بەخێربێن بۆ پێگەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
لە ژيانى پێغەمبەر (ﷺ) فيربووم : سەركردەى لێهاتوو شوێن كەوتوو بەرهەم ناهێنێت ، بەڵكو سەركردەى وەك خۆى دروست دەكات .
چه‌ند وته‌یه‌كی جوان: 1ـ ئارامی‌ عیباده‌تێكه‌ به‌بێ‌ زه‌حمه‌ت ، هه‌یبه‌تيكه‌ به‌بێ‌ قودره‌ت ، قه‌ڵایه‌كه‌ به‌بێ قه‌ڵغان ، سه‌ركه‌وتنێكه‌ به‌بێ‌ چه‌ك. 2ـ ماڵێك كه‌ هیچ كات وێران نابێت عه‌داله‌ته‌. 3ـ نه‌خۆشیه‌ك ده‌رمانی‌ نییه‌ بێ ئه‌قڵیه.‌ 4ـ شیرینیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆرێت به‌ تاڵی‌ هه‌واو ئاره‌زوویه‌. ‌5ـ تاڵیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆريت به‌شیرینی‌ صه‌بر و ئارام گرتنه‌. 6ـ ئه‌گه‌ر پشووی‌ لاشه‌ به‌كه‌می‌ خۆراكه‌ ئه‌وا پشووی‌ دڵ و ده‌روونیش به‌كه‌می‌ گوناهه.‌
پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرمان بێت كه‌ تاوه‌كو زستان ساردو سه‌ختتر بێت ئه‌وا به‌هاری رازاوه‌ترو جوانتر دێته‌ پىش چاو.
علی كوری به‌بو تالیب (ره‌زای خوای لى بێت) ده‌فه‌رموێت: دونیا وه‌كو مار وایه‌، رواڵه‌تی بریقه‌داره‌و ناخی هه‌ڵگری ژه‌هرێكی ترسناكه‌، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ گه‌مژه‌یه‌و ناحاڵیه‌، ئه‌وه‌ی لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ خاوه‌نی ژیریه‌.
خێزان و هاوەڵانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
 ئەو ئازارو ئەشکەنجانەی تووشی هاوەڵانی پێغەمبەر بوون ﷺ
04/12/2019
بینین: 1551

۱ــ ئەبوبەکر ڕەزای خوای لێبێت:
هاوەڵان ئەوەندەیان لەئازارو ئەشکەنجە بەسەرهات کە چیاکانیش توانای هەڵگرتنیان نەبوو، ماڵ و گیانی خۆیان بەخت کرد لەپێناوی خوادا، ئەبوبەکر ڕەزای خوای لێبێت ئازاری زۆر درا، خۆڵیان بەسەردا کرد، لەلای کەعبەدا بەنەعل لێیانداو، دوایی خرایە ناو پۆشاکێك وبرایەوە بۆ ماڵ لەحاڵەتێکی نزیك لەمەرگدا، عائیشە ڕەزای خوای لێبێت دەگێڕێتەوە، کاتێك هاوەڵانی پێغەمبەرﷺ کۆبوونەوە، کەسی و هەشت کەس دەبوون، ئەبوبەکر ڕەزای خوای لێبێت جەختی دەکرد لەسەر ئەوەی کەخۆیان ئاشکرا بکەن، پێغەمبەرﷺ دەیفەرموو: ((یا ابابكر ٳنا قلیل)) واتە: ئەی ئەبوبەکر هێشتا کەمین. ئەوەندە ئەبوبەکر جەختی دەکرد تاپێغەمبەرﷺ خۆی ئاشکرا کرد، موسڵمانانیش بەناو مزگەوتەکەدا بڵاوەیان دەکرد، هەریەکەو بۆلای عەشیرەتی خۆی، ئەبو بەکریش دەستی کرد بە وتاردان بۆ خەڵکی، پێغەمبەریشﷺ دانیشتبوو، بۆیە ئەبوبەکر یەکەمین وتار بێژە کەبانگەوازی کردووە بۆلای خواو پێغەمبەرﷺ، بتپەرستەکان هەڵیان کوتایە سەر موسڵمانان و ئەبوبەکریان خستە ژێر پێیان وبەسەختی لێیاندا، ئینجا عوتبەی کوڕی ڕەبیعە بەدوو تاکە نەعلەوە لەئەبو بەکری دەدا، دوای ئەوە خزم و کەسەکانی هاتن لەناو پۆشاکێکدا بردیانەوە، گومانیشیان نەبوو کە مردووە، ئینجا بەنو تەیم گەڕانەوە ناو مزگەوتەکەو وتیان سوێند بەخوا ئەبوبەکر بمرێت، عوتبەی کوڕی ڕەبیعە دەکوژین، ئینجا ئەبو قوحافەی باوکی و خزمانی قسەیان لەگەڵ دەکرد تاوەڵامی دایەوەو، وتی: پێغەمبەرﷺ چی بەسەرهات؟ ئەوانیش قسەیان پێ کرد و بەدایکیان وت: خواردنێکی بدەرێ، کاتێك هەردووکیان لەژوورەکەدا مانەوە زۆر جەختی لەسەر زانینی هەواڵی پێغەمبەرﷺ کرد، دایکیشی وتی: سوێند بەخوا ئاگام نییە لەهاوڕێکەت چی بەسەر هاتووە، وتی: بڕۆ بۆلای ئوممو جەمیلی کچی خەتتاب وپرسیاری لێبکە، ئەویش چوو پرسیاری کرد، ئوممو جەمیل وتی: نەئەبوبەکرو نەموحەممەد ناناسم، خۆ ئەگەر پێت خۆشە لەگەڵت دێم بۆلای کوڕەکەت، وتی : بەڵێ کاتێك هات و حاڵی ئەبو بەکری بینی، هاواری کرد وتی: سوێند بەخوا کەسانێك ئەم کوڕەی تۆیان واڵێکردووە بێباوەڕو بێ ڕەوشتن، خوای گەورە تۆڵەی کوڕەکەت لە ئەوانە بسێنێتەوە، ئەبو بەکر وتی: ئەی پێغەمبەرﷺ چیکرد؟ وتی: ئەوە دایکت دەبیسێ، وتی: مەترسە لەدایکم، وتی: ساغ و سەلامەتەو لەماڵی ئەرقەمە، وتی: سوێند بەخوا نان و ئاو ناخۆم تاپێغەمبەرﷺ نەبینم، ئەوانیش لەکپی شەودا بردیانە لای پێغەمبەرﷺ، لەوێ پێغەمبەری خواﷺو موسڵمانان باوەشیان پیاکردو ماچیان کرد، پێغەمبەرﷺ زۆر دڵی تەنگ بوو بۆ حاڵی، ئەبوبەکر فەرمووی: ئەی پێغەمبەری خوا باوك و دایکم بەقوربانت بێت، زۆر باشم هەندێك دەموچاوم نەبێت، ئەوەیش دایکمە دوعای بۆ بکە، پێغەمبەریشﷺ دوعای بۆ کردو ئەویش موسڵمان بوو.

وانەو پەندو سوودەکان:

ٲـــ  پەرۆشی ئەبوبەکر بۆ ڕاگەیاندنی ئیسلام و، ئاشکراکردنی بەرانبەر بێباوەڕان، ئەمەیش ئاماژە دەکات بۆ پتەوی باوەڕو ئازایەتی، ئەوەندە ئەشکەنجەی بینی خزمەکانی گومانیان نەدەکرد کەمردووە.

ب ـــ خۆشەویستی ئەبوبەکر بۆ پێغەمبەرﷺ، چونکە لەوکاتە ناڕەحەتەدا پرسیاری دەکردو دەی وت کەنان و ئاو ناخوات تانەیبینێ، لەکاتێکدا توانای هەڵسانی نەبوو.

ج ـــ دەمارگیری هۆزایەتی ڕۆڵی خۆی هەبوو لەوکاتەدا، هۆزی ئەبوبەکر سەرەڕای ئەوەی بتپەرست بوون هەڕەشەیان لەعوتبەدا بیکوژن  ئەگەر ئەبوبەکر بمرێت.

د ـــ هەستی هێمنی لەلای ئوممو جەمیل ڕەزای خوای لێبێت، کەوا لەچەندین ڕەفتاردا دەرکەوت، لەوانە:

*شاردنەوەی کەسایەتی وزانیاری لەڕێگەی نکۆڵی کردن:
کاتێك ئوممو لخەیر پرسیاری کرد لەئوممو جەمیل دەربارەی جێگای پێغەمبەر ﷺ، نکۆڵی کرد لەناسینی ئەبوبەکر و موحەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا، ئەمەش وریایی بوو لەئەوەوە، چونکە تائەو کاتە ئوممو لخەیر موسڵمان نەبوو، ئومموجەمیلیش موسڵمانێتی خۆی دەشاردەوە، جێگای پێغەمبەرﷺ یشی باسنەکرد نەوەك ئەو ئافرەتە سیخوڕی قوڕەیش بێت.

*قۆستنەوەی هەڵوێست بۆ گەیاندنی زانیاری:
ئوممو جەمیل ویستی خۆی زانیارییەکە بەئەبو بەکر بگەیەنێت ڕەزای خوایان لێبێت، لەکاتێکدا ئەوەی دەرنەخست بۆ دایکی وهەڵوێستەکەشی بۆ بەرژەوەندی خۆی قۆستەوە، بەوەی کە وتی ئەگەر حەزدەکەیت خۆم لەگەڵت دێم، ئینجا بەشێوەیەکی ژیرانەش ئەو پێشنیارەی بەدایکی ئەبوبەکر وت(ئەگەر حەزدەکەیت)، ئینجا وتی دێم بۆ لای کوڕەکەت ونەیووت بۆلای ئەبوبەکر، هەموو ئەمانەش سۆزی دایکایەتی لەلای جوڵاندو ڕازی بوو بەهاتنی وبەخۆی زانیارییەکەی گەیاند.

* قۆستنەوەی هەڵوێست بۆ بەدەستهێنانی سۆزی دایکی ئەبوبەکر:
وادیارە ئوممو جەمیل هەوڵیداوە سۆزی دایکی ئەبوبەکر بەدەست بهێنێ، کاتێك کەبینی ئەبوبەکر بەوشێوەیە ئەشکەنجە دراوە، گریاو دوعای کرد لەئازار دەرانی، بەم شێوەیش خۆشەویستی خۆی کردە دڵی دایکی ئەبوبەکرەوە و بۆ خۆیشی ئاسانتر بوو زانیارییەکە بگەیەنێت.

* دووربینی وپەلەنەکردن لەگەیاندنی زانیاری:
وریایی ودوور بینی ئوممو جەمیل لەوەدا بوو کەدڵنیا نەبوو لەدایکی ئەبوبەکر چونکە هێشتا موسڵمان نەبوو بوو، بۆیە دوو دڵ بوو لەباسکردنی شوێن وحاڵی پێغەمبەرﷺ، تا ئەبوبەکر دڵنیای کردەوە لەدایکی.

* هەڵبژاردنی کاتی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپێری:
کە ئەبوبەکر داوای کرد بچن بۆ ماڵی ئەڕقەم، ئوممو جەمیل یەکسەر ڕازی نەبوو، بەڵکو دواکەوت تاخەڵکی دەنگیان نەما، ئیتر لەکپی شەوداو بەپاڵپێوەدان بەهەردووکیانەوە ئەبوبەکر بەڕێکەوت بۆ ماڵی ئەڕقەم.

دــ یاسای بەخشین لەپاش دەردەسەری، چونکە دایکی ئەبوبەکر موسڵمان بوو، بەهۆی حەزکردنی ئەبوبەکر بۆ موسڵمان بوونی دایکی، بۆیە داوای کرد لەپێغەمبەرﷺ دوعای بۆ بکات.

هـ ــ زۆرترین ئازارو ئەشکەنجە پاش پێغەمبەرﷺ لەناو هاوەڵاندا بۆ ئەبوبەکر بوو ڕەزای خوای لێبێت، ئەویش بەهۆی نزیکی زۆری لەپێغەمبەرﷺو بەشداربوونی لەگەڵیدا لەهەموو ساتە ناخۆشەکانداو، هەمیشە بەرگری لێدەکرد و خۆی بەختدەکرد بۆی، ئەمە لەکاتێکدا کە ئەبوبەکر بەیەکێك لەهۆشمەندان و چاکەکارانی قوڕەیش دەناسرا.
______________________________
السيرة النبوية عرض وقائع وتحليل أحداث ـ الدكتور علي محمد الصلابي/ص ۲۲٤ـــ ۲۲٨

زیاتر

1
Copyright. All Rights Reserved.
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پارێزراوه بۆ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا،
هه‌رکه‌سێک بابه‌ته‌کان کۆپی بکات پێویسته ئاماژه به‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بکات که‌ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودایه