 کارەساتى بوختانى (الإفـــــــك)
کارەساتى بوختان کردن بە (عائشة) دایکى موسوڵمانان – خوا لێی ڕازى بێ- ، یەکێکە لەو ڕووداوانەى کە لە کاتى غەزاى (بنی المصطلق)دا ڕوویداوە ، کە هەر کام لە (ابن هشام) و (بخارى) و (مسلم) لەبارەیەوە دواون و باسیان کردوە ، دیارە بوختانەکە زیاتر لەلایەن (عبدالله بن أبی بن سلول) ەوە پەیدا بوو، بەڵام خەڵکێکى دیکەشى تێوە گلاندبوو .
(عائشة) –خوالێی ڕازى بێ – بەدرێژى ئەو بەسەرهاتەى گێڕاوەتەوەو ئەمە کورتەکەیەتى :
دەڵێ : دواى ئەوەى ڕۆیشتین بۆ غەزاى (بنو المصطلق) پاشان گەڕاینەوە بۆ مەدینەو نزیکى مەدینە بووینەوە ، بارگەو بنەمان خست بۆ ئەوەى ئیسراحەت بکەین ، شەو من لەگەڵ ئافرەتاندا چووم بۆ سەرئاو ، ملوانکەیەکم هەبوو لێم بچڕا ، نەشمزانیبوو تا هاتمەوە شوێنى بارکەو بنەکەم ، دوایی کە دەستم بۆ بەرۆکم برد ملوانکەکەم پێ نەمابوو ، کە خۆر هەڵات چووم بۆ ملوانکەکەم بگەڕێم ، هەتا من هاتمەوە شوێنى خۆم ئەوان ڕۆیشتبوون و کەسى لێ نەمابوو ، ئەو کاتە ئافرەتان لە کەژاوەدا هەڵگیرابوون ، کە ژوورێکى بچووکى لە چەرم دروست کراوەو پەردەشى هەبووە و لەسەر حوشتر دانراوە .
عائیشە دەڵێ : ئەو کاتەش ئافرەتان خواردنیان کەم دەخوارد ، کە پیاوەکان کەژاوەکەیان هەڵگرتووە و خستوویانەتە سەر حوشترەکە پێیان سەیر نەبووە کە سووکەو بەبەتاڵیی خستویانەتەسەر وڵاخەکەو وایانزانیوە منى تێدام و ڕۆیشتوون ، دوایی من لە شوێنى خۆم دانیشتم وامزانى بەدوامدا دێنەوەو لەوێ خەوم لێ کەوت ، ئەوەندەى پێنەچوو گوێم لە (استرجاع)ى (صفوان بن المعطل) بوو ، دەیگوت : (انا لله وانا الیه راجعون) ئەوە دایکى موسوڵمانانە لێرە بەجێماوە ، کاتى خۆى پێش ئەوەى پەردە (حجاب) بگیرێتەوە بۆ خێزانەکانى پێغەمبەر ﷺ منى بینیبوو ، بۆیە دەیناسیم، منیش کە ئەوم بینی لەچکەکەم لەخۆمەوە پێچا سوێند بەخوا بەبێ ئەوەى یەک ووشەى لەگەڵ بڵێم یان یەک ووشەم لەگەڵ بڵێ ، هات و حوشترەکەى بۆ یەخ دام و دوورکەوتەوە ، تا سوارى حوشترەکە بووم ، دوایی جڵەوەکەى ڕاکێشاو ڕۆیشتین تا گەیشتینەوە سوپا ، من ئاگام لە هیچ شتێک نەبوو ، نەمزانى کە (عبدالله بن أبی) ئەو بوختانەى بۆ من بڵاو کردۆتەوە ، بەڵام پێغەمبەر ﷺ بیستبووى ، بۆیە ئەو لوتف و خەلقەى جارانى لەگەڵم نەمابوو ، هەتا شەوێک لەگەڵ ئافرەتاندا چووم بۆ سەرئاو ، دایکى (مسطح بن أثاثة) لە کراسەکەى خۆى هەڵئەنگوت و قسەیەکى بە (مسطح) گوت !
منيش گوتم بۆ واى پێ دەڵێی ؟!
گوتى : بۆ نەتزانیوە بوختان بە تۆ کراوەو ئەویش یەکێکە لەوانەى ، کە لەو بوختانەدا بەشدارە ؟
کە ئەوەم لەو ئافرەتە بیست نەمتوانى بچمە سەر ئاو (تارەت بگرم) و هاتمەوە زۆر خەفەتم پێ خوارد و نەخۆش کەوتم ، دوایی پێغەمبەر ﷺ هات و فەرمووى : ئەى (عائشة) من شتێکى ئاواو ئاوام بیستووە ، جا ئەگەر لەو بارەوە بێ تاوانى ئەوە خوا بێ تاوانییەکەت دەخاتە ڕوو ، وە ئەگەر گوناهێکیشت کردبێ داواى لێخۆشبوون لەخوا بکەو بگەڕێوە بۆ لاى ، بەندە کە دان بەهەڵەى خۆیدا بنێ و تۆبە بکا ، خوا تۆبەى قبووڵ دەکات ، دەڵێ : منیش بەبابمم گوت وەڵامى پێغەمبەرى خوام بۆ بدەرەوە !
ئەویش گوتى : بەخوا نازانم لەو بارەوە چى بڵێم !
دوایی بەدایکمم گوت : وەڵامى پێغەمبەرى خوام ﷺ لە جیاتى بدەرەوە !
ئەویش گوتى : بەخوا نازانم چۆن وەڵامى پێغەمبەرى خوا بدەمەوە !
منیش کە ئەو کاتە ئافرەتێکى کەم تەمەن بووم و قوڕئانم زۆر نەخوێندبوو ، گوتم : بەخوا من دەزانم ئەو قسەیەتان بیستووەو لە دڵتاندایە و ئەگەر پێتان بڵێم من بێ تاوانم ، خواش دەزانێ کە بێ تاوانم ، ئەوە لەوانەیە باوەڕم پێ نەکەن ، بەڵام ئەگەر دان بنێم بە شتێکدا کە خواش دەزانێ من لێی بەرییم ئەوە لەوانەیە باوەڕم پێ بکەن ، بەهەر حاڵ هەر ئەوەندەم پێ دەگوترێ ، کە بابى (یوسف) گوتى : ( ئەو کاتە ناوى (یعقوب)یشم لە بیر نەمابوو ) : {... فَصَبْرٌ جَمِيلٌ وَاللَّهُ الْمُسْتَعَانُ عَلَى مَا تَصِفُونَ (18) } یوسف ، واتە : ئارامگرتنێکى جوان (دەکەم بە پیشە) وە یارمەتى لێ وەرگیراو لەسەر ئەوە کە دەیڵێن ، هەر خوایە! ئیدى ڕاکشامەوەو دەستم کرد بە گریان ، هەر لەو کاتەداو لەوێ پێغەمبەر ﷺ کەوتە حاڵەتى (وەحى) بۆ هاتنەوە و یەکسەر ڕاکشاو تا (وەحى)یەکەى تەواو بوو ، ئینجا هەستایەوەو ڕووى موبارەکى دەدرەوشایەوە وەک مانگى چواردەو فەرمووى : { أبشري يا عائشة أمَّا الله فقد برَّأكِ} ، واتە : ئەى عائیشە موژدەت لێبێ ، خوا تۆى بەپاک لەقەڵەمدا ، دایک و بابیشم گوتیان : دەهەستە سوپاسى پێغەمبەر ﷺ بکە ، منیش گوتم : بەخوا جگە لەخوا سوپاسى کەس ناکەم ، چونکە خوا پاکیی منى ناردۆتە خوار ، ئەو ئایەتانەى کە ئەو کاتەش هاتنە خوار ئەمانە بوون :
{ إِنَّ الَّذِينَ جَاءُوا بِالْإِفْكِ عُصْبَةٌ مِنْكُمْ لَا تَحْسَبُوهُ شَرًّا لَكُمْ بَلْ هُوَ خَيْرٌ لَكُمْ لِكُلِّ امْرِئٍ مِنْهُمْ مَا اكْتَسَبَ مِنَ الْإِثْمِ وَالَّذِي تَوَلَّى كِبْرَهُ مِنْهُمْ لَهُ عَذَابٌ عَظِيمٌ (11) لَوْلَا إِذْ سَمِعْتُمُوهُ ظَنَّ الْمُؤْمِنُونَ وَالْمُؤْمِنَاتُ بِأَنْفُسِهِمْ خَيْرًا وَقَالُوا هَذَا إِفْكٌ مُبِينٌ (12) لَوْلَا جَاءُوا عَلَيْهِ بِأَرْبَعَةِ شُهَدَاءَ فَإِذْ لَمْ يَأْتُوا بِالشُّهَدَاءِ فَأُولَئِكَ عِنْدَ اللَّهِ هُمُ الْكَاذِبُونَ (13) وَلَوْلَا فَضْلُ اللَّهِ عَلَيْكُمْ وَرَحْمَتُهُ فِي الدُّنْيَا وَالْآخِرَةِ لَمَسَّكُمْ فِي مَا أَفَضْتُمْ فِيهِ عَذَابٌ عَظِيمٌ (14) إِذْ تَلَقَّوْنَهُ بِأَلْسِنَتِكُمْ وَتَقُولُونَ بِأَفْوَاهِكُمْ مَا لَيْسَ لَكُمْ بِهِ عِلْمٌ وَتَحْسَبُونَهُ هَيِّنًا وَهُوَ عِنْدَ اللَّهِ عَظِيمٌ (15) وَلَوْلَا إِذْ سَمِعْتُمُوهُ قُلْتُمْ مَا يَكُونُ لَنَا أَنْ نَتَكَلَّمَ بِهَذَا سُبْحَانَكَ هَذَا بُهْتَانٌ عَظِيمٌ (16) يَعِظُكُمُ اللَّهُ أَنْ تَعُودُوا لِمِثْلِهِ أَبَدًا إِنْ كُنْتُمْ مُؤْمِنِينَ (17) وَيُبَيِّنُ اللَّهُ لَكُمُ الْآيَاتِ وَاللَّهُ عَلِيمٌ حَكِيمٌ (18) إِنَّ الَّذِينَ يُحِبُّونَ أَنْ تَشِيعَ الْفَاحِشَةُ فِي الَّذِينَ آمَنُوا لَهُمْ عَذَابٌ أَلِيمٌ فِي الدُّنْيَا وَالْآخِرَةِ وَاللَّهُ يَعْلَمُ وَأَنْتُمْ لَا تَعْلَمُونَ (19) وَلَوْلَا فَضْلُ اللَّهِ عَلَيْكُمْ وَرَحْمَتُهُ وَأَنَّ اللَّهَ رَءُوفٌ رَحِيمٌ (20) يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا تَتَّبِعُوا خُطُوَاتِ الشَّيْطَانِ وَمَنْ يَتَّبِعْ خُطُوَاتِ الشَّيْطَانِ فَإِنَّهُ يَأْمُرُ بِالْفَحْشَاءِ وَالْمُنْكَرِ وَلَوْلَا فَضْلُ اللَّهِ عَلَيْكُمْ وَرَحْمَتُهُ مَا زَكَى مِنْكُمْ مِنْ أَحَدٍ أَبَدًا وَلَكِنَّ اللَّهَ يُزَكِّي مَنْ يَشَاءُ وَاللَّهُ سَمِيعٌ عَلِيمٌ (21) وَلَا يَأْتَلِ أُولُو الْفَضْلِ مِنْكُمْ وَالسَّعَةِ أَنْ يُؤْتُوا أُولِي الْقُرْبَى وَالْمَسَاكِينَ وَالْمُهَاجِرِينَ فِي سَبِيلِ اللَّهِ وَلْيَعْفُوا وَلْيَصْفَحُوا أَلَا تُحِبُّونَ أَنْ يَغْفِرَ اللَّهُ لَكُمْ وَاللَّهُ غَفُورٌ رَحِيمٌ (22) إِنَّ الَّذِينَ يَرْمُونَ الْمُحْصَنَاتِ الْغَافِلَاتِ الْمُؤْمِنَاتِ لُعِنُوا فِي الدُّنْيَا وَالْآخِرَةِ وَلَهُمْ عَذَابٌ عَظِيمٌ (23) يَوْمَ تَشْهَدُ عَلَيْهِمْ أَلْسِنَتُهُمْ وَأَيْدِيهِمْ وَأَرْجُلُهُمْ بِمَا كَانُوا يَعْمَلُونَ (24) يَوْمَئِذٍ يُوَفِّيهِمُ اللَّهُ دِينَهُمُ الْحَقَّ وَيَعْلَمُونَ أَنَّ اللَّهَ هُوَ الْحَقُّ الْمُبِينُ (25) الْخَبِيثَاتُ لِلْخَبِيثِينَ وَالْخَبِيثُونَ لِلْخَبِيثَاتِ وَالطَّيِّبَاتُ لِلطَّيِّبِينَ وَالطَّيِّبُونَ لِلطَّيِّبَاتِ أُولَئِكَ مُبَرَّءُونَ مِمَّا يَقُولُونَ لَهُمْ مَغْفِرَةٌ وَرِزْقٌ كَرِيمٌ (26) } النور ، کە ئێمە بەس ئایەتى کۆتاییان تەرجەمە دەکەین ، واتە : ئافرەتانى پیس بۆ پیاوانى پیس و پیاوانى پیسیش بۆ ئافرەتانى پیسن ، وە ئافرەتانى پاک بۆ پیاوانى پاکن و پیاوانى پاکیش بۆ ئافرەتانى پاکن ، ئەوانە بەریین و دوورن لەوەى کە گوتراوە ، وە لێبووردنێکى گەورەو ڕۆزییەکى پڕ حورمەتیان هەیە ( لەلایەن خواوە ) .
هەر لە سووڕەتى (النور)یشدا سزاى بوختان کردن بە ئافرەتى داوێن پاک هاتە خوارێ ، کە هەر کەسێک بوختانى داوێن پیسى بە ئافرەتێک بکاو بەڵگەو شایەدى نەبن ، (٨٠) قەمچى لێ دەدرێ : { وَالَّذِينَ يَرْمُونَ الْمُحْصَنَاتِ ثُمَّ لَمْ يَأْتُوا بِأَرْبَعَةِ شُهَدَاءَ فَاجْلِدُوهُمْ ثَمَانِينَ جَلْدَةً وَلَا تَقْبَلُوا لَهُمْ شَهَادَةً أَبَدًا وَأُولَئِكَ هُمُ الْفَاسِقُونَ (4) } النور .
سەرەنجام سێ هاوەڵى بەڕێز سزا دران و یەکى (٨٠) قەمچیان لێدرا ، ئەو سێ کەسەش بریتی بوون لە (حسان بن ثابت) کە شاعیرى پێغەمبەر ﷺ بوو بەڵام دیارە کەوتۆتە نێو ئەو قسەو باسانەوە ، وە (مسطح بن أثاثة) کە خزمە (أبو بکر) بوو ، هەروەها (حمنة بنت جحش) کە خوشکى (زینب بنت جحش)ى خێزانى پێغەمبەر ﷺ بوو .
(عائشة) –خوا لێی ڕازى بێ – دەڵێ : هەرچەندە زەینەب هەوێشم بوو بەڵام دینداریی و پارێزکارییەکەى ڕێگاى ئەوەى لێگرت کە ناحەق بڵێ ، لە کاتێکدا کە پێغەمبەر ﷺ لەبارەى ئەو مەسەلەیەى منەوە پرسیارى لێکردبوو ، گوتبووى : بەخوا من جگە لە پاکیی و چاکیی هیچى دیکەم لەو ئافرەتە نەبینیوە ، بەڵام خوشکەکەى ، واتە : ( حمنة بنت جحش) لەبەر دەمارگیریی بۆ خوشکەکەى خۆى ، خۆى تووشى ئەو گوناحە کرد ، ئاشکراشە کە دواى ئەوەى ئەو سێ هاوەڵە دارى حەددیان لێدرا ، ئەوە سزاى خۆیان وەرگرتەوە ، لەو گوناحە پاک بوونەوە و هەر هاوەڵى بەڕێزن ، چونکە فەرمایشتى پێغەمبەر ﷺ هەیە کە دەفەرموێ : ( هەرکەسێک کە تاوانێکى کرد ئەگەر سزاى دونیایی لەسەر بدرێ ئەوە لە گوناحەکە پاک دەبێتەوەو سزاى دواڕۆژیشى لەسەر نامێنێ ) .
ئینجا (حسان بن ثابت) چەندان شیعرى لە وەسف و مەدحى (عائشة)دا – خوا لێی ڕازى بێ – گوتوون ، وە ئەوەشى دەرخستووە کە ئەو خۆى قسەى هەڵنەبەستوەو دارى حەددیشى بەس لەبەر ئەوە لێدراوە ، کە قسەکەى گێڕاوەتەوە بۆ خەڵکى ، نەک قسەکەى هەڵبەستبێ و لەوەش پەشیمانە ، ئینجا هەرچەندە دروست کردنى بوختانەکە لەلایەن (عبدالله بن أبی)یەوە بووە ، بەڵام ئەو دارى حەددى لێ نەدراوە ، ئەویش یان لەبەر ئەوەى کە خوا بەڵێنى داوە تووشى سزایەکى گەورەى بکات و حەددیش مایەى کەم کردنەوەى سزایە ، یان لەبەر هەمان ئەو بەرژەوەندییەیە کەلە نەکوشتنەکەیدا ڕەچاو کرابوو ! یان لەبەر ئەوەى بەشێوەیەکى وا قسەکەى نەکردوە کە بەبەڵگە لەسەرى ئیسپات ببێ ، (مسطح)یش کە خزمى ئەبووبەکر – خوا لێی ڕازى بێ – بووەو پێشتریش ئەبووبەکر هاوکاریی کردوە ، دواى ئەوەى لە بوختانەکەى عائیشەدا بەشدار دەبێ سوێند دەخوا کە ئیدى هاوکارى نەکات و دەڵێ : ( والله لا أُنفِقُ علیه شیئاً أبداً) ، بەڵام کاتێک خوا –عزّ وجلّ- ئەم ئایەتە دەنێرێتە خوار : { وَلَا يَأْتَلِ أُولُو الْفَضْلِ مِنْكُمْ وَالسَّعَةِ أَنْ يُؤْتُوا أُولِي الْقُرْبَى وَالْمَسَاكِينَ وَالْمُهَاجِرِينَ فِي سَبِيلِ اللَّهِ وَلْيَعْفُوا وَلْيَصْفَحُوا أَلَا تُحِبُّونَ أَنْ يَغْفِرَ اللَّهُ لَكُمْ وَاللَّهُ غَفُورٌ رَحِيمٌ (22)} النور ، (أبو بکر) دەڵێ : ( والله لأُحِبُّ أن یغفر الله لي ) بەخوا حەزدەکەم خوا لێم خۆشبێ ، ئیدى لە قسەکەى خۆى ژیوان دەبێتەوەو دەست دەکاتەوە بە هاوکاریی کردنى (مسطح) .
ئیستاش با سەرنجى هەڵوێستێکى دایکمان (عائشة)و هەڵوێستێکى ( أبو بکر) ى بابى – خوا لێیان ڕازى بێ – بدەین تاکو زیاتر شارەزاى ئیمانیان ببین :-
١/ (عائشة) دەڵێ : بەخوا من ئەو کاتە دەمزانى بەرییم و خوا پاکییم دەردەخات ، بەڵام بەخوا پێم وانەبوو خوا وەحییەکم لەبارەوە بنێرێتە خوارێ و بخوێنرێتەوە ، وە خۆمم لەلا لەوە کەمتر بوو ، کە خواى زاڵ و شکۆدار بە قورئان قسەم لەبارەوە بکات ، بەڵام ئومێدم وابوو ، کە پێغەمبەرى خوا ﷺ لەخەودا خەون ببینێ و خوا پاکییمى پێ دەربخات .
هەڵبەتە ئەو خۆ لەلا کەمبوونەى دایکمان عائیشەش بووە ، کە ئاوا خواى کاربەجێ بەرزى کردۆتەوە !
٢/ (أبو بکر)یش –خوا لێی ڕازى بێ- کە (مسطح) هەرچەندە بوختان بۆ کچەکەى دەکات و نەڕەچاوى خزمایەتى و نە هاوکاریی و چاکەى ئەبووبەکر ناکات بۆى! بەڵام پاش فەرمايشتى خوا – عزّ و جلّ – لە بڕیارەکەى پەشیمان دەبێتەوەو چاوپۆشى لە هەموو شتێک دەکات بۆ ڕازیکردنى خوا !
چەند ڕاستییەک لەو ئایەتانەى لە کارەساتى (بوختان)دا هاتنەخوار وەردەگیرێن لەوانە :-
١/ تاقیکردنەوەى هەریەک لە پێغەمبەر ﷺ و (أبو بکر) و خێزانى و (عائیشە)و هەڵوێستى شەرعییانەیان بەرانبەرى و تێکنەچوونى هاوسەنگیی (توازن)یان .
٢/ پاکیی و بێ تاوانیی نیشاندانى (عائیشە) و (صفوان بن معطل) لەو مەسەلەیەدا ، چونکە هەر ناونرانى بە هەڵبەستراو (إفك) ئەوە دەگەیەنێ .
٣/ داکۆکی کردنى موسوڵمانان لەسەر پاراستنى شەرەف و نامووسی یەکدی و گومانى باش بەیەک بردنیان .
٤/ ناوزەدکرانى ڕێکخەرانى ئەو بوختان و ئاژاوەیە بە درۆزن و درۆ هەڵبەست .
٥/ پێویستە درکاندنى هەر قسەو هەواڵێک لە ڕووى زانیاریی و لێکۆڵینەوە بێ .
٦/ حەد دەرکردن لە هەر کەسێک شایستەى بێ ، با هاوەڵیش بێ .
٧/ قەدەغەکرانى بڵاوکردنەوەى قسەى فاحیشەو ناقۆڵا لەنێو موسوڵماناندا .
٨/ نەهى کران لە بەدوا کەوتنى هەنگاوەکانى شەیتان کە ئینسان بەرەو هەڵدێر دەبات .
٩/ لێبوردن و چاوپۆشیی و دڵگەورەیی لە ئاست خەتاباراندا .
١٠/ بەرگری کردنى خواى پەروەردگار لە بەندەکانى خۆى و هەڕەشەکردنى لەوانەى درۆو بوختانیان بۆ هەڵدەبەستن .
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ / مامۆستا عەلى باپیر
لاپەڕە / ( ٥٦٥ - ٥٧٢)
|