بەخێربێن بۆ پێگەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
لە ژيانى پێغەمبەر (ﷺ) فيربووم : سەركردەى لێهاتوو شوێن كەوتوو بەرهەم ناهێنێت ، بەڵكو سەركردەى وەك خۆى دروست دەكات .
چه‌ند وته‌یه‌كی جوان: 1ـ ئارامی‌ عیباده‌تێكه‌ به‌بێ‌ زه‌حمه‌ت ، هه‌یبه‌تيكه‌ به‌بێ‌ قودره‌ت ، قه‌ڵایه‌كه‌ به‌بێ قه‌ڵغان ، سه‌ركه‌وتنێكه‌ به‌بێ‌ چه‌ك. 2ـ ماڵێك كه‌ هیچ كات وێران نابێت عه‌داله‌ته‌. 3ـ نه‌خۆشیه‌ك ده‌رمانی‌ نییه‌ بێ ئه‌قڵیه.‌ 4ـ شیرینیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆرێت به‌ تاڵی‌ هه‌واو ئاره‌زوویه‌. ‌5ـ تاڵیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆريت به‌شیرینی‌ صه‌بر و ئارام گرتنه‌. 6ـ ئه‌گه‌ر پشووی‌ لاشه‌ به‌كه‌می‌ خۆراكه‌ ئه‌وا پشووی‌ دڵ و ده‌روونیش به‌كه‌می‌ گوناهه.‌
پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرمان بێت كه‌ تاوه‌كو زستان ساردو سه‌ختتر بێت ئه‌وا به‌هاری رازاوه‌ترو جوانتر دێته‌ پىش چاو.
علی كوری به‌بو تالیب (ره‌زای خوای لى بێت) ده‌فه‌رموێت: دونیا وه‌كو مار وایه‌، رواڵه‌تی بریقه‌داره‌و ناخی هه‌ڵگری ژه‌هرێكی ترسناكه‌، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ گه‌مژه‌یه‌و ناحاڵیه‌، ئه‌وه‌ی لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ خاوه‌نی ژیریه‌.
ژیانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
 ژن هێنانی پێغەمبەر ﷺ
10/09/2019
بینین: 1205
ئیبنو هیشام رحمە اللە دەفەرموێت:(کاتێ پێغەمبەر ﷺتەمەنی گەیشتە بیست و پێنج ساڵ خەدیجەی کچی خوەیلیدی رضي الله عنها خواست ، ئیبنو ئیسحاق رحمە اللە دەفەرموێت:خەدیجەی کچی خوەیلید ئافرەتێکی بازرگانی ناو شاری مەککە بوو، خاوەن پارە بوو وە سەروەر و شکۆمەند بوو، پیاوانی بەکرێ دەگرت و شەراکەتی لەگەڵدا دەکردن بۆ سەر مەرزی شام، قوڕەیش هەر هەموویان سەرقاڵ بوون لەو کاتەدا بە بازرگانی یەوە، وە کاتێ هەواڵی پیاوێکی دەست پاک و داوێن پاکی پێگەشت کە ناوی محمدە پێی خۆش بوو کە کەسانێکی وا بگرێت بەکرێ و کاربکات لە ماڵەکەیدا و هەر لەبەر دەست پاکی و خوڕەوشت جوانی پێغەمبەرﷺ خەدیجە ناردی بە دوای دا وپێشنیارێکی خستە بەردەم کە بەشداری بکات لە بازرگانیەکەیدا بۆ مەرزی شام و پەیمانیشیدا بە پێغەمبەر ﷺ ئەگەر ئەو ڕازی بێت و بەشدارێ ئەو بازرگانی یە بکات ئەوا لە هەموو کەس چاکتر پاداشتی بداتەوە، پێغەمبەرﷺ ڕازی بوو بەو پێشنیارە، وە لەگەڵ خزمەتکارەکەی خەدیجەدا کە ناوی مەیسەرە بوو بەڕێکەوت بەرەو مەرزی شام).
ئایە پێغەمبەری خوا ﷺ قازانجی لەم کارکردنەدا چی بوو؟ وەڵامی ئەم پرسیارە تەنها لە یەک فەرموودەدا هاتووە کە(ضعیف) ەو لە جابرەوەیە کەدەڵێت:(کرێی خۆم وەردەگرت لە خەدیجە لەو دوو سەفەرەدا کە بەشداریم کرد بۆ مەرزی شام بۆ هەر جارەش بە قەلوسێ(واتە وشترێکی سێ ساڵ).
ئیبنو ئیسحاق رحمە اللە دەفەرموێت:(خەدیجەی کچی خوەیلید رضي الله عنها ئافرەتێکی زۆر ژیرو وریا بوو، لەگەڵ ئەوەی کە خوای گەورە دەیویست زیاتر ڕێزی پێ ببەخشێت ئەویش لە ڕێگەی کردنی بە هاوسەری پێغەمبەرەکەی خۆیﷺ، کاتێ کە مەیسەرە گەڕایەوە و هەواڵی پێغەمبەری گەیاند بە خەدیجەی خاوەنی، خەدیجەش رضي الله عنها  وەکو دەگێڕنەوە پێغەمبەری ﷺ بانگ کرد و پێی وت:ئەی ئامۆزا من تۆم زۆر چووە بە دڵدا لەبەر نزیکی وخزمایەتی وە لەبەر پلە بەرزی و خوڕەوشت جوانی و دەست پاکی و ڕاست گۆییت، پاشان خۆی پێشنیاری کرد بۆ پێغەمبەرﷺ تا بیخوازێت، خەدیجەش رضي الله عنها  ئەو ڕۆژە گەورەترین و ناودارترین ئافرەتی بازرگانی ئەهلی مەککە بوو چ لە سەروەت و ساماندا چ لە سەروەری وسەربەرزیدا وە خەدیجە زۆری پێ خۆش بوو کە پێغەمبەرﷺ ڕازی بێت و بیخوازێت، پێغەمبەریش ﷺ ئەم مەسەلەیەی درکاند لای مامەکانی و پاشان حەمزەی کوڕی عبدالمطلبی برای شیری و مامی خۆی لەگەڵ پێغەمبەر ﷺ بەڕێکەوتن بۆلای خەدیجەی کچی خوەیلیدی کوڕی ئەسەد رضي الله عنها  لەوێ خەدیجەیان خواست بۆ پێغەمبەرﷺ).
لە ڕیوایەتێکی لاوازی ئیبنو عەباسدا رضی اللە عنە هاتووە کە خەدیجە خۆی وای کرد کە باوکی قایل بکات بەوەی کە ڕازی بێت لەسەر ئەو کارە بۆ پێغەمبەر ﷺ وەک دەفەرموێت:(پێغەمبەر ﷺ دوای ئەوەی داوای خەدیجەی کرد باوکی ڕازی نەبوو کە خەدیجە بدات بە پێغەمبەر ﷺ،خەدیجەش رضي الله عنها  دەعوەتێکی ئامادە کرد بۆ پیاوانی قوڕەیش و شەرابێکی زۆری بۆ ئامادە کردن و پاشان پیاوانی بەرزی قوڕەیشی هاتن بۆ ئەو دەعوەتەو نانیان خوارد و شەرابیان زۆر خواردەوە تا هەموو سەرخۆش  بوون پاشان خەدیجە لە ناو هەموو کەسانی قوڕەیش دا کە لەوێ بوون بە باوکی وت کە محمدی کوڕی عبدوڵڵا هاتووە بۆ داوام و تۆش ڕازی ببەو ئەویش ڕازی بوونی خۆی ڕاگەیاند و خەدیجەش پۆشاکێکی تازەی کرد بە بەری باوکیدا چونکە عادەت وابوو ئەو زەمانە کە دەبوو کچ شتێ بکات بۆ باوکی و پاشان کاتێ باوکی سەرخۆشیەکەی بەریدا و هاتەوە هۆشی خۆی و تەماشای کرد بەرگێکی تازەی لەبەردایە وتی:ئەمە چی یە من بۆ وام؟ خەدیجەش رضي الله عنها  وتی:ئەی منت مارە نەکرد لە محمدی کوڕی عەبداللە؟وتی: چۆن من مارەت دەکەم لە کابرایەکی بێ باوک،نەخێر شتی وا ناکەم، خەدیجەش رضي الله عنها  وتی:بۆ شەرم ناکەیت لە خۆت دەتەوێ لەلای قوڕەیش خۆت بە بێ ئەقڵ بناسێنیت وە دەتەوێت خەڵکی بزانن تۆ سەرخۆش بوویت و وا و وا بوویت..... بەم شێوەیە قسەی بۆ کرد تا ڕازی کرد)،وە مارەییەکەی وەک ئیبنو هیشام رحمە اللە دەفەرموێت:(بیست وشتری دوو ساڵان بوو).
ئیبنو ئیسحاق رحمەاللە دەفەرموێت:(خەدیجەش رضي الله عنها  یەکەم ئافرەت بوو کە پێغەمبەر ﷺ بیخوازێت و تا لە ژیاندا بوو بە هیچ جۆرێک ژنێکی تری بەسەر نەهێنا، هەموو منداڵەکانیشی کە خوای گەورە پێی بەخشی بوو لە خەدیجە بوو جگە لە(ابراهیم)، ئەوانیش (قاسم)کە کونیەکەی بوو(واتە بە پێغەمبەر ﷺ دەوترا(ئەبو قاسم) (لەگەڵ کوڕەکەیدا کە ناوی (عبداللە)بوو کە نازناوی (طیب و طاهر)ی لێ  نرابوو لەگەڵ چوار کچە بەڕێزەکەیدا(روقیە و زەینەب و ئوم کلثوم و فاطمە)).
تەمەنی خەدیجە رضي الله عنها لە دوو ڕیوایەتدا هاتوە، ئیبنو ئیسحاق رحمە اللە دەفەرموێت:( خەدیجە رضي الله عنها  کاتێ کە پێغەمبەرﷺ خواستی تەنها تەمەنی بیست و هەشت ساڵ بوو)، وە لە ڕیوایەتێکی ئیمامی واقییدیدا رحمە اللە دەفەرموێت:(لەتەمەنی چل ساڵیدا بوو)،دیارە ڕیوایەتەکەی ئیبنو ئیسحاق لە پێشترە و نزیکتره لە ڕاستی یەوە، چونکە واقیدی(متروک)ە وەحەدیسی لێ وەرناگیرێت.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ژیانی پێغەمبەری خوا ﷺ لە قورئان و فەرموودەکاندا
نوسینی:محمد ملا فائیق شارەزووری
بەرگری یەکەم
ص:۳٥-۳٦-۳۷

زیاتر

12
Copyright. All Rights Reserved.
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پارێزراوه بۆ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا،
هه‌رکه‌سێک بابه‌ته‌کان کۆپی بکات پێویسته ئاماژه به‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بکات که‌ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودایه