 ئەو ئازارو ئەشکەنجانەی تووشی هاوەڵانی پێغەمبەر بوون ️ ﷺ .
٧- عەبدوڵڵای کوڕی مەسعود:
ڕێبازی پێغەمبەر️ ﷺ لەمامەڵەکردنی ژیرانە بوو، بەنەرم ونیانی لەگەڵ سەرکردەو سەرۆك هۆزەکاندا مامەڵەی دەکرد، بەهەمان شێوە لەگەڵ مناڵان و گەنجاندا، باسی چاوپێکەوتنی خۆیمان بۆ دەکات لەگەڵ پێغەمبەر️ ﷺ و دەفەرموێت: گەنجێك بووم شوانیم دەکرد بۆ عوقبەی کوڕی ئەبی نوعەیت، جارێك پێغەمبەر ﷺ و ئەبوبەکر بەلامدا تێپەڕین و پێی فەرمووم: شیرت لادەستدەکەوێت؟ وتم: بەڵێ، بەڵام من ئەم مەڕانەم پێ سپێردراوە، وتی: مەڕێکت هەیە بەران بەسەریدا نەپەڕێبێت؟ دەڵێ منیش مەڕێکم بۆی هێنا و دەستی هێنایە سەر گوانەکانیدا وشیریان لێ هاتە خوارەوە، لەقاپێکدا خۆی و ئەبوبەکر لێیان خواردەوە، ئینجا بەگوانەکەی وت: بکشێرەوە، ئیتر گوانەکە کشایەوە، دەڵێت دوای ئەوە چوومە لای پێغەمبەر️ ﷺ و پێم وت: ئەی پێغەمبەری خوا، لەو قسانەم فێربکە، وتی: ئەویش دەستی هێنا بەسەرمداو فەرمووی:(( خوای گەورە ڕەحممت لێبکات تۆ لاوێکی فێرکراوی)).
بەم شێوە دوو وشە بوون بەمایەی موسڵمان بوونی: یەکەمیان ئەوە بوو کە دەربارەی خۆی وتی من ئەو مەڕانەم پێ سپێردراوە، دووەمیشیان قسەکەی پێغەمبەر️ ﷺ (( تۆ لاوێکی فێرکراوی)) ئەم وشە کاریگەری گەورەی بوو لەژیانی عەبدوڵڵای کوڕی مەسعوددا، کە دواتر بوو بەیەکێک لەسەرانی زانست لەنێو هاوەڵاندا ڕەزای خوایان لێبێت، عەبدوڵڵا چووە نێو کاروانی بڕوادارانەوەو، بوو بەیەکێک لەپێشکەوتووەکان، هەر لەسەرەتاوە موسڵمان بوو، هەر دوو کۆچەکەشی کردو، ئامادەی بەدرو هەموو جەنگەکانی تربوو، پەیوەست بوو بە پێغەمبەر️ ﷺ و نەعلەکانی بۆ دادەنا.
یەکەمین کەس قوڕئانی بەدەنگی بەرز خوێندەوە:
سەرەڕای ئەوەی کەئیبنو مەسعود هاوپەیمان بوو، هۆزێکیشی نەبوو پارێزگاری لێبکات، سەرەڕای ئەوەی کەزۆر لاوازو قاچ باریك بوو، هەموو ئەوانە ڕێگرنەبوون لە پیشاندانی ئەوپەڕی ئازایەتی و دڵقایمی، چەندین هەڵوێستی جوانیشی هەبوو، لەوانە قوڕئان خوێندنی بەدەنگێکی بەرزو گەیاندنی بەگوێ و دڵە داخراوەکانیان، بەم شێوەیش ئەو بووە یەکەم کەس قورئانی بەئاشکرا خوێند پاش پێغەمبە️ر ﷺ لەمەککە، ڕۆژێك هاوەڵانی پێغەمبەر️ ﷺ کۆبوونەوەو وتیان: قوڕەیش هەرگیز گوێیان لەقوڕئان نەبوە بدرێتە گوێیاندا، ئایا کێ دەتوانێ ئەو کارەبکات ، عەبدوڵڵای کوڕی مەسعود فەرمووی: من! وتیان: دەترسین خراپت بەسەر بهێنن، کەسێکمان دەوێت خاوەن عەشیرەت بێت، بەرگری لێبکرێت، وتی: وازم لێبهێنن، خوای گەورە بەرگریم لێدەکات: ئینجا ئیبنو مەسعود هات تاگەیشتە لای مەقام و قوڕەیش لەشوێنەکانی خۆیاندا بوون، عەبدوڵڵا دەستی کرد بەخوێندنەوە( بسم الله الرحمن الرحيم) ئینجا دەنگی بەرزکردەوە:{الرَّحْمَٰنُ (١) عَلَّمَ الْقُرْآنَ} (الرحمن: ١_٢) سوڕەتەکەی خوێندەوەو، ئەوانیش تێڕادەمان و دەیانوت: ئەوە( ابن ام عبد) وتی چی؟ ئینجا وتیان ئەوە ئەو شتانە دەخوێنێتەوەکە موحەممەد هێناوێتی، ئیتر ڕۆیشتنە لای لە دەموچاوییان دەدا تاگەیشتە ئەوەندەی کە خوای گەورە ویستی، بەڵام دەم و چاوی بریندار بوو، هاوەڵان پێیان وت: لەمە دەترساین، ئەویش وتی: دوژمنانی خوا ئێستا بەلامەوە پڕوپوچترن، ئەگەر پێتان باشە سبەینێ یش دەیدەم بە گوێیاندا، وتیان: نەوەڵڵا، بەسە ئیتر، ئەوەی کەلەسەریان ئاستەم بوو دات بەگوێیاندا.
ئەم کارەی عەبدوڵڵای کوڕی مەسعود بەرەنگارییەکی کردەیی بوو بۆ قوڕەیش، کەخۆی ڕانەگرت بەرانبەر ئەو هەڵوێستە، چاونەترسی عەبدوڵڵا بەئاشکرا تێبینی دەکرێت سەرەڕای ئەو ئازارو ئەشکەنجەی کەتووشی بوو.
٨- عوسمانی کوڕی مەزعون رضى الله عنه:
کاتێك موسڵمان بوو، بەنو جومەحی عەشیرەتی، ئومەییەی کوڕی خەلەف لەهەموویان زۆرتر ئازاری دەدا، بۆیە لەدوای دەرچوونی بۆ حەبەشە هۆنراوەیەکی نووسی تیایدا سەرزەنشتی ئومەییەی دەکرد، عوسمان ماوەیەك لەحەبەشە مایەوە، بەڵام دوایی گەڕایەوە لەگەڵ ئەو موسڵمانانەی کە گەڕانەوە، نەشیتوانی بچێتە مەککە بەداڵدەدانی وەلیدی کوڕی موغیرە نەبێت، بۆ ماوەیەکیش بێ مەترسی و بەدڵنیایی لەپەنایدا دەهات و دەڕۆیشت، بەڵام کاتێك هاوەڵانی پێغەمبەری️ ﷺ ی بینی چیان بەسەر دێت، خۆیشی لەچ حاڵێکی باشدایە، خۆی لەبەرچاوکەوت و، وتی: سوێند بەخوا ئەم هاتوچۆیەم لەپەنای پیاوێکی بتپرستدا بەبێ مەترسی و، هاوڕێکانم ئەم هەموو کارەسات و دەردەسەریە دەبینن، کەمو کورتیەکی گەورەیە لەدەرونمدا.
ئیتر چووە لای وەلیدی کوڕی موغیرە وپێی وت: ئەی ئەبو عەبدوشەمس، گەردەنت ئازاد بوو، داڵدەدانەکەت بۆ دەگێڕمەوە، وتی: لەبەرچی ئەی برازا؟ دەترسم ئازار درابیت، وتم: نەخێر، بەڵام من پەنای خوام پێ باشەو، پەنا بۆ کەسی تر نابەم، وتی: کەواتە بچۆ لەمزگەوتەکە بەئاشکرا پەنا دانەکەم بگێڕەوە، وەکو چۆن بەئاشکرا داڵدەم دای، ئیتر پێکەوە بەڕێکەوتن بەرەو مزگەوتەکەو لەبەر چاو خەڵکیدا ئەوەی ڕاگەیاند، دوای عوسمان ڕۆیشت بۆ کۆڕێك لەکۆڕەکانی قوڕەیش ولەگەڵیان دانیشت، لەبیدی کوڕی ئەبی ڕەبیعەی شاعیریش لەوێ بوو، هۆنراوەی بۆیان دەخوێندەوەو دەی وت:( الا کل شئ ماخلا الله باطل)هەموو شتێك جگە لەخوا بەتاڵە، عوسمان وتی: ڕاستت کرد، ئینجا لەبید بەردەوام بوو لەهۆنراوەکەیدا وتی: هەموو خۆشیەکیش هەر دەبێت تەواوبێت، عوسمان وتی: درۆت کرد، خۆشی بەهەشت هەرگیز تەواو نابێت، لەبید وتی: ئەی کۆمەڵانی قوڕەیش، لەکۆڕەکانتاندا کەس ئەزێت نەدەدرا، کەی ئەمەتان تیادا دروست بوو، یەکێك لەدانیشتوان وتی: ئەوە نادانێکە لەنادانەکانمان، لەئایینمان هەڵگەڕاونەتەوە، دڵگران مەبە لێی، عوسمانیش بەتوندی بەرپەچیدانەوە، یەکێك لەخەڵکەکە هەڵساو لەعوسمانی دا، لەو کاتە وەلیدی کوڕی موغیرە نزیك بوو سەیری دەکرد، وتی: ئەی برازا، دەتتوانی چاوت بەسەلامەتی بمایەتەوە، تۆ لەپەنایەکی قایم دابووی، عوسمان وتی، سوێند بەخوا حەزدەکەم چاوە ساغەکەشم لەبەرخوا وای لێبێت و جگە لەپەنای خوا لەپەنای کەسی تردا نەبم، ئینجا دووبارە وەلید پێشنیاری داڵدەدانی عوسمانی کرد، بەڵام ئەو هەر ڕەتیکردەوە، ئەوەیش بەڵگەیە لەسەر ئیمانی بەهێزی عوسمان و، چاوەڕوانکردنی بۆ چاکەو پاداشتی لای خوا، بۆیە کاتێك لەدونیا دەرچوو، ئوممو عەلای ئەنصاری لەخەوندا بینی چاوێکی هەیە دەگەڕێت، پێغەمبەر️ ﷺ فەرمووی: (( ذلك عملە)) واتە: ئەوە کردەوە کانێتی.
ئاوەها دەبینین چۆن ئەو کۆمەڵە لاوەی قوڕەیش بەپیری بانگەوازی پێغەمبەر️ ﷺ دەهاتن و دەورەیان لێدەدا، سەرەڕای هەڵوێستی توندوتیژی باوك و خزمانیان بەرانبەریان، هەموو ئیمتیازی خۆیانیان لەدەست دا کەپێش موسڵمان بوونیان هەیان بوو، لەپێناو ئیسلامدا، ئازارو چەرمەسەری زۆریشیان چەشت، ئەوەیش دەرئەنجامی کارتێکردنی ئیمانە لەدڵەکاندا ئەمەو، ئەشکەنجە تەنها کورتهەڵنەهاتبوویە سەر پیاواندا، بەڵکو ژنانیش پشکی زۆریان لەو ئەشکەنجانە بەرکەوت، بەهۆی موسڵمان بوونیان، وەکو سومەییەی کچی خەییات و، فاتیمەی کچی خەتتاب و، لەبیبەی کچی بەنی موئەممیل و، زننیرەی ڕومیەو، نەهدییەو کچەکەی و، ئوممو عوبەیس و، حەمامەی دایکی بیلال و زۆری تریش.
ژیاننامەی پێغەمبەرمان لێکۆلینەوەو شیکردنەوەی ـ دکتۆر علی محمد صلابی لا ٢٤١ـ۲٤٥
وەرگێڕان ــ احسان برهان الدین
شوێنی چاپکردنی ــ نارین
السيرة النبوية عرض وقائع وتحليل أحداث ـ الدكتور علي محمد الصلابی/ ص٢٤١ــ٢٤٥
ترجمة ـ احسان برهان الدین
دار النشرـ نارین
|