بەخێربێن بۆ پێگەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
لە ژيانى پێغەمبەر (ﷺ) فيربووم : سەركردەى لێهاتوو شوێن كەوتوو بەرهەم ناهێنێت ، بەڵكو سەركردەى وەك خۆى دروست دەكات .
چه‌ند وته‌یه‌كی جوان: 1ـ ئارامی‌ عیباده‌تێكه‌ به‌بێ‌ زه‌حمه‌ت ، هه‌یبه‌تيكه‌ به‌بێ‌ قودره‌ت ، قه‌ڵایه‌كه‌ به‌بێ قه‌ڵغان ، سه‌ركه‌وتنێكه‌ به‌بێ‌ چه‌ك. 2ـ ماڵێك كه‌ هیچ كات وێران نابێت عه‌داله‌ته‌. 3ـ نه‌خۆشیه‌ك ده‌رمانی‌ نییه‌ بێ ئه‌قڵیه.‌ 4ـ شیرینیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆرێت به‌ تاڵی‌ هه‌واو ئاره‌زوویه‌. ‌5ـ تاڵیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆريت به‌شیرینی‌ صه‌بر و ئارام گرتنه‌. 6ـ ئه‌گه‌ر پشووی‌ لاشه‌ به‌كه‌می‌ خۆراكه‌ ئه‌وا پشووی‌ دڵ و ده‌روونیش به‌كه‌می‌ گوناهه.‌
پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرمان بێت كه‌ تاوه‌كو زستان ساردو سه‌ختتر بێت ئه‌وا به‌هاری رازاوه‌ترو جوانتر دێته‌ پىش چاو.
علی كوری به‌بو تالیب (ره‌زای خوای لى بێت) ده‌فه‌رموێت: دونیا وه‌كو مار وایه‌، رواڵه‌تی بریقه‌داره‌و ناخی هه‌ڵگری ژه‌هرێكی ترسناكه‌، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ گه‌مژه‌یه‌و ناحاڵیه‌، ئه‌وه‌ی لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ خاوه‌نی ژیریه‌.
ژیانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
 خوای گەورە پێغەمبەر ﷺ دەپارێزێت لە پێش بوون بە پێغەمبەردا
15/09/2019
بینین: 1100
ئیبنو ئیسحاق رحمە اللە دەفەرموێت:(پێغەمبەری ئازیزﷺ گەورە بوو وە خوای گەورە پاراستی لە هەموو کارێکی نابەجێی نەفامی چونکە دەیویست ئەو هەموو ڕێز و سەروەری یەی پێ ببەخشێت و بیخاتە ڕیزی پێغەمبەرانەوەﷺ ، پێغەمبەر  ﷺ لە ناو خزمەکانیدا لە هەموویان خوڕەوشت جوانتر بوو،لە هەموویان چاکەی زۆرتر بوو، لەهەموویان بەشەرف تر بوو، لە دراوسێتی دا لە هەموویان چاکتر بوو، لە هەموویان لەسەر خۆتر بوو،لە هەرهەمویان ڕاستگۆتر و دەست پاکتر بوو وە دورترین کەس بوو لەو خراپانەی کە مرۆڤی پێ لەکەدار دەبێت،خزمانی خۆی بەدان پیانانی خۆیان نازناوی(الصادق الامین) واتە:ڕاستگۆ و متمانە پێکراویان لێ نابوو چونکە خاوەنی ئەو هەموو خوڕەوشتە جوانانە بوو).

لەو نموونە بەرزانەی کە ئەم ڕاستی یە دەسەلمێنن:
یەکەم:ئیمامی عەلی رضی الله عنه دەفەرموێت:پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی:(ماهممت بقبیح مما یهم اهل الجاهلیة الا مرتین من الدهر كلتاهما عصمنی الله منهما......الخ)واتە: نیازی ئەنجامدانی شتێکی ناشرینم نەکردووە لەوەی کەسانی زەمانی جاهیلی کردوویانە تەنها دوو جار نەبێت، هەردوو جارەکەش خوای گەورە منی پاراست: شەوێکیان گەنجێک لە قوڕەیش لەگەڵم دا بوو لە ناو مەڕەکاند و هەردووکمان دەمانلەوەڕاندن پێم وت:ئاگات لە مەڕەکانم بێت تا ئەم شەو دەچمەوە مەککە و شەوچەرە دەکەم وەک گەنجەکانی مەککە شەوچەرە دەکەن، وتی:بەڵێ، منیش چووم تا گەشتمە یەکەم خانوو لە خانووەکانی مەککە(واتە:ئەو پەڕی شاری مەککە) گوێم لە دەنگی گۆرانی و دەف و جوزەلە بوو وتم:ئەمە چی یە؟ وتیان: ئەوە فڵان ژنە شووی کردوە بە فڵان پیاو وە باسی پیاوێکی قوڕەیشیان کرد کە کچێکی قورەیشی گواستۆتەوە،منیش وەستام لەوێ و ویستم گوێ بگرم لە ئاهەنگەکە دەست بەجێ چاوم چووە خەو و خەوم لێ کەوت تا گەرمایی تیشکی خۆری بەیانی بە ئاگای هێنامەوە، پاشان هاتمەوە بۆلای هاوەڵەکەم و پێی وتم:چیت کرد؟ منیش هەواڵەکەم بۆ گێرایەوە،و پاشان شەوی دووەمیش بە هەمان شێوە دووبارەم کردەوە و بەهەمان شێوە  هاتم تا گوێ بگرم بەڵام بە هەمان شێوە چاوەکانم چووەخەو تا تیشکی خۆر بە ئاگای هێنامەوە و گەڕامەوە بۆلای هاوەڵەکەم وهەمان شێوە پرسیاری لێ کردم و وتی:چیت کرد؟ منیش لە وەڵامدا وتم :هیچم نەکرد، پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت:وەڵاهی دوای ئەو دوجارە نیازی هیچ کارێکی ناشرینم نەبووە لەوکارانەی خەڵکانی لەسەردەمی نەفامی ئەنجامیان دەدا تا پەروەردگار ڕێزی لێ گرتم بە پێغەمبەرایەتی.
دووەم:عوروەی کوڕی زوبێر رضي الله عنه  دەفەرموێت:(دراوسێ یەکی خەدیجەی کچی خوەیلید رضي الله عنه  بۆی گێڕامەوە وتی :گوێم لێ بوو پێغەمبەر ﷺ بە خەدیجەی  دەفەرموو پێش ئەوەی ببێت بە پێغەمبەر ﷺ :(اي خدیجة و الله لا اعبد اللات ابدا و الله لا اعبد العزی ابدا) واتە:ئەی خەدیجە وەڵاهی من هەرگیز (لات) ناپەرستم وە هەرگیزیش (عزا) ناپەرستم، خەدیجەش رضي الله عنه لە وەڵامدا دەیوت:باشە واز لە (لات)و لە(عوزا)ش بهێنە. لات و عوزا دوو بت بوون لە زەمانی جاهیلیەتدا هەبوون.

سێهەم:زەیدی کوڕی حارسە رضي الله عنه دەفەرموێت:(جارێکیان لە خزمەت پێغەمبەردا ﷺ تەوافم دەکرد بە چوار دەوری کەعبەدا و هەر بە ئەنقەست دەستم دا لە یەکێک لە بتەکانی ناو کەعبە ، پێغەمبەر ﷺ پێی وتم :[دەستی لێ مەدە]،دووەم جاریش هەروام کرد و فەرمووی :[ئایە پێم نەوتی دەستی لێ مەدە!!] دەفەرموێت[سوێند بەو خوایەی کە ڕێزی لە پێغەمبەر ﷺ گرتووە لەو دوو جارە بەدواوە دەستم بە هیچ بتێکدا نەهێناوە و پێغەمبەر ﷺ دەستی لە هیچ بتێک نەداوە تا خوا ڕێزی لێ گرت بە پێغەمبەرایەتی]. لە بایەخ دانی خوای پەروەردگار بە پێغەمبەر ﷺ ئەوە بوو کە پاراستی لەو داهێنراوانەی لە زەمانی جاهیلی دا لە حەج دا دروست کرابوون وەکو ئەوەی کە هاوبەش پەیدا کاران لایان سووکی بوو خەڵکی مەککە بچنە ناو خەڵکی دەشتەکی یەوە و بوەستن لە؟گەڵیاندا لە عەرەفات، بەڵکو لەو بەری عەرەفەوە بۆ خۆیان دادەنیشتن لە ژێر سێبەردا و دەبووایە دەشتەکیەکان و عەشایەرەکان بچن لەو بەر شاخی عەرەفەوە لەبەر خۆرەکەدا بوەستن،جوبەیری کوڕی موتعیم رضي الله عنه دەفەرموێت:(پێغەمبەری خوام بینی ﷺ پێش ئەوەی کە وەحیی بۆ بێت ، بەسەر حوشترەکەیەوە لە عەرەفات لەگەڵ خەڵکەکە وەستا بوو وە لەگەڵیاندا دەڕۆشت منیش پێم سەیربوو).
لە ڕیوایەتێکی تردا دەفەرموێت:(وشترێکم لێ وون بوو لە کاتی ئەنجام دانی حەجدا ڕۆشتم تا بیدۆزمەوە لای کێوی عەرەفە لەوێ چاوم بە پێغەمبەر ﷺ کەوت کە لەناو خەڵکاندا دەڕۆیشت و منیش پێم سەیر بوو وتم:باشه خۆ پێغەمبەر ﷺ خەڵکی مەککەیە لە ناو ئەم خەڵکانەدا چی دەکات؟بۆ لێرە وەستاوە؟).
چوارەم:ئیبنو عومەر رضي الله عنه دەفەرموێت :پێغەمبەرﷺ پێش ئەوەی ببێت بە پێغەمبەر لە خواروی (بەلدەح)کە نزیکی شاری مەککەیە گەیشت بە زەیدی کوڕی عەمری کوڕی نوفەیل، زەیدیش سفرەیەکی گۆشتی نزیک کردەوە لە پێغەمبەر  ﷺ، پێغەمبەریش ﷺ لێی نەخوارد و فەرمووی:(اني لا اكل مما تذبحون علی انصابكم و لا اكل لم یذكر اسم الله علیه) واتە:من لەو گۆشتە ناخۆم کە بۆ بتەکانتان سەر بڕیوە وە من لەو گۆشتە ناخۆم کە ناوی خوای لەسەر نەهێنراوە.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ژیانی پێغەمبەری خوا ﷺ لە قورئان و فەرموودەکاندا
نوسینی:محمد ملا فائق شارەزووری
بەرگی یەکەم
ص:٤٤-٤٥-٤٦

زیاتر

12
Copyright. All Rights Reserved.
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پارێزراوه بۆ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا،
هه‌رکه‌سێک بابه‌ته‌کان کۆپی بکات پێویسته ئاماژه به‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بکات که‌ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودایه