بەخێربێن بۆ پێگەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
لە ژيانى پێغەمبەر (ﷺ) فيربووم : سەركردەى لێهاتوو شوێن كەوتوو بەرهەم ناهێنێت ، بەڵكو سەركردەى وەك خۆى دروست دەكات .
چه‌ند وته‌یه‌كی جوان: 1ـ ئارامی‌ عیباده‌تێكه‌ به‌بێ‌ زه‌حمه‌ت ، هه‌یبه‌تيكه‌ به‌بێ‌ قودره‌ت ، قه‌ڵایه‌كه‌ به‌بێ قه‌ڵغان ، سه‌ركه‌وتنێكه‌ به‌بێ‌ چه‌ك. 2ـ ماڵێك كه‌ هیچ كات وێران نابێت عه‌داله‌ته‌. 3ـ نه‌خۆشیه‌ك ده‌رمانی‌ نییه‌ بێ ئه‌قڵیه.‌ 4ـ شیرینیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆرێت به‌ تاڵی‌ هه‌واو ئاره‌زوویه‌. ‌5ـ تاڵیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆريت به‌شیرینی‌ صه‌بر و ئارام گرتنه‌. 6ـ ئه‌گه‌ر پشووی‌ لاشه‌ به‌كه‌می‌ خۆراكه‌ ئه‌وا پشووی‌ دڵ و ده‌روونیش به‌كه‌می‌ گوناهه.‌
پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرمان بێت كه‌ تاوه‌كو زستان ساردو سه‌ختتر بێت ئه‌وا به‌هاری رازاوه‌ترو جوانتر دێته‌ پىش چاو.
علی كوری به‌بو تالیب (ره‌زای خوای لى بێت) ده‌فه‌رموێت: دونیا وه‌كو مار وایه‌، رواڵه‌تی بریقه‌داره‌و ناخی هه‌ڵگری ژه‌هرێكی ترسناكه‌، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ گه‌مژه‌یه‌و ناحاڵیه‌، ئه‌وه‌ی لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ خاوه‌نی ژیریه‌.
ژیانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
 ئاکارو ڕەوشتە بەرزو پەسەندەکانى پێغەمبەر ﷺ
26/07/2020
بینین: 282
  • توندیی لە هەق بێژیی و بەرپەرچدتنەوەى ناهەقیدا .
  • نەم و نیانى لە ڕاستکردنەوەى هەڵەى نەزاناندا .
  • خۆش ڕەفتاریی لەگەڵ هاوسەرانیدا.
  • وەفاداریی بۆ هاوسەرەکانى .

 

یەکەم / توندیی لە هەق بێژیی و بەرپەرچدتنەوەى ناهەقیدا :

وەک لەم دەقەدا دەبینرێ کە تەنها وەک نمونەیەک دەیهێنینەوە :

{عن عائشة -رضى الله عنها-: "أن قريشاً أهمهم شأن المرأة المخزومية التي سرقت، فقالوا: من يكلم فيها رسول الله ؟ فقالوا: من يجترئ عليه إلا أسامة بن زيد حِبُّ رسول الله ؟، فكلمه أسامة، فقال رسول الله أتشفع في حد من حدود الله؟، ثم قام فاختطب ثم قالإنما أهلك من كان قبلكم أنهم كانوا إذا سرق فيهم الشريف تركوه، وإذا سرق فيهم الضعيف أقاموا عليه الحد، وأيم الله، لو أن فاطمة بنت محمد سرقت لقطعتُ يداها} أخرجه البخاری برقم (٣٤٧٥) و مسلم برقم (١٦٨٨) .

واتە : قوڕەیش زۆر خەمیان بەو ئافرەتە مەخزوومییەوە هەڵگرت ، کە دزیی کردبوو ، گوتیان : ئایا کێ لە بارەیەوە قسە لەگەڵ پێغەمبەرى خوادا بکات ؟ گوتیان : جا جگە لە ئوسامەى کوڕی زەید ، خۆشەویستى پێغەمبەرى خوا کێ دەوێرێ ئەوە بکات ؟! ئیدى ئوسامە قسەى لەگەڵ کرد ، ئینجا پێغەمبەرى خوا فەرمووى : ئایا لە سزایەک لە سزایەکانى خوادا ( کە جێبەجێ نەکرێ ) تکا دەکەى ؟! پاشان هەڵساو وتاریداو فەرمووى : بەڕاستى ئەوانەى پێش ئێوە ئەوە لە بەینى بردوون ، کە ئەگەر بابایەکى پارەدار دزى کردبایە وازیان لێ دەهێنا ، بەڵام ئەگەر بێهێزێک دزى کردبایە ، سزایان بەسەردا دەچەسپاند ! بەخوا ئەگەر فاتیمەى کچى موحەممەد دزى بکات ، دەستى دەبڕم .

 

دووەم / نەرم و نیانى لە ڕاستکردنەوەى هەڵەى نەزاناندا :

کە دیارە ئەمەش بوارو بازاڕێکى دیکەیە و شێوازێکى دیکەى جیاوازى دەوێ و لەو بارەشەوە بە نمونەیەک واز دێنین :

*{عن أنس بن مالك رضي الله عنه قال: بينما نحن في المسجد مع رسول الله صلى الله عليه وسلم إذ جاء أعرابي فقام يبول في المسجد، فقال أصحاب رسول الله صلى الله عليه وسلم: مَهْ مَهْ، قال: قال رسول الله صلى الله عليه وسلم: ((لا تُزْرِمُوه، دَعُوه))، فتركوه حتى بال، ثم إن رسول الله صلى الله عليه وسلم دعاه فقال له: ((إن هذه المساجد لا تصلح لشيء من هذا البول ولا القذَر، إنما هي لذكر الله عز وجل، والصلاة، وقراءة القرآن))، قال: فأمر رجلًا من القوم فجاء بدلو من ماء، فرشه عليه} أخرجه مسلم برقم ( ٢٨٥)

واتە : لەکاتێکدا ئێمە لە خزمەتى پێغەمبەرى خوادا لە مزگەوتێ بووین ئەعڕابییەک هات هەستا لە مزگەوتێ میز بکات ، هاوەڵانى پێغەمبەرى خوا گوتیان : مەکە ، دەڵێ  : پێغەمبەرى خواش فەرمووی لێیگەڕێن میزەکەى پێ مەبڕن ، ئیدی وازیان لێهێنا هەتا میزى کرد ، پاشان پێغەمبەرى خوا بانگى کرد پیی فەرموو : بێگومان ئەم مزگەوتانە ناگونجێ میزو پیساییان تێدا بکرێ ، بەڵکو تەنیا بۆ یادى خوا عزوجل و نوێژو قوڕئان خوێندنن ، یان وەک پێغەمبەرى خوا فەرمووى ، دەڵێ : ئینجا فەرمانى بە پیاوێک لە خەڵکەکە کردو دۆڵچەیەک ئاوى هێناو بەسەریدا کرد .

سێیەم / خۆش ڕەفتاریی لەگەڵ هاوسەرانیدا :

هەڵبەتە پێغەمبەرى خوا لەگەڵ هەموو کەسدا لە لوتکەى خۆش ڕەفتارییى و ڕووگەشیی و زمان شیرینییدا بووە ، بەڵام بە تایبەت لەگەڵ هاوسەرانیدا ، کە ئاشکراشە ژیانى هاوسەریی بەبێ خۆش ڕەفتاریی و گەشیی و گفت ولفت شیرینیی ژیانێکى ئاسایی نابێ ، چ لەلایەن مێرد و چ لەلایەن ژنەوە ، بەڵام بێگومان لەلایەن مێردەوە کە مشوورخۆرو سەرپەرشتیارى ژن و خێزانە پێویستترە ، وەک خواى کاربەجێ فەرموویەتى : {  ... وَعَاشِرُوهُنَّ بِالْمَعْرُوفِ ... ( ١٩) } النساء ، واتە : وە (ئەى پیاوینە !) بەشێوەیەکى پەسەند لەگەڵ ژنەکانتاندا ڕەفتار بکەن ...

ئەمەش دەقێکى سوننەت لەو بارەوە ، کە پێغەمبەرى خوا زۆر بە لوطف و دڵنەرمیی و خۆش ڕەفتارییەوە مامەڵەى لەگەڵ هاوسەرەکانیدا – خوا لێیان ڕازى بێت- کردووەو دڵى ڕاگرتوون و ، نەیویستووە بێنە ئاستى خۆى و فشارى لێ نەکردووە ، وەک هەندێک لەگەڵ ژنەکانیاندا ڕەفتار دەکەن و بەناوى شەرع و دینەوە ، نەک هەر سەغڵەت و بێزاریان دەکەن ، بگرە ستەمیان لێ دەکەن و لە زۆر ماف کە شەریعەت پێیداون ، بێ بەشیان دەکەن .

 

*{عَنْ عَائِشَةَ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهَا : دَخَلَ عَلَيَّ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ، وَعِنْدِي جَارِيَتَانِ تُغَنِّيَانِ بِغِنَاءِ بُعَاثَ ، فَاضْطَجَعَ عَلَى الفِرَاشِ وَحَوَّلَ وَجْهَهُ ، فَدَخَلَ أَبُو بَكْرٍ ، فَانْتَهَرَنِي وَقَالَ : مِزْمَارَةُ الشَّيْطَانِ عِنْدَ رَسُولِ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ، فَأَقْبَلَ عَلَيْهِ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ، فَقَالَ : دَعْهُمَا ، فَلَمَّا غَفَلَ غَمَزْتُهُمَا ، فَخَرَجَتَا ، قَالَتْ : وَكَانَ يَوْمُ عِيدٍ يَلْعَبُ السُّودَانُ بِالدَّرَقِ وَالحِرَابِ ، فَإِمَّا سَأَلْتُ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ، وَإِمَّا قَالَ : تَشْتَهِينَ تَنْظُرِينَ ، فَقَالَتْ : نَعَمْ ، فَأَقَامَنِي وَرَاءَهُ ، خَدِّي عَلَى خَدِّهِ ، وَيَقُولُ : دُونَكُمْ بَنِي أَرْفِدَةَ ، حَتَّى إِذَا مَلِلْتُ ، قَالَحَسْبُكِ ، قُلْتُ : نَعَمْ ، قَالَ : فَاذْهَبِي} أخرجه البخاری برقم (٩٥٠) .

واتە : عائیشە (خوا لێی ڕازى بێ) دەڵێ : پێغەمبەرى خوا لێم هاتە ژوورێ و دوو کەنیزەک ( یان دوو کچ)م لەلا بوون گۆرانیی ڕۆژى (بعاث) یان  دەگوت ،( بوعاث  : ناوى جەنگێکى نێوان هەردوو هۆزى ئەوس و خەزرەجە لەسەردەمیی نەفامییدا ، کە دیارە گۆرانییەکى تایبەتى بەبۆنەوە گوتراوە ) ، ئەویش لەسەر جێی ڕاکشاو ڕووى وەرگێڕا ، ئەبوبەکریش هاتە ژوور و تێی خوڕیم و گوتى : شمشاڵی شەیتان لەلاى پێغەمبەرى خوا لێبدرێ ؟ پێغەمبەرى خواش ڕووى تێکرد و فەرمووى : لێیان گەڕێ ، جا کاتێک پێغەمبەر ئاگاى لێبڕا ، ئاماژەم بۆ کردن و چوونە دەرێ .

وە ڕۆژێکى جەژن بوو ڕەش پێستەکان بە قەڵغان و نێژە یارییان دەکرد ، یان داوام لە پێغەمبەرى خوا ﷺ کرد ، یان خۆى فەرمووى : حەز دەکەى تەماشا بکەى ؟ گوتم : بەڵێ : ئیدى لە پشت خۆیەوە ڕایگرتم ، ڕوومەتم لەسەر ڕوومەتى بوو ، دەیفەرموو : یارى بکەن ئەى نەوەى ئەڕفیدە ! هەتا کاتێک ماندوو بووم ، فەرمووى : بەستە ؟ گوتم : بەڵێ : فەرمووى : دەبڕۆ .

 

چوارەم / وەفاداریی بۆ هاوسەرەکانى :

دیارە ئەمەک و وەفاداریی ژن و مێرد بۆ یەکدى ، خەسڵەتێکى بەرزو پەسەندە ، بەتایبەت وەفاداریی پیاو بۆ ژنەکەى جوامێریی و گەورەییە ، پێغەمبەرى خواش لەو خەسڵەتەشیدا وەک سەرجەم خەسڵەتە بەرزو پەسەندەکان لە لووتکەدا بووە ، با لەو بارەوە بڕوانینە ئەم دەقە :

*{عن عائشة رضي اللَّه عنها قَالَتْ: مَا غِرْتُ عَلَى أَحَدٍ مِنْ نِسَاءِ النَّبيِّ مَا غِرْتُ عَلَى خديجةَ رضي اللَّه عنها، ومَا رَأَيْتُهَا قَطُّ، ولَكِنْ كَانَ يُكْثِرُ ذِكْرَهَا، وَرُبَّما ذَبح الشَّاةَ ثُمَّ يُقَطِّعُهَا أَعْضَاء، ثُمَّ يَبْعَثُهَا في صدائِق خدِيجةَ، فَرُبَّما قلتُ لَهُ: كَأَنْ لَمْ يَكُنْ في الدُّنْيَا إِلَّا خديجةُ! فيقولُإِنَّها كَانَتْ، وكَانَتْ، وكَانَ لي مِنْهَا ولَدٌ } أخرجه البخاری برقم (٣٨١٨) .

 

واتە : عائیشە (خوا لێی ڕازى بێ ) گوتوویەتى : بەرانبەر بە هیچ کام لە هاوسەرانى پێغەمبەر هێندەى خەدیجە غیرەم نەبووە ، هەرچەندە نەشمبینیوە ، بەڵام پێغەمبەر زۆر باسى دەکرد ، وە جارى وابوو مەڕێکى سەردەبڕی پاشان بەش بەشى دەکرد و بۆ دەستە خوشکەکانى خەدیجەى دەنارد ، جارێکیان گوتم : وەک جگە لە خەدیجە هیچ ئافرەتێک لە دنیادا نەبووبێ ! ئەویش دەیفەرموو : ئەو ئاواو ئاوا بوو ( مەدحى دەکرد ) ، وە مناڵیشم لێی هەبوو .

 

پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا /  مامۆستا عەلى باپیر

لاپەڕە  /  (٧٦١ تا ٧٦٥)

 


زیاتر

12
Copyright. All Rights Reserved.
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پارێزراوه بۆ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا،
هه‌رکه‌سێک بابه‌ته‌کان کۆپی بکات پێویسته ئاماژه به‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بکات که‌ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودایه