 حەج کردنى (أبو بکر) بە موسوڵمانان
( ابن هشام) دەڵێ : پێغەمبەر ﷺ لە مانگى (ذي الحجة) لە ساڵی نۆیەمدا ئەبو بەکر لە جیاتى خۆى دەکاتە (أمیر) ى حەج و ، ژمارەیەکى زۆر لە موسوڵمانان لە مەدینە و شوێنەکانى دیکەوە لە خزمەتیدا دەڕۆن بەرەو مەککەو ، قوربانی (هدي)یش لەگەڵ خۆیان دەبەن ، ئەبو بەکر خوا لێی ڕازى بێ ، لەجیاتى پێغەمبەر ﷺ پێنجەمین پایەى ئیسلام (حەج) بە موسوڵمانان ئەنجام دەدا ، کە زۆر لە زانانیان دەڵێن (حەج) هەر لە ساڵى نۆیەمیشدا پێویست کراوە ، چونکە ساڵەکانى پێشتر ، مەککەو ئەو شوێنانەى کە واجبى حەجیان لێ ئەنجام دەدرا ، لە ژێر ڕکێف و دەسەڵاتى کافرەکاندا بوون ، خواى کاربەجێش ئەرکێک ناخاتە سەر شانى موسوڵمانان کە تواناى بەجێهێنان و ئەنجامدانى ئەو ئەرکەیان نەبێ ، بەڵام دواى ئەوەى کە ئەبو بەکر کەوتە ڕێ ، پێغەمبەر ﷺ سەرەتاى سووڕەتى (التوبة)ى بۆ دادەبەزێ ، کە وا پێدەچێ لە ئایەتى : (١تا ٢٤) بێ ، چونکە پەیوەندى بەم باسەوە هەیە ، بۆیە پێغەمبەر ﷺ (علی بن أبی طالب)ى ئامۆزاى خوا لێی ڕازى بێت ، ڕادەسپێرێ کە لە جیاتى پێغەمبەر ﷺ ئەو پەیامە بگەیەنێ بە موسوڵمانان ، کە ئایەتەکان بەم شێوەیە دەست پێ دەکەن :
{بَرَاءَةٌ مِنَ اللَّهِ وَرَسُولِهِ إِلَى الَّذِينَ عَاهَدْتُمْ مِنَ الْمُشْرِكِينَ (١) فَسِيحُوا فِي الْأَرْضِ أَرْبَعَةَ أَشْهُرٍ وَاعْلَمُوا أَنَّكُمْ غَيْرُ مُعْجِزِي اللَّهِ وَأَنَّ اللَّهَ مُخْزِي الْكَافِرِينَ (٢) وَأَذَانٌ مِنَ اللَّهِ وَرَسُولِهِ إِلَى النَّاسِ يَوْمَ الْحَجِّ الْأَكْبَرِ أَنَّ اللَّهَ بَرِيءٌ مِنَ الْمُشْرِكِينَ وَرَسُولُهُ ...(٣)} التوبة .
واتە : { ئەمە ڕاگەیاندنى حاشا لێ کردن و پەیوەندى پچڕاندنى خواو پێغەمبەرى خوایە لەگەڵ هەموو ئەوانەى کە پەیمانتان لەگەڵ بەستوون لە هاوبەش بۆ خوا دانەران ، چوار مانگ مۆڵەتە کە بە زەویدا بڕۆن ، وە بزانن کە ئێوە خواتان پێ دەستەوستان ناکرێ ، وە خوا کافران سەرشۆڕ دەکا ...}
دوایی خواى پەروەردگار دەفەرموێ :
{إِلَّا الَّذِينَ عَاهَدْتُمْ مِنَ الْمُشْرِكِينَ ثُمَّ لَمْ يَنْقُصُوكُمْ شَيْئًا وَلَمْ يُظَاهِرُوا عَلَيْكُمْ أَحَدًا فَأَتِمُّوا إِلَيْهِمْ عَهْدَهُمْ إِلَى مُدَّتِهِمْ إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُتَّقِينَ (٤)} التوبة .
واتە : { بێجگە لەو هاوبەش بۆ خوا دانەرانەى ، کە پەیمانتان لەگەڵ بەستوون ، وە شتێکیشیان لێ دەرنەکەوتووە ، پێچەوانەى ئەو پەیمانە بێت ، کە لە نێوانتاندا هەیە ، وە هاوکارى هیچ دوژمنێکیشیان نەکردووە لە دژى ئێوە ، ئەوانە پەیمانەکەیان لەگەڵ بەرنە سەر ، تا ئەو کاتەى کە پەیمانتان لەگەڵدا بەستوون چونکە خوا پارێزکارانى خۆش دەوێت } .
هەروەها لە ئایەتێکى دیکەداو هەر لە هەمان باسدا دەفەرموێ : {...إِلَّا الَّذِينَ عَاهَدْتُمْ عِنْدَ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ ...(٧)} التوبة ، واتە { جگە لەوانەى کە لاى مزگەوتى حەڕام پەیمانتان لەگەڵدا بەستوون} ، کەواتە : ماناى ڕۆشن و بەهێز بۆ تەفسیرى ئەو ئایەتانە ئەوەیە کە : لێرەدا خواى زانا دەیەوێ هەموو کافرەکان ئاگادار بکاتەوە کە جگە لەوانەى پابەند بوون بە پەیمانەکانیانەوە ، ئەوانى دی هەموویان پەیمانەکانیان بە هەڵوەشاوە لەقەڵەم دەدرێ ، بەڵام چوار مانگ مۆڵەتیان بۆ دادەنرێ( لەو کاتەوە کە هەواڵەکەیان پێ دەگات تا چوار مانگ ) موسوڵمان دەبن ، یان بە کافریی دەمێننەوە ، یاخود کۆچ دەکەن ، دواى ئەو چوار مانگە دەکەونە حاڵەتى جەنگەوە ، ئەو کاتە یان دەبێ موسوڵمان بن ، یان سەرانە بدەن ، یان سەروماڵیان بۆ موسوڵمانان حەڵاڵ دەبێ ! دیارە لە سۆنگەى ئەوەوە نا کە کاقرن ، بەڵکو لە سۆنگەى پەیمان شکێنى و دژایەتی کردنیانەوە بۆ ئیسلام و موسوڵمانان .
هەروەها خواى بێ هاوتا هەر لەو بارەوە دەفەرموێ :
{يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِنَّمَا الْمُشْرِكُونَ نَجَسٌ فَلَا يَقْرَبُوا الْمَسْجِدَ الْحَرَامَ بَعْدَ عَامِهِمْ هَذَا... (٢٨) } التوبة ،
واتە : ئەى ئەوانەى ئیمانتان هێناوە ! هاوبەش بۆ خوا دانەرەکان پیسن (وەک دڵ و هەناوو ڕووحیان) بۆیە لە دواى ئەمساڵەوە نابێ توخنى مزگەوتى حەڕام بکەون ، (چونکە هیچ پەیوەندییان بەماڵی خواوە نیە، ماڵى خوا هی ئەو کەسەیە کە خوا دەپەرستێ و ماڵی خوا پاکەو هی پاکانە ).
دواى ئەوەى کە ئەو ئایەتانە هاتنە خوار پێغەمبەر ﷺ بانگى (علی بن أبی طالب) دەکاخوا لێی ڕازى بێ و پێی دەفەرموێ : ئەو ئایەتانە لەبەر بکە ، وە لەجیاتى من بچۆ لەسەر موسوڵمانان بیانخوێنەوە ، یەکێک لە موسوڵمانان پیشنیار دەکات و دەڵێ: ئەى پێغەمبەرى خوا بۆ (أبو بکر) یان بنێرە ! ئەویش دەفەروێ : نا ، دەبێ یەکێ لە بنەماڵەو خزمانى خۆم بەناوى منەوە ڕایبگەیەنێ ، دیارە ئەوە لەبەر ئیعتیبارى عورف و باوى کۆمەڵگا بووە ، چونکە تیرەو هۆزەکانى عەرەب ئەو شتانەیان لێک داوەتەوەو (علی) یش ئامۆزاى پێغەمبەر ﷺ بووە ، بۆیەش لێرەدا ئاماژە بەوە دەکەم ، چونکە هەندێک لە (شیعە) بێ ویژدانن بەرانبەر بە (أبو بکر) خوا لێی ڕازى بێ ، درۆو دەلەسەى زۆریان خستۆتە نێو ئەو باسەوەو دەڵێن : پێغەمبەر ﷺ دواى ئەوەى (أبو بکر)ى ناردووە (علی) بە دواى ئەودا ناردووەو ئەوى کردۆتە ئەمیر، وە (أبو بکر)ى لە ئەمیرێتى خستووە کە بەڕاستى ئەوە بێ بنچینەیەو هەڵبەستراوە .
(ابن هشام) لەو بارەوە دەڵێ : کاتێک عەلى دەگاتە لاى ئەبو بەکر خوا لە هەموویان ڕازى بێ ، (أبو بکر) دەپرسێ : { أأمیر أم مأمور؟!} واتە : ئەمیرى یاخود سەربازى ؟! (علی)یش دەڵێ : { بل مأمور} ، بەڵکو سەربازم ، واتە : لەبەر دەستى تۆم ، بەڵام پێغەمبەر ﷺ هەندێک ئایەتى بۆ هاتوونە خوار ، منى ڕاسپاردووە کە بیانخوێنمەوە ، ئینجا عەلی خوا لێی ڕازى بێ لە عەڕەفات و لەو شوێنە گشتییانەى کە خەڵکیان لێ کۆدەبێتەوە ئایەتەکان ڕادەگەیەنێ و دەڵێ : {ياأيها الناس : إنه لا يدخل الجنّة كافر، ولا يحج بعد العام مشرك ، ولا يطوف بالبيت عريان} ، واتە : ئەى خەڵکینە ! ئەوەى کافر بێ ناچێتە بەهەشت ، لەم ساڵیش بەدواوە هیچ کەسێکى هاوبەش دانەر نابێ حەج بکات لەگەڵ موسوڵمانان ، وە لەمەو دوا نابێ کەس بە ڕووتیی بەدەورى (کەعبە)دا تەواف بکا! چونکە هەنێک لە تیرەو هۆزەکانى عەرەب پیاوو ئافرەتیشیان بە ڕووتیی بە دەورى (کەعبە)دا تەوافیان کردووەو پییان وابووەو گوتوویانە : ئەو بەرگەى کە گوناهمان پێوە کردووە ، شایستەى ئەوە نیە ، لەبەرماندا بێ و بەدەورى ماڵی خوادا بگەڕێین !!
بەو شێوەیە پیاوو ئافرەتیان بە ڕووتیی تەوافیان کردووە ، هەر بۆیەش پێغەمبەر ﷺ ئەو ساڵە بۆ خۆى نەچووەو (أبو بکر)ى لە جیاتى خۆى ناردوە ، چونکە شتێکى گونجاو نیە پێغەمبەر ﷺ لەوێ بێ و ئافرەتى ڕووت و پیاوى ڕووتیش بەدەورى (کەعبە)دا تەواف بکەن ! وە پێغەمبەر ﷺ ئەو ساڵە (أبو بکر)ى ناردووە حەج بە خەڵکەکە بکات ، (علی)یشى ناردووە ، کە ئەو پەیامەیان پێ ڕابگەیەنێ ، بۆ ئەوەى ساڵی ئایندە کە پێغەمبەر ﷺ چوو بۆ حەج ، حەجێکى تێرو تەواو بێ و هیچ شتێکى ناشایستەى تێدا نەبێ .
________________________
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ / عەلى باپیر
لاپەڕە / (٦٩٤-٦٩٨)
|