 هاتنى وەفدى (ثقیف) بۆ لاى پێغەمبەر ﷺ و موسوڵمان بوونى خەڵکى (طائف) :-
لە مانگى ڕەمەزانى ساڵى (٩)ى کۆچیدا پێغەمبەر ﷺ گەیشتەوە مەدینەو هەر لەو مانگەشدا وەفدێکى (ثقیف) هاتنە لاى و موسوڵمان بوون ، موسوڵمان بوونەکەشیان بەم شێوەیە بوو :-
دواى ئەوەى پێغەمبەر ﷺ لە مانگى (ذی الفعدة) ى ساڵى هەشتەمى کۆچیدا لە غەزاى (طائف) گەڕایەوە ، پێش ئەوەى بگاتەوە مەدینە (عروة بن مسعودالثقفی) کە گەورەى (ثقیف) بوو هاتە لاى پێغەمبەر ﷺ و موسوڵمان بوو ، دوایی گەڕایەوە بۆ لاى قەومەکەى و داواى موسوڵمان بوونى لێ کردن ، بەڵام ئەوان ئەو داوایەیان ڕەد کردەوەو هەر بەو هۆیەشەوە (عروة)یان کوشت ، ماوەیەک ئاوا مانەوە ، دوایی بۆیان دەرکەوت کە ووردە ووردە ئیسلام گەشە دەکات و ناتوانن بەرانبەرى ئیسلام بوەستن و دژایەتى بکەن ، ئینجا بیریان لەوە کردەوە بچنە لاى پێغەمبەر ﷺ و موسوڵمان ببن ، بۆ ئەو مەبەستە ویستیان (عبد یالیل) بنێرن ، ئەویش لەوە ترسا کە وەکو (عروة) بیکوژن ، بۆیە داواى کرد بە تەنیا نەڕواو چەند کەسێکى دیکەى لەگەڵ بنێرن ، بۆیە پێنج کەسیان لەگەڵ ناردن ، کە (عثمان بن أبی العاص الثقفی) یەکێک بوو لەوان ، هەر شەشیان چوونە لاى پێغەمبەر ﷺ و ئەویش ئیسلامى بۆ ڕوونکردنەوەو داواى موسوڵمان بوونى لێ کردن ، دوایی ئەوان داوایان کرد کە پێغەمبەر ﷺ ڕێک کەوتنێکیان لەگەڵدا مۆر بکات و ڕێگایان بدات کە زینا بکەن و ، خواردنەوەى شەڕاب و خواردنى ڕیباشیان لێ قەدەغە نەکات و ، (اللات) کە بتیان بوو دەیانپەرست هەر بمێنێ و لە نویژ کردنیش عەفوویان بکات ، وە بتەکانیش بە دەستى خۆیان نەشکێنن ، بەڵام پێغەمبەر ﷺ بێجگە لە داواکاریی کۆتایی ، هیچ کام لەوانەى قبوڵ نەکرد ، ئەوانیش ڕاوێژى خۆیان کردو سەرەنجام هاتن موسوڵمان بوون ، وە (عثمان بن أبی العاص الثقفی) ى لەسەر کردنە برا گەورە ، چونکە ئەو زۆر بە پەرۆش بوو بۆ تێگەیشتنى لە دین و لە هەمووشیان تەمەنى کەمتر بوو ، کە وەفدەکە گەڕایەوە (طائف) بابەتەکەیان بە قەومەکەیان ڕاگەیاند ، لەسەرەتاوە ئەوان بەوە ڕازى نەبوون و بە نیازى شەڕ بوون ، بەڵام دواى دوو تا سێ ڕۆژ خوا ترسى خستە نێو دڵیانەوەو وەفدەکەیان ناردەوە لاى پێغەمبەر ﷺو موسوڵمان بوونى خۆیان ڕاگەیاند .
__________________________________________
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ / مامۆستا عەلى باپیر
لاپەڕە / ( ٦٩٣و ٦٩٤)
|