بەخێربێن بۆ پێگەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
لە ژيانى پێغەمبەر (ﷺ) فيربووم : سەركردەى لێهاتوو شوێن كەوتوو بەرهەم ناهێنێت ، بەڵكو سەركردەى وەك خۆى دروست دەكات .
چه‌ند وته‌یه‌كی جوان: 1ـ ئارامی‌ عیباده‌تێكه‌ به‌بێ‌ زه‌حمه‌ت ، هه‌یبه‌تيكه‌ به‌بێ‌ قودره‌ت ، قه‌ڵایه‌كه‌ به‌بێ قه‌ڵغان ، سه‌ركه‌وتنێكه‌ به‌بێ‌ چه‌ك. 2ـ ماڵێك كه‌ هیچ كات وێران نابێت عه‌داله‌ته‌. 3ـ نه‌خۆشیه‌ك ده‌رمانی‌ نییه‌ بێ ئه‌قڵیه.‌ 4ـ شیرینیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆرێت به‌ تاڵی‌ هه‌واو ئاره‌زوویه‌. ‌5ـ تاڵیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆريت به‌شیرینی‌ صه‌بر و ئارام گرتنه‌. 6ـ ئه‌گه‌ر پشووی‌ لاشه‌ به‌كه‌می‌ خۆراكه‌ ئه‌وا پشووی‌ دڵ و ده‌روونیش به‌كه‌می‌ گوناهه.‌
پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرمان بێت كه‌ تاوه‌كو زستان ساردو سه‌ختتر بێت ئه‌وا به‌هاری رازاوه‌ترو جوانتر دێته‌ پىش چاو.
علی كوری به‌بو تالیب (ره‌زای خوای لى بێت) ده‌فه‌رموێت: دونیا وه‌كو مار وایه‌، رواڵه‌تی بریقه‌داره‌و ناخی هه‌ڵگری ژه‌هرێكی ترسناكه‌، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ گه‌مژه‌یه‌و ناحاڵیه‌، ئه‌وه‌ی لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ خاوه‌نی ژیریه‌.
پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لەشاری مەککە
 چوونە ناو ئیسلام سەرەڕای دژایەتی کردن و ئازاردان
07/12/2019
بینین: 1872

سەرەڕای ئەو هەموو ڕێگرتن و هێرشانە دژ بە موسوڵمانان بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ خەڵکی دەرەوەی شاری مەککە هاتن و موسوڵمان بوون قوڕەیشیەکانیش دوای ئەو هەموو ئەشکەنجەدان و ئازار و پڕو پاگەندە و ناشیرنکردن و ئابڕوبردن و بوختان کردنە دژ بە موسوڵمانان و هەموو ئەو شتانە،بەڵام خەڵک پێیان هەڵنەخەڵەتان و هەندێکی تر موسوڵمان بوون و خوای گەورە ڕێنموی کردن بۆ ئیسلام لەوانەش:

۱-موسوڵمان بوونی ئەبو زەڕی غەفاری رضی الله عنه:
ئەبو زەڕ یەکێکە لە هاوەڵە دێرین و بەڕێزەکانی پێغەمبەر ﷺ کە پیاوێکی خێڵێک بوو لە بەنی غەفار ناوی جوندوبی کوڕی جەنادەیە کە بەناوبانگە بە ئەبو زەڕ،پێغەمبەر ﷺ لە بارەیەوە دەفەرموێت:(ما اظلت الخضراء ولا اقلت الغبراء من ذی لهجة اصدق من ابی ذر)واتە:(تا ئێستا زەوی نەیگرتوەتە خۆ وە درەخت سێبەری نەکردوە بەسەر ڕاستگۆتر لە ئەبو زەڕ).
بەنو غیفار چەتەو دز بوون ڕێگەیان بە حەجیەکان دەگرت و ڕوتیان دەکردنەوە وە ناوبانگیان بە دزو چەتە دەرکردبوو، سەبارەت بە موسوڵمان بوونی ئەبو زەڕ خوا لێی ڕازیبێ دەگێڕێتەوە و دەفەرموێت:
ڕیوایەتی یەکەم:(من پیاوێک بووم لە بەنی غەففار پێمان گەیشتبوو کە پێغەمبەرێک خوای گەورە ناردویەتی لە شاری مەککە، پیاوێک پێغەمبەرایەتی خۆی ڕادەگەیەنێت منیش بەبراکەمم وت:(وەرە سواربە بچۆ بۆ ئەو شیوە (واتە: شاری مەککە )هەواڵی ئەو کابرایەم بۆ بهێنەرەوە کە پڕوپاگەندەی ئەوە دەکات کە پێغەمبەرە وە هەواڵی لە ئاسمانەوە بۆ دێت بچۆو گوێ بۆ قسەکانی بگرەو پاشان هەواڵەکەم بۆ بهێنەرەوە).
خێرا براکەم کەوتە ڕێ تا گەیشتە ئەو پێغەمبەرە، کە گەڕایەوە لێم پرسی ووتم :چی بوو؟ وتی:وەڵاهی پیاوێکم بینی فرمانی بەچاکە دەکردو ڕێگەی دەگرت لە خراپە وە خوڕەوشت جوانی بڵاو دەکردەوە قسەکانی هیچی لە شعر ناچێ، منیش پێم وت:هەر ئەمەیە وەڵامەکەت؟ وەڵاهی وڵامی چاکت بۆ نەهێناومەتەوە، منیش گۆچانێکم هەڵگرت لەگەڵ چارۆکەیەک و مەشکۆڵەیەک ئاو بەرەو شاری مەککە چووم بەڵام پێغەمبەرم ﷺ نەدەناسی و نەشم دەوێرا لەکەس پرسیار بکەم،لەوێ لای بیری زم زم لام داو ئاوم خواردەوە و لای کەعبە مامەوە تاکو شەوم بەسەردا هات.
ئیمامی علی رەزای خوای لێبێ بەلامدا تێپەڕی و پێی وتم: ئەڵێی پیاوێکی غەریبی ؟ منیش وتم:بەڵێ ،وتی:دەبابچینەوە ماڵەوە، منیش لەگەڵیدا چوومەوە نە ئەو هیچ پرسیارێکی لێ کردم و نە منیش دەموێرا هیچ پرسیارێکی لێ بکەم و هیچی بۆ بگێڕمەوە کە ڕۆژم لێ بوەوە ماڵ ئاوایم لێ کرد و چوومەوە بۆ لای کەعبە بۆ ئەوەی یەکێکم دەست بکەوێت پرسیاری لێبکەم کەسیش پێی نەدەوتم چییەو لە کوێیە؟ تاکو شەوی دووەم بەو شێوەیە بەسەردا هاتەوە دیسان ئیمامی علی هاتەوە میوانداری کردمەوە وە ڕۆژی سێیەمیش هاتەوە سەیری کردم من هەر لە جێی خۆمم پێی وتم: ئەوە چییە؟ ئەڵێی هەر غەریبیت؟ وتم :بەڵێ، کەتێپەڕی بەلامدا وتی:باشە ئەم پیاوە نازانێ جێگەی خۆی کوێیە و بۆچی هاتووە؟ منیش وتم نەخێر، وتی:وەرە لەگەڵمدا منیش لەگەڵیدا ڕۆشتم و چومە ماڵەوە، ئینجا لەماڵەوە پێی وتم: ئەرێ باشە تۆ چیت و بۆچی هاتویت وە چی تۆی هێناوەتە ئێرە؟ منیش وتم:ئەگەر لای کەس باسی نەکەیت من بۆت دەگێڕمەوە بۆچی هاتووم......

لەڕیوایەتێکی تردا)ئەگەر تۆ پەیمانم بدەیتێ ئەوەی من دەمەوێ بۆم بدۆزیتەوە ئینجا منیش پێت دەڵێم بۆچی هاتووم وتی:باشە چیت دەوێت منیش ئەوەت بۆ دەکەم.
منیش وتم:بیستومە کە پیاوێک بانگەوازی پێغەمبەرایەتی دەکات  ئا لێرەدا پەیدابووە، وە منیش برایەم نارد بۆ ئەوەی قسەی لەگەڵدا بکات گەڕایەوە هەواڵێکی بۆ نەهێنام وە منیش پێم خۆشبوو خۆم بیناسم و بزانم کێیە؟ ئیمامی علی رەزای خوای لێبێ فەرمووی :باش هاتویت ڕاست دەکەیت بەڵێ ئەوە پێغەمبەری خوایە وە منیش (ان شاء اللە)دەچم ۆ لای ئەو پاشان کە بەیانیمان لێ بوەوە وتی:دوامکەوە بەهەرشوێنێکدا ڕۆیشتم دوور بەدوور وەرە بەدوامدا ئەگەر من یەکێک لە کافرانم بینی کە بترسم یەخەت پێ بگرێت و بڵێت ئەوە چی دەکەیت لێرە،من یەکسەر دەچمە لای دیوارەکەوە نەعلەکانم دادەنێم بۆ ئەوەی  بزانێت کە من خەریکی چاککردنی نەعلەکەمم تۆش بزانە ئەوە یەکێکە لەکافرەکان و لێی دوور بکەوەرەوە(واتە:خۆت بشارەوە)،دەفەرموێت:بەم شێوەیە ڕۆیشتم بەدوایدا هەتا لەگەڵیدا چوومە ئەو شوێنەی کە پێغەمبەری ﷺ تیابوو ئینجا چوومە خزمەتی و پێم وت:ئەی پێغەمبەری خوا ﷺ ئیسلامم پێ ڕابگەیەنە،پێغەمبەر ﷺ ئیسلامی پێ ڕاگەیاندم وە هەرلەوێ دا دەست بەجێ موسوڵمان بووم ،دوای موسوڵمان بوونم، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی:(( ئەبو زەڕ موسوڵمان بوونی خۆت ئاشکرا مەکە و بگەڕێوە بۆ وڵاتەکەی خۆت کەپێت گەیشت ئێمە خوای گەورە شکۆمەندی کردووین و بەدەسەڵاتین ئەو کاتە بگەڕێوە لامان)).
لە ڕیوایەتێکی تردا دەفەرموێت :فەرمووی((بگەڕێوە بۆ ناو کەس و خزمانت و هەواڵی منیان پێ بگەیەنە هەتا من هەواڵت بۆ دەگێڕمەوە))منیش وتم :سوێند بەوەی کە تۆی بەحەق ناردووە تا هێزم هەبێ بەئاشکرا بە گوێیاندا دەدەم کە من موسوڵمان بووم هەر ئەو ڕۆژە هاتم بۆ لای کەعبە و قوڕەیش هەموویان لەوێ دانیشتبوون،منیش ڕووم کردە هەموو سەرکردەکان کە لەلای(دار الندوە)(مەلەء)ی بەرامبەر کەعبە دانیشتبوون وتم:هۆ کۆمەڵانی قوڕەیش من شایەتی دەدەم کە هیچ خوایەک نییە تەنها(اللە)نەبێت وە موحەمەدیش پێغەمبەری خوایەﷺ ..
هەموویان بۆم هەستان وتیان:هەست بۆ ئەم بێ دینە ئینجا هەموویان ئەوەندەیان لێدام تا وایان لێکردم کە خەریک بوو بمرم ؟ دەفەرموێت:ئەمەندەیان لێدام تاکو عەباس گەیشتە سەرم وخۆی دا بەسەرم دا و ڕووی کردە ئەوان و وتی :ماڵتان وێران بێت ئەمە پیاوێکە لە بەنی غەففار(چۆن دەتوانن وای لێبکەن ئێوە ڕێگەی بازرگانیەکەتان لەلای بەنی غیفارە ئەمەش پیاوێکە لە غیفار بۆ وای لێدەکەن؟)
دەفەرموێت:یەکسەر لێم دورکەوتنەوە بۆ بەیانی دیسان چوومەوە بەردەمیان وە بەهەمان شێوەم پێ وتنەوە، ئەوانیش بەهەمان شێوە بۆم ڕاپەڕین و لێیان دامەوە و بەهەمان شێوەش عەباس لەولاوە بووهاتەوە و خۆی دایەوە بەسەرمدا و ئەوانی لێ دوورخستمەوە وتی :ماڵتان نەشێوێت ئەمە لەبەنی غەفارە کاروانەکانتان بەلای ئەماندا تێدەپەڕێت بۆ وای لێ دەکەن دەفەرموێت:ئیتر لێم دوورکەوتنەوە....
ڕیوایەتی دووەم:ئەبو زەڕ خوا لێی ڕازیبێ دەفەرموێت: یەکەم شتێک کەوای لێکردم موسوڵمان ببم ئەوە بووئێمە  قەومێک بووین عەرەب  بووین(واتە:خێڵەکی بووین) قات و قڕییەکمان بەسەردا هاتبوو ئێمە و هەندێ لە کەسانی قەومی غەفاری خۆمان کەلە (الشهر الحرام)دا دادەبەزین و کۆچمان دەکرد من و براکەم کە ناوی ئونەیس بوو لەگەڵ دایکم دا بەڕێ کەوتین و چووین بۆ لای خاڵێکمان لە ناوچەی نەجد، چووین بۆ لای و یارمەتی داین بەڵام خزمانی ئەو خاڵەمان ڕقیان لە ئێمە هەڵگرت و حەسودیان پێ بردین.
لە ڕیوایەتێکی تردا دەفەرموێت:(پیاوێک لە پیاوانی خزمی خۆی ئەمەی زانی کەوتە فیتنە گێڕان و چوو بۆ لای خاڵۆکەم وە پێی ڕاگەیاند و وتی:کاتێک تۆ دەچیت بۆ لای لەوەڕاندنی وشترەکەت ئونەیس دەچێت لەگەڵ خێزانەکەت دا زینا دەکات دەفەرموێت:کە خاڵۆم ئەم هەواڵەی پێ گەیشت دڵی تەزاندو نارەحەتی کرد و منیش چووم بۆ لای خاڵۆ بینیم وشترەکانی من و براکەم و دایکمی بەڕەڵاکرد وە پێم وت: چییە چیبووە، ئەویش ئەو هەواڵەی پێ ڕاگەیاندم کەچی پێ وتراوە منیش پێم وت:خوا ئێمە دوور دەخاتەوە لەوە، ئێمە کەسانێکین خۆمان لەکاری خراپ دەپارێزین، هەرچەندە برسیەتی و قات و قڕی ڕووی تێکردووین بەڵام ئەو چاکەیەی تۆ کردت لەگەڵمان لەم دواییەدا لێڵت کردن هەرگیز لەگەڵ تۆدا دانانیشین، ئیتڕ ڕانە وشترەکەمان دایە پێش خۆمان و هەرچیەکمان هەبوو پێچامانەوە و کەوتینە ڕێ و خاڵەکەشمان دەستی کردە گریان و نارەحەت بوو، ئێمەش بەجێمان هێشت تا گەیشتینە نزیک شاری مەککە، کە گەیشتینە ئەوێ براکەم وتی: من کابرایەکی شاعیرم و ئەچم بۆ لای کابرایەکی شاعیر تا گرەو بکەم لەسەر شعر(واتە: گرەو بکەن لەسەر ئەوەی کامیان شاعیرێکی باشترە)گرەوەکەش بەم جۆرە بوو ئەم چەند وشترێک دادەنێت و ئەویش چەند وشترێک دادەنێت وە کامیان شیعرەکەی باشتر بوو شایەتی پێدرا ئەوە وشترەکانی ئەو دەبات، چونکە ئەم شاعیر ترە لە ئەو، ئینجا وتی:من دەچم و ڕێگرم لە کابرایەکی شاعیر ؟ منیش وتم :واز بێنە مەڕۆ وتی:هەر دەڕۆم وای لێ هات هەتا توشی بوو بە تووشی (دوریدی کوڕی صومە) کەوتە گرەو لەگەڵیدا براکەم وتی:گرەو لەسەر هەموو وشترەکان دەکەم کە شیعرەکەی من چاکترە لە هی تۆ ؟ ئەویش وتی :ئەوا منیش ئەوەندە وشتر دادەنێم کە شیعرەکەی من بەهێزترە.
پاشان دەفەرموێت:سوێند بەخوا دورید یەکێ بوو لە شاعیرە گەورەکان براکەم لە چاو ئەودا هەر شیعری نەدەزانی ئینجا هەردوکیان وتیان:باشە بابچین ئەوە بوو هەردوکیان چوون بۆ لای خەنساء کە یەکێک بوو لە شاعیرە بەرزەکان خەنساء گوێی لە شیعری هەردوکیان گرت ئەوەی ڕاگەیاند کە شیعری براکەم چاکترە لە شیعری دورەید دەفەرموێت:براکەم شیعرەکەی باشتر نەبوو بەڵام لەبەر ئەوەی دورەید پیاوێکی پیر بوو چوو بوو بۆ داوای خەنساء لای باوکی لەوکاتەوە خەنساء ڕقی لێ هەڵگرتبوو وتی:نەخێر تۆ شاعیر نیت ئونەیس شاعیرە وشعرەکەی باشترە دەفەرموێت:چی وشتر هەبوو هەمووی دەست ئونەیس کەوت و وە گەڕایەوە وشترەکانی هێنا بۆیە وشترەکانمان زۆر بوون،.


ئونەیس وتی:وەڵاهی من ئیشێکم بە مەککە هەیە با بڕۆم بەڵام تۆ ئاگات لە وشترەکان بێت دەفەرموێت:ئونەیس گەیشتە کەعبەو درەنگ هاتەوە دوای ئەوە وتم :ئەوە چیت کرد لەمەککە؟ئونەیس وتی:وەڵاهی گەیشتم بە پیاوێک لەمەکە لەسەر ئاینی تۆیە وا ڕادەگەیەنێت کە پێغەمبەرە منیش وتم :ئەی خەڵک چی پێدەڵێن ؟ وتی :یەکێ دەڵێ و یەکێ دەڵێ فاڵچی یە و یەکێکی تر دەڵێ سیحر بازە،ئونەیس وتی: خۆمن شتێک دەزانم قسەکانی ئەو پێغەمبەرە نەلە قسەی فاڵچی دەچێت و نەلەقسەی شاعیر وەڵاهی قسەی هەر بۆ شیعر ڕێک ناکەوێت وەڵاهی ئەو پیاوە ڕاست دەکات و ئەوان درۆدەکەن.
ئەبو زەڕ خوا لێی ڕازیبێ دەفەرموێت: کە ئونەیس ئەمەی وت منیش پێم وت:تۆ ئاگات لە وشترەکان بێت بابڕۆم بزانم ئەم باسە چۆنە، ئەویش وتی:باشە منیش چوم بۆ مەککە و بەلای تەپۆڵەکەی صەفا تێپەڕیم پیاو ماقوڵانی قوڕەیش لەوێ بوون وە زوتر بیستبووم کە ئەوان پێی دەڵێن :فاڵچییەو شاعیرە و سیعر بازە منیش نەم دەوێرا لە کەس پرسیار بکەم وتم با لەیەکێکی زۆر بێدەسەڵات پرسیار بکەم کە هیچی پێ نەکرێ پیاوێکی وام دۆزییەوە پێم وت: ئەو کابرایە کە ئێوە پێی دەڵێن بێ دینە لە کوێیە؟ ئەویش ئیشارەتی کرد بۆ لای من (ٚواتە:خەڵکی لێ ئاگادار کردمەوە ) ئینجا بەمنی وت:ئا ئەوە بێ دینەکەیە دەی بینن کە لەو بەرەوە (واتە:دەستی ڕاکێشا بۆ لای پێغەمبەر ﷺ منیش هەنگاوم هەڵهێنا بۆ ئەوەی بەرەو لای پێغەمبەر ﷺ بڕۆم وە ماوەی بەرد هەڵدانێک دورکەوتمەوە ئینجا چی پیاوی گەورە و ماقوڵانی قوڕەیش هەیە لەگەڵ سەرجەم خەڵکی دۆڵ و شیوی مەککە هەیە بە بەرد و بەدار و بە ئێسقان بەربونە من و خەڵتانی خوێنیان کردم هەتا لە هۆش خۆم چوم کاتێ هاتمەوە هۆشی خۆم تەماشادەکەم من وەک پەیکەرێکی سورم هەموو گیانم خوێناوی بووە.
‌وە هاتم بۆ لای بیری زم زم و خوێنەکانم شت وە لە ئاوەکەیم خواردەوە و چوومە پەنای کەعبەو لە نێوان پەردەی کەعبەدا ماوەی سێ شەو سێ ڕوژ لەوێ مامەوە هیچ خواردنێکم نەبوو تەنها ئاوی زم زم نەبێ خوردمەوە تا قەڵەوبوم ورگیشم گەورەبوو بەهیچ جۆرێک لە ماوەی ئەو مانگەدا برسێتیم بەخۆمەوە نەدیبوو وە لە شەوێکی مانگە شەودا دانیشتوی مەککە سەرجەم خەویان لێکەوتبوو منیش لای کەعبە بوم لەو کاتەدا دوو ئافرەت لە خوزاعە تەوافیان دەکرد  وەهاواریان لە ئیساف و نائیلە دەکرد). 
‌لە ڕیوایەتێکی تردا دەفەرموێت:یەکێکیان دەیوت:ئەی ئیساف کوڕێکم پێ ببەخشە ئەوەی تریشیان دەیوت:ئەی نائیلە ئەوە و ئەوەم پێ ببەخشە لەکاتی تەواف کردنیاندا بە دەوری کەعبەدا هاتن بەلای مندا تێپەڕین منیش سەرم دەرهێنا لە ژێر پەردەی کەعبەوە و پێم وتن:یەکێکیان سواری ئەوی تریان بکەن ئەوانیش وازیان نەدەهێنا لە پاڕانەوەیان لە ئیساف و نائیلە و تەوافیان دەکرد بۆ دووەم جار گەڕانەوە بۆ لای من پێم وتن:ئایە کونێک وەک بەرد بێت هاواری لێدەکەن، دەفەرموێت:کونیەکەشم بەکارنەهێنا ئەوانیش زۆر توڕەبوون وتیان:وەڵاهی ئەگەر پیاوانمان لێرە دەبوون ئێستا تۆ لێرە بەهیچ جۆرێک توانای ئەو قسانەت نەدەبوو بیڵێیت ئینجا ڕۆیشتن وە منیش لە پەردەکانی کەعبە هاتمە دەرێ بەدوایاندا ئەوان ڕۆیشتن بە هاوارو واوەیلا دەیان وت:ئەگەر یەکێک لە خزمانی خۆمان ئامادە دەبوو ، ڕۆشتن تاوەکو گەیشتن بە پێغەمبەر ﷺ لەگەڵ ئەبوبەکردا خوا لێی ڕازیبێ لە کێوی حەڕا هاتبوونە خوارەوە و ئەوانیش گەیشتن بەو دوو ئافرەتە، پێغەمبەر ﷺ لەهەردووکیانی پرسی فەرمووی: چیتانە؟ وتیان:بێ دینێک لای کەعبەیە لە ژێر پەردەی کەعبەدا، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی:چی پێ وت؟وتیان: قسەیەکی وتوە دەم پڕدەکات قسەیەکی گەورەیە، پێغەمبەریش ﷺ زەردەخەنەیەک گرتی و ئەوان ڕۆیشتن، وە پێغەمبەر ﷺ هات بۆ لای کەعبە و دەستی هێنا بەبەردە ڕەشەکەدا و تەوافی کرد بە چواردەوری کەعبەدا خۆی و و هاوەڵی بەڕێزی ئەبوبەکر خوا لێی ڕازیبێ و نوێژی کرد کە تەواو بوو ئینجا من یەکەم کەس بووم کە یەکەم جار بە سەلامی ئیسلامیانە سڵاوم لە پێغەمبەر ﷺ کرد وتم:(السلام علیک یا رسول اللە)دوای ئەوە پێغەمبەرﷺ وڵامی دایەوە فەرمووی :(وعلیک السلام ورحمە اللە و برکاتە)فەرمووی :تۆ کێی؟ وتم :من لە غیفارم ، دەفەرموێت:غیفاریش چەتە بوون حاجی یان ڕووت دەکردەوە هەر ئەمەم وت :پێغەمبەر  ﷺ ئاوا دەستی گرت بە ناوچەوانییەوە و لە دڵما وتم پێی ناخۆش بوو کە من لە غیفارم وە ویستم دەستی لە ناوچاوانی بکەمەوە، ئەبوبەکر وای لێکردم کە وازی لێ بهێنم چونکە ئەو شارەزا تربوو بە پێغەمبەر ﷺ لەمن. ئینجا پێەمبەر ﷺ دەستی بە ناوچەوانی لابردوو فەرمووی: لە کەیەوە لێرەی ؟ وتم:سێ شەوو سێ ڕۆژی ڕەبەقە لێرەم، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی کێ نانی پێ دای؟ وتم هیچ نانێکم نەبوو تەنها ئاوی زم زم نەبێت دەم خواردەوە تا پێی قەڵەو بووم و هەتا ورگیشم گەورە بوو وە هیچ برسیشم نەبووە فەرمووی:(انها مبارکة انها طعامطعم).
واتە:ئاوی زم زم موبارەکە خواردنە بۆ ئەو کەسەی کە پێویستی بە خواردن بێت.

ئەبوبەکر خوا لێی ڕازیبێ وتی:ئەی پێغەمبەر ﷺ ڕێگەم بدە با میوانداری بکە و خواردنی پێ ببەخشم پێغەمبەر ﷺ ڕازیبوو ، ئینجا ڕۆیشت و ئەبوبەکریش دەستی گرتم هەرسێکمان بەرەو ماڵی ئەبوبەکر کەوتینە ڕێ و چووینە ژورەوە ئەبوبەکر هەندێ مێوژی بۆ هێنانین لە مێوژی (طا ئیف)مشت مشت ئەیخستە بەردەممان و لێمان دەخوارد، ئەویش یەکەم خواردنم بوو لە کاتی چوونم بۆ شاری مەککە دەستم کەوتبوو ئینجا هاتمە خزمەت پێغەمبەر ﷺ و پێی وتم: ئەی ئەبو زەڕ ؟وتم:بەڵێ، فەرمووی:(اما قد وجهت الی ارض ذات نخل لااراها الا یثرب فهل انت مبلغ عنی قومك) واتە:من نێرراوم بەرەو خاکێکی دار خورماوی وا تێ دەگەمم تەنها یثریب بێت ئایا تۆ لە جیاتی من پەیامی من دەگەیەنیت بە قەومەکەت بەڵکو خوای گەورە لە ڕێی تۆوە سوودیان پێ ببەخشێت وەببێتە پاداشت بۆت.
لە ڕیوایەتێکی تردا دەفەرموێت:پێغەمبەر ﷺ پێی فەرمووم: (ٳلحق بقومك فٳذا بلغك ظهوري فٲتني)واتە: بچۆ بگەڕێرەوە بۆلای خزمانی خۆت و ئەگەر بیستت کە خوا منی سەر خستووە ئینجا بگەڕێرەوە بۆلام.
ئەبو زەڕ خوا لێی ڕازیبێ دەفەرموێت:ئینجا منیش گەڕامەوە بۆ لای دایکم و ئونەیسی برام ماوەیەکی زۆرم پێ چوو بوو نەگەڕابوومەوە بۆلایان ئونەیس هەر لە دوورەوە منی بینی گریاو وتی:ئەی براکەم وام دەزانی کوژراوی چونکە زۆر زۆرت پێ چوو تا گەڕایتەوە،ئەبو زەڕ خوا لێی ڕازیبێ دەفەرمووێت:منیش وتم:چووم موسوڵمان بووم و محمدم بە ڕاست خستەوە و شایەتیم داوە کە هیچ خوایەک نییە تەنها (اللە) نەبێت وە محمد بەندەی خوایە و پێغەمبەری خویە، ئونەیس دوای ئەوە پێی وتم:ٚهیچ ڕایەکم نیە لەو ڕایەی کە تۆ هەڵتبژاردووە جیاوازتر بێ سەبارەت بەو ئاینە وە منیش موسوڵمان دەبم و بەڕاستی دەزانم ، ئەبو زەڕ خوا لێی ڕازیبێ دەفەرموێت:ئونەیسی براشم لەگەڵم دا موسوڵمان بوو، ئینجا چووین بۆ لای دایکمان، و کەچاوی کەوت بە من ، دەستی کرد بە گریان و وتی:کوڕەکەم وام دەزانی کە کوژراوی ماوەیەکی زۆرە نەهاتویتەوە چیت بەسەر هات؟ منیش وتم: گەیشتم بە هاوەڵەکەم و شایەتیم دا کە تەنها(اللە)خوایە محمدیش پێغەمبەری خودایەﷺ دایکم وتی:ئەی ئونەیسی برات چی کرد ؟ پێم وت :ئونەیس موسوڵمان بوو، دایکیشم وتی:من هیچ ڕایەکم نیە لەوەی کە ئێوە هەڵتان بژاردوە جیاوازتر بێت ، ئەوا منیش موسوڵمان دەبم و بەڕاستی دەخەمەوە ، ئینجا کۆچ و باری وشترەکانمان پێچایەوەو کەوتینە ڕێ بەرەو عەشیرەتی خۆمان(واتە:بەنی غیفار) کە گەڕاینەوە ناو خزمانمان هەمو هۆزەکەم ئاگادار کردەوە لە پەیامی ئیسلام و نیوەیان موسوڵمان بوون، پێش ئەوەی پێغەمبەر ﷺ کۆچ بکات بۆ مەدینە.وە لەو ماوەیەش دا (ئیمائی کوڕی ڕوخسە)سەرکردەی بەنی غیفار پێش نوێژی بۆ دەکردن وە نیوەکەی تریان وتیان:وەڵاهی جارێ موسوڵمان نابین تا پێغەمبەر ﷺ کۆچ نەکات بۆ مەدینە، دوا بەدوای کۆچ کردنی پێغەمبەر ﷺ بۆ مەدینە نیوەکەی تریشیان موسوڵمان بوون......).
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ژیانی پێغەمبەری خوا ﷺ لە قورئان و فەرموودەکاندا
نوسینی:محمد ملا فائق شارەزووری
بەرگی یەکەم-چاپی دووەم
ص:۱۳٥-۱٤۳

زیاتر

1
Copyright. All Rights Reserved.
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پارێزراوه بۆ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا،
هه‌رکه‌سێک بابه‌ته‌کان کۆپی بکات پێویسته ئاماژه به‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بکات که‌ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودایه