 ئەو ئازارو ئەشکەنجانەی تووشی هاوەڵانی پێغەمبەر بوونﷺ.
۲ــ بیلال ڕەزای خوای لێبێت:
ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئازاردانی بتپەرستەکان بۆ پێغەمبەرﷺو هاوەڵانی زیادی دەکرد، تاکو گەیشتە چڵەپۆپەکەی و هەموو جۆرەکانی ئەشکەنجەیان بەکارهێنا لەگەڵیان، عەبدوڵڵای کوڕی مەسعود دەفەرموێت: ((ئەوانەی کەیەکەمین جار موسڵمان بوونیان ئاشکرابوو حەوت کەس بوون: پێغەمبەرﷺو، عەممارو، سومەییەی دایکی و، صوهەیب و، بیلال و، میقداد، سەبارەت بەپێغەمبەرﷺ خوای گەورە بەئەبو تالیبی مامی پاراستی، ئەبو بەکریشی بەخزمەکانی پاراست، بەڵام ئەوانی تر کەوتنە دەست بتپەرستەکان وقەڵغانی ئاسنینیان لەبەر دەکردن، لەبەر خۆر ڕایاندەگرتن، زۆربەشیان خۆیان ڕانەگرت بیلال نەبێت، کەگیانی خۆی لەلا بێ بایەخ بوو، دایانە دەستی مناڵانەوەو، بەناو کۆڵانەکانی مەککەدا دەیانسوڕانەوەو هەردەی وت: ئەحەد، ئەحەد)) بیلال ڕەزای خوای لێبێت کەسێکی نەبوو پشتی بگرێت، یان عەشیرەتێك بەرگری لێبکات، کەسێکی لەم جۆرەش لەکۆمەڵگای مەککەی ئەو سەردەمە ژمارەیەك بوو لە ژمارەکان، ڕۆڵی لەژیاندا تەنها خزمەتکاری بوو، کڕین و فرۆشتنی پێدەکرا وەکو ئاژەڵ، نەدەبوو بیرو بۆچوون و هزری خۆی هەبێت، یاخاوەن بانگەواز و کێشەیەك بێت، ئەوە تاوانێکی ڕەش بوو لەو کۆمەڵگایە، بەڵام بانگەوازی تازەکە گەنجانی لەدەور کۆدەبوویەوە، بەرەنگاری داب و نەریتی باوباپیران دەبوونەوە، ئەو بانگەوازە گەیشتە دڵی ئەم کۆیلە کەس بایەخ پێنەداوە و مرۆڤێکی تازەی لێدروست کردو، خۆی خستە پاڵ موحەممەدﷺو هاوەڵانی لەئەو کەژاوە ئیمانیە مەزنەدا تووشی ئەشکەنجەی لەڕادەبەدەریش بوو، بەڵام ئەبوبەکر ڕەزای خوای لێبێت، سازشی کرد لەگەڵ ئومەییەی کوڕی خەلەف وپێی وت: ئایا لەخواناترسی والەم داماوە دەکەیت؟ تاکەی! وتی: تۆگەیاندتە ئەم سەرئەنجامە، ئەی بۆ ڕزگاری ناکەیت، وتی بەڵێ، کۆیلەیەکی ڕەشی بەهێزترم هەیە لەبیلال، لەسەر ئاینی خۆتیشە، دەتدەمێ بەرانبەری بیلال، وتی: باشە، ئینجا بیلالی بردو ئازادی کرد)) لەڕیوایەتێکی تردا هاتووە، کەکڕییەتی بەحەوت ئوقییە، یان بەچل ئوقییەی ئاڵتوون.
بەڕاستی بیلال سەرەڕای بێکەسی ولاوازی، خاوەن بیرو باوەڕێکی پۆلایین ودڵ پاك بوو، تاکە کەسێکیش بوو کەبەهیچ شێوەیەك بەقسەی بتپەرستەکانی نەکرد و گیانی خۆی بەلاوە سووك بوو.
دوای هەموو دەردی سەرییەك بەخشینێك هەیە، بۆیە بیلال ڕزگاری بوو لەئازارو ئەشکەنجەو کۆیلایەتیش، ئەو دوایی ژینیشی لەگەڵ پێغەمبەرﷺدا بەسەربرد، هەتا لەدونیاش دەرچوو ڕازی بوو لێی ومژدەی بەهەشتیشی پێدا، جارێك پێیفەرموو: ((....فاني سمعت خشف نعلیك بین یدی في الجنة)) واتە: گوێم لەدەنگی نەعلەکانت بوو لەبەردەممدا لەبەهەشت سەبارەت بەڕێزو پلەوپایەی بیلال لەلای هاوەڵان، عومەر ڕەزای خوای لێبێت دەیفەرموو: ((ئەبوبەکر سەر گەورەی ئێمەیە و سەر گەورەکەمانی ئازاد کرد ـــ مەبەستی بیلال بووــــ.
ڕێبازی صددیق لەئازادکردنی کۆیلە بوو بەڕێبازێکی کارپێکراو دواتر...
((...ئینجا ئەبوبەکر پێش ئەوەی کۆچ بکات بۆ مەدینە، شەش کۆیلەی تری ئازاد کرد، بیلال حەوتەمیان بوو، عامیری کوڕی فوهەیرە، کە بەشداری بەدرو ئوحودی کردووە، لە ڕۆژی بیری مەعونە شەهید کرا، ئوممو عوبەیس و، زیننیرە، کە چاوی لەدەستدا بوو لەکاتی رزگارکردنیدا، قوڕەیش وتیان: لات وعوززا چاوەکانیان لێسەندوەتەوە، وتی: درۆیان کرد سوێند بەماڵی خوا لات و عوززا نەزیان دەبەخشن ونەسوودیان بۆ کەس هەیە، ئیتر خوای گەورە چاوەکانی بۆ گەڕاندەوە)) هەروەها ئەبوبەکر هەڵسا بەئازادکردنی نەهدییەو کچەکەی کە کۆیلە بوون لەلای ئافرەتێك لەهۆزی بەنی عەبدوددار، بەلایدا تێپەڕبوو، لەو کاتە ئافرەتەکە ئەو دوو کۆیلەی ناردبوو بۆ هاڕینی گەنم وهێنانەوەی ئاردەکەی و، دەی وت: سوێند بەخوا هەرگیز ئازادتان ناکەم، ئەبوبەکر فەرمووی : لەو سوێنەت بگەڕێرەوە، ئەویش وتی: تۆ لەڕێگا دەریانت کرد خۆتیش ئازادیان بکە، وتی: بەچەند دەیاندەیت وتی: ئەوەندە.ئیتر ئەبوبەکر کڕیانی وئازادیانی کرد وتی: ئاردەکەی بۆ بگێڕنەوە.
لێرەشدا جێگای خۆیەتی تێبینی ئەوە بکرێت چۆن ئیسلام یەکسانی کردووە لەنێوان ئەو دوو کۆیلە وئەبو بەکر، کاتێك بەو شێوە قسەیان لەگەڵ ئەبوبەکر کرد سەرەڕی ڕێزو پلەو پایەی لەجاهیلیەت وئیسلامیشدا، سەرەڕای ئەوەی کە ئەبوبەکر چاکەی لەگەڵدا کرد بەئازادکردنیان، ئینجا چۆن ئیسلام بەو شێوە ئەو دوو کۆیلەی دامەزراندبوو کەببنە خاوەن ئەوتۆ ڕەوشتێکی جوان، خۆ ئەوان دەیانتوانی ئاردەکەیان بۆی بەجێهێشتایە وبابیردایە، یان ببوایە بەخۆراك بۆ ئاژەڵ، بەڵام ڕازی نەبوون تاکارەکەیان بەئەنجام نەگەیەنن وبۆی نەگێڕنەوە.
جارێکیش بەلای ئافرەتێکی کۆیلەی بەنی موئەممیلدا تێپەڕبوو، کەموسڵمان بوو، عومەری کوڕی خەتتابیش ئەشکەنجەی دەدا بۆ ئەوەی واز لەئیسلام بهێنێ، جاکە عومەر بێزار بوو لەلێدانی وتی: داوای لێبوردنت لێدەکەم، من وازم لەئەشکەنجەدانت نەهێنا لەبەر بێزاری نەبێت، ئەویش ئەی وت: خوایش وای بەتۆ کردووە، ئیتر ئەبوبەکر کڕی و ئازادی کرد.
بەخشندەی ئازادی بەم شێوە بوو، دەمڕاست وسەرگەورەی شکۆداری ئیسلام کەلەنێو خەڵکدا بەیارمەتیدەری هەژار وبەجێهێنەری پەیوەندی خزمایەتی و بەخشندەیی دەناسرا، هەرگیز ڕۆژێك لەڕۆژان نەکەوتە ناو زەلکاوی نەفامیەوە، دڵی لەسۆزو بەزەیی بوو بەرانبەر لاوازو هەژارو کۆیلەکان، زۆرێکی لەماڵەکەشی لەو ڕێگەیەدا خەرج کرد ...
کۆمەڵگای مەککە گاڵتەیان بەئەبوبەکر دەکرد، چونکە ئەو هەموو ماڵەی خەرج دەکرد لەپێناو ئەو خەڵکە بێ نەواو بێ دەسەڵاتە، بەڵام لەدیدی ئەبوبەکرەوە ئەوان برای بوون لەئایینی تازەدا، یەکێك لەئەو کۆیلانە بەلای ئەبوبەکرەوە بەرانبەر هەموو بتپەرستەکانی سەر زەوی زیاتر بوو، بەم شێوەیەش دەوڵەتی یەکتاپەرستی دروستدەکرێت و، شارستانیەتی ئیسلام بنیاتدەنرێت،... ئەبوبەکر بەئەم کارانەی، هەرگیز چاوەڕوانی سوپاس وپلەوپایەوپارە نەبوو، بەڵکو تەنها ڕەزامەندی خوای گەورەی دەویست، جارێکیان باوکی پێی وت: ئەی کوڕەکەم من دەتبینم هەندێ کۆیلەی لاواز ئازاد دەکەیت،خۆ هیچ نەبێت هەندێ پیاوی جەربەزەو بەهێز ئازاد بکەیت بەرگریت لێبکەن باشترە، ئەبوبەکر فەرمووی: ئەی باوکە، من لەو کارەم مەبەستم خوایە تەنها، بۆیە سەیرنییە کەخوای گەورە ئەم ئایەتانەی لەسەری دابەزاند: {فَأَمَّا مَنْ أَعْطَىٰ وَاتَّقَىٰ(٥)وَصَدَّقَ بِالْحُسْنَىٰ(٦) فَسَنُيَسِّرُهُ لِلْيُسْرَىٰ(۷)وَأَمَّا مَن بَخِلَ وَاسْتَغْنَىٰ (٨) وَكَذَّبَ بِالْحُسْنَىٰ(۹)فَسَنُيَسِّرُهُ لِلْعُسْرَىٰ(۱۰)وَمَا يُغْنِي عَنْهُ مَالُهُ إِذَا تَرَدَّىٰ ( ۱۱) إِنَّ عَلَيْنَا لَلْهُدَىٰ(۱۲)وَإِنَّ لَنَا لَلْآخِرَةَ وَالْأُولَىٰ (۱۳)فَأَنذَرْتُكُمْ نَارًا تَلَظَّىٰ(۱٤)لَا يَصْلَاهَا إِلَّا الْأَشْقَى(۱٥)
الَّذِي كَذَّبَ وَتَوَلَّىٰ(۱٦)وَسَيُجَنَّبُهَا الْأَتْقَى(۱۷)الَّذِي يُؤْتِي مَالَهُ يَتَزَكَّىٰ(۱٨) وَمَا لِأَحَدٍ عِندَهُ مِن نِّعْمَةٍ تُجْزَىٰ(۱۹)إِلَّا ابْتِغَاءَ وَجْهِ رَبِّهِ الْأَعْلَىٰ(۲۰)وَلَسَوْفَ يَرْضَىٰ} (اللیل:٥ـــ ۲۱).
ئەم هاوبەرپرسیارێتی یە لەنێوان ئەندامانی کۆمەڵی موسڵمانی یەکەمدا، چڵەپۆپە بوو لەچاکەو بەخشندەییدا، ئەو کۆیلانەش بەبۆنەی ئیسلامەوە، بوون بەخاوەنی بیروباوەڕوهزر، قسەیان پێدەکردو بەرگرییان لێدەکردو جیهادیان لەپێناویدا دەکرد، بڕیاری کڕینی لەلایەن ئەبوبەکرو ئازادکردنیان بەڵگەبوو لەسەر مەزنی ئایینی ئیسلام وپەلهاوێشتنی لەناو دڵ و دەرونی ئەبوبەکردا، موسڵمانانیش ئەوپەڕی پێویستیان هەیە بەوەی ئەو نموونە زیندووبکەنەوە، بۆ ئەوەی یەکگرتن دروست بێت لەنێوان ڕۆڵەکانی ئوممەتی ئیسلام .
۲ــ عەمماری کوڕی یاسیرو باوکی ودایکی:
باوکی عەممار لەبەنی عەبس بوو لەهۆزەکانی یەمەن، هاتە مەککە لەگەڵ حاریس ومالیکی برایدا، کاتێك بەدوای براکانیدا هاتبوون، حاریس ومالیك گەڕانەوە بۆ یەمەن ویاسر لەمەککە جێگیربوو، لەوێیش بوو بەهاوپەیمانی ئەبو حوزەیفەی کوڕی موغیرەی مەخزومی، ئەویش ئافرەتێکی کۆیلەی لێمارەکرد ناوی سومەییەی کچی خەییات بوو، لەپاش لەدایکبوونی هات و، یاسر وسومەییە و عەممار موسڵمان بوون، هەروەها عەبدوڵڵای برای عەمماریش، بۆیە خاوەنەکانیان لەبەنی مەخزوم زۆر هەڵوێستی توندو تیژیان لێیان وەرگرت و، سزاو ئەشکەنجەی دڕەندانەیان دەدان، کە خۆری نیوەڕۆ گەرم دەبوو، لەسەر بەردەگەرمەکانی مەککە دەریانیان دەکرد بۆ ئەشکەنجەدان، جارێك لەسەر پشت دایاندەنان و جارێك لەسەردەم، پێغەمبەر ﷺ بەلایاندا تێپەڕ دەبوو و، دەیفەرموو:((صبراً آل یاسر فان موعدكم الجنة)) واتە: ئارام بگرن ئەی خاوو خێزانی یاسر، جێگای دیاریکراوتان بەهەشتە، ئینجا ئەبوجەهل هاتە لای سومەییەو پێی وت: تۆ باوەڕت بەموحەممەد نەهێناوە لەبەرئەوە نەبێت کە پیاوێکی جوانە، ئیتر هەندێ قسەی ڕەقی کردو، ئەبوجەهل بەڕمێك لەشوێنی پاراوی داو کوشتی، بەو شێوەیش سومەییە بوو بەیەکەم شەهید لەئیسلامدا، ڕەزای خوای لێبێت، ئەمەیش هەڵوێستێکی هەرە مەزن بوو، ناویشی بەهەتاهەتایی هەردەمێنێتەوەو، نموونەیەکی پرشنگدارە بۆ هەموو ئافرەتێك کە ئاوات بخوازێت وەکو سومەییە خزمەتی ئیسلام بکات، چونکە بەگیانی خۆی فیداکاری بۆ ئیسلام کرد.
لەفەرموودەی عوسماندا هاتووە ڕەزای خوای لێبێت فەرموویەتی : (( پێغەمبەرﷺ دەستی گرتبووم کاتێك لەبەتحا پێکەوە ڕێمان دەکرد، تاکو نزیك خاوخێزانی عەمماری کوڕی یاسر بووینەوە، باوکی عەممار وتی: ئارام بگرن، ئینجا فەرمووی: ئەی خوایە گیان لەخاوخێزانی یاسر خۆش بە، وایشت کردووە)).
پێغەمبەری خواﷺ لەتوانایدا نەبوو هیچ پێشکەش بکات بۆ ئەوان، چونکە ئەوان کۆیلە نەبوون تاکو بیانکڕێت وئازادیان بکات، ئەوەندەش هێزی نەبوو تاکو بتوانێت لەژێر دەستیان دەریان بکات، هەر ئەوەندەی پێدەکرێت مژدەی لێخۆشبوون وبەهەشتیان پێبدات و، هانیان بدات لەسەر ئارامگرتن، بۆ ئەوەی ئەم خێزانە بەڕێزە ببنە پێشەنگ بۆ نەوەکانی دوای خۆیان و، کەژاوەی بەردەوامی دوای ئەوان بەدرێژایی مێژوو ئەم قسەی لەگوێدا بزرنگێتەوە:((صبراً آل یاسر، فان موعدكم الجنة)).
سەبارەت بەعەمماریش ماوەیەکی زۆر دوای باوك و دایکی دەیناڵاند بەدەست ئازارو ئەشکەنجەوە، چونکە لەکۆمەڵی بێدەسەڵاتەکان پۆڵین دەکرێت کە کەس و عەشیرەتێکی نەبوو لەمەککەدا بەرگری لێبکات، بۆیە قوڕەیش ئەشکەنجەی زۆری ئەوانەی دەدا بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە لە ئیسلام، عەممار ئەوەندە ئەشکەنجە دەدرا تاکو خۆیشی نەیدەزانی چی دەڵێت، وازیشیان لێنەهێنا تاکو جنێوی بە پێغەمبەرﷺدا وباسی بتەکانیانی کرد بەباشە، کاتێك هاتە لای پێغەمبەرﷺ پێی فەرموو: چیت پێی یە؟ وتی: خراپی، سوێند بەخوا بتپەرستەکان وازیان لێنەهێنام تاکو قسەی ناشرینم پێت کردو باسی خوداکانیانم کرد بە چاکە، پێغەمبەرﷺ فەرمووی: دڵت چۆنە؟ وتی: ئاسوودەیە بە ئیمان، فەرمووی:(( فان عادوا فعد))
واتە: ئەگەر گەڕانەوە بۆ ئەشکەنجەدانت دیسان ئەو قسانەت بکەوە، وەحیی خوای گەورەیش دابەزی وشایەتیدا بۆ ئیمانی عەممار، خوای گەورە دەفەرمووێت:{مَن كَفَرَ بِاللَّهِ مِن بَعْدِ إِيمَانِهِ إِلَّا مَنْ أُكْرِهَ وَقَلْبُهُ مُطْمَئِنٌّ بِالْإِيمَانِ وَلَٰكِن مَّن شَرَحَ بِالْكُفْرِ صَدْرًا فَعَلَيْهِمْ غَضَبٌ مِّنَ اللَّهِ وَلَهُمْ عَذَابٌ عَظِيمٌ } (النحل: ۱۰٦).
ئامادەی هەموو شەڕو غەزاکانیش بوو لەگەڵ پێغەمبەرﷺ.
ژیاننامەی پێغەمبەرمان لێکۆلینەوەو شیکردنەوەی ـ دکتۆر علی محمد صلابی لا ۲۲٨ــ۲۳٤
وەرگێڕان ــ احسان برهان الدین
شوێنی چاپکردنی ــ نارین
السيرة النبوية عرض وقائع وتحليل أحداث ـ الدكتور علي محمد الصلابی/ ص۲۲٨ ــ۲۳٤
ترجمة ـ احسان برهان الدین
دار النشرـ نارین
|