بەخێربێن بۆ پێگەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
لە ژيانى پێغەمبەر (ﷺ) فيربووم : سەركردەى لێهاتوو شوێن كەوتوو بەرهەم ناهێنێت ، بەڵكو سەركردەى وەك خۆى دروست دەكات .
چه‌ند وته‌یه‌كی جوان: 1ـ ئارامی‌ عیباده‌تێكه‌ به‌بێ‌ زه‌حمه‌ت ، هه‌یبه‌تيكه‌ به‌بێ‌ قودره‌ت ، قه‌ڵایه‌كه‌ به‌بێ قه‌ڵغان ، سه‌ركه‌وتنێكه‌ به‌بێ‌ چه‌ك. 2ـ ماڵێك كه‌ هیچ كات وێران نابێت عه‌داله‌ته‌. 3ـ نه‌خۆشیه‌ك ده‌رمانی‌ نییه‌ بێ ئه‌قڵیه.‌ 4ـ شیرینیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆرێت به‌ تاڵی‌ هه‌واو ئاره‌زوویه‌. ‌5ـ تاڵیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆريت به‌شیرینی‌ صه‌بر و ئارام گرتنه‌. 6ـ ئه‌گه‌ر پشووی‌ لاشه‌ به‌كه‌می‌ خۆراكه‌ ئه‌وا پشووی‌ دڵ و ده‌روونیش به‌كه‌می‌ گوناهه.‌
پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرمان بێت كه‌ تاوه‌كو زستان ساردو سه‌ختتر بێت ئه‌وا به‌هاری رازاوه‌ترو جوانتر دێته‌ پىش چاو.
علی كوری به‌بو تالیب (ره‌زای خوای لى بێت) ده‌فه‌رموێت: دونیا وه‌كو مار وایه‌، رواڵه‌تی بریقه‌داره‌و ناخی هه‌ڵگری ژه‌هرێكی ترسناكه‌، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ گه‌مژه‌یه‌و ناحاڵیه‌، ئه‌وه‌ی لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ خاوه‌نی ژیریه‌.
ژیانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
 دابڕان و گەمارۆدانی بەنی هاشم لە دۆڵی ئەبوطالبدا لەلایەن قوڕەیشەوە
27/12/2019
بینین: 1347


قوڕەیش دوای ئەوەی شکستی هێنا لە هەموو مەیدانی بەگژداچوونەوە وە ڕووبەروبوونەوەی پێغەمبەرﷺ و ئاینەکەی لەگەڵ دژایەتی کردنی توندی هاوەڵەکانی،دوای شکست خواردنەکەی لە حەبەشە و بوونی حەبەشە بە پێگەو پەنای پێغەمبەر ﷺ و نیشتەجێ بوونی هەندێک لە یارانی،وە بەرگری لێکردنی نەجاشیش لەوان،ئا لەم کاتەدا قوڕەیشیەکان کۆبوونەوە بۆ ئەوەی کۆنە قین و زوخاوی خۆیان بڕێژن بە پێغەمبەر ﷺ و بیکوژن،بەڵام کوڕانی بەنی هاشم و بەنی مطلب (تەنها بەنی نەوفەل نەبێت) کە خزمانی پێغەمبەر ﷺ بوون وە تەنها هەر ئەو لایەنانە بەرگریان لە پێغەمبەر ﷺ دەکرد بۆیە قوڕەیش گوشارو گەمارۆی توندی خستنە سەریان تا پێغەمبەر ﷺ تەسلیم بکرێت و لەسێدارە بدرێت،لە شوێنێکدا کۆبوونەوە کە پێغەمبەر ﷺئاماژەی پێکرد.ئەبو هوڕەیڕە خوا لێی ڕازیبێ دەفەرموێت:(پێغەمبەر ﷺ بۆ سبەینێ کە ڕۆژی نەحر بوو لە مینا فەرمووی:(ئێمە بەیانی لادەدەینە خیڵی کوڕانی بەنوکینانە کە هەموویان کۆبوون لەسەر کوفر)ئەمەش دەست نیشان کردنی ئەو شوێنەیە کە ئەوان کۆبوونەوە و بڕیاری گەمارۆی ئابووری و جەنگی دەروونی دابڕان و گۆشەگیرکردنی پێغەمبەر ﷺ و خزمانی لە بەنی هاشم و یاوەرەکانیاندا تا پێغەمبەریان ڕادەست بکرێت).
ئەم بەسەر هاتەش زانای پایە بەرز ئیبنو ئیسحاق رەحمەتی خوای لێبێ بۆمان دەگێڕێتەوە و دەفەرموێت:(قوڕەیش کاتێک بینی هاوەڵانێ پێغەمبەر ﷺ چونەتە وڵاتی کە بەرگریان لێ دەکات،  ئیمامی عومەریش ڕەزای خوای لێبێ موسوڵمان بووە لەگەڵ هاوەڵانی پێغەمبەر ﷺ، وە ئاینی ئیسلامیش بەرەبەرە بڵاوبۆتەوە بە هەموو هۆزو لایەنەکانی قوڕەیش دا ئینجا کۆبوونەوە و پلانیان گێڕاو ڕێکەوتنامەیەکیان ئەنجامدا و لە کاغەزێکدا نوسیان، ئەوان ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی کە دژ بەبەنی هاشم و بەنی مطلب بن و ژنیان لێ نەخوازن و ژنیان پێ نەدەن وە بەهیچ جۆرێک شتیان پێ نەفرۆشن وە هیچیان لێ نەکڕن. کاتێ لەسەر ئەم بڕیارە کۆبوونەوە نووسیان و بڕیارنامەکەیان لەناو کەعبەدا هەڵواسی و پەیمانیان لەیەکتر وەرگرت کە هەموویان بڕگەکانی ئەو پەیمانە بەوردی جێ بەجێ بکەن پاشان بەنی هاشم و بەنی مطلب کۆبوونەوە لای ئەبو طالب مامی پێغەمبەر ﷺ وە هەموویان پشگیریان لە پێغەمبەر ﷺ کرد وە هەموو چونە ناو دۆڵەکەوە کە بەدۆڵی ئەبو طالب بەناوبانگە وە کۆبوونەوە لەوێ تەنها ئەبو لەهەبی خیانەتکار نەبێت ئەو دژ بە پێغەمبەر ﷺ بوو وە بووە لایەنگری قوڕەیش دژ بە پێغەمبەرﷺ و خزمانی).
سەرەتای چوونە ناو شیوەکە لەمانگی موحەڕەمی ساڵی حەوتی پێغەمبەرایەتی بوو وە لە ساڵی دەی پێغەمبەرایەتی دا کۆتای بەم گەمارۆیە هات. موسای کوڕی عوقبە خوا لێی ڕازیبێ بۆمان دەگێڕێتەوەو دەفەرموێت:موشریکەکان زۆر سەخت گیرانە دەوەستان بەرامبەر بە پێغەمبەر ﷺ و موسوڵمانان تاوەکو فشاریان خستنە سەر و نارەحەتیان کردن و بەڵایان لەسەر گەورە کردن قوڕەیش لە پلانەکانیاندا کۆبونەوە لەسەر ئەوەی پێغەمبەر ﷺ بە ئاشکرا بکوژن. کاتێ ئەبو طالب بینی کە قوڕەیش نیازو مەرامی چییە کوڕانی بەنی مطلبی کۆکردەوە و فەرمانی پێکردن کە پێغەمبەر ﷺ بگرنە خۆیان و لە دۆڵەکەی خۆیان پارێزگاری بکەن لەولایەنانەی کە بەگژیدا دەچن ودەیانەوێت بیکوژن. بەو شێوەیەش سەرجەم کوڕانی بەنی هاشم و بەنی مطلب بە موسڵمان و کافریانەوە پشتگیریان لە پێغەمبەر ﷺ کرد، بێ بڕواکانیان لە غیرەت و دەمارگیری عەشایری، وە موسوڵمانەکانیان لە باوەڕ و ئیمانی خۆیانەوە، قوڕەیش زانی کە ئەو دوو لایەنە هەرگیز خۆیان تەسلیم ناکەن کۆبوونەوە لەسەر ئەوەی کە بەهیچ جۆرێک دانەنیشت لەگەڵیان دا و هیچیان پێ نەفرۆشن وە سەردانیشیان ناکەن لە ماڵەکانیاندا، تا پێغەمبەر ﷺ تەسلیم دەکەن بۆ کوشتن.سەبارەت بەو پلانەشیان ڕێکەوتنێکیان ئەنجام دا و نوسیانەوە لە کاغەزێکدا پەیمانیان وەرگرتبوو لە یەکتر کە بەهیچ جۆرێک هیچ ڕێکەوتنێک لەگەڵ بەنی هاشم دا نەکەن وە پێی ڕازی نەبن ، وە بەهیچ جۆرێک نەرم و نیان نەبن بەرامبەریان تا پێغەمبەر ﷺ تەسلیم دەکەن و ڕازی دەبن بە کوشتنی ، بەنی هاشم و بەنی مطلب لە دۆڵەکەیاندا سێ ساڵ مانەوە بەڵام نارەحەتی و برسیەتیەکی زۆر سەختەو ناهەموار دوچاریان بوو.ئەوە بوو کاتێک بەبازاڕدا دەگەڕان و دەیان بینی هیچ خواردنێک نەماوە کە ئەوان بیکڕن وە هەرشتێک بهاتایە ناو مەککە قوڕەیش دەست پێشخەریان دەکرد بۆ کڕینی بۆ ئەوەی دەست ئەوان نەکەوێ، ئەم هەمو هەوڵەشیان تەنها لەبەر ئەوەبوو کە خوێنی پێغەمبەر ﷺ بڕێژن.
ئەبو طاڵب کاتێک کە خەڵک دەچوونە سەرجێگاو نووستن فەرمانی دەکرد کە پێغەمبەر ﷺ بچێتە سەر جێگاکەی خۆی بخەوێ بۆ ئەوەی ئەوانەی کە دەیانەوێ زەفەری پێ بێنن ، بزانن پێغەمبەر ﷺ لە جێگەی خۆی خەوتووە، وەدواجار فەرمانی دەکرد یەکێک بچێتە سەر جێگاکەی پێغەمبەر ﷺ بخەوێت،وە پێغەمبەریش ﷺ بچێتە جێگایەک لە جێگاکانی خزمانی خۆی و لەوێ بخەوێ بۆ ئەوەی کە سەلامەت بێ.
کاتێ کە سەری ساڵی سێییەم هات هەندێ لە پیاوانی بەنی عەبد مەناف کە خزمایەتیان وەکو خزمایەتی بەنی مطلبە بۆ بەنی هاشم کەوتنە لۆمەکردنی یەکتر، ئەوانی کوڕانی بەنی قوسەی و هەندێ لە پیاوانی قوڕەیش کە دایکانیان لەبەنی هاشم بوو بۆیان ڕون ببوەوە سێ ساڵە ئەم ڕەفتارەیان زۆر نامەردانە و ناجوامێرانەیە، کەدەیکەن بەرامبەر بەنی هاشمی خزمانی خۆیان، و پەیوەندی خزمایەتیان دەپچرێنن و سوکایەتی بە حەقیان دەکەن، بۆیە کۆبوونەوە لە شەوێکدا و بڕیاریاندا لە ناو خۆیاندا کە ئەو ڕێکەوت نامەیە هەڵوەشێننەوە کە غەدر و خراپەکاری تێدایە بەرامبەر ئەو دوولایەنەوە بێ بەری بوونی خۆیانی لێ ئاشکرا بکەن، ئەوەبوو خوای گەورە مۆرانەی ناردە سەر ئەو کاغەزە و هەرچی ناوی خوا هەبوو بە کاغەزەکەوە نەیهێشت و سڕیەوە تەنها زوڵم و غەدر نەبێت.
(لەڕیوایەتێکی تردا:تەنها ناوی خوا مابوەوە ئەوی تری سڕابوەوە)بەڵام ڕایوایەتەکەی (موسای کوڕی عوقبە ڕەزای خوای لێبێ ڕاستترە(کە تەنها ناوی خوا سڕابوەوە ئەوانی تر مابوون)دەفەرموێت:هەمووی سڕابوەوە تەنها ئەو ستەم کاریانەو پەیوەندی خزمایەتی پچران نەبێت کە تیایدا مابوەوە ، خوای گەورە ئەم هەواڵە گەیاند بە پێغەمبە ﷺ کەچی کردووە لە ڕێکەوت نامەکەیان، پێغەمبەریش ﷺ ئەمەی گێڕایەوە بۆ ئەبو طالب .
ئەبو طالبیش وتی :سوێند بە ئەستێرە کونتێکراوەکان محمد قەت درۆی نەکردووە لەگەڵمدا، ئینجا لەگەڵ کۆمەڵێکدا ڕۆشت تا چوونە لای کەعبە و ئەو ڕۆژە زۆرێک لە قوڕەیشیەکانی لێبوو کە بینیان ئەبوطالب هاتووە ئەوانیش بە لوتبەرزیەکەوە تەماشایان کرد وایانزانی هاتووە بۆ ئەوەی پێغەمبەریان ﷺ تەسلیم بکات، وایانزانی ئەمانە نارەحەتی گوشاری گەمارۆکە وای لێکردوون کە ناچاربن بەتەسلیم کردنەوەی پێغەمبەرﷺ.
ئەبوطالب هات وتی :چەند شتێک ڕویداوە لە نێوان ئێمە و ئێوەدا پێویست ناکا باسبکرێت، بەڵام ئێوە ئەو بڕیارەی کە نوسیوتانە و پەیمانتان لەسەری داوەو بیهێنن بەڵکو لەسەر ئەو پەیمانە ڕێکەوت نامەیەک لەنێوان ئێمە و ئێوەدا ببێت، ئەمەش بۆ ئەوەبوو نەوەک کاغەزەکە بکەنەوە تابزانن چی تیا کراوەو چی تیا نەکراوە، بۆیە داوای لێکردن نامەکەی بۆ بهێنن لەنێوان ئەمان و ئەواندا، وە ئەوان هیچ گومانێکیان لەوەدا نەبوو کە پێغەمبەر ﷺ تەسلیمیان دەکرێتەوە، وە قوڕەیشیەکان نامەکەیان هێنا لە نێوان خۆیان و ئەبو طالبدا دایان ناو بە ئەبوطاڵب یان وت:ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ڕازی بن و بگەڕێنەوە بۆ لای خزمان و هۆزانی خۆتان و ببنەوە بە یەک و پێک بێن، خۆتان دەزانن تەنها یەک پیاو بۆتە هۆی پچراندنی خزمایەتی نێوان ئێمەو ئێوە کە ئەوە بووە بەهۆی لەناوچوون و ئەو هەموو زیانەی گەیشتووە بە ئێوەی بەنی طالب و بەنی هاشم ، ئەبوطالب لەوڵامدا وتی: من هاتووم بۆ لای ئێوە تا شتێکتان پێ بدەم کە دادپەروەرتر بێت لە نێوان ئێمە و ئێوەدا، برازاکەم هەرگیز درۆی لەگەڵ نەکردووم پێی ڕاگەیاندم کە خوای گەورە بەرییەو دورە لەوەی لەناو ئەو ڕێکەوت نامەیەیی ئێوەدا هاتووە و لەژێر دەستاندایە، بۆیە هەرناوێک لەناوەکانی خوای تێدا هەبوبێت سڕاوەتەوە تەنها غەدرو خزمایەتی پچراندن و دژایەتی کردن و ستەم کردنی ئێوە نەبێت هیچی تێدا نەهێشتۆتەوە ئەگەر ئەو هەواڵەی کە برازاکەم پێی وتم ڕاست بێت ئێوە هۆشتان بەخۆتانا بێتەوە، وەڵاهی تەسلیمتان ناکەین گەر هەموومان لەناو چووبین، وە ئەگەر ئەوەی وتویەتی ڕاست نەبێت مەرج بێت تەسلیمتان دەکەینەوە یان بیکوژن یان بیهێڵنەوە.قوڕەیشیەکان وتیان:ڕازین بەوەی کە دەیڵێیت ئینجا لە پێش چاوی هەمویاندا کردیانەوە بینیان هەواڵەکە بەو شێوەیەیە کە پێغەمبەر ﷺ ڕایگەیاندبوو، کە قوڕەیش ئەوەیان بینی و هەڵوێستی ئەبوطالب یان تەماشاکردوو وتیان:وەڵاهی ئائەمە سیحرەو لەلایەن محمدەکەی ئێوەوە کراوە بەرامبەر ئەو کاغەزەو هیچ شتێکی تر نیەو کینەیان ئەستور بوو سەبارەت بە دژایەتی کردنی پێغەمبەر ﷺ و دژایەتی کردنی هاوەڵانی ، لەو کاتەدا هەندێ لە کوڕانی بەنی طاڵب وتیان:درۆزن و سیحر بازی شایستەی ئێمە نییە بەڵکو پیشەی ئێوەیە کە کۆبوونەتەوە دژ بە ئێمە و کۆبوونەوەتان دژ بە ئێمە نزیکترە لە سیحر و جادوگەری ئەگەر سیحر نەبێت ئێوە چۆن ماوەیەکی زۆر دژ بە ئێمە دەبن هەتا خوای گەورە ناوی خۆی سڕییەوە لەو ڕێکەوت نامەیەدا تەنها ملهۆڕییەکەی ئێوە نەبێت هیچی تری تیا نەماوەتەوە ، ئایە ئێمه سحر بازین یان ئێوە؟ ئا لەوکاتدا هەندێ لە کوڕانی بەنی عەبد مەناف و هەندێ لە کوڕانی بەنی قوسەی و هەندێ لە قوڕەیشیەکان کە دایکیان لە بەنی هاشم بوو لەوانە :ئەبولبوختەری مطعم ی کوڕی عەدی وزوهەیری کوڕی ئومەیە و زەمعەی کوڕی ئەسوەند وە هاشمی کوڕی عەمر کەنامەکەی لابوو لەپێش چاوی قوڕەیشییەکان وتیان:ئێمە بەرین لەوەی لەم ڕێکەوتن نامەیەدا هاتووە و بەهیچ جۆرێک پەیوەندی بە ئێمەوە نەماوە، ئەبوجەهل وتی:ئائەمە پیلانێکە بەشەو نەخشەی بۆ دانراوەوە ڕێککەوتون لەسەری.
ئەوە بوو هەڵوێستی ئەم پیاوانە بوو بەهۆی شکاندنی گەمارۆکە، ئینجا ئەبوطالب یش دەستی کرد بەهۆنینەوەی شیعرەکانی سەبارەت بە وەسفی پێغەمبەر ﷺ و باسکردنی ئەو زوڵم و ستەمانەی کراوە بەرامبەر بەنی هاشم و بەنی مطلب بۆ ماوەێ سێ ساڵ وە ستاشی ئەو کەسانەی دەکرد کە هەوڵیان داوە بۆ شکاندن و پووچ کردنی ئەو ڕێکەوتنامەیە.
وە هەر ئەوەش بوو کە پێغەمبەر ﷺ پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ کوڕانی بەنی هاشم وبەنی موطلب وە بەیەک چاو سەیری دەکردن جگە لە :بەنی نەوفەل و بەنی عەبدمەنافی کوڕی بەنی نەوفەل(ئەوەبوو کاتێ دەستکەوتەکانی خەیبەری هاتە دەست بەشی خۆی دابەش کرد بەسەر کوڕانی بەنی هاشم و بەنی موطلب دا کاتێک بەنی نەوفل بەمەیان زانی وتیان :ئەی پێغەمبەر ﷺ بۆ بەشی بەنی مطلبت داوە و بەشی ئێمەت نەداوە، پێغەمبەرﷺ فەرمووی:(انما بنو هاشم و بنو عبدالمطلب شئ واحد انهم لم یفارقوني في الجاهلیة و لا في الٲسلام) واتە:بەنو هاشم و بەنو موطلب یەکشتن ئەوانە لێمان جیانەبوونەتەوە نەلەکاتی جاهلیدا وە نەلەکاتی ئیسلامیشدا(واتە:لەهەردوو کاتەکەدا پشتی پێغەمبەر ﷺ یان  گرتووە و پارێزگاریان لێ کردووە).
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ژیانی پێغەمبەری خوا ﷺ لە قورئان و فەرموودەکاندا
نوسینی:محمد ملا فائق شارەزووری
بەرگی یەکەم-چاپی دووەم
ص:۱٤٦-۱٥۱

زیاتر

12
Copyright. All Rights Reserved.
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پارێزراوه بۆ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا،
هه‌رکه‌سێک بابه‌ته‌کان کۆپی بکات پێویسته ئاماژه به‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بکات که‌ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودایه