 سەرپشککرانى هاوسەرە بەڕێزەکانى پێغەمبەر ﷺ
کاتێک خێزانەکانى پێغەمبەر ﷺ دەبینن ژیانى هەندجێک لە موسوڵمانان کەمێک خۆش بووەو دەستکەوت و غەنیمەتیان وەرگرتوەو ... هتد ، بەڵام ژیانى ئەوان هەر وەکو خۆیەتى ، چونکە پێغەمبەر ﷺ ژیانى ماڵ و منداڵی زۆر سادە بووە ، عائیشە ڕەزاى خواى لێ بێ دەڵێ : (ان كنا لننظر الى الهلال ثلاثة أهلة في شهرين وما أوقدت في أبيات رسول الله ﷺ نار ، فقلت ما كان يُعَيِّشكم ؟ قالت : الأسودان : التمر والماء) رواه البخاري ، واتە : ئێمە چاوەڕوانمان دەکرد لە دوو مانگاندا سێ جار مانگمان دەبینى ، کە نوێ دەبۆوەو ئاگر لە ماڵەکانى پێغەمبەردا نەدەکرایەوە .
(عروة) دەڵێ : پێم گوت : ئەدى بەچى دەژیان ؟
گوتى : بەدوو شتە ڕەشەکان ، خورماو ئاو ، بۆیە هەموویان داوا لە پێغەمبەر ﷺ دەکەن کە ژیان و گوزەرانیان خۆشتر بکاو نەفەقەو خەرجییان بۆ زیاد بکات و ، بۆ ئەو مەبەستە لێی کۆدەبنەوە ، ئەویش ئەو هەڵوێستەیانى زۆر لەسەر دڵ قورس دەبێ و ماوەى مانگێک یان بیست و نۆ رؤژ لێیان جیا دەبێتەوەو لێیان نیگەران دەبێت ، وە خواش – عزّ وجلّ- بەو بۆنەیەوە چەند ئایەتێک دەنێرێتە خوار ، کە لە سەرەتایانەوە دەفەرموێ :
{ يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ قُلْ لِأَزْوَاجِكَ إِنْ كُنْتُنَّ تُرِدْنَ الْحَيَاةَ الدُّنْيَا وَزِينَتَهَا فَتَعَالَيْنَ أُمَتِّعْكُنَّ وَأُسَرِّحْكُنَّ سَرَاحًا جَمِيلًا (٢٨) وَإِنْ كُنْتُنَّ تُرِدْنَ اللَّهَ وَرَسُولَهُ وَالدَّارَ الْآخِرَةَ فَإِنَّ اللَّهَ أَعَدَّ لِلْمُحْسِنَاتِ مِنْكُنَّ أَجْرًا عَظِيمًا (٢٩)} الأحزاب .
واتە : { ئەى پێغەمبەر! بەهاوسەرەکانت بڵێ : ئەگەر ژیانى دنیاو جوانیى دنیاتان دەوێ ، وەرن هەریەکەتان دیارییەکتان بدەمێ و بەشێوەیەکى جوان بەرهەڵداتان بکەم ، وە ئەگەر خواو پێغەمبەرى خواو ژیانى دواڕۆژیشتان دەوێ ، ئەوە بێگومان خوا بۆ چاکەکاران لە ئێوە پاداشتێکى گەورەى ئامادە کردووە } .
دیارە ئەم ئایەتانە لە ساڵى نۆیەمى کۆچیدا هاتنە خوارێ ، کەواتە ئەو بەسەرهاتەش لەو ساڵەدا بووە ، جا کاتێک ئەو ئایەتانە هاتنە خوار ، پێغەمبەر ﷺ پێش هەموویان (عائشة) بانگ دەکاو پێی دەڵێ : خوا – عزّ وجلّ- ئاوا فەرمانى پێ کردووم ، جا تۆش پەلە مەکە تا باب و دایکت ئاگادار دەکەیەوەو ڕاوێژیان پێ دەکەى ، (عائشة) دەڵێ : پێغەمبەر ﷺ دەشیزانى ، کە باب و دایکم قەت پێم ناڵێن لە پێغەمبەر ﷺ جیا ببمەوە ، دوایی بە پێغەمبەرم ﷺ گوت : لە چیدا پرس بە دایک و بابم بکەم ؟ پێویست ناکات ، من خواو پێغەمبەرى خواو ڕۆژى دواییم دەوێ ، (عائشة) دەڵێ : دوایی هەموو خێزانەکانى دیکەى پێغەمبەر ﷺ هەڵوێستیان وەکو هەڵوێستى من بوو .
ئاشکرایە کە پێغەمبەر ﷺ عائیشەى لە هەموو خێزانەکانى دیکەى زیاتر خۆشویستوە ، چونکە لەهەموو هاوسەرە بەڕێزەکانى دیکە زیاتر بەکەڵکى ئیسلام هاتوەو ، زۆر فامیدەو تێگەیشتوو و ئەهلى تەقوا بووە .
چونکە دەبینین ئەو فەرمایشتانەى کە لەو گێڕراونەتەوە لە هیچ کام لە خێزانەکانى دیکەى پێغەمبەر ﷺ نەگێڕراونەتەوە ، بۆیەش دەڵێم : لەهەموویان بەتەقواتر بووە ، بەبەڵگەى ئەوە کە پێغەمبەر ﷺ خێزانەکانى چەند جارێک گلەییان لێ کردووەو گوتوویانە : تۆ زیاتر ڕوو دەدەیە (عائشة) ، هەڵبەتە مەبەستیان ئەو ڕوو پێدانە بووە کە پێچەوانەى دادگەریی نیە ، پێغەمبەرى خوا ﷺ لە لووتکەى دادگەرییدا بووە ، ئەویش فەرموویەتى : گلەیی چیم لێ دەکەن ! بێجگە لە پێخەفى (عائشة) لە پێخەفى هیچ کامێکتاندا (جبریل) نەهاتووە بۆ لام و وەحى بۆ نەهێناوم !! کەواتە : وا دیارە ئەو لە هەموویان لە خوا نزیکترو صاڵحتر بووە ، هەروەها پێوەرى پێغەمبەریش ﷺ بۆ خۆشویستن پارێزکاریی (تەقوا) بووە ، جا کێیان لە هەموویان پارێزکارتر بووبێ ئەوى لە هەموویان زیاتر خۆشویستووە .
وە (مسلم) هێناویەتى کە (عائشة) خوا لێی ڕازى بێ پاش ئەوەى ڕاى خۆى دەخاتە ڕوو ، دەڵێ : ئەى پێغەمبەرى خوا ! ئەو هەڵوێستەى من بە خێزانەکانى دیکەتە مەڵێ ! پێغەمبەریش ﷺ دەفەرموێ : ئەى (عائشة) خوا منى بەڕەحمەت ناردوە ، هەر کامێکیان لێم بپرسێ هەلوێستى (عائشة) چی بووە ؟ پیی دەڵێم بۆ ئەوەى ئەویش چاو لە تۆ بکا! سەرەنجام هەموو خێزانەکانى پێغەمبەر ﷺ ئەو ژیانە سادەیەى کە لەگەڵ ئەودا دەیگوزەرێنن ئەوە هەڵدەبژێرن ، وە پەشیمانیش دەبنەوە لەو هەڵوێستەى خۆیان کە پێغەمبەرى پێ نیگەران بوو بوو .
________________________
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ / مامۆستا عەلى باپیر
لاپەڕە / (٦٩٩- ٧٠١)
|