 ئەمڕۆ لە مێژودا (١٠_٨_٦١٠ز)
دابەزینی_قوڕئان...
محمد_بووبە_پێغەمبەر
١_ پێش دابەزینی قوڕئان لە شاری مەککە ڕەوتێکی بچوک پەیدا بوون بە ناوی ئەحناف کە باوەڕیان بە بت پەرستی نەبوو، بەس چونکە بەدیلیان نەبوو، ڕەوتەکەیان شکستی هێنا.
٢_ بەر لە دابەزینی قوڕئان، عەقڵی مرۆڤ چونکە نەگەیشتبوە قۆناغی کامڵی، بەردەوام پێویستی بە جوڵێنەری دەرەکی هەبوو ڕێک وەک منداڵ، کە بەردەوام پێویستی بە ئاگادارکردنەوە هەیە، بۆیەش بەردەوام پێغەمبەران دەهاتن.
٣_ دابەزینی قوڕئان وەک دوا نوسخەی قسەی پەروەردیگار، ڕێزگرتنە لە عەقڵی مرۆڤ بەوەی کەمرۆڤایەتی گەیشتە قۆناغێک ئیدی دوا پەیامی پێ دەدەین و دەبێ دوای ئەوە بە کارلێک لەگەڵ ئەو قوڕئانە خۆی بجوڵێ، ڕێک وەک کەسێکی گەورە یەک ئامۆژگاری دەکرێ و پێی ناگوترێتەوە، دەبێ خۆی بە کارلێک لەگەڵ ئەو ئامۆژگاریە بتوانێ بژی و بڕوات، پێویستی بە ئامۆژگاری چەند بارە نیە.
٤_ ئیسلامێ لە گەردونە، ئیسلامی لە جەستەی خۆماند، ئیسلامێکیش قوڕئانە، گەر بمانەوێ سەر زەمین ئاوەدان بێ و جەستەمان ساغ بێ دەبێ کار بەو قوڕئانە بکەین، گەرنا ئێمە لەگەڵ جەستە و کۆی سروشت تێکدەگیرێین.... بە کورتی دەبێ بەرنامەی مرۆڤ و گەردون یەک بەرنامە بێت.
٥_ قوڕئان لە یەک کاتدا بابەتی ئەحکام، عەقیدە، تەزکیە، فەلسەفی، مێژوو، ئاماژەی زانستی تێدان، بە داخەوە لەم چەند سەدەی دوایی تەنها گرنگی بە ئەحکامەکەی درا، لە ئێستاشدا زۆرتر بە عەقیدە دەدەرێ ئەوەش بە شێوەیەکی تەسک و تەنگ، تەزکیە کە بەرهەمی قوڕئانە، فەرامۆشکراوە، بەمەش گورزێکی توند لە خۆمان دەدەین.
٦_ چەندە (تجوید) جوان خوێندنەوەی قوڕئان گرنگە، تێگەیشتن و تەدبور تێیدا سەد جار گرنگترە، بەداخەوە لەوەشیاندا بە هەڵەدا دەچین زۆرترین گرنگی بە جوانخوێندنەوەی دەدەین.
٧- پێش دابەزینی قوڕئان مانی و مەزدەک لە ئێران وەک پێغەمبەری ساختە پەیدابوون، مانی دەیگوت: مرۆڤایەتی گەندەڵ بووە و دەبێ ببڕێتەوە، بۆیە سەرجێی ژن و پیاوی حەرام کرد، تا بارامی چۆپین پاشای ساسانی گوتی: با مرۆڤایەتی ببڕێتەوە بەس لە تۆڕا دەست پێدەکەین، ئەوە بوو کوشتی و ئاینەکەی قەدەغەکرا، مەزدەک دوای ئەو هات و گوتی مرۆڤایەتی وەک چۆن لە هەوا و ئاو هاوبەشە، دەبێ لە ئافرەتیشدا هاوبەش بن، زینا کردنی بە تەواوی حەڵاڵ کرد و جیاوازی نەهێشت لە نێوان خوشک و دایک و ژنی دیکە، ئەمیش ئەنۆشیروان کوشتی.
٨_قوڕئان تەواو هاوسەنگی ڕادەگرێ لە نێوان دنیا و قیامەت، ڕوح و جەستە، ژن و پیاو، تاک و کۆمەڵ، حکومەت و میللەت، عەقڵ و دڵ، عەقڵ و وەحی.
نوسینی: ئارام محمد كوێخا تۆفیق
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرچاوەکان:
رحیق المختوم، صيفي رحمن مباركفوري
مانيزم، د.كەیوان ئازاد ئەنوەر.
ماذا خسيرالعالم بانحطاط المسلمين، سيد ابو الحسن ندوي.
ئیسلام لە نێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوا.
ڕەوشی فەلسەفی سەدەی ٢١
|