بەخێربێن بۆ پێگەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
لە ژيانى پێغەمبەر (ﷺ) فيربووم : سەركردەى لێهاتوو شوێن كەوتوو بەرهەم ناهێنێت ، بەڵكو سەركردەى وەك خۆى دروست دەكات .
چه‌ند وته‌یه‌كی جوان: 1ـ ئارامی‌ عیباده‌تێكه‌ به‌بێ‌ زه‌حمه‌ت ، هه‌یبه‌تيكه‌ به‌بێ‌ قودره‌ت ، قه‌ڵایه‌كه‌ به‌بێ قه‌ڵغان ، سه‌ركه‌وتنێكه‌ به‌بێ‌ چه‌ك. 2ـ ماڵێك كه‌ هیچ كات وێران نابێت عه‌داله‌ته‌. 3ـ نه‌خۆشیه‌ك ده‌رمانی‌ نییه‌ بێ ئه‌قڵیه.‌ 4ـ شیرینیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆرێت به‌ تاڵی‌ هه‌واو ئاره‌زوویه‌. ‌5ـ تاڵیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆريت به‌شیرینی‌ صه‌بر و ئارام گرتنه‌. 6ـ ئه‌گه‌ر پشووی‌ لاشه‌ به‌كه‌می‌ خۆراكه‌ ئه‌وا پشووی‌ دڵ و ده‌روونیش به‌كه‌می‌ گوناهه.‌
پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرمان بێت كه‌ تاوه‌كو زستان ساردو سه‌ختتر بێت ئه‌وا به‌هاری رازاوه‌ترو جوانتر دێته‌ پىش چاو.
علی كوری به‌بو تالیب (ره‌زای خوای لى بێت) ده‌فه‌رموێت: دونیا وه‌كو مار وایه‌، رواڵه‌تی بریقه‌داره‌و ناخی هه‌ڵگری ژه‌هرێكی ترسناكه‌، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ گه‌مژه‌یه‌و ناحاڵیه‌، ئه‌وه‌ی لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ خاوه‌نی ژیریه‌.
ژیانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
 دابەزینی وەحی بۆ پێغەمبەر ﷺ
26/09/2019
بینین: 5415
دابەزینی وەحیی بۆ پێغەمبەرﷺ 
دەست پێکردنی وەحیی بۆ پێغەمبەر ﷺ  لە ئەشکەوتی (حراء) بوو، ئەو کاتە تەمەنی پێغەمبەر ﷺ  لە چل ساڵیدا بوو، دابەزینی (سروش) لە شەوی دووشەممەدا بووە کە شەوی پیرۆزی(لیلة القدر) بووە، بە بەڵگەی ئەو ئایەتە کە خوای گەورە دەفەرموێت:(شَهْرُ رَمَضَانَ الَّذِي أُنزِلَ فِيهِ الْقُرْآنُ......۱۸٥)البقرة، هەروەها لە ئایەتێکی تردا سەبارەت بە (۱۷)ی مانگی ڕەمەزان کە جەنگی بەدر تیایدا ڕوویدا خوای گەورە دەفەرموێت:(وَمَا أَنزَلْنَا عَلَىٰ عَبْدِنَا يَوْمَ الْفُرْقَانِ....٤۱)الانفال، واتە لە ڕۆژی فورقان،وە لە ئایەتەکەی تریش دا دەفەرموێت:(إِنَّا أَنزَلْنَاهُ فِي لَيْلَةٍ مُّبَارَكَةٍ إِنَّا كُنَّا مُنذِرِينَ ( 3 ) ) الدخان.

چۆنێتی دابەزینی سروش و وەحی
سەبارەت بە سەرەتای هاتنە خوارەوەی سرووش بۆ پێغەمەرﷺ عائیشە رضي الله عنه دەفەرموێت:(یەکەم شت لە وەحی کە بۆلای پێغەمبەر ﷺ دەستی پێ کرد، خەوی ڕاست بوو هەر خەوێکی ببینیایە وەکو ڕۆژی ڕووناک دەهاتە دی، پاشان خەڵوە و گۆشەگیری لا خۆشەویست بوو، دەچووە ئەشکەوتی (حراء)و عیبادەتی تیا دەکرد و چەند شەوێک لەوێ دەمایەوە پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆلای خێزانی و پاشان دەگەڕایەوە و خواردنی دەبرد،تا خوای گەورە فریشتەی بۆ نارد لە ئەشکەوتی (حراء)، فریشتەکە هات بۆ لای واتە: جبریل علیەالسلام پێی فەرموو :بخوێنە،فەرمووی:من خوێندەوار نیم، پێغەمەر ﷺ فەرمووی گرتمی و گوشیمی  بە خۆیەوە)، لە ڕیوایەتێکی تردا دەفەرموێت:(قورگی گرتم)،هەتا وای لێ کردم زۆر نارەحەت بووم پاشان بەریدام و دووەم جار پێی وتم:بخوێنە، وتم:من خوێندەوار نیم، گرتمی و گوشیمی بە خۆیەوە هەتا زۆر نارەحەت بووم پاشان بەریدام ، بۆ سێیەم جار پێی وتم:بخوێنە،من پێم وتەوە:خوێندەوارنیم و ئینجا گرتمی و گوشیمی بە خۆیەوە پاش کەمێک بەریدام و پێ وتم:(اقْرَأْ بِاسْمِ رَبِّكَ الَّذِي خَلَقَ ( 1 ) خَلَقَ الْإِنسَانَ مِنْ عَلَقٍ ( 2 )اقْرَأْ وَرَبُّكَ الْأَكْرَمُ ( 3 ) )العلق.
کە پێغەمبەر ﷺ ئەمەی گوێ لێ بوو دڵی کەوتە لەرزین، و گەڕایەوە بۆ لای خەدیجە و پێی وت:بم پێچنەوە و دام پۆشە،هەتا تۆزێ هۆشی هاتەوە سەر خۆی پاشان هەواڵەکەی بۆ خەدیجە گێڕایەوە و پێی فەرموو:(لقد خشیت علی نفسي) ترسام لە نەفسی خۆم کەتووشی شتێک بووبم، خەدیجەش فەرمووی :وەڵاهی هەرگیزا و هەرگیز خوا ڕیسوات ناکات تۆ سەردانی خزمانت دەکەیت و یارمەتی هەژاران دەدەیت و دەستی بێ نەوایان دەگریت و ڕێز لە میوان دەگریت،وە لە هەموو کارێکی چاکەدا دەست پێشخەری دەکەیت(مژدە بێت ئەوەی هاتووە بۆ لات فریشتەی خوایە نەک شەیتان،تۆش خۆگربە، پاشان بڕوای پێ هێنا و شایەتی بەڕاستی پێغەمبەرایەتی دا)، پاشان خەدیجە بردی لەگەڵ خۆی تاگەیاندی یە لای وەرەقەی کوڕی نەوفەل کە شارەزا بوو وە نوسینی عرەبی دەزانێ و کتێبی لە عەرەبی یەوە وەردەگێڕایە سەر زمانی عیبری و ئینجیلیشی دەنوسیەوە بە عەرەبی،پیاوێکی پیرو زانا بوو لەو کاتەدا چاوی کز بوو بوو،خەدیجە پێی وت:ئەی ئامۆزا گوێ بگره لە ئامۆزاکەت بزانە چیت بۆ دەگێڕێتەوە.
پاشان وەرەقە گوێی لێ گرت و پێی وت:ئەو فرشتەیەی کە هاتووە بۆلات هەر ئەو فریشتەیەیە کە هاتووە بۆلای موسا علیەالسلام ، خۆزگە من گەنجێکی بە توانا و زیندوو دەبووم کاتێ کە خزمانت دەرت دەکەن و شاربەدەرت دەکەن تا یارمەتی تۆم بدایەو تۆم سەربخستایە،پێغەمبەرﷺ فەرمووی:بۆچی ئەوانە من شاربەدەر دەکەن؟ وتی:بەڵێ هەر کەسێ ئەو بەرنامە و پەیامەی پێ بووبێت بۆ قەومەکەی بێگومان قەومەکەی دژایەتیان کردووە، ئەگەر بێتو من بگەمە ئەو ڕۆژە ئەوا یارمەتیت دەدەم و سەرت دەخەم بە سەرخستنێکی سەربەرزانە،پاشان ئەوەندەی پێ نەچوو وەرەقە مرد و وەحییش پچڕا......)، وە بەڵگەش بۆ ئەوەی وەرەقە بە مسوڵمانی مردووە و باوەڕی بە پێغەمبەر ﷺ هێناوە هەر لەسەرەتاوە ئەوەیە کە پێغەمبەر ﷺ دەفەرمووێت:((لاتسبوا ورقة فٳني رٲیت له جنة ٲو جنتین))
واتە:قسەی ناشرین مەڵێن بە وەرەقە چونکە من بینیم بەهەشتێک یان دوو بەهەشتی هەبوو).
وە لە ڕیوایەتێکی تردا هاتووە کە لاوازە و ناکرێت بە بەڵگە ئەویش ئەوەیە:(پاشان  وەحی پچرا لە پێغەمبەر ﷺ و نیگەران بوو دەچووە سەر لوتکەی شاخەکان و دەیویست لەوێوە خۆی بخاتە خوارەوە و هەر کاتێک ئەو بچوایەتە سەر لوتکەی شاخێک جبریل علیە السلام خۆی نیشان دەدا و دەیوت:ئەی محمد تۆ پێغەمبەری خوای بەڕاستی، ئەویش دەهاتەوە هۆشی خۆی و پاشان دەگەڕایەوە، بەو شێوەیە ماوەیەکی زۆر وەحی لێ پچرا، دوای ئەوە هەر دەچووە سەر لوتکەی شاخەکان و جبریلیش علیە السلام خۆی نیشان دەدا هەمان شتی پێ دەوتەوە) ئەم ڕیوایەتە بەهیچ شێوەیەک ناکرێت بە بەڵگە چونکە پێغەمبەران علیهم السلام گوناهکار نەبوون، کوناە ناکەن چ جای گوناهی گەورەی وەک خۆکوشتن و خۆ لە شاخ خستنە خوارەوە.
لە جابیرەوە رضی الله عنه دەفەرموێت:گوێم لە پێغەمبەر ﷺ بوو ماوەی پچرانی وەحی دهگێڕایەوە و دەیفەرموو:(بینما ٲنا ٲمشي ٳذ سمعت صوتا من السماء فرفعت رٲسي فٳذا الملك الذي جاءني بحراء جالس علی كرسي بین السماء و الارض......)واته:لە کاتێکدا کە من دەڕۆشتم بە ڕێگەیەکدا گوێم لە دەنگێک بوو لە ئاسمان وە سەرم بەرز کردەوە و تەماشام کرد ئەو فریشتەیەیە کە لە حیراء هات بۆ لام بینیم لەوێدا دانیشتووە لەسەر کورسیەک لە نێوان ئاسمان و زەویدا ترسام و(هەتا کەوتم بە پشتا)و گەڕامەوە بۆ لای خێزانم و وتم:بمپێچنەوە و دام پۆشن ، پاشان خوای گەورە ئایەتی:(يَا أَيُّهَا الْمُدَّثِّرُ (۱) قُمْ فَأَنذِرْ ( ۲ ) وَرَبَّكَ فَكَبِّرْ ( ۳ )
وَثِيَابَكَ فَطَهِّرْ (٤)وَالرُّجْزَ فَاهْجُرْ ( ٥ ) المدثر ، دابەزاند، جابیر رضی الله عنه  دەفەرموێت:(ئەمە ڕوویدا پێش ئەوەی خوای گەورە نوێژی لەسەر فەرز بکات.
و (ئەبو سەلەمەش)دەفەرموێت:ئەو(رجز)ە مەبەستی لە(اوثان) ە واتە:خەڵکان لە هاوبەش بۆ خوا پەیداکردن دوور بخەرەوە).
لە ڕیوایەتێکی تردا پێغەمبەر ﷺ سەبارەت بەدووبارە بوونەوەی وەحی دەفەرموێت:((جاورت في حراء، فلما قضیت جواري فاستبطنت الوادي ، فنودیت،فنظرت ٲمامي و خلفي و عن يميني و شمالي فلم ٲر شیئا......))واتە:چوومە ئەشکەوتی حەراء و کاتێ مانەوەم لەوێ تەواو کرد، و هەستام بڕۆم گەیشتمه ناو شیوەکە بانگم لێ کرا و تەماشای دوا و پێش و لای ڕاست و لای چەپی خۆمم کرد هیچم نەدی،پاشان بانگم لێ کرایەوە و سەیری ئاسمانم کرد بینیم ئەو فریشتەیەیە لەسەر عەرشێکە لە هەوادا لە نێوان زەوی و ئاسماند، زۆر ترسام تا جەستەم کەوتە لەرزین و هاتمەوە بۆ لای خەدیجە و وتم:دام بپۆشە و ئاوی ساردم بەسەردا بکەن،پاشان خوای گەورە ئایەتی:يَا أَيُّهَا الْمُدَّثِّرُ (۱) ی دابەزاند.
شێوەکانی هاتنە خوارەوەی وەحی بۆ پێغەمبەر ﷺ چەندین جۆر ووە، پێغەمبەری خوای ﷺ زۆر نارەحەت بووە بە هاتنە خوارەوەو وەرگرتنی وەحی چونکە پەیوەندی کردنی جیهانێکی نادیارە وەکو مەلائیکە بەتایبەتی بەڕێزترین و بەهێزترین مەلائیکەی خوای گەورە کە جبریلە علیه السلام ، لەگەڵ ئادەمیزاددا کە خوای گەورە بە لاوازی دروستی کردووە بۆیە پێغەمبەر ﷺ هاتنی وەحی زۆر لەسەرگران بووە.
عائیشە رضي الله عنها سەبارەت بەو باسە بۆمان دەگێڕێتەوە و دەفەرموێت:( ئەم بینی پێغەمبەر ﷺ لە ڕۆژێکی ساردی زستاندا وەحی  بۆ دەهاتە خوارەوە، کە تەواو دەبوو ناوچەوانی ئارەقی لێ دەتکا).
لە ڕیوایەتێکی تردا لە سەهلی کوڕی سەعدەوە رضي الله عنه دەفەرموێت:( کاتێ پێغەمبەر ﷺ وەحی بۆ بهاتایەتە خوارەوە زۆر قورس و نارەحەت دەبوو وە ناوچەوانی ئارەقی لێ دەتکا وەک مرواری هەرچەندە لە زستانیشدا بووایە)، لە ڕیوایەتێکی تردا عبادەی کوڕی صامت رضي الله عنه دەفەرموێت:(پێغەمبەر ﷺ هەر کاتێ وەحی بۆ بهاتایەتە خوارێ زۆر نارەحەت دەبوو، ڕەنگی دەم و چاوی وەک تۆزاویی و خۆڵاوی لێ دەهات).
لە ڕیوایەتێکی تردا عەبدوڵڵای کوڕی عەمر رضي اللە عنە دەفەرموێت:(پرسیارم کرد لە پێغەمبەر ﷺ و وتم:ئایا هەست دەکەیت بە هاتنی وەحیی؟ فەرمووی:((نعم اسمع صلاصل ثم ٲسكت عند ذلك فما من مرة یوحی الي ٳلا ظننت ٲن نفسي تقبض))واتە:بەڵێ گوێم لە زەنگۆڵە دەبێت . پاشان بێ دەنگ دەبم و هەر جارێ کە سروشم بۆدێت گومان وایە کە ڕوحم دەردەچێت).
لە  ڕیوایەتێکی تردا زەیدی کوڕی ثابت رضي الله عنه دەفەرموێت:(جارێکیان وەحی هاتە خوارەوە پێغەمبەر ﷺ ڕانی لەسەر ڕانم بوو کە وەحی یەکە هاتە خوارەوە ڕانی ئەوەندە قورس بوو لەسەر ڕانم هەتا وتم:ئێستا ڕانم دوو کەرت بووە لە ژێر ڕانی پێغەمبەری خوا ﷺ......) لە گێڕانەوەیەکی تردا عەبدڵڵای کوڕی عەمر رضي الله عنه دەفەرموێت:(سورەتی مائیدە کاتێک دابەزی بۆ پێغەبمەر ﷺ لەسەر پشتی وشترەکەی بوو، خەریک بوو ئێسکی وشترەکە بشکێت ،نەی توانی هەڵی بگرێت دابەزی لەسەری) لە ڕیوایەتێکی تردا لە زەیدی کوڕی ثابتەوە رضي الله عنه کە فەرمویەتی:(من وەحیم دەنووسی بۆ پێغەمبەر ﷺو هەرکاتێک وەحی بۆ بهاتایە زۆر نارەحەتی تووش دەبوو وە ناوچاوانی ئارەقی لێ دەتکا و من وەحیم دەنووسی و تەواو نەدەبووم تا وام دەزانی کە قاچم لە ژێر ڕانی پێغەمبەر ﷺ دوو کەرت دەبێت لە قورسی قورئانەکە، وە دەم وت:من هەرگیز بڕواناکەم جارێکی تر بتوانم بەو قاچەم بەسەر زەویدا بڕۆم تا تەواو دەبوو، کەتەواو دەبوو دەیخوێندەوە بۆ من و من دەمنووسی بۆی و دوای ئەوە دەیفەرموو:بۆم بخوێنەرەوە، وەمنیش بۆم دەخوێندەوە ئەگەر هەڵەیەکم بکردایە ڕاستی دەکردەوە بۆم).
لە ڕیوایەتێکی تردا ئیبنو عەباس رضي الله عنه دەفەرموێت:(پێغەبمەر ﷺ زۆر نارەحەت دەبوو بە هاتنە خوارەوەی سروش بۆی و لێوەکانی دەجوڵاند بۆ ئەوەی ئەو وەحیەی کە هاتووە بۆی لەبیری نەچێتەوە تا خوای گەورە ئایەتی بۆ هێنایە خوارەوە کە دەفەرموێت:(لَا تُحَرِّكْ بِهِ لِسَانَكَ لِتَعْجَلَ بِهِ ( 16 ) إِنَّ عَلَيْنَا جَمْعَهُ وَقُرْآنَهُ ( 17 ) فَإِذَا قَرَأْنَاهُ فَاتَّبِعْ قُرْآنَهُ ( 18 ) القیامە.
خوای گەورە خۆی پێغەمبەری ﷺ  ئارام کردەوە ئەوەندە نەیڵێتەوە و خۆی نارەحەت نەکات و گفتی دا بە پێغەمبەر ﷺ کە کۆکردنەوەی قورئان و پاراستنی لە سنگی پارێزراو دەکات،وە خۆی وادەکات کە هەرگیز لەبیری نەچێتەوە، دوای ئەوە پێغەمبەر ﷺ چی هاتووە بۆی بیری بووە و هیچ وشەیەکی بیرنەچووەتەوە و لێی تێک نەچووە.
عائیشە رضي الله عنها دەفەرموێت:(حارسی کوڕی هیشام پرسیاری کرد لە پێغەمبەر ﷺ وتی:ئەی پێغەمبەری خوا ﷺ چۆن وەحیت بۆ دێت؟ پێغەمبەر ﷺ فەرمووی:(ٲحیانا يٲتیني مثل صلصلة الجرس وهو ٲشدهـ علي فیفصم عني وقد وعیت عنه ما قال، وٲحیانا يتمثل لي الملك رجلا [وفي روایة:ٲهون علي]،واتە:جار جار وەک دەنگی زەنگۆڵە دێت ئەوە لە هەموو جارەکان نارەحەت و سەخت ترە لەسەرم و قسەم لەگەڵ دەکات و زۆر باش بەئاگام کە چی دەڵێت، وە جار جاریش فریشتەکە بە شێوەی پیاوێک دێت بۆلام[ئەمەیان ئاسانترە و لەگەڵم دەدوێت منیش باش لە وتەکانی حاڵی دەبم] ).
خوای گەورە بە چەند جۆرێکی تریش سروشی بۆ پێغەمبەر ﷺ دەنارد:
یەکەم:بەخەوی ڕاست.
دووەم:بەخستنە ناو دڵ.
بەوەی کە پێغەمبەر ﷺ خوا وەحی بۆ دەنارد لە ڕێگەی خستنە ناو دڵەوە بۆ ئەوەی پێغەمبەری خواش ﷺ بیگێرێتەوە بۆ هاوەڵانی خۆی و بنوسرێتەوە.
ئەبو ئومامە رضي الله عنه دەفەرموێت:پێغەمبەری خوا ﷺ  فەرمویەتی:(( ٳن روح القدس نفث في روعي ٲنه لن تموت نفس حتی تستكمل رزقها ، فاتقوا الله واجملوا في الطلب....)) واتە:روحی پاک جبریل علیه السلام خستویەتی یە دڵمەوە کەهیچ نەفسێک نامرێت تا ڕزقی تەواو نەکات،ئەی خەڵکان ئێوەش لە خوا بترسن و جوان بچن بە دەم ڕزقەوە....).
سێهەم :هەندێک جار فریشتەکە خۆی نیشان دەدا و ڕاستەوخۆ گفتوگۆی لەگەڵ پێغەمبەر ﷺ دەکرد و ئەویش بە ئەوپەڕ بەئاگاییەوە لێی وەردەگرت:دایکی بڕواداران عائیشە دەفەرموێت:(لم یر محمد جبریل في صورته ٳلا مرتین :مرة عند سدرة المنتهی،ومرة في ٲجیاد)واتە: پێغەمبەر ﷺ تەنها دوو جار (جبریل) ی لە شێوەی خۆیدا بینیوە جارێک لە چیای ئەجیاد ی مەککه و جارێکیش لە(سدرة المنتهی ) ئاسمانەکانەوە.
چوارەم:هەندێک جاریش ڕاستەوخۆ خودای گەورە قسەی لەگەڵ پێغەمبەرەکەی کردووە، وەک ئاخاوتنەکەی پێغەمبەر ﷺ لە شەوی ئیسراو میعراجدا.
_________________________________
ژیانی پێغەمبەری خوا ﷺ لە قوورئان و فەرموودەکاندا
لەنووسینی:محمد ملا فائیق شارەزووری
بەرگی یەکەم
ص:٤۸-٥٥

زیاتر

12
Copyright. All Rights Reserved.
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پارێزراوه بۆ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا،
هه‌رکه‌سێک بابه‌ته‌کان کۆپی بکات پێویسته ئاماژه به‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بکات که‌ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودایه