بەخێربێن بۆ پێگەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
لە ژيانى پێغەمبەر (ﷺ) فيربووم : سەركردەى لێهاتوو شوێن كەوتوو بەرهەم ناهێنێت ، بەڵكو سەركردەى وەك خۆى دروست دەكات .
چه‌ند وته‌یه‌كی جوان: 1ـ ئارامی‌ عیباده‌تێكه‌ به‌بێ‌ زه‌حمه‌ت ، هه‌یبه‌تيكه‌ به‌بێ‌ قودره‌ت ، قه‌ڵایه‌كه‌ به‌بێ قه‌ڵغان ، سه‌ركه‌وتنێكه‌ به‌بێ‌ چه‌ك. 2ـ ماڵێك كه‌ هیچ كات وێران نابێت عه‌داله‌ته‌. 3ـ نه‌خۆشیه‌ك ده‌رمانی‌ نییه‌ بێ ئه‌قڵیه.‌ 4ـ شیرینیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆرێت به‌ تاڵی‌ هه‌واو ئاره‌زوویه‌. ‌5ـ تاڵیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆريت به‌شیرینی‌ صه‌بر و ئارام گرتنه‌. 6ـ ئه‌گه‌ر پشووی‌ لاشه‌ به‌كه‌می‌ خۆراكه‌ ئه‌وا پشووی‌ دڵ و ده‌روونیش به‌كه‌می‌ گوناهه.‌
پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرمان بێت كه‌ تاوه‌كو زستان ساردو سه‌ختتر بێت ئه‌وا به‌هاری رازاوه‌ترو جوانتر دێته‌ پىش چاو.
علی كوری به‌بو تالیب (ره‌زای خوای لى بێت) ده‌فه‌رموێت: دونیا وه‌كو مار وایه‌، رواڵه‌تی بریقه‌داره‌و ناخی هه‌ڵگری ژه‌هرێكی ترسناكه‌، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ گه‌مژه‌یه‌و ناحاڵیه‌، ئه‌وه‌ی لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ خاوه‌نی ژیریه‌.
ژیانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
 چەند ڕونكردنەوەیەك لە بارەی قۆناغی یەكەمی بانگەوازەوە، قۆناغی بانگەوازی تاكیی و پەنهانی
15/12/2019
بینین: 1567

سێهەم: جۆرو چۆنیەتی ئەوانەی لەم قۆناغەدا ئیمانیانیان هێناوە:
یەك: زانایانی مێژوو نوس ئەڵێن: زۆربەیان گەنج بوون و تەمەنیان لە نێوان (١٥_٣٠) ساڵیدا بووە.
دوو: پێك هاتوون لە هەردوو ڕەگەزی نێرو مێ، كە سەرجەم(١٥) ئافرەتیان تێدا بووە.
سێ: زۆربەی هەرە زۆری تیرەكانیشیان تێدا بوون، بۆ نمونە:
١)أبوبكری الصدیق، لە تیرەی (تیم) بوو.
٢)عثمان بن عفان، لە تیرەی (بنی أمیة).
٣)زبیر، لە تیرەی (بنی أسد).
٤)علی بن أبی طالب، لە تیرەی (بنی هاشم).
٥)عبدالرحمن بن عوف، لە تیرەی (بنی زهرة).
٦)سعید بن زید، لەتیرەی ( بنی عدی).
٧)عثمان بن مظغون، لە تیرەی( بنی جمح).
٨) عمار بن یاسر، لە هۆزی (عنس) قوڕەیشی نەبوو.
٩)عبداللە بن مسعود، لە هۆزی (هذیل) قوڕەیشی نەبوو.
١٠) أبو ذر، لە هۆزی (غفار) بووە.
١١)مصعب بن عمیر، لە تیرەی (بنی عبدالدار).
چوار: هەموو چین و توێژەكانی ناو كۆمەڵگاشیان تێدا بووە، لە دەوڵەمەندوو هەژار، ئازادو كۆیلەو....هتد.
پێنج: عەرەب و غەیرە عەرەبیشیان تێدا بووە، بۆ نونە: بیلال حەبەشی بووە و صوهەیب ڕۆمی بووە، جا كە تەماشای ئەو پیك هاتە تێكەڵ و جۆراو جۆرەی ئەو هاوەڵە بەرێزانە ئەكەین، لە پیاوو ئافرەت و وورد و درشت و عەرەب و غەیرە عەرەب و سەرۆك عەشیرەت و خەڵكی سادەو هەموو تیرەكان، ئەوە مان بۆ دەر ئەكەوێت كە خوای پەروەردگار دینی خۆی ناردووە بۆ هەموو ئینسانەكان، بۆیە لە هەموو فیكرەیەكدا دەگونجێت چینێك یان میللەتێك جیا بكرێتەوەو ئیمتیازی زیاتری پێبدرێت، بەڵام ئیسلامدا شتی وانییە، ئینسانەكان هەموو بەیەك شێوە سەیردەكرێن و چاكترینیان لای خوا ئەو كەسەیە كە تەقوای زیاتری هەبێ، بۆیە كاتێك كە ئیسلام وەك خۆی پیادە بكرێت بەیەك چاو تەماشایی هەموو چین و توێژەكان و هەموو نەتەوەو ڕەگەزەكان دەكات، ئەوەی لە كۆتایی ئەم خاڵەدا دەمەوێ هەڵوێستیەكی كورتی لە بەرامبەردا بكەم ئەوەیە كە:
پێغەمبەر ﷺ  زیاتر هەوڵیداوە لەگەڵ گەنجەكاندا قسە بكاو بیانهێنێتە نێو ئیسلام، چونكە چینی گەنج چ پیاو بن چ ئافرەت، ئامادەیی وەرگرتنی شتی تازەی زیاترەو فیكری ئازادترو دڵی سافترە، وە پەیوەندیە كۆمەڵایەتییەكان دەست و پێی نەبەستووە و بیرو بڕوای كوفرو نەفامی لە دڵ و مێشكیدا ڕەگی دانەكوتاوەو ئامادەیی خۆ گۆرین وچاككردن ووەرگرتنی شتی نوێ ی زیاترە، بۆیە بەزۆری شوێنكەوتوانی پێغەمبەر ﷺ گەنج بوون، ئەگەر نا دین بۆ هەموانە و خەڵكی پیریش لەنێو یارانیدا هەبوون ودەوریان بینیوە.
چوارەم: هەڵبژاردنی خەڵكی دانسقە:
خاڵی چوارەم كە سیماو نیشانەكانی بانگەوازی پێغەمبەر ﷺ  دەردەخات، ئەوەیە كە لە سەرەتاوە خەڵكی دانسقەو تایبەتی بانگكردووە، وە پێغەمبەر ﷺ لەو قۆناغەدا بە نهێنی بانگەوازی كردووە نەك بە ئاشكرا، وەلە شوێنە گشتیەكاندا نەبووە، بەڵكو لەماڵان و لە شوێنی پەنهاندا بووە، وە پێغەمبەر ﷺ  یەك بەیەك ئەو نەفەرانەی دەست نیشان كردووە، جا یان بۆ خۆی چووە قسەیان لە گەڵدا بكاتیان یەكێك لە هاوەڵانی ناردووە، وەك(أبوبكر)كە لە كتێبەكانی(سیرة)دا جگە لە ئەبوو بەكر كەسی تر باس نەكرەوە، كە لەو سەرەتایەدا بانگەوازی كردبێت شان بە شانی پێغەمبەر ﷺ كە ئەمەش ئیمتیازێكی گەورەیە بۆ (أبوبكر)چونكە پێنج كەس لە كە ڵە پیاوەكانی ئیسلام لەسەر دەستی ئەو مسوڵمان بوون، كە پێشتر باسمانكرد، یەكێكی دیكەش لەو بەڵگانەی كە دەیسەلمێنن پێغەمبەری خوا       ئەوانەی لەم قۆناغەدا هەڵیبژاردوونگوڵبژێری كردوون، ئەوەیە كە:
لەوانەدا كە ئیمانیان پێهێناوەسێ كەس لە چوار خەلیفەكانی ئیسلامیان تێدان واتە(ابوبكر، عوثمان، علی)، هەروەها (٩) لەو(١٠) نەفەرەی كە پێغەمبەری خوا ﷺ  لەكاتی ژیانیاندا موژدەی چونە بە هەشتی پێدان، لە نێویاندا بوون، كە بریتین لە( أبوبكروعثمان وعلی و طلحة و زبیر و عبدالرحمن بن عوف و سعد بن أبی وقاص و سعید بن زید و أبو عوبیدة بن الجراح)، هەروەها (عمر)یش هەر لە موژدە پێدراوان بووە، بەڵام دواتر مسوڵمان بووە، خوا لە هەموویان ڕازی بێت.
كەواتە لێرەدا بۆمان دەردەكەوێ، كە پێغەمبەر ﷺ  لەسەرەتای بانگەوازەكەیدا ئەو خەڵكەی بانگی كردووە، خەڵكێكی دانسقەو تایبەت بووە، لەمەشدا مەبەستی ئەوە بووە، كە دروستكردنی بینای دەوڵەتی ئیسلامی پێویستی بەبناغەیەكی پتەوی قایم هەیە، كە لە كەسانی هەڵكەوتووشایستە ودانسقە دروست بكرێ، تاكو بتوانێ سەر مەشقی مرۆڤایەتی بكات، هەرچەندە ئەوانی دیكەش ژیاننامەی هەركامێكیان تەماشا بكەین كۆمەڵێك شتی باش و تایبەتی دەبینین.         
______________________________
پوختەی ژیاننامەی پێغەمبەری خوا
مامۆستا علی با پیر
لاپەڕە١٣٥_١٣٧

زیاتر

12
Copyright. All Rights Reserved.
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پارێزراوه بۆ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا،
هه‌رکه‌سێک بابه‌ته‌کان کۆپی بکات پێویسته ئاماژه به‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بکات که‌ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودایه