ وایە و یەکێ دەڵێ وانیە.
ئیبنو ئیسحاق رحمةاللە دەیگێڕێتەوە لە ئیبنو عەباسەوە رضي الله عنه کە فەرمویەتی:وەلیدی کوڕی موغیرە و کۆمەڵێ ناودار و سەرکردەی قوڕەیشی لەلا کۆبوونەوە و وەلید ئەو ڕۆژە لە هەموویان بە تەمەن تر و پایە بەرز تر بوو وە نزیکی کاتی حەج کردن هاتبوو، وەلید بە کۆمەڵێ قوڕەیشی وت:ئەی کۆمەڵانی قوڕەیش خۆتان دەزانن وا کاتی حەج نزیک بۆتەوە و پیاوانی عەرەب دەگەنە ئێرە و بێ گومان هەواڵی ئەو کابرایەی کە لەناوتاندایە پێیان گەیشتووە، لەبەر ئەوە هەستن تا یەک بڕیارتان هەبێت و یەکتر بە درۆ نەخەنەوە بۆ ئەوەی سبەینێ هەندێکتان وتەکەی پێچەوانەی ئەوانی ترتان نەبیت،ئەوانیش وتیان : ئەی ئەبو عبدالشمس تۆ؟ چی دەڵێیت تا ئێمەش ئەوە بڵێینەوە؟
وەلید وتی:نەخێر ئێو بڵێن و منیش گوێتان لێ دەگرم ، یەکێکیان وتی: دەڵێین فاڵچی یە!ئەویش وتی:نەخێر وەڵاهی فاڵچی نیە و فاڵچی و فاڵ گرەوەمان بینیوە و نەزمزمە و نەوەسوەسە و نەوتەی بچوکی ناو کاهینانی لێ ئاشکرایە، هیچی بە موحەمەدەوە نی یە، یەکێکی تریان وتی: دەڵێین شێتە!! ئەویش وتی:نەخێر شێت نی یە و شێتمان بینیوە و ناسیومانە، نەدەست وەشاندن و نە چاوتروکاندن و نەکەف کردنی لێوی پێوە دیارە و نەوەسوەسەشی لەگەڵدایە، یەکێکی تریان وتی:دەڵێین:شاعیرە!!وتی:نەخێر شاعیر نی یە و شیعرمان ناسیوە بە ڕەجەز و ڕەوان بێژی و....هتد، بەهیچ جۆرێک وتەکانی لە شیعر ناچێت، یەکێکی تریان وتی: دەڵێین :ساحیرە!!وتی :نەخێر ساحیر نی یە، سیحرباز و سیحرەکانیشمان بینیوە، نە موحەمەد فوو دەکات و نەشتیش گرێ دەدات، وتیان:ئەی چی بڵێین؟ ئەی ئەبو عبدالشمس تۆ شتێکمان بۆ بدۆزەرەوە ئەویش وتی:وەڵاهی وتەکانی زۆر شیرینە و بناغەکەی زۆر ڕیشەدارە و ڕەگی داکوتیوە و سەرەوەشی بە ڕاستی پڕ فەڕ و بەهایە (و لە وتەی مرۆڤ ناچێت)و هەر شتێک بڵێین بەرامبەری هەموو خاوەن ئەقڵێک دەزانێت کە ئێوە هەڵەن و درۆ دەکەن، و نزیکترین قسە بکرێت بەرامبەری ئەوەیە کە بڵێن:سیحرباز نی یە بەڵام وتەکانی سیحرە!سیحرێکە لە کەسانی ترەوە وەری گرتووە و هاتووە،بە سیحرێک کە پیاو لە برای خۆی دەکات و کوڕ لە باوکی خۆی دەکات و پیاو لە ژنی خۆی دەکات و پیاو لە خزمانی خۆی دەکات و ئاژاوە دەنێتەوە لە هەموو شوێنێک.
پاشان قوڕەیشیەکان دڵخۆش بوون بەوەی کە شتێکیان دەست کەوتووە ئەویش پڕ و پاگەندەیەکی درۆیە بۆ ناشیرین کردنی پێغەمبەر ﷺ . ئەوەبوو کەکاتی حەج هات کۆمەڵ کۆمەڵ هەریەکەی چوونە سەر ڕێگەیەک لەو ڕێگەیانەی کە حەجاج پیایاندا تێدەپەڕین بۆ ناو شاری مەککە و لەولای ڕێگەکە دادەنیشتن بۆ پێشوازی کردن لە حاجیەکان وە کە حاجیەکان بەلایاندا تێدەپەڕین بەسەرهاتەکەی پێغەمبەریان ﷺ بۆ باس دەکردن و هەمووشیان دەیان وت:ئەم کابرایە بەو شێوەیەیە،تا ئەوەبوو خوای گەورە سەبارەت بە تاوانکاری گەورە وەلیدی کوڕی موغیرە ئەم ئایەتەی ناردە خوارەوە کە دەفەرموێت:(ذَرْنِي وَمَنْ خَلَقْتُ وَحِيدًا ( ۱۱ ) وَجَعَلْتُ لَهُ مَالًا مَّمْدُودًا ( ۱۲) وَبَنِينَ
شُهُودًا ( ۱۳) وَمَهَّدتُّ لَهُ تَمْهِيدًا ( ۱٤ ) ثُمَّ يَطْمَعُ أَنْ أَزِيدَ ( ۱٥ ) كَلَّا إِنَّهُ كَانَ لِآيَاتِنَا عَنِيدًا ( ۱٦) (المدثر).
لە ڕیوایەتێکی تردا دەفەرموێت:(وەلیدی کڕی موغیرە هات و پێغەمبەر ﷺ قورئانی بەسەردا خوێندەوە ئایەتی:(إِنَّ اللَّهَ يَأْمُرُ بِالْعَدْلِ وَالْإِحْسَانِ وَإِيتَاءِ ذِي الْقُرْبَىٰ وَيَنْهَىٰ عَنِ الْفَحْشَاءِ وَالْمُنكَرِ وَالْبَغْيِ يَعِظُكُمْ لَعَلَّكُمْ تَذَكَّرُونَ ( ۹۰) النحل.وادەرکەوت کە دڵی نەرم بووە بۆ ئیسلام، ئەم باسە گەیشتەوە بە ئەبوجەهل و ئەویش هات بۆلای و پێی وت:مامە خزمانت دەیانەوێت هەندێک پارەت بۆ کۆبکەنەوە ، وتی بۆچی؟ ئەبوجەهل وتی:بۆ ئەوەی پێت بدەن، بۆ ئەوەی لەو قورئانەی کە بیستوتە پاشگەز ببیتەوە!!وەلید وتی:قوڕەیش هەموویان باش دەزانن کە من لە هەموویان پارەدار ترم، ئەبوجەهل وتی:وتەیەک بڵێ بەرامبەر بە محمد و قورئان تا خزمان بزانن کە تۆ ڕازی نیت بە ئاینی محمد!!وەلید وتی:جا چی بڵێم؟ وەڵاهی پیاوتان تیا نی یە وەک من شارەزابێ لە شیعر و جۆرەکانی، وەڵاهی ئەو قسانەی کە ئەو دەیکات ڕەونەقدارە وشیرینە،سەرەوەی پڕ بەرە، قەدەکەی ئەستورە هەر بەرز دەبێتەوە و ئەوەی خوار خۆی تێک دەشکێنێت و هیچ شتێک بەسەریدا بەرز نابێتەوە، ئەبوجەهل وتی:خزمانت ڕازی نابن لێت تا وتەیەکی پێ نەڵێیت!! وەلید وتی:دەلێم گەڕێ تا بیرێکی لێ دەکەمەوە، کاتێک بیری لێ کردەوە وتی:ئەمە سیحرێکە لە کەسانێکی ترەوە فێری بووە، وە خوای گەورەش ئەم ئایەتەی(ذَرْنِي وَمَنْ خَلَقْتُ وَحِيدًا ( ۱۱ ) (المدثر )دابەزاند.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ژیانی پێغەمبەری خوا ﷺ لە قورئان و فەرموودەکاندا
لەنوسینی:محمد ملا فائیق شارەزووری
بەرگی یەکەم
ص:٦۰-٦٦
|