 هاتنی پیاو ماقوڵانی قوڕەیش بۆلای ئەبو طالب لەسەرەمەرگ دا
هاتنی پیاو ماقوڵانی قوڕەیش بۆلای ئەبو طالب لەسەرەمەرگ دا
ئیبنو ئیسحاق رەحمەتی خوای لێبێ دەفەرموێت:(کاتێ ئەبو طالب نەخۆش کەوت قوڕەیش پێییان گەیشت کە نەخۆشی یەکەی سەختە هەندێکیان لە ناو خۆیاندا بە هەندێکیان وت:حەمزە و عومەر موسوڵمان بوون،وە ئاینەکەی محمد بڵاوبۆتەوە بە هۆزەکانی قوڕەیش دا، با هەموومان بچین بۆلای ئەبو طالب بۆ ئەوەی شتێکمان بۆ وەربگرێت لەو برازایەی یان شتێکی بدەینێ وەڵاهی دەترسین سبەینێ سەروەریمان لە دەست بچێت)،بەم شێوەیە چوون بۆلای ئەبو طالب بۆ ئەوەی پەیمانێک وەرگرن لە پێغەمبەرﷺ وەڕێکەوتن نامەیەکی لەگەڵ ئەنجام بدەن بە ئامادەبوونی ئەبو طالب کەلەسەرەمەرگدا.
بەسەرهاتەکەش هاوەڵی پایەبەرز ئیبنو عەباس ڕەزای خوای لێبێ دەیگێڕێتەوە و دەفەرموێت:(هەندێک پیاوماقوڵانی قوڕەیش چوونە لای ئەبو طالب :لەوانە: عوقبەی کوڕی ڕەبیعە، شیبەی کوڕی ڕەبیعە،ئەبو جەهلی کوڕی هیشام، ئومەیەی کوڕی خەلەف،ئەبو سوفیانی کوڕی حەرب،لەگەڵ هەندێ لە سەرکردەکانی تردا وتیان:ئەی ئەبو طالب :خۆت باش دەزانیت کە چەندە ڕێزی تۆمان لەلا گەورەیە تۆش وا نەخۆش کەوتوویت و لەسەر جێگەدای و ئێمە ترساوین لەوەی کە لەو نەخۆشیەدا تیابچیت وە دەزانیت چی هەیە لەنێوان ئێمەو برازاکەت دا،بانگی بکەو شتێکمان بۆی لێ وەرگرە،وە شتێکیش لە ئێمە وەرگرە بۆ ئەو باوازمان لێبێنێت و ئێمەش وازی لێبێنین وئەو دوورکەوێتەوە لە خۆمان و ئاینمان تا ئێمەش دوورکەوینەوە لە خۆی و ئاینەکەی،ئەبو طالب ناردی بە شوێن پێغەمبەر ﷺ دا و پێغەمبەریش ﷺ هات و پێی وت:ئەی برازا ئەمانە سەرکردەکانی هۆزو خزمانی خۆتن کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی شتێکت بدەنێ(واتە:دواکاریت چییە؟)پێغەمبەر ﷺ فەرمووی:ئەی مامە تەنها یەک شتم بدەنێ دەبن بە سەرکردەی عەرەب و عەجەمیش سەرانەیان پێ دەدەن ئەگەر ئەو وشە یە بڵێن؟ئەبو جەهلیش بە خۆشحاڵانە وتی: ئەوە دە وشەش بۆ تۆ، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی:بڵێن(لاالە الا اللە)و واز بهێنن لەو بتانەی کە دەیپەرستن.موشریکەکان دەستیان کرد بە چەپڵە لێدان و وتیان:ئەی موحەمەد دەتەوێت خواکان بکەیت بە یەک خوا ئەمە شتێکی زۆر سەیرە ئیتر هەندێکیان بە هەندێکیان دەوت:وەڵاهی ئەم پیاوە هیچ شتێکتان پێ نادات لەوەی کە ئێوە دەتانەوێت بڕۆن وازی لێ بهێنن لەسەر ئاینی باوک وباپیرانتان بەردەوام بن، هەتا خوای گەورە یەکلایی دەکاتەوە لە نێوان ئێوە و موحەمەدا ئینجا ڕۆیشتن......).
هەروەها ئیبنو عەباس خوا لێی ڕازیبێ دەفەرموێت سورەتی:(ص وَالْقُرْآنِ ذِي الذِّكْرِ ( ۱)بَلِ الَّذِينَ كَفَرُوا فِي عِزَّةٍ وَشِقَاقٍ ( ۲ ) )(ص) سەبارەت بەو کۆڕو کۆمەڵە لە کاتی سەرەمەرگی ئەبوطالب دا هاتە خوارەوە کە ئەبو جەهل و کۆمەڵەکەی بەرپەرچی پێغەمبەر ﷺ یان دایەوە....).
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ژیانی پێغەمبەری خوا ﷺ لە قورئان و فەرموودەکاندا
نوسینی:محمد ملا فائق شارەزووری
بەرگی یەکەم-چاپی دووەم
ص:۱٥٤-۱٥٥
|