بەخێربێن بۆ پێگەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
لە ژيانى پێغەمبەر (ﷺ) فيربووم : سەركردەى لێهاتوو شوێن كەوتوو بەرهەم ناهێنێت ، بەڵكو سەركردەى وەك خۆى دروست دەكات .
چه‌ند وته‌یه‌كی جوان: 1ـ ئارامی‌ عیباده‌تێكه‌ به‌بێ‌ زه‌حمه‌ت ، هه‌یبه‌تيكه‌ به‌بێ‌ قودره‌ت ، قه‌ڵایه‌كه‌ به‌بێ قه‌ڵغان ، سه‌ركه‌وتنێكه‌ به‌بێ‌ چه‌ك. 2ـ ماڵێك كه‌ هیچ كات وێران نابێت عه‌داله‌ته‌. 3ـ نه‌خۆشیه‌ك ده‌رمانی‌ نییه‌ بێ ئه‌قڵیه.‌ 4ـ شیرینیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆرێت به‌ تاڵی‌ هه‌واو ئاره‌زوویه‌. ‌5ـ تاڵیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆريت به‌شیرینی‌ صه‌بر و ئارام گرتنه‌. 6ـ ئه‌گه‌ر پشووی‌ لاشه‌ به‌كه‌می‌ خۆراكه‌ ئه‌وا پشووی‌ دڵ و ده‌روونیش به‌كه‌می‌ گوناهه.‌
پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرمان بێت كه‌ تاوه‌كو زستان ساردو سه‌ختتر بێت ئه‌وا به‌هاری رازاوه‌ترو جوانتر دێته‌ پىش چاو.
علی كوری به‌بو تالیب (ره‌زای خوای لى بێت) ده‌فه‌رموێت: دونیا وه‌كو مار وایه‌، رواڵه‌تی بریقه‌داره‌و ناخی هه‌ڵگری ژه‌هرێكی ترسناكه‌، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ گه‌مژه‌یه‌و ناحاڵیه‌، ئه‌وه‌ی لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ خاوه‌نی ژیریه‌.
ژیانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
 کورتەباسێک دەربارەى دیاردەى نیفاق و مونافیقان
15/01/2020
بینین: 438

 

ژمارەیەک لە تیرەکانى (ئەوس و خەزرەج) و هەندێک لە جوولەکەکانیش – دواى ئەوەى پێغەمبەر لە مەدینە نیشتەجێ بوو ، وە دەوڵەت و کۆمەڵگاى ئیسلامى خەمڵا، بە ڕواڵەت خۆیان بە موسوڵمان نیشاندا ، بەڵام لە دڵ و دەروونى خۆیاندا کافر بوون ، کە ئەوانە پێیان دەگوترێ (منافق)ەکان .

جا من لە پێنج خاڵاندا بەکورتى بؤتان  باسى دیاردەى (نفاق) و مونافیقان دەکەم :-

یەکەم : - (نفاق) یانى چی ؟ !

زانایان دەڵێن : ووشەى (نفاق) لە دوو ڕیشەوە هاتووە ، یان لە (نفق)ەوە هاتوە ، یان لە (نافقاء) ەوە هاتووە ، جا ئەگەر لە (نفق)ەوە هاتبێ ، (نفق) بریتیە لە هەر کونێک دوو سەرى هەبن ، (نافقاء)یش بریتیە لەو کونەى کژە (جرج) لە بیاباندا لێی دەدا ، وە ئەو کونەى کە لێیەوە دێتە دەر جیایە لەو کونەى کە لێیەوە دەچێتە ژوور ، بە هەمان شێوەش ئینسانى مونافیق شتێک دەردەخا جیایە لەوەى کە پەنهانى دەکات ، ئیسلام دەردەخاو کوفر پەنهان دەکا ، هەر بۆیە هەندێ جار لە کوردەوارى خۆماندا بە مونافیقیان گوتوە (دوو ڕوو) ، کە باشتر وایە پیی بوترێ (دەغەڵ) ، بەهەر حاڵ ووشەى (نفاق) یا لە (نفق)ەوە یان لە (نافقاء)ەوە هاتوە .

 

دووەم :-  نیفاق کەی و بۆچى سەری هەڵدا :-

لەڕاستیدا هەر لە سەرەتاى نیشتەجێ بوونى پێغەمبەر لە مەدینەداو پەیدابوونى هێز و دەسەڵاتى ئیسلام لە مەدینەو دەوروبەریدا ، دیاردەى نیفاق دروست بووەو سەری هەڵداوە ، کەلە سەرەتاوە بەشێوەیەکى سادە بوو ، بەڵام دواتر ئەو مەسەلەیە گەشەى کرد و ئاڵۆز بوو ، وە لە سەرەتاوە کە ئیسلام بێهێز بوو ، زۆر لە کافرەکان خۆیان ناچار نەدەبینى بچنە حاڵەتى (نفاق)ەوەو بێ منەت بوون لە ئیسلام ، بۆ وێنە ( عبدالله بن أبی) ، کە جارێکیان پێغەمبەر بە گوێدرێژێک بەلاى مەجلیسەکەى (عبدالله بن أبی)دا تێپەڕ دەبێ و تۆزو خۆڵى بۆ دەچێ ، ئەویش خۆى دەمامک دەکاو دەڵێ :  ئەى کابرا ئەو دینەى کە تۆ هێناوتە ئەگەر  حەقەو ڕاستە لە مەجلیسى خۆتدا دانیشەو خەڵک دێت گوێت بۆ دەگرێ ، بەڵام لە مەجلیس و جێگەو ڕێگەى خۆماندا ئەزیەتمان مەدە ، (عبدالله بن أبی) ئەو قسەیەى بە مەبەستێکى خراپ کردووەو ویستوویەتى پێغەمبەر چالاکیی و جمو جۆڵى نەبێ و وەک چۆن بۆ ڕێنمایی خەڵک و ڕزگارکردنیان بە دوایاندا گەڕاوە ، وانەمێنێ ، وە ئەو قسەیەشى کە کردووە بە ئاشکرا کردوویەتى و کاتێک بووە کە کافرەکان شەرمیان لە ئیسلام و دەوڵەتەکەى نەکردوە و بە ئاشکرا موشریک بوون .

بەڵام لە دوایدا خۆی و هەندێک لە هۆزو تیرەکەى ، کە بینیان ڕۆژ بە ڕۆژ ئیسلام بەهێز دەبێ ، پەنایان بردە بەر دەغەڵى و دوو ڕوویی ، وە گوتیان :  ( هذا أمرٌ قد تَوَجَّه) ، واتە :  ( ئەوە شتێکەو هاتوە) ، کەواتە : پێویستە بزانرێ لەسەرەتادا کە ئیسلام کیان و دەوڵەتى نەبووە یان هەیبووە ، بەڵام دەڵەمەو بێهێز بووە ، کافرەکان بە ئاشکرا دژایەتى ئیسلامیان کردووەو مەبەست و هەڵوێستەکانیان دەرخستووە ، بەڵام کە ئیسلام دەسەڵاتى پەیدا کردوە ، نیفاق و دووڕوویی پەیدا بووەو کافرەکان کوفرى خۆیان شاردۆتەوەو لەو ڕێیەوە زیانیان بە ئیسلام گەیاندووە .

ئێستاش و لەمەو دواش  نیفاق کاتێک پەیدا دەبێت ، کە موسوڵمانان ئەندازەیەک دەسەڵاتیان هەبێ ، ئەگەر نا لە کاتێکدا موسوڵمانان چەوسێنراوەو بێ دەسەڵات بن ، کەس ناچار نیە کوفرەکەى خۆى پەنهان بکات ، بەڵکو بە ئاشکرا ئیعلانى کافرێتى خۆى دەکات .

وە هۆى پەیدا بوونى نیفاقیش ئەوە بوو کە کافرەکان ویستیان زیانێکى زیاتر بە ئیسلام بگەیەنن ، چونکە باباى مونافیق زۆر لە باباى کافر بە زیانترە ، چونکە موسوڵمان دەزانێ چۆن مامەڵە لەگەڵ کەسانێک بکات ، کە کوفرەکەى ئاشکرایەو دەزانێ چییە ، بەڵام مونافیق کافرێکى درۆزن و پەنهانەو شێوازى هەڵس و کەوت لەگەڵیدا بەزەحمەتەو ، زۆر جار خەڵکى ساویلکەى موسوڵمانیش بە قسەو ڕەفتارى مونافیقەکان هەڵدەخەڵەتێن !.

مەسەلەى نیفاقیش لە سەردەمى پێغەمبەر دا لە مەدینە پەیدا بووە کاتێک کە دەوڵەت و کیانى ئیسلامیی دروست بووەو پەرەى سەندووە ، ئەگەر نا لە مەککە کە کافرەکان بەهێز و باڵا دەست بوون ، دیاردەى نیفاق و مونافیقان نەبووە .

سێ يەم :-  جۆرەکانى نیفاق :-

لە ڕاستیدا نیفاق یەک جۆرى هەیە ، وەکو زاراوەیەکى شەرعیی بە کەسێک دەگوترێ مونافیق کە کافرێکى پەنهان بێ ، بەڵام لە ئەنجامى هاتنى هەندێک فەرمایشتى پێغەمبەر لەبارەى نیفاق و مونافیقەوە زانایان ناچار بوون بڵێن : دوو جۆر نیفاق هەیە ، نیفاقى گەورەو نیفاقى گچکە ، یان نیفاقى کردەیی و نیفاقى عەقیدەیی ، مەبەستمان لە نیفاقى بچووک (نیفاقى کردەوە ) ئەوەیە ، کە کۆمەڵێک سیفەت کە سیفەتى مونافیقانن لە کەسێکدا دێنە دى ، بەڵام کابرا لە دەروونى خۆیدا موسوڵمانەو کافر نیە ، وەکو پێغەمبەر لە چەند فەرمایشتێکیدا ئەو ڕاستییەى باسکردووە ، یەکێک لەوانە دەفەرموێ : {اربع من كن فيه كان منافقا خالصاً و إن كانت فيه خلّة منهن ، كانت فيه خلّة من نفاق حتى يدعها : إذا حدَّث كذب ، و إذا عاهد غدر ، وإذا وعد أخلف ، وإذا خاصم فجر} رواه البخارى ، واتە:  ( چوار سیفەت لە هەر کەسێکدا هەبن ئەوا مونافیقێکى تەواوە ، وە هەر کەسێکیش یەکێک لەو سیفەتانەى تێدا بێ ، ئەوا یەکێک لە سیفەتەکانى مونافیقانى تێدایە ، تاکو دەستى لێ هەڵدەگرێ :  ( ئەو چوار سیفەتەش بریتین لەوەى کە ئەگەر قسەیەکى کرد درۆ بکا ، وە ئەگەر پەیمانى دا پەیمان بشکێنێ ، وە ئەگەر بەڵێنى دا بەڵێنەکەى نەباتە سەر ، وە لە کاتى مشت و مڕو ناکۆکییدا سنوور ببەزێنێ و تووشی گوناح ببێت ) ئەو چوار سیفەتە لە هەر کەسێکدا هەبن مونافیقێکى تەواوە ، وە هەر کەسێکیش یەکێکیانى تێدا بێت ئەوە بەشێک لە نیفاقى تێدایە ، جا لەبارەى ئەوەوە ، کە پێغەمبەر لەو فەرمایشتەیدا فەرموویەتى : مونافیقێکى تەواوە ، زانایان گوتوویانە : یانى ئەو کەسە نیفاقى گچکەى بە تەواوى تێدا هاتۆتە دی ، نەک بووبێتە ئەو مونافیقەى ، کە بەشى بە ئیسلامەوە نەمابێت ، چونکە هیچ کام لەو سیفەتانە پەیوەندى بە عەقیدەوە نیە ، بەڵام هەندێکى دیکە لە زانایان گوتویانە ، هەر کەسێک ئەو چوار سیفەتەى تێدا بێنە دی و لەسەریان بەردەوام بێت ، ئەوە ئەو کەسە ئیمانى نەماوەو بۆتە مونافیقى تەواو ، منیش واى بۆ دەچم هەر ئەم ڕایە ڕاست بێ ، چونکە بێگومان هەر کەسێک درۆکردن و بێ بەڵێنى و پەیمان شکاندن و خراپەکاریی لەلا بوبێتە عادەت و نەریتێکى چەسپاو ، ناگونجێ ئیماندار بێ !.

نیفاقى گەورەش، یان مونافیقى گەورە چ پیاو بێ چ ئافرەت ، ئەوەیە کە لە دەروونى خۆیدا کوفرى هەڵگرتبێ ، بەڵام بە ڕواڵەت خۆى بە موسوڵمان پیشان بدات ، کە ئەم جۆرەشیان زانایان (نیفاق)ى بیرو بڕوا (اعتقاد)ى پێ دەڵێن .نیفاقى گەورە گەورەترین جۆرى کوفرەو باباى مونافیقیش لە هەموو جۆرەکانى کافران خراپترو بەزەڕترە و لە دواڕۆژیشدا لە هەموویان ئەشکەنجەى سەختترە ، وەک خواى پەروەردگار دەفەرموێ : {إِنَّ الْمُنَافِقِينَ فِي الدَّرْكِ الْأَسْفَلِ مِنَ النَّارِ وَلَنْ تَجِدَ لَهُمْ نَصِيرًا (١٤٥)} النساء ، واتە : بێگومان مونافیقەکان لە پلەى خوارەوەى دۆزەخدان ، هیچ یارمەتى دەرێکیشت بۆ ئەوان چنگ ناکەوێ ، وەکو چۆن بەهەشت (درجات)ى هەیە ، دۆزەخیش (درکات)ى هەیە ، (درجات) بۆ سەرکەوتنەو (درکات)یش بۆ شۆڕبوونەوەیە ، جا مونافیقەکان لە (درک)ى خوارى خوارێی دۆزەخدان .

چوارەم :- نیشانەکانى مونافیقەکان و هەڵوێستەکانیان :-

من کە سەرنجى قورئانم داوە ئەو ئایەتانەى کە باسى مونافیقان دەکەن ، زیاتر لە (١٠٠) سیفەت و هەڵوێستى خراپیان باس دەکەن – کە ناگونجێ لێرە هەموویان باس بکەین - .

پێویستە ئەو حەقیقەتە بزانین ، کە کوفرى ئاشکرا ناسینى زۆر ئاسانە ، چونکە دیارەو ئاشکرایە ، بەڵام کوفرى پەنهان (نیفاق) ناسینى بە زەحمەتە ، هەر بۆیەش خواى پەروەردگار ئەوەندە بە ووردى تیشکى خستۆتە سەر مونافیقەکان ، چونکە ئەگەر زۆر لە سیفەت و شێوەو هەڵوێستەکانیان باس نەکرێ ، زۆر کەس لە ناسینیاندا بەهەڵەدا دەچێ ، هەر بۆیەش خواى زاناو شارەزا لە (٢٠) ئایەتى سەرەتاى سووڕەتى (البقرة) دا کە باسى ئیماندارو کافرو مونافیقەکان دەکات ، لە (٥) ئایەتى یەکەمدا پێناسەى ئیمانداران و پارێزکاران دەکات ، وە لە (٢) ئایەتى دواتر باسى کافران دەکا ، بەڵام لە (١٣) ئایەتى دواى ئەواندا باسى مونافیقان دەکات ، واتە : دوو ئەوەندەى ئەو ئایەتانەى کە تیایاندا باسى ئەهلى کوفرو ئەهلى ئیسلام کراوە تەرخان کراوە بۆ پێناسەکردنى مونافیقان ، هەروەها سووڕەتێکیش هەیە بەناوى (المنافقون) لە قورئاندا خواى کاربەجێ لە زۆر شوێندا باسى کردوون ، بۆ وێنە :  هەندێک لە زانایان بە سووڕەتى (التوبة) دەڵێن : سووڕەتى (الفاضحة) ( ئابڕووبەر ) ، چونکە خواى باڵا دەست لەو سووڕەتەدا ئابڕووى مونافیقەکانى بردوە ، ئێستاش با سەرنجێکى خێرا لە ژمارەیەک لەو ئایەتانە بدەین : {وَمِنَ النَّاسِ مَنْ يَقُولُ آمَنَّا بِاللَّهِ وَبِالْيَوْمِ الْآخِرِ وَمَا هُمْ بِمُؤْمِنِينَ (٨) يُخَادِعُونَ اللَّهَ وَالَّذِينَ آمَنُوا وَمَا يَخْدَعُونَ إِلَّا أَنْفُسَهُمْ وَمَا يَشْعُرُونَ(٩) ...(٢٠) } البقرة ، خواى پەروەردگار لێرەدا ئاوا دەست پێ دەکات : { وَمِنَ النَّاسِ } توێژەرەوانى قورئان دەڵێن لە ڕووى ڕەوان بێژییەوە ئەو دەستەواژەیە ئەوە دەگەیەنێ ، کە لە نێو خەڵکیدا کەسانێک هەن نەناسراون و نامۆن و هەموو کەس نایانناسێ ، { وَمِنَ النَّاسِ مَنْ يَقُولُ آمَنَّا بِاللَّهِ وَبِالْيَوْمِ الْآخِرِ } لەنێو خەڵکیدا کەسانێک هەن ، کەدەڵێن ئیمانمان  هەیە بە خواو بەڕۆژى دوایی { وَمَا هُمْ بِمُؤْمِنِينَ } ئیمانداریش نین بە خواو بەڕۆژى دوایی ، کە ئەوەش دەڵێن مەبەستیان ئەوەیە کە : { يُخَادِعُونَ اللَّهَ وَالَّذِينَ آمَنُوا } دەیانەوێ خواو ئەوانەش کە ئیماندارن هەڵخەڵەتێنن ، { وَمَا يَخْدَعُونَ إِلَّا أَنْفُسَهُمْ وَمَا يَشْعُرُونَ } بەڵام بێجگە لە خۆیان هیچ کەس فریو نادەن و هەڵناخەڵەتێنن ، بەڵام هەست ناکەن ، دوایی دەفەرموێ : { فِي قُلُوبِهِم مَّرَضٌ  } لە دڵیاندا نەخۆشى هەیە ، ئینجا باسى سیفەتەکانى دیکەیان دەکات ، کە چۆن بانگەشەى چاکەکارى (اصلاح) دەکەن ، وە ئەگەر پێیان بگوترێ خراپە مەکەن ! دەڵێن : چاکەکار هەر ئێمەین ، وە باسى ئەوە دەکات کە چۆن ئەهلى ئیمان بەبێ عەقڵ لەقەڵەم دەدەن و دەڵێن { أَنُؤْمِنُ كَمَآ ءَامَنَ ٱلسُّفَهَآءُ } تا کۆتایی سیفەتەکانیان ، کە خواى زانا زۆر بەڕوونى تیشکی خستۆتە سەریان .

وە لە شوێنێکى دیکەدا خواى پەروەردگار سیفەتێکى دیکەى زۆر بنەڕەتى مونافیقەکان باس دەکات و دەفەرموێ :{ بَشِّرِ الْمُنَافِقِينَ بِأَنَّ لَهُمْ عَذَابًا أَلِيمًا (١٣٨) الَّذِينَ يَتَّخِذُونَ الْكَافِرِينَ أَوْلِيَاءَ مِنْ دُونِ الْمُؤْمِنِينَ أَيَبْتَغُونَ عِنْدَهُمُ الْعِزَّةَ فَإِنَّ الْعِزَّةَ لِلَّهِ جَمِيعًا (١٣٩)} النساء ، واتە : موژدە بدە بە مونافیقەکان کە ئازارێکى بە ئێشیان هەیە لە دواڕۆژدا ، ئەوانەى کە کافرەکان بەدۆست دەگرن لە جیاتى ئیمانداران ، ئایا عیززەت و دەسەڵاتیان لێ داوا دەکەن (بەهۆى ئەو پەیوەندییەوە ) بێگومان زاڵیی و پایەبەرزیی هەر هی خوایە .

هەروەها لە جێیەکى دیکەدا خواى بێ وێنە تیشک دەخاتە سەر هەندێک لە سیفەتەکانى دیکەى مونافیقان و دەفەرموێ : { إِنَّ الْمُنَافِقِينَ يُخَادِعُونَ اللَّهَ وَهُوَ خَادِعُهُمْ وَإِذَا قَامُوا إِلَى الصَّلَاةِ قَامُوا كُسَالَى يُرَاءُونَ النَّاسَ وَلَا يَذْكُرُونَ اللَّهَ إِلَّا قَلِيلًا (١٤٢) مُذَبْذَبِينَ بَيْنَ ذَلِكَ لَا إِلَى هَؤُلَاءِ وَلَا إِلَى هَؤُلَاءِ وَمَنْ يُضْلِلِ اللَّهُ فَلَنْ تَجِدَ لَهُ سَبِيلًا (١٤٣)} النساء ، واتە : بێگومان مونافیقەکان وا ڕەفتار دەکەن کە خوا فریو دەدەن ، بە تەئکید خوا ئەوان فریو دەدات ( کە لێ دەگەڕێ لە دونیادا وەکو موسوڵمان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێ و لە ڕاستیشدا پیسترین کافرن ) ، کەواتە : سیفەتێکى زۆر زەقى مونافیقەکان ئەوەیە ، کە دەیانەوێ خەڵکى هەڵخەڵەتێنن و چەواشەیان بکەن ، { وَإِذَا قَامُوا إِلَى الصَّلَاةِ قَامُوا كُسَالَى } وە کە هەڵدەستن بۆ نوێژ بە تەمبەڵییەوە هەڵدەستن ، واتە : نوێژ دەکەن ، بەڵام بە تەمبەڵیی ، { يُرَاءُونَ النَّاسَ وَلَا يَذْكُرُونَ اللَّهَ إِلَّا قَلِيلًا } بۆ خەڵک ڕازى کردن و بە ڕووپاماییەوە نوێژ دەکەن ، وە بە دەگمەنیش نەبێ باسى خوا ناکەن .

دیارە ئەو دەگمەن باس کردنەشیان بۆ هەڵخەڵەتاندنى خەڵکە ، { مُذَبْذَبِينَ بَيْنَ ذَلِكَ لَا إِلَى هَؤُلَاءِ وَلَا إِلَى هَؤُلَاءِ وَمَنْ يُضْلِلِ اللَّهُ فَلَنْ تَجِدَ لَهُ سَبِيلًا } واتە : لەو نێوانەدا دێن و دەچن نە بەلاى ئەملادا شکاونەوە ( بەلاى موسوڵماناندا ) نە بەولادا (بەلاى کافرەکاندا کە ئەمەش لەڕووى ڕواڵەتییەوە ئەگەر نا لەڕووى دەروونیەوە بەلاى کوفردا شکاونەوە ) ، وە هەر کەسێکیش کەخوا سەری لێ تێک بدا (بەهۆى کردەوەکانى خۆیەوە شایستەى سەر لێ تێکچوونە) تۆ هیچ ڕێبازێکى بۆ نادۆزیەوە ، کە دەربازى بکەی و هیدایەتى بدەى .

هەروەها خواى بەرزو مەزن ڕوو لە ئیمانداران دەکاو دەفەرموێ : {  يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا تَتَّخِذُوا الْيَهُودَ وَالنَّصَارَى أَوْلِيَاءَ بَعْضُهُمْ أَوْلِيَاءُ بَعْضٍ وَمَنْ يَتَوَلَّهُمْ مِنْكُمْ فَإِنَّهُ مِنْهُمْ إِنَّ اللَّهَ لَا يَهْدِي الْقَوْمَ الظَّالِمِينَ (٥١) فَتَرَى الَّذِينَ فِي قُلُوبِهِمْ مَرَضٌ يُسَارِعُونَ فِيهِمْ يَقُولُونَ نَخْشَى أَنْ تُصِيبَنَا دَائِرَةٌ فَعَسَى اللَّهُ أَنْ يَأْتِيَ بِالْفَتْحِ أَوْ أَمْرٍ مِنْ عِنْدِهِ فَيُصْبِحُوا عَلَى مَا أَسَرُّوا فِي أَنْفُسِهِمْ نَادِمِينَ (٥٢) وَيَقُولُ الَّذِينَ آمَنُوا أَهَؤُلَاءِ الَّذِينَ أَقْسَمُوا بِاللَّهِ جَهْدَ أَيْمَانِهِمْ إِنَّهُمْ لَمَعَكُمْ حَبِطَتْ أَعْمَالُهُمْ فَأَصْبَحُوا خَاسِرِينَ (٥٣)} المائدة ، ئەم سێ ئایەتە دەربارەى (عبدالله بن أبی بن سلول) و هاوشێوەکانى ئەو هاتونە خوارو هەموو ئەوانەشى کەلەگەڵ جوولەکەو نەصڕانییەکان دۆستایەتیی و کەین و بەینییان هەیە بە بیانووی ئەوەى ، کە بەرژەوەندى دونیایان دەست دەکەوێ ، کەواتە : هەر کەسێک دۆستایەتى ئەهلى کیتاب (جوولەکەو نەصڕانییەکان) بکا و لەدڵەوە خۆشى بوێن و حەز بە سەرکەوتنیان بکات ، ئەوە بە تەئکید گیرۆدەى نیفاقە ، هەر کەسێک حەز بە قازانج و سەرکەوتنى کوفر بکا ، جا ئەمریکا بێ ، یان هەر کەس و لایەنێکى دیکە ، ئەوە لەوانەو کافرە ، هەر کەسێکیش حەز بە شکستى موسوڵمانان بکات لەبەر موسوڵمانێتییەکەیان ، ئەوە کافرە ! چونکە ئەوە پێی دەگوترێ دۆستایەتى ڕەها (الموالاة المطلقة) بەڵام ئەگەر تەنیا مودارا کردن بێ و ، لە دەروونەوە خۆشی نەوێن و  بە سەرکەوتنیان دڵخۆش و بە ژێرکەوتنیان ناڕەحەت نەبێ ، ئەوە هەڵوێستەکەى بە کوفر دانانرێ و حوکمەکەى جیایە .

لە سووڕەتى (التوبة)شدا لە ئایەتى (١٠٧- ١١٠) خواى پەروەردگار باسى (مسجد الضرار)مان بۆ دەکات کە دەفەرموێ : { وَالَّذِينَ اتَّخَذُوا مَسْجِدًا ضِرَارًا وَكُفْرًا وَتَفْرِيقًا بَيْنَ الْمُؤْمِنِينَ وَإِرْصَادًا لِمَنْ حَارَبَ اللَّهَ وَرَسُولَهُ مِنْ قَبْلُ وَلَيَحْلِفُنَّ إِنْ أَرَدْنَا إِلَّا الْحُسْنَى وَاللَّهُ يَشْهَدُ إِنَّهُمْ لَكَاذِبُونَ (١٠٧)} التوبة ، یەکێک لە نەخشەو پڵانى مونافیقەکان بۆ دژایەتى کردنى ئیسلام ئەوەیە کە لەبەرگى دیندا لە دین دەدەن ! بۆ وێنە : مزگەوتێک دروست دەکەن ، بەڵام مەبەستیان ئەوەیە کە تێیدا پیلان بۆ ئەهلى ئیمان دابنێن ، بۆ ئەوەى خۆڵەمێش بکەنە چاوى موسوڵمانانەوەو وایان لێ حاڵی بکەن کە ئەوانیش بڕوایان بە دین هەیە ، بەڵام لە ڕاستیدا تەنها مەبەستیان چاوبەست کردن و چەواشە کردنى موسوڵمانانە ، (مسجد ضرار)یش ئەو مزگەوتە بوو کە کۆمەڵێک لە مونافیقەکانى سەردەمى پێغەمبەر دروستیان کردو لەوێدا کەین و بەینیان لەگەڵ ڕۆمەکان هەبوو ، پیلانیان دادەناو ڕێیان خۆش دەکرد بۆ ڕۆم ، کە بێن و بەسەر مەدینەدا بدەن ، بەڵام خواى شارەزا پێغەمبەر ى ئاگادار کردەوە ، بۆیە ئەویش کە لە جەنگى تەبووک گەڕایەوە هەندێک لە هاوەڵانى نارد ، ئەو مزگەوتەیان ڕووخاند .

لە شوێنێکى دیکەدا هەروەها خوا – عز وجل- باسى هێندێکى دیکە لە سیفەتى مونافیقەکانمان بۆ دەکات و دەفەرموێ : { الْمُنَافِقُونَ وَالْمُنَافِقَاتُ بَعْضُهُمْ مِنْ بَعْضٍ يَأْمُرُونَ بِالْمُنْكَرِ وَيَنْهَوْنَ عَنِ الْمَعْرُوفِ وَيَقْبِضُونَ أَيْدِيَهُمْ نَسُوا اللَّهَ فَنَسِيَهُمْ إِنَّ الْمُنَافِقِينَ هُمُ الْفَاسِقُونَ (٦٧)} التوبة ، واتە: پیاوانى مونافیق و ئافرەتانى مونافیق هێندێکیان لە هێندێکیانن ( پشتى یەک دەگرن) فەرمان  بە خراپە دەکەن و ڕێ لە خراپە دەگرن ، { ئەگەر ئێستا بە تەنیا ئەم دوو سیفەتە بکەى بە تەرازوو زۆر کەس لە کۆمەڵگاى خۆماندا سیفەت مونافیق دەردەکەون ، کە لە کۆڕ و سیمینارو ڕۆژنامەو گۆڤارەکاندا فەرمان بە خراپە دەکەن و ڕێ لە چاکە دەگرن و ئیباحییەت بڵاو دەکەنەوەو دژى حەیاو حەشمەت و ئەدەب و ڕێز قسە دەکەن } ئینجا دەفەرموێ : { وَيَقْبِضُونَ أَيْدِيَهُمْ } دەستى خۆیان دەگرنەوەو ئامادەنین یارمەتى لێقەوماوان بدەن ، لە سووڕەتى (المنافقون)یشدا کە (١١) ئایەتە ، باسى مونافیقەکان دەکات و ئاوا دەست پێ دەکات{ إِذَا جَاءَكَ الْمُنَافِقُونَ قَالُوا نَشْهَدُ إِنَّكَ لَرَسُولُ اللَّهِ وَاللَّهُ يَعْلَمُ إِنَّكَ لَرَسُولُهُ وَاللَّهُ يَشْهَدُ إِنَّ الْمُنَافِقِينَ لَكَاذِبُونَ(١) ... } المنافقون ، واتە : کاتێک مونافیقەکان هاتن بۆ لات دەڵێن : شایەدیی دەدەین تۆ پێغەمبەرى خواى ، خوا دەزانێ کە تۆ پێغەمبەرى ئەوى ، بەڵام خوا شایەدیی دەدا کە مونافیقەکان درۆ دەکەن ...

 

پێنجەم :- پوختەى پێناسەى مونافیقەکان :-

پێناسەى مونافیقەکان بە پوختى و کورتى ئەوەیە ، کە مونافیقەکان حیزبى شەیطانن ، لەو بارەوە خواى بەرز لە سووڕەتى (المجادلة) ئاوا باسى مونافیقەکان دەکات و دەفەرموێ : { أَلَمْ تَرَ إِلَى الَّذِينَ تَوَلَّوْا قَوْمًا غَضِبَ اللَّهُ عَلَيْهِمْ مَا هُمْ مِنْكُمْ وَلَا مِنْهُمْ وَيَحْلِفُونَ عَلَى الْكَذِبِ وَهُمْ يَعْلَمُونَ (١٤) أَعَدَّ اللَّهُ لَهُمْ عَذَابًا شَدِيدًا إِنَّهُمْ سَاءَ مَا كَانُوا يَعْمَلُونَ (١٥) اتَّخَذُوا أَيْمَانَهُمْ جُنَّةً فَصَدُّوا عَنْ سَبِيلِ اللَّهِ فَلَهُمْ عَذَابٌ مُهِينٌ (١٦) لَنْ تُغْنِيَ عَنْهُمْ أَمْوَالُهُمْ وَلَا أَوْلَادُهُمْ مِنَ اللَّهِ شَيْئًا أُولَئِكَ أَصْحَابُ النَّارِ هُمْ فِيهَا خَالِدُونَ (١٧) يَوْمَ يَبْعَثُهُمُ اللَّهُ جَمِيعًا فَيَحْلِفُونَ لَهُ كَمَا يَحْلِفُونَ لَكُمْ وَيَحْسَبُونَ أَنَّهُمْ عَلَى شَيْءٍ أَلَا إِنَّهُمْ هُمُ الْكَاذِبُونَ (١٨) اسْتَحْوَذَ عَلَيْهِمُ الشَّيْطَانُ فَأَنْسَاهُمْ ذِكْرَ اللَّهِ أُولَئِكَ حِزْبُ الشَّيْطَانِ أَلَا إِنَّ حِزْبَ الشَّيْطَانِ هُمُ الْخَاسِرُونَ(١٩)  } المجادلة ، شایانى باسە خواى پەروەردگار لە قوڕئاندا دوو جار ووشەى (حزب الشیطان)ى بەکار هێناوە ، هەردوو جاریش بۆ پێناسەى مونافیقەکانى بەکار هێناوە ، دەفەرموێ :  (تەماشاى ئەوانە ناکەن کە دۆستایەتى لەگەڵ کەسانێک دەگرن ، کە خوا لێیان تووڕە بووە ( واتە : جوولەکەکان ) نە لە ئێوەن نە لەوانیشن (نە جوولەکەن نە موسوڵمان) سوێندیش بەدرۆ دەخۆن و دەشزانن کە درۆ دەکەن ، ئینجا دواى ئەوەى کە باسى سیفەتەکانیان دەکات ...، دەفەرموێ :  ئەوانە کەسانێکن ، کە شەیطان سوارى ملیان بووەو بەسەریاندا زاڵ بووەو کردوونى بە وڵاخى سواریی بۆ خۆى ، یادى خواى لەبیر بردونەوە ، ئا ئەوانەن پێڕى شەیطان ، ئاگادار بن پێڕى شەیطانن زەرەرمەندەکان ، کەواتە باشترین پێناسە بۆ مونافیقەکان ئەوەیە کە بڵێین : دەستەو پێڕو تاقمى شەیطانن .

هەروەکو خواى کاربەجێ دۆستایەتی کردنى خواو دۆستایەتى کردنى پێغەمبەر و ئەهلى ئیمانى کردووە بە دیارترین سیفەتى (حيزبى خوا )  ( حزب الله) کە ئەم ووشەیەش سێ جار لە قوڕئاندا هاتووە ، دوو جار لە ئایەتى (٢٢)ى سووڕەتى (المجادلة)دا و جارێکیش لە ئایەتى (٥٦)ى سووڕەتى (المائدة)دا ، هەمووشیان بۆ کەسانێک بەکار هاتوون کە دۆستایەتى خواو دۆستانى خوا دەکەن ، کەواتە : تایبەتمەندترین سیفەتى ئیمانداران بریتیە لە دۆستایەتى کردن لەگەڵ خواو پێغەمبەرى خوا و ئەهلى ئیماندا ، هەروەها تایبەتمەندترین سیفەتى مونافیقەکانیش ، بریتیە لە کەین و بەین هەبوون و دۆستایەتى کردنى کافران .

سێ ئاگادارى دەربارەى مونافیقەکان :-

١)لەم ڕۆژگارەماندا پێویستە مونافیقەکان چاک بناسین ، دیارە ئەویش لەڕێی سیفەتەکانیانەوە ، کە خواى زاناو شارەزا لە قوڕئانداو پێغەمبەرمان لە سوننەتدا بۆ ئێمەیان خستۆتە ڕوو ، بۆیە پێویستە زۆر لەو ئایەتانە وورد بینەوە کە باسى مونافیقەکان دەکەن ، چونکە لە کۆمەڵگاى ئێمەدا کەسانێکى زۆر هەن کە بانگەشەى موسوڵمانەتى دەکەن ، بەڵام بە کردەوە شتێکى دیکەن و سیفەت و ئاکارو هەڵوێستیان ، سیفەت و هەڵوێستى مونافیقانن .

٢) هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ مونافیقەکاندا ، واقع بینیی و دوور بینیی و ووریاییەکى زۆرى دەوێ ، پێغەمبەرمان ئەوەندەى بەدەست مونافیقەکانەوە تووشى گرفتاریی و ناڕەحەتى بووە ، ، هێندە بە دەست کافرەکانەوە تووشى گرفتاریی و ناڕەحەتى نەبووە ، وە هەوڵى داوە ئەوپەڕى حیکمەت و لێزانیی بەکار بێنێ بۆ هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ مونافیقەکاندا ، (بخارى و مسلم) هێناویانە ، کە جارێک عومەر – خوا لێی ڕازى بێ – لەبارەى (عبدالله بن أبى بن سلول) ى مونافیقەوە کە هەڕەشەى لە موسوڵمانان کردبوو ، بە پێغەمبەر دەفەرموێ : ڕێگام بدە با لە ملى ئەو مونافیقە بدەم ! پێغەمبەریش دەفەرموێ : { دعه، لا یتحدث الناس أن محمدا یقتل أصحابه} واتە : وازى لێبێنە ، چونکە دوایی خەڵک دەڵێن : موحەممەد هاوەڵانى خۆى دەکوژێ ، بەڵێ هەڵسوکەوت لەگەڵ مونافیقەکاندا بە زەحمەتەو لێزانیی و ووریایی زۆرى دەوێ ، وەلە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکى دیکە جیاوازى هەیە ، چونکە پێغەمبەر لەسەرەتاى دامەزراندنى دەوڵەتى ئیسلامییدا سینگ فراوانیی و لێبوردنى زیاترى لەگەڵ مونافیقەکان ئەنجام داوە ، بەڵام لە دوادواى تەمەنى موبارەکیدا زیاتر لەگەڵیان توندو سەختگیر بووە ، وە خواى پەروەردگاریش لە سووڕەتى (التوبة) و سووڕەتى (التحریم)یشدا ئەم فەرمانەى بە پێغەمبەر کردوە ، کە دەفەرموێ : { يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ جَاهِدِ الْكُفَّارَ وَالْمُنَافِقِينَ وَاغْلُظْ عَلَيْهِمْ وَمَأْوَاهُمْ جَهَنَّمُ وَبِئْسَ الْمَصِيرُ (٩)} واتە : ئەى پێغەمبەر! دژى کافرو مونافیقەکان تێبکۆشەو لەسەریان توندبە ...

هەروەها لە (السیرة النبویة)دا هاتوە ، کە پێغەمبەر لە دوادواى تەمەنى موبارەکیدا ، ڕۆژێک فەرمانى بە موسوڵمانان داوەو کۆمەڵێک لە مونافیقەکانى ناو هێناون و کردونیە دەرێ ، هەندێکیش لە مونافیقەکان مابوون کە ناوەکانى بە (حذیفة بن الیمان) فەرموون – خوا لێی ڕازى بێ- وە بۆیە پێی گوتراوە : خاوەنى نهێنى پێغەمبەر (صاحب سر الرسول) .

٣) مونافیقەکان دەگونجێ تەوبە بکەن ، بەڵام مەرجەکانیان قورسترن لە تەوبە کردنى خەڵکى دیکە ، وەک خواى پەروەردگار باسى مونافیقەکان دەکات ، لە دواییدا باسى مەرجەکانى گەڕانەوەیان دەکات و دەفەرموێ : { إِلَّا الَّذِينَ تَابُوا وَأَصْلَحُوا وَاعْتَصَمُوا بِاللَّهِ وَأَخْلَصُوا دِينَهُمْ لِلَّهِ فَأُولَئِكَ مَعَ الْمُؤْمِنِينَ وَسَوْفَ يُؤْتِ اللَّهُ الْمُؤْمِنِينَ أَجْرًا عَظِيمًا (١٤٦) } النساء ، واتە : جگە لەوانەى کە دەگەڕێنەوە وە چاکەکاریی دەکەن ، وە دەست بە ڕێنمایی خوا دەگرن ، وە دیندارییەکى ساغیش بۆ خوا دەکەن ، ئائەوانە لەگەڵ ئیمانداراندان و خواش لەمەودوا پاداشتى گەورە دەداتە ئیمانداران ، هەڵبەتە قورستر بوونى مەرجەکانى گەڕانەوە (توبة)ى مونافیقان شتێکى مەنتیقى یە ، چونکە ئینسان تا دەردەکەى سەختتر بێ دەرمانەکەشى زیاتر و ئاڵۆزتر دەبێ ، بۆیە چارەسەری و پەسیمان بوونەوەش لێی دەبێ چارەسەرێکى تێکەڵ و (مرکب) بێ ، کە لە چوار شت پێک دێ :-

 

أ-بە کردەوە بگەڕێتەوە بۆلاى خوا .

ب- دواى گەڕانەوە چاکەکاری بکات .

ج- دەست بە دین و ڕێسمانى خواى گەورە بگرێت .

د- کە تا ئێستا ڕیای هەبووە ، لەمەودوا بۆ خوا ساغ و یەکلا ببێتەوە .

 

پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا /  مامۆستا عەلى باپیر

لاپەڕە  / ( ٥٢٦-٥٣٩)

 


زیاتر

12
Copyright. All Rights Reserved.
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پارێزراوه بۆ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا،
هه‌رکه‌سێک بابه‌ته‌کان کۆپی بکات پێویسته ئاماژه به‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بکات که‌ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودایه